هەر کۆمەڵگەیەک لە ڕێڕەوی بە نەتەوەبووندا پێویستی بە چەند مەرجی سەرەکی هەیە، ئەویش خاونێتیی زمان، مێژوو، کولتوور و جوغرافیای دیاریکراوی تایبەت بە خۆی. لەپەنا ئەو خاڵانە کە مەرج و بناغەی بەنەتەوەبوونی هەر کۆمەڵێکە و جیا لەو خاڵە هاوبەشانە، ویست و خواستی بەکۆمەڵیش لە هەڵبژاردن و بەشداریکردن لەو ڕێڕەوەدا ئەوەندە گرینگ و پێویستە. لەو نموونە و ئەزموونانە لە مێژوودا زۆرن کە کۆمەڵگەیەک لەوپەڕی مەزنی و پێشکەوتووییدا بووە و وەک کۆمەڵگەیەکی ئارمانجی یادی لێ دەکرێ و کەڵک لە ڕەوشت و بۆچوون و پلان و دەسکەوتەکانیان وەردەگیرێ، بەڵام چونکی ڕای گشتی و ویست و خواستی بەکۆمەڵیان دوور بوە لە بەنەتەوەبوون، لە دوای ماوەیەک تەنیا ناو و ئاسەواریان ماوەتەوە و خولیای ژیانی بەردەوامی کۆمەڵگە تەنیا لە کتێبە مێژووییەکان و سەرچاوە دیارەکانی شارەستانییەتدا ڕەنگی داوەتەوە و لەو سەردەمەدا سەرچاوەی ژیانی کۆمەڵگەیان کوێر بۆتەوە.
دەکرێ کۆمەڵگەیەک لە بواری زمانییەوە، چۆنیەتیی بەرەوپێشچوون و نەریتی هەڵسوکەوتەوە لەنێو ناخی چینەکانی خۆیدا هاوئاهەنگ بێ و گەشەی ئابووری، شارستانییەتێکی سەردەمیانە و مەدەنییەتێکی چالاک بەخۆیەوە ببینێ؛ چەمکەکانی ئازادی جێگیر بکا و چینی ڕەخنەگری ڕووناکبیر لە پێگەی خۆیدا بێ، بەڵام نەبێتە نەتەوە یان نەتەوەسازیی بۆ نەکرێ. ئەوە ڕاستە کە میللەتسازی پێویستیی بە چەند کۆڵەکەی دیار و جێکەوتوو هەیە، بەڵام تەنیا بوونیان نابێتە هۆکاری چوونە نێو ئەو پرۆسەیە یان کەوتنە سەر ئەو ڕێچکەیە.
بۆ بوون بە میللەت جگە لەو مەرجە هاوبەشانە، پێویستە کە چینەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بە بیرێکی بەکۆمەڵ، لەسەر ویست و خواستی خۆیان و هەستکردن بە زەروورەتی چوونە نێو ئەو پرۆسەیە، بە وردی لەسەر بایەخەکانی کۆمەڵگە شیکاری بکا و بە لێکدانەوەی جیاوازی ئایینی و کولتووری و پوتانسییەلە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، بەها و بایەخی نوێ بخوڵقێنێ بە شێوەیەک کە لەباتی یەکدەستکردنی بەها و بایەخە چینایەتییەکان، چینە جیاواز و جۆراوجۆرەکان بەها نوێیەکان لە سەرووی بایەخەکانی خۆیان بزانن و ژیان لە ئاستێکی بەرفراوانتر لە ئاستی ئێستایاندا ببینن. هەربۆیە باسی بناغەیی بە نەتەوەبوونی کۆمەڵگە یان بەمیللەتکردنی کۆمەڵگەیەک کە هەموو خاڵە زەروور و پێویستییەکانی هەیە؛ داڕشتنێکی گونجاو و وڵامدەری دەوێ کە سەرووی هەموو زەرفییەت و ویستە مەوجوودەکانیەتی. باس لەو بەها و بایەخانەیە کە بێئەوەی بەها و بایەخە ئاراییەکان ڕەت کاتەوە، هەموویان وەک خۆی ببینێ، قبووڵیان بکا و دانیان پێ دابنێ و لەو سۆنگەیەوە هزری نەتەوایەتی بەو شێوەیە تاریف بکرێ و دابەزێندرێ کە هەیکەلەی کۆمەڵگە بە ویست و خواستی خۆی، بە خۆڕێکخستن و هەڵبژاردنی بایەخ و بەها نوێیەکان و لەبەرانبەر بەها و نرخە مەوجوودەکان، بە هەڵبژاردەی خۆی بچێتە ڕێڕەوی ئەو پرۆسەیەوە.
بۆیە ئەو پرسیارە گرینگە کە چ هۆکار و پرەنسیپێک دەبنە هۆکاری پێکهاتنی میللەتێکی واحید و ئەو پێکهاتەیە سەردەکەوێ و چۆن بەردەوام دەبێ؟
ئەوەی کە لە ئاکام و پرۆسەی میللەتسازیدا گرینگە و بنەماکەی پێکدەهێنن یەک لەوان یەکگرتوویی و پێکەوە حاوانەوەی نەتەوەییە؛ بەو مانایە کە چینە جۆراوجۆر و جیاوازەکانی ئەو کۆمەڵگەیە پێناسە نەتەوەییەکان سەرووی پێناسەی قەومی، عەشیرەیی و ناوچەیی دابنێن؛ واتە لە لای تاکەکانی ئەو چینانە، ئەو پێناسە و بەها نوێیانە پیرۆزتر و بەبایەختر بن تا بەها و پێناسە نەریتی و کۆن و ناوچەییەکان. لەو مەرجەدا لاچوون و نەمانی پێکهاتە کۆنەکان ئامانج نییە، بەڵکوو نەمانی ئەو جۆرە بیروبۆچوونانەیە؛ دیتراوە کە کۆمەڵگەیەک لە لابردنی ئەو جۆرە پێکهاتانەدا سەرکەوتوو بووە بەڵام لە هەمان کاتدا مانەوەی ئەو جۆرە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتانە تەنیا لە باری ڕواڵەتییەوە پێکهاتەکانی گۆڕیوە و بنەمای تێگەیشتن و هەڵبژاردەکان هەر بە لەهێڵەکدانی ڕوانگە کۆن و قەومییەکەیە. متمانەی گشتی خاڵیکیتری ئەو بابەتەیە کە کاتێک دەکرێ ئەو ڕێگەیە تا کۆتایی پێکهاتەی میللی سەرکەوتوو بێ کە متمانەیەکی گشتی و قووڵ بەردەنگی ئەو پرۆسەیە بێ. ئاشتەوایی بەردەوام کە بۆ لێکتێگەیشتن و نیزیکبوونەوە و پێشگرتن بە کێشە و دۆخی نالەباری چینایەتی کە دەبنە هۆی کەند و کۆسپ لەبەردەم ئەو پرۆسەیە. گەشەی هاوسەنگ و بەردەوام لەو کۆمەڵگەیەدا دەبێتە هۆی سەقامگیری و جێگیرتر بوونی دۆخ و ئەو ڕێڕەوە. ڕەوایی نەتەوەیی و فرەڕەگەزی کە بەبێ ڕەوایی و نەبوونی ڕێپێدراوی لە لایەن خەڵک و چینەکانی کۆمەڵگەی بەردەنگ؛ پشتیوانیی کۆمەڵگە لەو ڕێڕەوە بناغەی تێپەڕاندنی قۆناغەکانە لە قۆناغە جیاواز و زنجیرەییەکانی بە میللەت بوون.
مۆدێلی میللەتسازی لە سێ بەش پێک دێ:
یەکەم، پێویستبوونی میللەتسازی (پێناسەی نەتەوەیی) لەبەر ئەوەی کە ڕەوتی میللەتسازی لە کۆمەڵگەدا بەباشی و سەرکەوتووانە بچێتە پێشێ، خەڵک و پێناسە کۆنە قەومییەکان و ڕەگەزی و ئایینییەکان تێپەڕ بکا و بە هەست و بیرێکی گشتی و بەکۆمەڵ بگەن. تێپەڕاندنی پێناسە کۆن و سونەتییەکان زۆر هاسان و سادە نییە و پێویستی بە پێکهاتنی وشیاری و ئاگاهییەکی بەکۆمەڵ هەیە. لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا میللەتسازی لە پێش دەوڵەتسازییە. لە ڕاستیدا ئەوان بەپێی ئەزموونە مێژووییەکانی خۆیان بە وشیارییەکی بەکۆمەڵ گەیشتوون و زەروورەتی هەوئاهەنگیی بەکۆمەڵیان لە قالب و چوارچێوەی یەک نەتەوەدا دەرک کردوە و لە دوای ئەوە هەوڵیان داوە کە دەوڵەت بە چەمکێکی ئەوڕۆیی و مۆدیڕن ساز بکەن.
دووهەم، ستراتیژیی بەردەوامی ڕەوتی میللەتسازی کە بۆ پتەوکردنی میللەتسازی، دەبێ هۆکارەکانی بنەڕەتی ئەو مەسەلەیە دەرک بکەین. چونکە ئەزموونە مێژووییەکان ئەوە دەخاتە بەرچاومان کە نەبوونی ئەو هۆکارانە دەبنە هۆی لێکترازانی ئەو بابەتانەی کە کراونەتە کۆمەڵایەتی لە ڕێرەوی میللەتسازیدا و شێوەی ئەو پرۆسەیە تووشی کەند و کۆسپ دەکا.
هۆکارەکانی بنەڕەتیی میللەتسازی چەمکەکانی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی کارامەیی دەسەڵاتە. نەبوون یان لاوازبوونی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی کە بە مانای نەبوونی دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سەروەت و سامانە کۆمەڵایەتییەکانە کە خۆی دەبێتە هۆی ناڕازیبوونی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە. مسۆگەرکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی سازبوونی هەستی بەیەکەوە بوون و یەکدەنگی لە بابەت کۆمەڵە بابەتەکانی کۆمەڵگە و بەستێن بۆ پتەوکردنی ئەو ڕەوتە پێکدێنێ و هێزی پێ دەبەخشێ. کاتێک کە چینەکانی کۆمەڵگە لە نابەرابەرییە کۆمەڵایەتییەکان دەناڵێنێ و دەرفەتەکان و سەروەتە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی ناعادڵانە دابەش دەکرێ، ئێحساس و زەروورەتی یەکگرتوویی و لێکنیزیکبوونەوە پێک نایە و لە ئاکامدا ئەو ڕەوتە بەتەواوی قۆناغەکانی تێپەڕ ناکا. نابەرابەرییە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری بەرهەستی دەرەکییە کە دەتوانێ ببێتە هۆی زیادبوونی دژوازەکان و لێکترازانەکانی نێو کۆمەڵگە. بێجگە لەوانە لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە، ئەو نابەرابەرییانە بە بەشێک لە چینەکانی کۆمەڵگە دەخرێنە پەراوێز و هەست بە بەشخوراوی دەکەن. هەربۆیە بۆ دەستەبەرکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی پتەوکردنی ئەو ڕەوتەیە. کارامەیی دەسەڵات کە بۆ سازبوونی میللەت یان بەردەوامیی ئەو ڕەوتە لە بەردەم کەند و کۆسپ و دیاردە کۆن و نوێیەکانی کۆمەڵگە پێویستە. ئەو کارامەییە بە سڕینەوە و لە پەراوێزهاویشتنی ڕاستییەکان و پوتانسییەلەکان نایەنە دی و تەنیا بە ڕێزگرتن لە بەها و بایەخە کۆنەکان و هەروەها داهێنانی بایەخە نوێیەکانە کە لە لایەن هەموو چینەکانەوە جێگەی ڕێز بێ.
سێیەم شت، پێوەندیی میللەتسازییە لەگەڵ دەوڵەتسازی. میللەتەکان پێک دێن بۆ ئەوەی دەوڵەت دامەزرێنن و دەوڵەتەکان پێک دێن بۆ ئەوەی تەواوکەری میللەت بن، یارمەتی بەرەوپێشچوونی میللەت لە قۆناغە جیاوازەکاندا بکەن و پلان و بەرنامەی بۆ دابڕێژن و هەوڵی پاراستنی دەسکەوتەکان و هەروەها گەشەکردنی ئەو پرۆسەیە بدەن. لە ڕاستیدا میللەتسازی بەبێ دەوڵەتسازی پرۆسەیەکی ناتەواوە، لە بنەڕەتدا بە میللەت بوون بۆ ئەوەیە کە بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ ئاگاداری و پاراستنی ئەو پرۆسە تێپەڕکراوە هەبێ. چونکە لە ڕاستیدا میللەت ڕوحی زیندوو و بەبایەخی کۆمەڵگەیە کە ئەرکی چاوەدێری و پاراستنی بەشە جۆراوجۆر و پێویستەکانی کۆمەڵگە دەخاتە بەشی بەدەسەڵاتی خۆی بە ناوی دەوڵەت. بۆیە لەو سەردەمەدا دەوڵەتان یەکێک لە ئەرکە سەرەکییە گرینگەکانیان چاوەدێری و بەڕێوەبەری و داڕشتنی پلان و بەرنامەیە بۆ میللەت و وشیاری لە هەڵنەوەشانەوە و لێکنەترازانی بایەخ و بەها نەتەوەییەکانە.
بۆیە نەتەوە و میللەتی بێدەوڵەت پێکهاتەیەکی سەقەت و لاواز دەبێ. لەو سەردەمەدا کە جیهان لە هەموو بوارەکانەدا بەرەو پێشکەوتنە و ئاڵوگۆڕی ئامار و داتا زانستی و کولتوورییەکان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر و خێراتر دەبن، پێویست و زەروورە کە میللەت بۆ ڕاگرتن و پێشکەوتنی خۆی لە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانەوە پێکهاتەی دەسەڵاتداری و حاکمییەتی هەبێ. هەر بۆیە لەبەردەم پرسی کورد و ڕوانگەی بزاڤی ئازادیخوازانەی کورد لە هەمبەر ئەو بابەت و مەسەلەیە، هەر لە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستاندا، تێکۆشەرانی کورد، هەموو داواکارییەکانی گەلی کوردیان لەسەر بناغەی بەمیللەتبوونی کورد و بەشداری کورد لە پرس و دەسەڵاتی سیاسی وڵات بووە. ئەوە واقع بینی و وردبینی تێکۆشەرانی کوردە کە هەموو هەوڵێک دەدەن کە کورد بتوانێ لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا نێوماڵی خۆی ڕێک بخا و بتوانێ قۆناغەکانی بەمیللەتبوون تێپەڕ بکا. وەک باس کرا یەک لەو قۆناغە گرینگانە بەدەوڵەتبوونە کە میللەت دەتوانێ لە سێبەری دەسەڵاتداری خۆی کەڵک وەربگرێ و ئەو ڕێڕەوە لە بوارەکانی گرینگ و پێویستدا باشتر و پتەوتر بەڕێوە بەرێ و لە هەمانکاتدا بە مەشروعییەتی نەتەوایەتیی دەسکەوتەکانی ئەو ڕێگەیە لە پەنا پێشکەوتنەکان و گەشەکردندا بپارێزێ.