هەشت ساڵ لەمەوبەر دوای سەرکەوتنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئۆکراین بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئەوکاتەی وڵات، کە ئاکامەکەی وەلانانی ویکتۆر یانۆکۆویچ، سەرۆکی ئەوکاتەی ئۆکراین و لایەنگری سیاسەتەکانی ڕووسیە بوو، شەڕی ناڕاستەوخۆی ڕووسیە و ئۆکراین سەری هەڵدا. سەرەتا ڕووسیە بە داگیرکردنی دووڕگەی کرێمە و دواتر بە پشتیوانی لە سەرهەڵدانی ڕووسزمانەکانی ناوچەی دوونتسک و لۆهانسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین کە زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچانەن و داوای سەربەخۆییان دەکرد و بەهانەیەک بوو بۆ ڕووسیە بۆ ئەم هێرشانە، دەستی پێ کرد. ساڵێک دواتر و بەپێی ڕێککەوتنی ئەو دوو وڵاتە و بە چاوەدێری وڵاتانی ئورووپا لە شاری مینسک ئەم شەڕە ڕاوەستا و بڕیار درا خودموختاریی تەواو بەو دوو ناوچە لە ئوکراین بدرێ و هێزەکانی ڕووسیە بکشێنە دواوە.
هەرچەند داگیرکردنی کریمە و لکاندنی بە ڕووسیەوە کارێکی ناپەسەند بوو و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدژی وەستایەوە، بەڵام دەکرێ پرسی داواکاریی زۆرینەی خەڵکی ناوچەکانی دۆنتێسک و لۆهانسک کە داوایان لەسەر دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆیان هەیە بەجیا سەیر بکەین و ئەگەر دەوڵەتی ئوکراین ئامادە بووە کە خودموختاری تەواو لە ئیدارەی ناوچەکانیان بداتە دەستی ئەو خەڵکە، دەبێ ئەوە وەک هەنگاوێکی بەرەوپێش بۆ چارەسەری کێشەی ئەو ناوچانە سەیر بکرێ کە بەبێ شەڕ و دەستێوەردان کۆتایی پێ بهاتبایە. هەرچەند ڕووداوەکانی دواتر و بەتایبەت هێرشی بەربڵاوی ڕووسیە بۆ سەر وڵاتی ئۆکراین دەری دەخا کە کێشەکان لەوە بەرینترن و ویست و سیاسەتی ڕووسیە جیاوازە لە پشگیریی داوای دانیشتووانی ڕووسزمانی ئەو ناوچانە. بەڵام بێگومان ئەوەی کە لە هەر وڵاتێک نەتەوە جیاوازەکان بتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن داوایەکی ڕەوایە و ئەگەر ڕووسیەش مەبەستیەتی ئەم سیاسەتە بگرێتە پێش، چاوەڕوان دەکرێ کە لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە کاریگەریی سیاسیی لەسەریان هەیە پشتگیری ئەم داوایە بۆ هەموو نەتەوە بندەستەکان بکا و یارمەتیدەر بێ بۆ چارەسەری ئەو پرسانە.
دوای هەشت ساڵ لە دەستپێکردنی ئەم کێشەیە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا و، دوای سێ مانگ لە کۆکردنەوەی هێزێکی زۆر و زەوەندی سەربازی لە دەوری سنوورەکانی ئۆکراین، سەرەنجام ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی ڕەشەمە بە دەستووری ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیە هێرشێکی بەربڵاوی چاوەڕواننەکراو، لە ئاسمان و زەوییەوە کرایە سەر ئەو وڵاتە و زۆربەی شارەکان و ناوەندە سەربازی و ئابوورییەکانی کەوتنە بەر پەلاماری بۆمب و مووشەکی جۆراوجۆری ڕووسی. ئەو هێرشەی ڕووسیە وێرانییەکی زۆری لە ئۆکراین بەدوای خۆیدا هێناوە و سەدان کەسی سەربازی و مەدەنی لەو شارانەدا بوونە قوربانی کە لە نێویاندا ژن و منداڵی بێدیفاعی زۆری تێدا دەبیندرێ.
ڕووسیە هۆکاری هێرشەکەی بۆ داخوازیی ئۆکڕاین بۆ وەرگیرانی لە یەکیەتیی ئورووپا و هەوڵەکان بۆ پەرەگرتنی زیاتری هاوپەیمانیی نیزامیی ناتۆ گەڕاندۆتەوە، بابەتێک کە زۆرتر وەک پاراستنی ئەمنییەتی نەتەوەیی ڕووسیە سەرنجی دەدرێتێ. ئەمە بێگومان دەکرێ بۆ ئەو وڵاتە گرینگیی هەبێ و نیگەرانی بوونی هێزەکانی ناتۆ لە قەراغ سنوورەکانی بێ. بەڵام داگیرکردنی کریمە لە ساڵی ١٣٩٣ و هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی دوو ناوچەی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین هەر وەک پووتین لە ٢ی ڕەشەمەی ئەمساڵدا سەربەخۆیی ئەوانی ڕایگەیاند، مەبەستەکانی دیکەیان ئاشکرا دەکا کە ئەویش لانیکەم کونتڕۆڵکردنی وڵات و دەوڵەتی ئوکراینە؛ بە جۆرێک کە ئەگەر بە ڕووسیەشەوە نەلکێندرێ لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی مۆسکۆ دەرنەچن. سیاسەتێک کە پێشتر دەوڵەتی پووتین هەوڵی داوە لە چەند وڵاتێکی دیکەی دەوروبەری خۆی جێبەجێی بکا. هەربۆیە مەسەلەی بە ئەندامبوونی ئوکراین لە ناتۆدا کە هەتا دەستپێکی شەڕیش داوای ئەوەی نەکردوە، دەتوانێ وەک بیانوویەک چاوی لێ بکرێ.
ئێستا دوای ١٥ ڕۆژ شەڕ دەردەکەوێ کە بەربەرەکانێی نیشتمانپەروەرانی ئۆکراین کاری ڕووسیەی قورستر کردوە و لەلایەک ئەگەر پێشبینیی دەستپێکردنی هێرشێکی وەها گەورە حاسان نەبوو، بێگومان لەولاشەوە ڕووسیە چاوەڕوانی خۆڕاگرییەکی لەو چەشنەی نەکردبێ کە ئەرتەشی ئۆکراین و خەڵکی خۆبەخشی ئەو وڵاتە بە سەرۆکایەتیی ڤلادیمیر زیلنسکی ڕێکیان خستوە. هەرچۆنێک بێ جارێ ئەم شەڕە درێژەی هەیە و بەهانەکانی سەرۆکی ڕووسیەش لەجێی خۆی ماون. شەڕێک کە ئاکامەکەی وەک دەستپێکەکەی چاوەڕواننەکراوە.
هەرچەند دەکرێ ئەمە وەک شەڕێکی ناوچەیی چاو لێ بکرێ و چاوەڕوانی ئەوەی لێ بکرێ لە ئاکامی دانووستان و ڕێککەوتنێک کۆتایی پێ بێ یا خود ببێتە شەڕێکی درێژماوە لەدژی هێزەکانی ڕووسیە لەنێو خاکی ئوکرایندا. لەم نێوەدا دروستبوونی پشتگیرییەکی بەرینی جیهانی لەدژی ئەم شەڕە لەنێو خەڵکی وڵاتانی جۆراوجۆر و بە تایبەت لەنێو ڕووسییەشدا وای کرد لە بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەدژی ڕووسیەدا نوێنەری ١٤١ وڵات دەنگی ئەرێنی پێ بدەن و تەنیا ٥ وڵات لە دژی بوەستن. بەتایبەت کە لەنێو وڵاتانی بەهێزی جیهاندا هیچ لایەنێک لەدژی ئەو بڕیارنامەیە دەنگی نەدا. بەرلەوەش هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژاوا بە سزادانی قورسی ڕووسیە لە ڕێگەی پچڕانی پێوەندییە بانکی و بازرگانییەکانیان کە بێگومان هەر لە ئێستاوە بە دابەزینی کتوپڕی بایەخی ڕووبڵ کاریگەریی خۆی دەرخستوە و لە داهاتووشدا ئەگەر هەروا بڕوا زیانی زیاتر بەو وڵاتە دەگەیەنێ، و ناردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ بەربەرەکایی ئوکراینییەکان، بەبێ دەخالەتی ڕاستەوخۆ هەم بارگرانیی بۆ ڕووسیە دروست کردوە و هەم ڕۆحی خۆڕاگریی لەنێو ئوکراینییەکاندا بەهێز کردوە.
دیارە ناکرێ بە حاسانی لە کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە لە سەر داهاتووی جیهانیش تێپەڕین. شەڕێک کە ئەگەر بە سەرکەوتنی ڕووسیە بەهێزەوە کۆتایی پێ بێ بێگومان هەڵوێستی دیفاعیی توندتری ڕۆژاوا بەدوای خۆیدا دێنێ و جیهان بەرەو ئاڵۆزییەکی زیاتر دەچێ و کێبەرکێ جیهانییەکان لەنێوان دوو بەرەی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتدا گەورەتر دەکا. جیهانێک کە لەودا وڵاتە لاوازەکان لە بەرامبەر ئیرادەی سیاسی و ئابووری هەرکام لەم دوو بەرەدا بێدەسەڵاتتر دەبن و چارەنووسی نەتەوە بندەستەکانیش زیاتر دەکەوێتە گرەوی ساتوسەودای سیاسیی ئەو وڵاتانە.
لەم نێوەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە سیاسەتکردندا هەمیشە دەکەوێتە داوی چاووڕاوەکانیەوە و سەرخۆش لەوەی ڕووسیەی بەناو هاوپەیمانی بە هێزێکی زەبەلاحەوە سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێنێ، لەلایەن سەرۆککۆمارەکەیەوە بەهەڵپە پەیامێکی تەلیفۆنی وەهای دا بە سەرۆکی ڕووسیە وەک ئەوەی پیرۆزبایی سەرکەوتنی لێ بکا. سەرۆک و ڕێبەر بە تاوانبار ناساندنی ناتۆ بۆ سازکردنی ئەم شەڕە، ڕاستەوخۆ خۆیان هاویشتە بەرەی ڕووسیە و پێیان وابوو بەمجۆرە لە بەربەرەکانی لەگەڵ ئەمریکادا پێگەیەکی تازە بەدەست دێنن. بەڵام دواتر کە هەڵوێستی خەڵک و وڵاتانی جیهانیان بیست و بەربەرەکانێی ئوکراینییەکانیان دی، نەیانتوانی لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەنگی نا بە بڕیارنامەکە -کە بۆ مەحکووم کردنی هێرشی ڕووسیە نووسرابو-و بدەن و هەوڵیان دا بەمجۆرە کەمێ حەیای خۆیان بکڕنەوە. لە بەرامبەر ڕێژیمدا خەڵکی ئێران هەڵوێستێکی دیکەیان نیشان دا و بە کۆبوونەوە لەبەر سەفارەتی ئوکراین لە تاران لەدژی شەڕ دروشمیان دا. ئەم خەڵکە لێرەشدا نیشانیان دا کە لەگەڵ سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا نین و دژی هەر چەشنە شەڕێکن کە دیکتاتۆرەکانی وڵات دڵی پێ خۆش بکەن.