لە ڕێبەندانی ١٣٥٧دا خەڵک بە دروشمی “مردن بۆ شا” و پاشان خۆڕاگری و پێداگرییان لەسەر ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتی شۆڕشێکی مەزنیان سەر خست. خەڵکی ئێران پێیان وابوو بە تێپەڕین لە نیزامی پاشایەتی دەتوانن هەلومەرج و داهاتوویەکی باشتر بۆخۆیان چێ بکەن. ٤٣ ساڵ پاش ئەم ڕووداوە و وردبوونەوە لە چوار دەیە کارنامەی کۆماری ئیسلامی ئەم پرسیارە گشتییە دەورووژێنێ کە ئاخۆ خەڵک هەڵەیان کرد؟ هەمدیسان ڕێبەرانی ڕێژیمی تازەدامەزراو چۆن توانییان بەسەر خەڵک و شۆڕش و وڵاتدا زاڵ ببن و هەتا ئێستاش وەک مۆتەکە لەسەر شانی خەڵک وەمێنن؟
ڕێبەرانی شۆڕشی ئیسلامی بە وادە و بەڵێنی بەدرۆ توانییان جڵەوی ناڕەزایەتییەکانی پێش شۆڕش بگرنە دەست و پاش سەرکەوتنی شۆڕش و بە ئەزموونێک کە لە ڕێژیمی پێشوو وەریان گرتبوو، هەر لە یەکەم ساتەکانەوە کەوتنە قەڵتوبڕی نەیارەکانیان. هێشتا سێ ڕۆژ لە سەرکەوتنی شۆڕش تێنەپەڕیبوو (شەوی ٢٥ی ڕێبەندان) چوار ئەفسەری پایەبەرزی ڕێژیمی پێشوو کە هەر ئەو ڕۆژە و لە دادگایەکی چەند خولەکیدا مەحاکەمە و بە بڕیاری خەڵخاڵی سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو، لە سەربانی قوتابخانەی “ڕیفاهـ”، شوێنی مانەوەی ئەوکاتی ئایەتوڵلا خومەینی و بە ئاگاداریی ئەو گوللەباران کران. ئەمە سەرەتای دەرکەوتنی ڕوخساری ڕێژیم بوو، و ئێعدامی شۆڕشگێڕانەی! دژبەران لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام درێژەی بووە. خومەینی کە قسەی سەری زار و بنی زاری دادپەروەری بوو، بناغەی ڕێژیمەکەی لەسەر تێرۆر، کوشتن و زەبروزەنگ و توندوتیژی دانا، بۆوەی کەس نەوێرێ دەنگ هەڵبڕێ و لەوانەشە دادپەروەری لە ڕوانگەی ئەو زاتەوە هەر ئەمە بووبێ!
ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی کە لە سەرەتای شۆڕشدا جاڕیان دەدا هەم ئەم دنیا هەم ئەو دنیای خەڵکیان بۆ گرینگە و، جەننەت و کەرامەتیان بۆ بەدیاری دێنن، ئەم دنیایان لە خەڵکی وڵات کردە دۆزەخ و بۆ ئەو دنیای دیکەش کەرامەتیان پێ نەهێشتن. کاتێکیش هەژاری و بێئەنوایی خەڵکی هێنایەوە سەر شەقام، تێیان خوڕین کە کوا شۆڕشی ئێمە بۆ نان بووە؟ ئامانجی شۆڕش بردنەسەرێی هەڵکردنی ئاڵای ئیسلام و بەرزکردنەوەی ئەخلاق و مەعنەوییات بووە! بەڵام هەر بەڕاست لە بواری بایەخە ئیسلامییەکان، گەشەپێدان بە ئەخلاق و مەعنەوییاتیشەوە چی کراوە؟ تۆمەز نازانن ٤٣ ساڵ دەسەڵاتی ڕێژیمە ئیسلامییەکەیان چەندەی خەڵک لە بایەخە ئایینییەکان دوور خستۆتەوە؟ ئاخۆ عەداڵەتی ئیسلامی ئەوەیە کە خامنەیی بە هێزە چەکدارەکانی دەڵێ “ئاتەش بە ئیختیار” بن و ئەگەر خەڵک بۆ ناڕەزایەتی هاتنە سەر شەقام جینایەتگەلی وەک خەزەڵوەری ٩٨ بخوڵقێنن؟ یان ئەگەر مامۆستایان گوتیان بەڕێ ناچین، کرێکار و خانەنشینکراوان هاواریان هەڵبڕی شەرمەزاری ژن و منداڵی برسییانن و داوای مافەکانی خۆیان کرد، لێیان دەن، چاویان دەرێنن، بیانکوژن و تەنانەت گۆڕبزریان کەن؟ ئەخلاقی و بایەخە کۆمەڵایەتییەکانیش کە ڕوونە چارەنووسیان بەکوێ گەیشتوە. هەر بە داننانی خۆیان هەڵکشانی ئاماری تاوانە کۆمەڵایەتییەکان و بوونی بیست و پێنج میلیۆن پەروەندەی شەڕ و ناکۆکی و تاوانکاری لە دەزگای قەزایی پێوەرێکی باش بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم ئیدیعایەشە!
کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا وڵاتی لە هەموو ڕوویەکەوە، چ سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرەو هەڵدێر بردوە. لە ڕووی ئابوورییەوە ناوەندەکانی پلاندانانی کۆماری ئیسلامی، وەک ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە وریایی ئەوەی داوە کە بێتوو گەمارۆکان لەسەر ئێران هەڵنەگیرێن، ئابووریی ئیفلیجی ئێران لە ساڵی ١٤٠٣دا بەتەواوی هەرەس دێنێ، هاوکات لە ئەگەری هەڵگیرانی سزاکانیشدا بێتوو فۆنداسیۆنی ئیدارەکردنی وڵات هەروا لەجێی خۆی بێ و نەخشەڕێی ئابووری-سیاسیی وڵات سەرلەبەری دانەڕێژرێتەوە، دوو ساڵ دواتر (١٤٠٥) هەرەس دێنێ. بەڵام ئاخۆ خەڵک ئەوەندە دەرفەتەش بە حکوومەت دەدەن؟ بۆ وەڵامی ئەوەش پشت بە بەڵگەیەکی ڕەسمیی حکوومەتی دەبەستین. ماوەیەک لەوەپێش بوو کە بەڵگەیەکی زۆر نەهێنی لە کۆبوونەوەی “پێشگیری لە قەیرانی ئەمنییەتیی بژێویی بەردەوام” بڵاو بۆوە و لەودا دان بەوە داندرابوو کە سەرهەڵدانی سەرانسەریی خەڵکی ئێران زۆر نیزیکە و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە یەک ساڵی ڕابردوودا سێ هێندەی پێشوو زیادیان کردوە. لەو بەڵگەیە کە لەلایەن گرووپی سایبێریی “عەداڵەتی عەلیـ”ـیەوە بڵاو کرایەوە و باس لە ئاکامگیریی کۆبوونەوەیەک دەکا کە”قەرارگای ساروڵڵا” ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەر پێکیهێناوە، بەرپرسانی ڕێژیم دانیان بەوە داناوە کە خەڵکی ئێران چی دیکە متمانەیان بە دەسەڵات نەماوە و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران ڕوو لە هەڵکشانە. هەر لەو سۆنگەیەشەوە ڕێژیم تەنیا و تەنیا پشتی بە هێزی سەرکوت بەستوە.
بەڵام خۆ ئەگەر ئابووریی وڵات لە لێواری داڕمان و هەرەسهێنانی یەکجارییە، شۆڕش لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە هیچ دەسکەوتێکی نەبووە، نە گەلان بە مافە نەتەوایەتییەکانیان گەیشتوون، نە خەڵک لە ئاستی گشتیدا مافە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانیان دەستەبەر بوون، بگرە لە هەندێک بواری وەک مافی ژناندا دەتوانین بڵێین کە خۆزگەی زۆر لە چالاکانی ئەو بەستێنە گەڕانەوە بۆ ئەیامی پێش شۆڕشیشە.
بەڵام جێگەوپێگەی ئێران لە کۆمەڵگەی جیهانیدا. سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا کارەساتی بۆ ئەو خەڵکی ئەم وڵاتە خوڵقاندوە. بانگەشەی “ناردنەدەرەوەی شۆڕش” لەلایەن ڕێبەرانی ڕێژیمەوە کە هەر لە سەرەتادا شەڕێکی ٨ ساڵەی بە هەموو کاولکاری و زیانە گیانی و ئابوورییەکانی بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاند. دواتر وێژمانی “میحوەری مقاومەت” پشتیوانیی رێژیم لە دیکتاتۆرەکانی ناوچە وەک بەشار ئەسەد و سەرشۆڕکردن بۆ ڕووسیە و چین و هاوپەیمانی لەگەڵ ڕێژیمە فەشەل و نادێموکراتیکەکانی ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی بەدوودا هات کە هەمووی بە زیانی خەڵکی ئێران شکاوەتەوە. دیارە هەر لەجێدا ئەم سیاسەتەی ڕێژیم دووفاقەشە، چونکی کۆماری ئیسلامی بە بێهەڵویستیی خۆی و بێدەنگەکردن لە سەرکوتی ئیسلامیستەکانی چێچێن لەلایەن ڕووسیە و، سەرکوتی پلانمەندی موسوڵمانەکانی ئۆییغۆر لەلایەن چینەوە سەلماندوویەتی کە لەپێناو ڕاگرتنی دڵی ئەم دوو وڵاتە کە مانەوەی خۆی لە پشتیوانیی ئەواندا دەبینێ، ئامادە بووە پشت لە بنەماییترین سیاسەتی خۆی کە پاڵپشتی لە جووڵانەوە ئیسلامییەکان لە هەموو دنیایە بکا. لەم گۆڕەپانەشدا ڕێژیم نەک نەیتوانیوە، بەڵکوو نەیویستوە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران بپارێزێ و ڕێز و حورمەتی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ وڵات دەستەبەر بکا.
چل و سێ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی جیا لە جینایەت و کارەساتی مرۆیی و قەیرانی ئابووری کۆمەڵگەشی لە ناخەوە هەڵتەکاندوە، بەجۆرێک کە ئێستا ئیدی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان، توندوتیژی، ئیعتیاد بە مادە سڕکەرەکان، گەندەڵیی ئەخلاقی، پەراوێزنشینی، گۆڕخەوی و دیاردە ناباوە هیترەکان بۆتە شتێکی ئاسایی. هەژاری، بێکاری، بەرگژە سیاسی و ئابوورییەکان، سەرکوتی ئازادییە مەدەنییەکان و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتوو سەتی زۆری خەڵکی وڵاتی تووشی خەمۆکی و نەخۆشییە دەروونییەکان کردوە.
دواجار ئەوەی شۆڕشی ٥٧ بەسەر خەڵکی وڵاتی هێنا، تەنیا بە شۆڕشێکی دی و ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە قەرەبوو دەکرێتەوە. قۆناغە جۆراوجۆرەکانی ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینەش هەتا دێ کامڵتر دەبن. پێش هەموو شتێک خەڵک هەموو متمانەیەکیان لە ڕێبەران و کاربەدەستانی ڕێژیم ئەستاندۆتەوە و تەواوەتیی شەرعییەتی نیزامی سیاسییش لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە بردراوەتە ژێر پرسیارەوە؛ هەروەها بەرهەڵستبوونەوەی خەڵک سەرەڕای توندوتیژی و سەرکوتی بیبەزەییانەی دەزگای داپڵۆسینی رێژیم هەتا دێ زیاتر دەبێ. ڕاستە لەگەڵ بەربڵاوی ئەم ناڕەزایەتییانە (بۆ نموونە بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨) ئەم ڕێژیمە هێشتا لەسەر پێیە، بەڵام ئەزموونی کەڵەکەبووی ناڕەزایەتییەکان دواجار هەرەسهێنانی یەکجاریی ڕێژیمی بەدوودا دێ؛ ئەگەر خەڵک لە پشتی خۆیان ئاڵتەرناتیڤێکی دڵنیا و جێمتمانە شک ببەن!