زمان وەک یەکێک لە سیماکانی هەبوونی فەرهەنگێکی جیاواز هێندێک جار وەک یەکێک لە ئەدگارەکان لە فەرهەنگێکی دیاریکراودا دەردەکەوێ، و هێندێک جاریش دەبێتە شێوەی سەرەکیی فەرهەنگێک. زمانی دایک ئەو زمانەیە لەگەڵیدا لەدایک دەبین و بەو زمانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ جیهانی دەورووبەر دەگۆڕینەوە. دیاردەکان لەو زمانەدا پێناسە دەکرێن و زایەڵەی دەنگە زمانییەکان لەگەڵ دۆخی دەروونناسی ئاخێوەر، وەها تێکەڵکێش دەبێت وەک بڵێی ئەو زمانە بە ڕوحی خاوەنزمانەوە نووسراوە.
پرۆسەی تێگەیشتن بە زمانی دایک لە ڕاڤە و شڕۆڤەدا ئاسانتر و ڕوونترە، و دەنگەکانی ناسراوتر و باشتر دەتوانن هەڵگری ژینگەی سرووشتی بن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕاڤەکردنی زمانی دایک بە شتێک لە دەرەوەی زمانی دایک مەترسیدارە، چونکە چەمکی زمان یەکێک لە سەرەکیترین کۆڵەکەکانی شوناسی هەر نەتەوەیەکە و زۆر جار لە دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەدا ڕۆڵ دەبینێ و زمان دەبێتە ئەو فاکتەرە گرینگە کە توانیویەتی یا دەتوانێ وڵاتێک لەسەر بنەمای دەوڵەت-نەتەوە بیچم بدا. بۆ میناک: وڵات گەلێکی وەک بریتانیا، ڕووسیە، ئاڵمان، تورکیە و… هتد[لە دواڕۆژیشدا کوردستان] دەقاودەق ناو و پێناسەکەیان گرێدراوی نەتەوەکەیانە.
زمانی کوردی یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی فرەچەشنی و ڕەنگاوڕەنگ بوونەکەیەتی و بگرە یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانی مانەوەی مێژوویی نەتەوەکەمانە، هەروەها لە بووژاندنەوە و ڕێکخستنەوەی جڤاکەکەماند دەورت بنەرەتی دەگێڕێ. لە سەردەمی هاوچەرخیش زمان لە گرینگترین و کاریگەرترین فاکتەرەکان بۆ مانەوەمان دێتە ئەژمار. هەرچەند لە دۆخی ئێستادا دیاردەی زمان وەک پارادۆکسێکی دوولایەنەی لێ هاتووە کە هەم دەتوانێ لە پڕۆسەی یەکگرتوویماندا ئەرێنییانە ڕۆڵ بگێڕێ و هەمیش لە ئەگەری هەر جۆرە خوێندنەوەیەکی تاک ڕەهەندی و چاوچنۆکانە لێکەوتەی خراپ و قەرەبوونەکراوەی لێ بکەوێتەوە و زیان بە پڕۆسەکەمان بگەیەنی. چونکی تاکی هەر کۆمەڵگەیەک سەرەتا لە ڕێگای زمانەوە دەچێتە ناخی بیر و هەستی نەتەوەکەی، بۆیە بە هەر ڕێژەیەک هاوسۆزی و هاوبەشی لەنێوان زمان و وێژمانی نەتەوەیەک ڕیشەدارتر و بەهێزتر بێ، باشتر و زیاتر دەتوانرێ ڕێگە بە ڕووی نەیاراندا ببەستێ و سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و پیلانگێڕییەکانی نەتەوەی سەردەست مایەپووچ بکاتەوە. بۆیە ئەرکە زمان لە هەموو شوێنێک گرینگی تایبەتیی خۆی پێ بدرێ و ئەو گرینگیپێدانە تەنیا بە هۆی ئەوە نییە کە زمان ئامرازێکی پەیوەندی و تێکەڵاو بوون لەگەڵ کۆمەڵە، بەڵکوو ئەرکی گەشەپێدان و تێگەیشتنی زانستییانەی زمان، بە سیستمی پەروەردە دەسپێردرێ تاکوو شوناس و مەعریفە بە تاک ببەخشێ.
زمان هەڵگری کەسایەتی و شوناسی منداڵە، منداڵ بە هۆی زمانی دایکیەوە دەتوانێ دەورووبەری خۆی بناسێ و تێی بگا و تێگەیشتنی خۆشی هەر لە ڕێگای زمانی دایکیەوە باس و تاوتوێ دەکا. لە ڕاستیدا زمانی دایک هەڵگری زانستە کۆمەڵایەتییەکانە و تەنیا لە ڕێگای زمانی دایکیەوە منداڵ دەتوانێ لەم زانستانە بەشدار بێ و کەڵکیان لێوەرگرێ و ڕەفتار و شێوی قسەکردنی جێگای پەسەندی کۆمەڵ فێر ببێ. کەواتە پێویستە گرینگیی تایبەت بە زمانی دایک بدرێ، و هەموو دایک و باوکێک دەبێ وەک ئەرکێکی ئەخلاقی سەبارەت بە نەوەی داهاتوو لەپێناو ئەور ئەرکەدا و جێبەجێکردنیدا تێبکۆشن.
ئەگەر لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە بڕوانینە بابەتەکە، دەزانین پڕۆسەی فێربوونی زمانی دایک لە قوتابخانەکان بە زمانی جیاواز لە زمانی دایک پەروەردە دەکرێن و خوێندن بە زمانیتر زیاتر گرینگی پێ دەدرێ تا زمانی دایک، لەگەڵ ئەوەشدا خوێندن و نووسین بۆ مناڵ تەکنیکێکی تازەیە، خۆ سەرقاڵکردن بە زمان و فێربوونی زمانێکی جیاواز لە زمانی دایک بە شێوەیەکی زانستی بێگومان پێویستی بە هەوڵ و گوڕوتینێکی زۆرتر هەیە. بۆ ئەو منداڵانەی هەر لە سەرەتاوە ناچار دەکرێن بە زمانێکی جیاواز لە زمانی دایک بخوێنن گیروگرفتێکی دیکەش زیاد دەبی، واتە منداڵ لەگەڵ دوو کێشەی سەرەکی ڕووبەڕوو دەبێتەوە؛ جونکی لە یەک کاتدا هەم دەبێ زمانێکی تازە فێر بێ، و هەم تەکنیکێکی نوێی نووسین و خوێندنەوە و هەروەها تەواوی وانەکانی دیکەش بە زمانێکی جیاواز لە زمانی دایک فێر بێ! ئەوە لە حاڵێکدایە کە منداڵان لەو تەمەنەدا هێشتا زۆر پێنەگەیشتوون، و وێڕای ئەوە کە گیروگرفت و ئاڵۆزی زۆر دێتە سەر ڕێگەی، کۆمەڵێک خاڵی جەوهەری دەبنە بەربەست لە خوێندن و چالاکیی منداڵ.
ڕاستە دیاردەی دوو زمانی یا فرە زمانی لە دنیای ئەمڕۆدا شتێکی باوە و بۆتە ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی و کەمتر وڵات هەیە کە یەک زمان بێ و ئەمە حاشای لێ ناکرێ. بەڵام لە ئامانجەکانی پەروەردە و بارهێنانی دوو یا چەند زمانیی منداڵاندا ئەو بابەتە نەتەنیا وەک خاڵێکی لاواز چاوی لێ ناکرێ بەڵکوو دەرکەوتوە کە دوو یان چەند زمانی کاریگەری زۆر و باش لەسەر تێگەیشتن و گەشەکردنی فێربوون و هەروەها فێربوونی زمانی دایکییش دادەنێ. واتە ئەگەر منداڵ هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە دوو زمان فێر ببێ، تێگەیشتنێکی قووڵتری لەسەر زمان دەبێ و بەمجۆرە دەتوانێ ڕادەی تێگەیشتنی لەسەر زمان بەرێتە سەر و زمانەکان پێکەوە هەڵسەنگێنێ. “گوێتە” شاعیر و لێکۆڵەری ئاڵمانی بۆ ڕاڤەی زیاتری ئەم بۆچوونە دەڵێ: “کەسێک کە تەنیا یەک زمان بزانێ لە ڕاستیدا ئەو زمانەش باش نازانێ”.
“کۆلییە جۆرج” لە سۆنگەی لێکۆڵینەوەکانی چەندین ساڵەی لەسەر فێربوونی زمان دەری خستوە کە هەموو ئەو فاکتۆرانەی کە بۆ فێربوونی دوو زمان پێویستن بەستراونەتەوە بەوەی کە: تا چ ڕادەیەک لە زمانی دایک کەڵک وەردەگیرێ، واتە توێژینەوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە شارەزایی و پسپۆری لەسەر زمانی دایک کاریگەریی هەیە لەمەڕ باش تێگەیشتنی کەسی شارەزای دوو زمانە لەسەر بنچینەیەکی زانستی و ناسینی زانستی زمان. دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی زمانناسانی وەک: “ڕێباین” و “سکوتناب” دەریانخست کە دەستەواژە و توانایی زمانەوانی کە لە ڕێگای زمانی دایکییەوە دروست دەبێ و سەقامگیر بوونە، دەتوانن کەڵکیان لێ وەرگیرێ بۆ زمانی دیکە و یارمەتی دەدات بۆ زانیاری لەسەر زمان و، توانایی لێکدانەوەیی بەرز دەکاتەوە. “ڕێباین” لەسەر ئەم هزرەیە کە دەڵێ تێگەیشتن لە چیرۆک یا هەر بابەتێکی تر بە زمانی دایک دەرفەتی گێڕانەوەی چیرۆک یان بابەتەکانی تر بە زمانی دووهەم ئاسانتر دەکات.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەم فاکتەر و هۆکارانە کە ئاماژەیان پێ درا، پێویستە لە هەموو شوێنێک شانسی بەرانبەر بۆ هەموو مناڵان بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز و ئیتنیکیان بڕەخسێندرێ و کەسایەتی بە بوون و ماهییەتیان ببەخشرێ. چونکی ئەو منداڵەی نەتوانێ بە زمانی دایکی بخوێنی و پەروەردە ببێ، لە هزر و ناخیدا تووشی شەڕەنگێزی لەگەڵ سیستم و نیزامی سیاسیی وڵاتیش دەبێ. لە هەزارەی سێهەم و سەردەمی جیهانگیریدا کە سوشیاڵ مێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دۆخی یونیوێرساڵیان بە جیهان بەخشیوە، بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ١٩٣ وڵاتی سەربەخۆدا، ژمارەی ئەو زمانانەی قسەیان پێ دەکرێ دەگاتە ۵ تا ۶ هەزار، ئەوە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی ئەو وڵاتانە خۆیان بە وڵاتێکی یەک زمانە پێناسە دەکەن. ئەو ڕاستییە بەرەو ئەو ئاقارە دەڕوا کە بیر لە کێشەی لەنێوچوونی مەسەلەی زمانی نەتەوەیی بکرێتەوە و ڕێگە بدرێ خێوار و دامەزراوەی کولتووری وەک خۆی بمێنێتەوە و نەتەوەکان لەنێو نەچن.
دواجار پێویستە بەکورتی و بە ڕیزکردن ئاماژە بە سوودەکانی خوێندن بە زمانی دایک کە زمانی یەکەمی هەر مرۆڤێکە بکەین:
١- گوشار و پاڵەپستۆ لەسەر منداڵ زۆر کەمتر دەبێ ئەگەر لێهاتووییەکان و زانیارییەکانی قوتابخانە و زانکۆ بە زمانی دایکی فێر بووبن.
٢- خوێندەواربوون بە زمانی دایک بەر لە زمانی دیکە دەبێتە هۆی ئەوە کە لە بواری پێگەیشتوویی و تێگەیشتوویی زەینی منداڵ باشتر پەروەردە ببێت، ئەمەش پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ ئەوە کە تا چ ڕادەیەک منداڵ حەزی لە فێربوون و چوونە فێرگە هەیە.
٣- ئەو کەسانەی کە مەیدانیان بۆ دەڕەخسێ کە لە بواری فکری و هزرییەوە پێش بکەون شانسی زۆرتریان هەیە کە لە دنیای دەرەوە سەرکەوتووتر بن، و کاری باشتریان دەست بکەوێ و لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە ژیانێکی باشتریان دەبێ.
٤- کاتێک منداڵ لە باری فکری و زەینی لە خۆی ڕازییە، متمانەی بە خۆیشی زۆرتر دەبێ و شانازی بە خۆی و لێهاتووییەکەی دەکا و، ئەمانەش کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر کەسایەتی و ناسنامەی منداڵ و داهاتووی دەبێ.
۵- ئەو منداڵانەی کە لە زانکۆ بە زمانی زگماکی دەخوێنن و فێر دەبن بەئاسانی هەمان لێهاتوویی ڕەخنەگرتن، گوتارنووسین، پرسیارکــردن و… دەگوازنەوە بۆ زمانی دووهەم و ناچار نیین دووبارە فێریان ببنەوە.
٦- لە وڵاتێکی چەند زمانە و چەند ئیتنیکەدا، خوێندن بە چەند زمانی دەتوانێ ببێتە هۆی باشتر پێکەوەژیان و ئاشتی لەنێو کۆمەڵگەدا.
٧- زمان بەشێکی جیانەکراوەی کولتووری و فەرهەنگیی خەڵکێکە، جا ئەو خەڵکە دەسەڵاتدار بێ یا بێدەسەڵات، بۆیە مافی ئینسانی خۆیانە پێی پەروەردە بن.
٨- زمان ئەو زنجیرەیەیە کە نەوەکانی ئەمڕۆ و داهاتوو لێک گرێ دەدا، ئەگەر ڕێگەی لێ بگیرت، ئەو لێکگرێدراوییە نامێنی .
ئەم قازانجەی خوێندن بە زمانی زگماکی کە ڕیز کران لە سۆنگەی ئیحساسییەوە نییە و دوایین ڕاپۆرتی یونیسێف لە وڵاتانی ئەفریقایی کە پێشتر زۆربەیان بە هۆی سیاسەتی کۆلۆنیالیستی بریتانیا /ئینگلیزی داگیر کرابوون و زمانی خۆیان وەلا نابوو، ئەم خاڵە ئەرێنیانە وەکوو ئاکامی خوێندن بە زمانی دایک بە تایبەت لە ئاستی سەرەتایی و ناوەندیدا پشتڕاست دەکەنەوە.