پەیامێکی زیندوو
(خوێندنەوەیەک بۆ وتاری شەهید دوکتور قاسملوو لە میتینگی ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات)
دوای تێپەڕینی زیاتر لە سێ دەیە بەسەر ڕاگەیاندنی کۆمارە مەزنەکەی کوردستان لە مەهاباد لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان (٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی) بە ڕابەرایەتیی سەرۆککۆماری شەهید، قازی محەممەد، بۆ جارێکی دیکە و هەر لە شاری مەهاباد، حیزبی دێموکرات دەسپێکی قۆناغێکی دی لە شانازی، حەماسە و غرووری خەڵکی کوردستانی ڕاگەیاند. ئەم جارەیان جێگرەوە و درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی پێشەوای حیزبی دێموکرات، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەڕیی پتر لە سەدهەزار کەسی، پێکهاتوو لە خەڵکی سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستان لە ئیستادیۆمی وەرزشیی شاری مەهاباددا باسی لە قۆناغێکی نوێی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی حیزبەکەی کرد.
ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کە تیایدا خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای سێ دەیە تێکۆشانی نهێنی ڕاگەیاندرا، بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی و بە تایبەت بۆ حیزبی دێموکرات و شاری مەهاباد، وەبیرهێنەرەوەی مەزنترین ڕووداوی مێژوویی و پڕشانازیترین دەسکەوتی نەتەوەیی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان بوو. لەم میتینگە جەماوەرییەدا، شەهید دوکتور قاسملوو وێڕای وەبیرهێنانەوەی ئامانج و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان و شیکردنەوەی سیاسەت و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێشەوا ئاسا لەسەر نەخشە ڕێگای خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و بەرنامەی حیزبەکە لەم پێناوەدا قسەی بۆ خەڵک کرد.
دوکتور قاسملوو لە قسەکانیدا بە وەبیرهێنانەوەی چەند بڕگەیەک لە مێژووی پڕ لە شانازی و فیداکاریی حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی و هەروەها بە ناوهێنانی ژمارەیەک لە شەهیدانی حیزب و نەتەوە، وەبیر خەڵک دەهێنێتەوە کە حیزبی دێموکرات کە پێکهێنەری یەکەم دەسەڵاتی کوردی لە مێژووی نوێی کوردستاندایە، خاوەنی چ پاشخانێکی دەوڵەمەند لە دامەزراوەی سیاسی وەک کۆماری کوردستان، دەسکەوتەکانی و گەلدۆستی و فیداکاریی ڕێبەرانی وەک پێشەوا قازی محەممەد، شەهیدانی دیکە سەردەمی کۆمار و شەهیدانی دواتری ساڵەکانی ٤٦ – ٤٧ و هی دیکەیە.
وەک یەکێک لە پێناسە و تایبەتمەندییەکانی حیزبی دێموکرات، پشتبەستن به ئیرادەی خەڵکی کوردستان یەکەم تەوەری وتاری سکرتێری حیزب، دوکتور قاسملووویە. ئەو لە قسەکانیدا لەخۆڕادیتووانە ڕوو بە دەیان هەزار کەس لە بەشدارانی میتینگ، لەگەڵ نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری بە ماف و ئازادییەکانی خەڵک، ڕادەگەیەنێ کە وەک هەمیشە حیزبەکەی پشتی بە “هێزی لەبڕاننەهاتووی نەتەوەکەی” بەستوە و خۆی بەرانبەر بە چارەنووسی خەڵک بە بەرپرسیار و وڵامدەر دەزانێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستان لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای خۆیدا زۆر ڕاشکاوانە ڕوو له دەسەڵاتدارانی تازە بە دەسەڵاتگەیشتوو لە تاران دەکا و دژایەتیی خۆی لەگەڵ هەر چەشنە دیکتاتۆرییەک ڕادەگەیەنێ و دەڵێ؛ “نابی ئیزن بدەین هیچ جۆرە ئیستیبدادێکی دیکە زیندوو بێتەوە”. لەم پێوەندییەدا بۆ ئەوەی پێش بە هاتنەسەر کاری هەر جۆرە دیکتاتۆرییەک بگیردرێ، پێداگری لە سەر “ئازادییە دێموکراتییەکان”، “دامەزراندنی ڕێژیمێکی ڕاستەقینەی خەڵکی”، دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان” دەکا.
شەهید دوکتور قاسملوو لە وتارەکەیدا بە خستنە ڕووی پیلان و ئیدیعا جۆراوجۆر و بێبنەماکانی دوژمنانی خەڵکی کوردستان کە بە مەبەستی دۆزینەوەی بیانوو بۆ سەرکوتکردنی تۆمەتی جۆراوجۆری دەدەنە پاڵ، بەبێ سڵکردنەوە لە هەر جۆرە تۆمەتبارکردنێکی دیکەی خۆی و حیزبەکەی، مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ میللەتەکەی بە ڕەوا و بەرحەق دەزانێ. لەم بارەوە ڕوو بە دەسەڵاتدارانی تازە لە تاران دەڵێ کە؛ “دەبێ هێزی چەکداری ژاندارمێری، ئەرتەش و پادگانەکان لە شارەکان دوور بخرێنەوە و دەبێ کوردستان لە حاڵەتی ناوچەیەکی میلیتاریزە بێتە دەر و بەڕێوەبردنی کاروباری نێوخۆیی کوردستان دەبێ بە دەستی خودی خەڵکی کوردستانەوە بێت”. بەم شێوەیە تەرحی خودموختاربوونی کوردستان و باوەڕ به هێز و توانایی خەڵکی کوردستان لە خۆبەڕێوەبەری و ڕەتکردنەوەی هەرچەشنە خۆسەپاندنێک بە سەر کوردستاندا ڕادەگەیەنێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستان کە وەک لە ناو و نێوەرۆکی ڕا دیارە پێڕەوی لە بیروباوەڕی دێموکراتیک دەکا و پێیوایە لە چوارچێوەی نیزامێکی دێموکراتیکی سیاسیدایە کە مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر دەبێ. بۆیە لەم میتینگەشدا دامەزرانی حکومەتێکی گەلی و دێموکراتیک بە زامنی دەستەبەربوونی مافە نەتەوایەتییەکانی نەتەوەی کورد دەزانێ و پێیوایە بەبێ لەبەرچاوگرتنی کەسایەتیی نەتەوەی کورد و دابینبوونی مافەکانی، دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی ڕاستەقینە لە تاران نایەتە سەر کار. بۆیە دەبێ کورد لە دەسەڵاتی سیاسی لە تاران بەشدار بێ و نوێنەرانی لە نووسینەوەی یاسا و بڕیارەکاندا بەشدار بن و ڕۆڵ بگێڕن.
پێویستیی یەکیەتی و یەکگرتوویی نێوان خەڵک و هێزە سیاسییەکان لە کوردستان یەکێک لەو ئەرکانەیە کە دوکتور قاسملوو لە وتارەکەیدا بەڕوونی دەستنیشانی دەکا. خۆڕێکخستن و ڕێزگرتن لە بیروبۆچوونی جیاواز، تەنیا زامنی ئەم یەکیەتیی و یەکگرتووییە دەبێ. تەنیا لە ڕێگای یەکگرتووییەوەیە کە دەتوانرێ پێش بە نفووزی دوژمن و دووبەرەکی بگیردرێ. لە وتارەکەی دوکتور قاسملوودا هاتووە کە؛ “نابێ ڕێگا بدەین هیچ چین و توێژێکی نیشتمانی دژی چین و توێژێکی دیکەی نیشتمانیی دیکە، عەشیرەتێک دژی عەشیرەتێکی دیکە هان بدرێ. نابێ ڕێگا بدەین دەستە و حیزبێکی سیاسیی پێشکەوتوو، هێزی خۆی بۆ کوتانی دەستە و حیزبێکی پێشکەوتووی دیکە تەرخان بکا. با فێری دێموکراسی بین و تەمرینی دێموکراسی بکەین. کوردستان پاوانی هیچ حیزب و دەستەیەکی سیاسیی تایبەتی نیە. با هەموومان بەرنامە و بیروڕای خۆمان بخەینە بەرچاوی خەڵک و خەڵکیش ئازادانە ڕێوشوێنی خۆی هەڵبژێرێ”.
دوکتور قاسملوو لە پێگەی سکرتێری حیزبی دێموکرات و وەک کەسێکی شارەزا بە مێژووی پڕ لە شکست و نسکۆی شۆڕشەکانی کورد، لەم بەشە لە وتارەکەیدا -لەگەڵ ئەوەیکە حیزبەکەی تەنیا حیزبی بەهێز و خاوەن نفووزی بەرینی جەماوەرییە- دیسان گەڕانەوە و پابەندبوون بە ئیرادەی نەتەوەکەی و دەنگی خەڵک و دێموکراسی لەپێناو یەکیەتی و یەکگرتوویی خەڵک و هێزە سیاسییەکاندا بە پێویست و زامنی سەرکەوتنەکان دەزانێ. ئەو بە دەرسوەرگرتن لە زیانەکانی ڕۆحی عەشیرەگەری، دووبەرەکی و خۆفەرزکردنی لایەک بەسەر لایەکی دیکە لە تاریخی نەتەوەکەیدا، دەیهەوێ بە هێنانەئارای هێندێک چەمک و ڕێکاری مودێڕن وەک دێموکراسی و ڕێزگرتن لە دەنگ و ئیرادەی گەل، بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردستان قەڵەمبازێک بۆ پێشەوە بدەن و خۆ لە دووبەرەکی و ناتەبایی دوور ڕابگرن.
دوکتور قاسملوو بە شارەزاییەک کە لەسەر جیاوازی و فرەیی لە کۆمەڵگەی کوردستان، ڕەوت و جەریانە سیاسییەکان و جۆری پێکهاتەی کوردستان هەیبوو، وێڕای بەڕەسمی ناسینی ئەم جۆراوجۆریانە، هەوڵ دەدا چەشنێک لە پێکەوە ژیان و پێکەوەیی کۆمەڵایەتی لەنێو خەڵک و کۆمەڵگەی کوردستاندا بنیات بنێ. بۆیە بێ پێچوپەنا دەڵێ: “هەرچەشنە تێرۆری فکری دەبێ لەنێو بچێ و نابێ هیچ کەس لەبەر بیروبۆچوونی جیاواز بخرێتە ژێر فشار. لەسەر دۆستان و ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە بیروڕا و داخوازەکانی حیزب کە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بە شێوەیەکی دێموکراتی بڵاو بکەنەوە و پشتیوانیی ئەوان بۆ لای حیزب ڕابکێشن”.
***
ئێستا کە دوای ٤٣ ساڵ لە نێوەڕۆکی دەقی ئەو پەیامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات -کە لە لایەن دوکتور قاسملوووەوە بۆ ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزب نووسراوە و لە میتینگی حیزبی دێموکرات لە شاری مهاباد خوێندرایەوە- دەڕوانین، دەکرێ وەک نەخشە ڕێگایەک بۆ ئێستا و دواڕۆژی خەباتەکەمان کەڵکی لێ وەربگرین.
بەداخەوە تا ئێستاش دیار نییە کە ئێرانی داهاتوو چ جۆر نیزام و دەسەڵاتێکی سیاسی دەگرێتە خۆی و چۆن لە پرسی کورد و مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان دەڕوانێ. ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کورد نەخشە ڕێگا و ڕوانگەیەکی یەکانگیری هاوبەشیان بۆ جۆری ئیدارەی ئێرانی داهاتوو نییە و کوردیش لەنێو خۆیدا ئەو جۆرەی کە پێویست و زەروورییە یەکڕیز، یەکگر و یەک گوتار نییە و کۆمەڵگەی کوردستانیش لەگەڵ ئەوەیکە لە چاو ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ١٣٥٧ زۆر جیاوازە و پێشکەوتووە، بەڵام دیسانیش لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا ڕێکخراو و تۆکمە و بێناتەبایی نییە.
بۆیە ئەگەر لە سیلەی نێوەرۆکی پەیامی ١١ی ڕەشەممەی ١٣٥٧ی هەتاویی میتینگی مهاباد و دۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتیی ئێستای ئێران و کوردستان و هەروەها ناڕوونیی داهاتووی بەڕێوەبەریی وڵاتەوە بڕوانین، جێی خۆیەتی ئەم پەیامە لە چەند خاڵدا بە زیندوو و قابیلی کەڵکلێوەرگرتن بزانین:
– هەر دەسەڵات و نیزامێکی سیاسی کە لە داهاتوودا لە تاران بێتە سەرکار، بەبێ بەڕەسمیناسینی پرسی نەتەوایەتیی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، ناتوانێ دێموکراتیک و ڕاستەقینە بێت.
– ئەگەر بزووتنەوەی سیاسیی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانیەوە بە ئیرادەیەکی یەکگرتووخوازانەوە نەتوانن خۆیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەییدا ڕێک بخەن، لە ڕەوتی گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا ڕەنج بەخەسار و بێدەسکەوت دەبن.
– تەمرینی دێموکراسی و یەکتر قبووڵکردن و خۆ فەرزنەکردن بە سەر یەکتریدا و ڕێزگرتن لە جۆراوجۆرییەکانی کوردستان، ئەو پێشمەرج و زەمانەتانەن کە داهاتووی نەتەوە و نیشتمان لە ناتەبایی و پەرتەوازی دەپارێزێ و لە غەیری ئەوەدا نەیاران و ناحەزانی کورد و کوردستان کار لەسەر تێکدانی شیرازەی خاک و خەڵکی کوردستان دەکەن و هیچ دوور نییە ئەزموونی شەڕی خۆبەخۆمان تێدا دووپات بکەنەوە.