حەوتوویەک کەمتر لە دەستپێکی شەڕەکە، تا دێ ئەگەری ئەوە بەهێزتر دەبێ کە ڤلادیمیر پووتین لە ئێستاوە بەرەو شکستێکی مێژوویی ملی ناوە. پووتین ئەگەر لە گشت پەلامارەکانیشیدا سەر بکەوێ هێشتا دۆڕاوی شەڕەکەیە. خەونی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریی ڕووسیە هەمیشە لە سەر ئەو درۆیە هەڵچندراوە کە ئۆکڕاینییەکان نەتەوەیەکی ڕاستەقینە نین، کە ئۆکڕاینییەکان گەلێکی ڕاستەقینە نین و دانیشتووانی کییەڤ و خارکۆف و لیڤیڤ خوازیاری حکومەتی مۆسکۆن. ئەمە درۆیەکی گەورەیە. ئۆکڕاینییەکان نەتەوەیەکی خاوەن هەزاران ساڵ مێژوون. ئەو کاتەی کییەڤ باژێڕێکی مەزن بوو، مۆسکۆ گوندیش نەبوو. بەڵام ملهوڕەکەی ڕووسیە ئەوەندەی ئەو درۆیە دووپات کردۆتەوە لەوە دەچێ خۆی بڕوای پێ کردبێ.
ئەو کاتەی پووتین پلانی ئەو جەنگەی دادەڕشت دەکرێ حیسابی بۆ هێندێک واقیع کردبێ. ئەو دەیزانی لە ڕووی سەربازییەوە ئۆکڕاین دەرەقەتی نایە. دەیزانی ناتۆ لەشکری خۆی بۆ بە هاناوەچوونی ئۆکڕاین نانێرێ. دەیزانی چاولەدەستیی ئورووپا بۆ نەوت و گازی ڕووسیە دەبێتە هۆی ئەوە وڵاتێکی وەک ئاڵمان بۆ سەپاندنی سزای قورسی ئابووری دڵ لە دڵ بدا. لە سەر بنەمای ئەو ڕاستییە ناسراوانەدا، پلانی پووتین ئەوە بوو بە توندی و خێرایی دەست بە سەر ئۆکڕایندا بگرێ، سەری حکوومەتەکەی ژێ بکا، حکوومەتێکی سەر بە ڕووسیە لە کییەڤ دابنێ و دوایی و لە سزای ئابووریی وڵاتانی ڕۆژئاوایی قوتار بێ.
بەڵام پووتین حیسابی ڕاستییەکی گەورەی نەکردبوو. ئەو دەرسەی ئەمریکییەکان لە عێراق و سۆڤیەتییەکان لە ئەفغانستان دادران، داگیرکردنی وڵاتێک زۆر لە ڕاگرتنی ئاسانترە. پووتین دەیزانی کە هێزی ئەوەی هەیە ئۆکڕاین داگیر بکا، بەڵام داخوا خەڵکی ئۆکڕاین بە ڕێژیمێکی داردەستی مۆسکۆ ڕازی دەبن؟ پووتین قوماری لە سەر ئەو پێڕازیبوونەی ئەوان کرد. پووتین هەرکات کەسێکی دەست کەوتبێ گوێی بۆ شل بکا قەوانە شڕەکەی بۆ لێداوەتەوە کە: ئۆکڕاینییەکان نەتەوە نین. جگە لەوە، ساڵی ٢٠١٤ خەڵک لە کرایمە بەرانبەر هێرشی ڕووسان بەرگرییەکی ئەوتۆیان نەکرد، لە ٢٠٢٢ دا چ شتێک گۆڕاوە؟
ڕۆژ بە ڕۆژ ئاشکراتر دەبێ کە پووتین ئەو قومارەی دۆڕاندوە. ئۆکڕاینییەکان بە دڵ و گیان بەرەنگاری دوژمن بوونەتەوە، سۆز و سەرنجی سەرانسەری دنیایان بردۆتەوە و شەڕەکەش دەبەنەوە. دیارە ڕۆژی ڕەش لەبەرن. ڕووسەکان لەوانەیە سەرانسەری ئۆکڕاین داگیر بکەن. بەڵام بۆ سەرکەوتن لە شەڕەکەدا ڕووسیە دەبێ بتوانێ ئۆکڕاین ڕابگرێ و ئەمەش کاتێک دەکرێ کە خەڵکی ئۆکڕاین ئەو ئیزنەی پێ بدەن. تا دێ نیشانەکانی ڕوونەدانی ئەمە زیاتر دەردەکەون. لەگەڵ هەر تانکێکی ڕووسان کە تێکدەشکێندرێ و لەگەڵ کوژرانی هەر سەربازێکی ڕووسی ورەی ئۆکڕاینییەکان بەرزتر دەبێتەوە. لەگەڵ کوژرانی هەر ئۆکڕاینییەکیش ڕقی ئۆکراینییەکان لە داگیرکەران قووڵتر دەبێ. ڕق ناشیرینترین هەستی مرۆڤە. بەڵام بۆ نەتەوەی زوڵملێکراو، ڕق گەنجینەیەکی شاردراوەیە. ئەو گەنجینەیە کە لە قووڵایی دڵی خەڵکدا حەشار دەدرێ دەتوانێ ڕۆحی بەرخۆدان لە دەروونی چەند بەرەدا زیندوو ڕابگرێ. بۆ بنیادنانەوەی ئیمپراتۆریی ڕووسیە، پووتین پێویستیی بە سەرکەوتنێکی بێ خوێنڕشتن هەبوو کە بۆ ئەوەش دەبوایە بەبێ دروستکردنی هەستی ڕق ئۆکڕاین داگیر بکا. تا ئۆکڕاینییەکان خوێنی زۆرتریان لێ بڕژێ، هاتنە دیی خەونەکەی پووتین مەحاڵتر دەبێ. تاپۆی مەرگی ئیمپراتۆریی ڕووسیە بە ناوی پووتینەوە دەنووسرێ نەک بە ناوی میخایل گۆرباچۆڤ.
نەتەوەکان دواجار لە سەر بنەمای چیرۆک و بەسەرهاتان دروست دەبن. ڕۆژ بە ڕۆژ بەسەرهاتی زیاتر دەگێڕدرێنەوە کە ئۆکڕاینییەکان نەک لە ڕۆژانی ڕەشی بەرودوادا بەڵکوو بۆ نەوە و نەتیژەی خۆشیانی دەگێڕنەوە: سەرۆکێک کە ڕەتی کردەوە پایتەختی وڵاتەکەی جێ بهێڵێ و بە ئەمریکای گوت چەک و تەقەمەنیمان دەوێ نەک ئامرازێک بۆ ڕاکردن؛ ئەو سەربازانەی “دووڕگەی مار” کە لە ڕووسەکانیان ڕاخوڕی: “ملی خۆتان بشکێنن و بڕۆن”؛ ئەو خەڵکە بێ چەکەی خۆیان هاویشتە پێش دەبابەی ڕووسان تا بیانوەستێنن. نەتەوە لە سەر بنەمای ئەو بەسەرهاتانە دروست دەبن. لە درێژماوەدا ئەو بەسەرهاتانە لە تانک و دەبابان زیاتر بە هانای نەتەوەوە دێن. ملهوڕەکەی مۆسکۆ خۆ دەبوایە ئەو شتانە بزانێ. خۆی بە منداڵی زۆر جار گوێی بە بەسەرهاتی دڕندەیی نازییەکان و خۆڕاگریی ئازایانەی ڕووسان زرینگاوەتەوە.
بەسەرهاتی ئۆکڕاینییەکان نەک هەر ئیرادەی ئۆکڕاینییەکان بەڵکو هی سەرجەم خەڵکی دنیا بەهێز دەکا. ئەوان ورە وەبەر حکوومەتەکەکانی یەکیەتیی ئورووپا، حکوومەتی ئەمریکا و تەنانەت هاووڵاتیانی ستەملێکراوی ڕووسیە دەنێن. ئەگەر ئۆکڕاینییەکان لە خۆ ڕاببینن بە داری دەستی بەر بە تانکی ڕووسان بگرن، حکوومەتی ئاڵمانیش لەخۆی ڕادەبینێ هێندێک مووشەکی تانکشکێنیان بداتێ، حکوومەتی ئەمریکا لە خۆی ڕادەبینێ دەستی ڕووسیە لە “سویفت” کورت بکاتەوە، هاووڵاتییانی ڕووسیەش لە خۆیان ڕادەبینن بەدژی ئەو شەڕە بێمانایە بڕژێنە سەر شەقام.
دەکرێ هەموومان ورەمان بێتە بەر هەر کام لە ئاست خۆمانەوە کارێک بکەین. یارمەتی کۆ بکەینەوە، باوەش بۆ ئاوارەکان بکەینەوە، بە شێوەی سەرهێل پشتی ئۆکراینییەکان بگرین. شەڕی ئۆکڕاین داهاتووی سەرانسەری دنیا دیاری دەکا. ئەگەر سەرەڕۆیی و دەستدرێژی بۆی بچێتە سەر، هەر هەموومان باجە تاڵەکەی دەدەین. سەیرکردن و هیچ نەکردن دەردێک دەرمان ناکا. کاتی ئەوەیە دارێک بخەینە سەر بەردێک.
بەداخەوە، ڕەنگە ئەو شەڕە درێژخایەن بێ. ڕەنگە شێوە و بیچمی خۆی بگۆڕێ، بەڵام دوور نییە چەندین ساڵ بخایەنێ. گرینگترین بڕیار لەو بارەوە پێشتر دراوە. ڕووداوەکانی ئەو چەند ڕۆژەی دوایی بە هەموو دنیای نیشان دا کە ئۆکڕاین وڵاتێکی ڕاستەقینەیە، کە ئۆکڕاینییەکان گەلێکی ڕاستەقینەن. ئەوەشی دەرخست کە بە هیچ شێوەیەک نایانەوێ بچنە ژێر نیری ئیمپراتۆریی ڕووسەوە. بەڵام هێشتا پرسیارە سەرەکییەکە لەو گۆڕەی ماوەتەوە کە ئاخۆ چەندەی پێ دەچێ تا ئەو پەیامە دیواری ئەستووری کرێملین ببڕێ.