زیاتر لە دوو دەیە بەسەر لەقاودرانی بەرنامەی نهێنیی ئەتومیی ڕێژیمی ئێران تێدەپەڕێ، بەرنامەیەک کە ڕێژیم لە سەرەتادا بەنهێنی و بەئامانجی وەدەستهێنانی چەکی ناوکی دەستی پێ کرد. چالاکییە ئەتومییە شاراوە و وێرانکارەکانی ڕێژیمی ئێران لە کۆتاییدا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی هەر لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی تاکوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەخۆیەوە خەریک کرد و بردیە قۆناغێکی دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران. بەڵام لە درێژەدا بەهۆی پێبەند نەبوون و کارشکێنیی ڕێژیمی ئیسلامی لە ڕێککەوتنەکاندا شوڕای ئەمنییەت چەند بڕیارنامەیەکی لەدژی ئێران پەسند کرد. سەرەڕای وتووێژ و ڕێکەوتنە نیوەچڵ و ناتەواوەکانی نێوان شوڕای حوکام و شوڕای ئەمنییەت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بەڵام ڕێژێمی ئێران تا ئێستا نەک هەر لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی دەستی نەکێشاوەتەوە، بەڵکوو هەوڵی داوە بە دەوردانەوەی گەمارۆکان پەرە بە چالاکییە ناوکییەکانی بدا. ڕەهەندێکیتری سەربزێوی و کێشە جدییەکانی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەرەسەندنی توانای مووشەکیی ڕێژێمە.
ئەم دوو بابەتە، واتە کێشەی قەیرانخوڵقێنی ئەتۆمی لەگەڵ پەرەسەندنی توانای مووشەکیی بالستیکی مەودادرێژ، هاوکات ئەو دەرئەنجامانە دەخاتە بەرچاو کە ئامانجی کۆماری ئیسلامی بەپێچەوانەی ئیدیعاکانی لە دەستخستنی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتییانە نییە، چونکە ئەگەر مەبەست ئەوە بوایە، چ پێویستیەکی بە مووشەک هەبوو؟ ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیکی دوورمەودا بۆ هەڵگرتنی بۆمبی ناوکییە و چیتر پێویست ناکا مشتومڕی لەسەر بکرێ و پێوەندیی نێوان چەکی ناوکی بە مووشەکی بالستیک وەک گرێدراویی نێوان چەک و گوللە وایە. هەربۆیەشە کاردانەوە و سیاسەتی بەرەنگارخوازانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمریکا بۆ لە هەمبەر چالاکییە ئەتومییەکانی ڕێژیمی ئێران ئاسایی و لەجێی خۆیدایە. چونکە ڕەهەندە ئایدیۆلۆژیکییەکانی فەرمانڕەواکانی ڕێژیمی ئیسلامی و دروشم و کردەوەکانیان لە یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو زیاتر بابەتی “بان ئینتەرناسیۆنالیستی” تێدایە. داگیرکردنی جیهان و ڕەتکردنەوەی هەر سیستمێک لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم و دروستکردنی سیستمێکی نوێ -بەرەی مقاومەت- و تێکشکانی ئەم ڕیزبەندییەی ئێستای دنیا دەبێ بە شێوەیەکی سروشتی ببێتە مایەی نیگەرانیی وڵاتانیتر!
جگە لە دوو دەیە دانوستانە ناوکییەکان، کێشەکانی دیکەی ئێران لە سووربوونی ئەو ڕێژیمە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و دەستێوەردانەکانی لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە و هەوڵە تیرۆریستییەکانی ڕێژیم لە ناوچە و باقی وڵاتانی جیهان بەبێ پچڕاوی بەردەوام بوون. کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵات دۆخێکی خنکێنەری سەپاندوە و هەر خۆپیشاندانێکی بەتوندی سەرکوت کردوە و بە سەرنجدان لە خۆپیشاندانەکان دەبینین کردەوە توندوتیژییەکانی سەرانی ئێران بەرامبەر بە هاووڵاتیان لەم ماوەیە نەک هەر کەم نەبۆەتەوە بەڵکوو ، دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران لەهەوڵی ئەوەدان ئەمڕۆ جیهان هەرچەندە بەرەو پێشەوە بڕوا ئەوان ئەوە بە گرێدانی ئەو ناڕەزایەتییانە بە فیتی وڵاتانی دەرەوە توندتر لە جاران بەرهەڵستی بوونەتەوە. ڕێبەرانی ئێران سوورن لەسەر ئەوەی چەندی دنیا بەرەوپێش دەچێ، ئەوان ئەوەندە پتر کۆمەڵگەی ئێران لە دواکەوتوویدا ڕابگرن و شیرازەی وڵات لەبەریەک بڕەوێننەوە.
لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە بری پێشخستنی وڵات و گەشەی ئابووری بیرۆکەی بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی وای کردوە وڵات زیاتر بەرەو داڕمان بچێ و هەژاری و بێئەنوایی پتر بەرۆکی خەڵکی ئێران بگرێ. سیستەمی داخراوی بەستراوە بە “ویلایەتی فەقیهـ” کە هەموو کات هەوڵی هەژمۆنیخوازی و فراوانکردنی ئایدیۆلۆژیاکەی داوە، تووشی شێرپەنجەیەکی کوشندە بووە کە باجەکەی دەبێ خەڵکی وڵات بیدەن. لەم ماوەیەدا و لە ململانێی ئایدۆلۆژیی بەرزەفڕانەی نێوان بەرپرسانی رێژیم و دەستکەوتنی ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانیان کە هەمان چەکی ناوکی بێ، هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی دوای چەندین دەیە ناکۆکی لەگەڵ ئیسرائیل، لە کۆتاییدا چوونە نێو پەیماننامەیەک کە پێی دەوترێ پەیمانی ئیبراهیم و بەم ئاستەی گۆڕان لە نزیکبوونەوەی عەرەب لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاشتییان لەگەڵ ئیسرائیل، پێدەچێ ڕقی سەرکردەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژئاوا سنووری هەموو ڕق و کینەیەکی تێپەڕاندبێ.
ئاشنابوونێکی کورت بە ئەلفوبێی سیاسەت-دەوڵەتداری ئەو گریمانە بەهێز دەکا کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی لە کاتی پلانی دیاریکراودا وەک بەکرێگیراوان و ڕاسپاردراوەکان هەڵسوکەوت دەکەن!
دەکرێ گۆشە بنبەستەکانی بەردەم ئەم ڕێژیمە لەم ڕوانگە ئەمنییەتیەشەوە بخرێتە بەر باس، ڕەهەندێکی دیکە نزیکیی لەڕادەبەدەر لەگەڵ ڕووسیە و چینە، تا ئەو ڕادەیەی کە ڕێژیم بۆ پاراستن و مانەوەی خۆی ناچاربوو ڕێککەوتنی بە سەدان جار لە تورکمانچای و گوڵستان سەرشۆڕانەتر واژۆ بکا و ئێستاش ڕۆژ بە ڕۆژ گۆڕەپانی سیاسیی ئەم ڕێژیمە و هەروەها سەرچاوە داراییەکانی سنووردارتر دەبن و دانوستانە ناوکیەکان خۆیان ئەم ڕاستییە دەردەخەن. لەم گفتوگۆیانەدا وەکوو لایەنگری ئێران تەنیا دانوستان لەگەڵ ئێران مەبەستی چین و ڕووسیە نییە بەڵکو هاوکێشەی سیاسی و ناوچەییش بەڕوونی لە نزیکبوونەوەی هەردوو وڵات دەبینرێ. کێشەی ڕووسیە ململانێیە لەسەر ئۆکراین کە ئەمریکا بەشێوەیەک لەشێوەکان دەستێوەردان لە کاروباری دەکات و چینیش وەک زەبەلاحێکی ئابووری کە پێویستی بە پەیوەندیی ئابووریی زیاتر هەیە هەوڵ دەدا گرژییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریکا کەم بکاتەوە و ئەو دووانە لە ڕێگەی کارتی ئێرانەوە سوود و قازانجەکانی خۆیان دەبەنە پێشەوە.
ڕەهەندێکیتر کێشەی وزە، بە تایبەتی گواستنەوەی گازە. ڕووسیە پێشتر وەکوو تاقانەیەک گازی هەناردەی ئورووپا کردووە و مەبەستی ئێرانیش لە گواستنەوەی گاز بۆ ئورووپا لە ڕێگەی تورکیەوە، و بەم کارەش ئێران تەحەدایەکی گەورەی لە ڕووسیە کردوووە، هەرچەندە پلانەکانی ئێران بۆ گواستنەوەی گاز بۆ وڵاتانی وەک هێند و پاکستان بەهۆی ناکۆکییەکانی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر وزەی ئەتۆم نەگەیشتۆتە ئاستێکی سەرنجڕاکێش و هەروەها چین وای داناوە کە گازی خۆی لە لایەن ڕووسیە و لە پڕۆژەیەک بەناوی “هێزی سیبری” کە لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە دەستی پێکردوە قەرەبوو بکاتەوە. بەمجۆرە بەشداریی دوو وڵات لە وەبەرهێناندا بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕەهەندێکی ئێستراتژیک بەخۆیەوە دەگرێ. کەواتە ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران لێی بێئاگان یان بەئەنقەست پشتگوێی دەخەن پەیوەندی یەکلایەنەی ئێرانە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە کە لە هەر حاڵەتێکدا سوود هەم لە سزاکان وەردەگرێ هەم لە دانوستان و ناکۆکییەکان، بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین هەردوو لایەنی ڕۆژئاوا و ڕووسیە و چین لە گفتوگۆکاندا بە پاشە ئاشیلێکی دوو جەمسەریەوە بەشدار دەبن.
دواجار بە لەبەرچاوگرتنی میکانیزمی ماشە لە ڕێککەوتنی بەرجام و بەهۆی پێشێلکاریی دووبارەی بەندەکانی ڕێککەوتنی ناوکی و بێهیوابوونی لایەنی ڕۆژئاوا لە کاتکوشتنەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، ڕەنگە دۆسیەی ناوکی ئێران بگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەلایەکی دیکەشەوە سیاسەتی بەڕێوەبردنی کۆشکی سپی لەسەر بنەمای تەوافوق و ئاراستەی ڕای گشتی نێودەوڵەتی دژ بە ئێرانە. لەوانەیە ئەمە زوو یان درەنگ ڕوو بدا، بەڵام دەرەنجام قازانجی ڕێژیمی تێدا نییە و دروستکردنی کۆدەنگییەکی وەها بۆ دژایەتیکردنی ئێران و سەپاندنی سزای بەرفراوانتر – تەنانەت ئەو بژاردە سەربازییەی کە چەند جار باسی دەکا – چاوەڕوان دەکرێ.
لەهەر لایەکەوە دەڕوانینە دۆخی ئەم ڕژێمە دەبینین کە ئاچمەز کراوە و هیچ چاوەڕوانییەک بۆ درێژەدان بە ژیانی سیاسی و ئاسۆی داهاتوویەک بۆ ئەم سیستمە چاوڕوان ناکرێ، تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنێکیش لە نێوان ئەم ڕێژیمە و کۆمەڵگەی جیهانی بکرێ، دەربازبوون لە قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەم شێوە بەڕێوەبەرییەی ڕێژیم زۆر زەحمەتە، بە لەبەرچاوگرتنی ژێرخانی ئابووری ئێران و هەموو سەرچاوە ژێرزەمینیەکان بەتایبەتی کەرتی نەوت و گاز کە بە تەواوی لەبەر یەک هەڵتەکاون و نۆژەنکردنەوە و بەڕۆژکردنەوەیان پێویستی بە تێچوویەکی یەکجار زۆر هەیە و ناتوانرێ لە ڕێگەی سیاسەتی ئابووری مقاومەت و گوشارخستنە سەر خەڵک و بەردەوامی فەسادی ئیداریی-ماڵی لە ئێران ئەم کێشە و کەمایسییانە قەرەبوو بکرێنەوە و تەزمینی مانەوەی ڕژێم لە ڕێگەی بەردەوامی لە سەر ئەم ڕێچکە و ڕەوشتە، گریو لەسەر ئەسپی تۆپیوە و هیچ گەرەنتییەکی بۆ ناکرێ.