ڕەنگە ئەگەر پێنج ساڵ لەمەوبەر ڕێژیمی بەشار ئەسەد خۆپێشاندانی هێمنانەی خەڵکی ناڕازیی لە شارەکانی حومس و حەما و دەڕعای بە ئاگر و ئاسن وهڵام نەدابایەوە، ئەگەر ملی بۆ لانی کەمی ویست و داخوازەکانی خەڵک ڕاکێشابایە ، چارەنووسی میلیۆنان کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتە ئەوە نەبووایه کە لەماوەی ئەو پێنج ساڵەدا دیتمان. ڕەنگە ئەگەر ئەو خەڵکە ناڕازییە بەوشێوە دڕندانەیە سەرکوت نەکرابان، نەک هەر شەری نێوخۆیی و کوشتاری بەکۆمەڵ و ڕق و نیفرەت و بێزاری نەتەوەیی و ئایینی سەری هەڵنەدابایە، بەڵکوو تەنانەت زۆرینەی عەڕەبی سوننە لەسەر ڕووخانی دەوڵەتی کەمینەی عەلەوی و نەمانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا ئاوا پێداگر و مکوڕ نەبوونایە. لەو ماوەیەدا نیزیکەی ٣٠٠هەزار کەس لە خەڵکی بێتاوان و چەکدارانی لایەنە شەڕکەرەکان کوژراون و بەسەدان هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. جگه لهوه، چهند میلیۆن کەسیش بەناچاری ئاوارە بوون و ڕوویان لە وڵاتانی دراوسێی سووریە و وڵاتانی ئورووپایی کردوە و سەدان کەسیش لەو ڕێگەیە و لە نێو دەریاکاندا گیانیان لەدەست داوە و هەر ئێستاش ڕۆژ نیە تراژیدییەکی مرۆیی ڕوو نەدا و هەواڵی خنکانی بەکۆمەڵی ژن و منداڵ و لاو و پیر لە میدیاکاندا بڵاو نەکرێتەوە.
لەو پێنج ساڵەدا چ کرا و چ نەکراو دەبا چ کرابا یان نەکرابا کە دۆخەکە بەو ئاقارە دڵتەزێنەدا نەڕۆیشتبا، پرسیارگەڵێکن کە لەو شەنوکەوکردنەدا جێگایان نابێتەوە. بەڵام ئەوەی ئێستا مەبەستە و لەسەر ئەرزی واقیعە و نیشانەکانی دیارن ئەوەیە کە جگە لە دەستەو تاقمە تێرۆڕیستییەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە و… کە لە هاوکێشە فەرمییەکان و لە داهاتووی سووریەدا جێگەو پێگەیان نابێ و لەسەر یەک، هەموو لایەنەکان لەسەر لەنێوبردنیان کۆکن، لایەنە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی دیکە سەرەڕای بۆچوون و بەرژەوەندییە لێکجیاوازەکانیان، وا دیارە کەم و زۆر گەیشتوونەتە ئەو باوەڕە کە کێشەی سووریە ڕێگە چارەی نیزامیی نیە و بەشەڕ چارەسەر ناکرێ. بە واتایەکی دیکە پێنج ساڵ شەڕو کوشتار، ئاوارەبوونی به میلیۆن خەڵک و وێرانی و خاپووربوونی ژێرخانی ئابووریی سووریە و سەدان میلیارد دۆڵار تێچووی درێژەکێشانی ئەو قەیرانە، هەموو لایەنەکانی شەڕی شەکەت و ماندوو کردوە.
لەو ماوەیەدا جگە لە بەڕێوەچوونی دەوری سێهەمی دانوستانەکانی ژنێڤ کە لە لایەن ستیڤێن دێمیستۆڕا، نوێنەری بەرزی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرستی دەکرێ، دوو ڕووداوی دیکەش ڕوویان دا کە گرینگ بوون و کاریگەریی خۆیان لە داهاتوو و هاوکێشەی سیاسیی گۆرەپانی سووریەدا دەبێ. ئهوانیش بریتین لە کشانەوەی هێزەکانی رووسیە لە سووریە و ڕاگەیاندنی فێدڕالیسم لە لایەن هێزە کوردییەکانەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان.
شەش مانگ دوای هاتنی هێزەکانی ڕووسیە بۆ بەشداری لە شەڕ بە دژی داعش و نەیارانی بەشارئەسەددا، ماوەیەک لەمەوبەر و لە ساڵوەگەری شەڕی نێوخۆیی سووریەدا، ڕووسیە دەستی بە پاشەکشەی هێزەکانی لەو وڵاتە کرد. کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیە هێندە کوتوپڕ و چاوەڕواننەکراو بوو کە تەنانەت ئهمریکاش بە وتەی خۆی لێی ئاگادار نەبوو. ڕووسیە ڕایگەیاندوە لە ماوەی مانەوەی لە سووریەدا هەموو ئامانجەکانی پێکاوە و هەر چەند لە داهاتووشدا درێژە بە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی «تێرۆڕیستان» دەدا، بەڵام کۆتایی بە بوونی بەشی هەرەزۆری هێزەکانی لە سووریە دێنێ. لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕووسەکان توانیان ڕۆڵێکی بەرچاو لە شەڕهکاندا بگێڕن و هاوسەنگی و باڵانسی هێز بە قازانجی هێزەکانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد بشکێننەوە. بەر لە هاتنی ڕووسەکان، دهگهڵ پشتیوانیی هەمەلایەنەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنان لە هێزەکانی بەشار ئەسەدیش، ئەو هێزانە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕەوی سووریە و داعش و بەرەی نوسرەوە بە تەواوی تەنگیان پێهەڵچندرابوو و کەوتبوونە حاڵەتی بەرگریکردنەوە. بەڵام بە دەستتێوەردان و هاوکاریی ڕووسەکان، هێزەکانی بەشار ئەسەد لە بەرەوڕووبوونەوە لە گەڵ داعەش و بەتایبەت لەگەڵ بەناو ئەرتەشی ئازادی سووریە کە لە لایەن تورکیەوە پشتیوانیی لێدەکرێ لە هەموو بەرەکاندا لە پێشڕەویدا بوون.
ئەوە کە ڕووسەکان وا بە کتوپڕی هێزەکانیان لە سووریە دەکێشنەوە، زۆر لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێ. دوور نیە ستڕاتیژیی ئەو وڵاتە لە پێوەندی لەگەڵ مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا گۆڕابێ و ڕووسەکان نەیانەوێ لەوە زیاتر ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی و وڵاتانی عەڕەبی بۆ پێداگری لەسەر مانەوەی ئەسەد لەخۆیان بڕەنجێنن و بەرژەوەندییە باڵاکانیان کە بە هەڵوێستە سیاسییەکانیانەوە بەستراوەتەوە لەوە زیاتر لە مەترسی بخەن. جگە لەوەش ڕووسەکان، بەتایبەت لەپاش داگیرکردنی شێوەدووڕگەی کریمە و نائارامییەکانی خۆرهەڵاتی ئۆکراین لەگەڵ گەمارۆی هەمەلایەنەی ئابووریی ئهمریکا و وڵاتانی ئورووپایی بەرەوڕوو بوون و ئەوەش کاریگەریی زۆر بەرچاوی لەسەر لاواز کردنی ئابووریی ئەو وڵاتە هەبووە. هەروەها دابەزینی کەموێنەی نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا، ڕووسیەی وەک یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت تووشی کێشەی کورتهێنانی بودجەی ساڵانە کردوە و دوور نیە تێچووی دەیان میلیۆن دۆڵاریی شەڕ لە سووریەش کاریگەریی لەسەر ئەو بڕیارەی ڕووسیە هەبووبێ. هەروەها ڕووسەکان، چ لە سەردەمی یەکیهتیی سۆڤیەتی پێشوو و چ لە سەردەمی ئێستادا نیشانیان داوە بۆپاراستن و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان «لە کوێوه با هەڵکا، لەوێ شەن دەکەن». هەربۆیەش کاتێک دەزانن بەرژەوەندیی درێژخایەنیان لە دژایەتی لەگەڵ کۆمەڵگهی جیهانیدا نیە، زۆر بە سانایی پشت لە ئەسەد و ئێران دەکەن و «گرەو لە سەر ئەسپی دۆڕاو» ناکەن. هەروەها ڕووسیە باش دەزانێ ئەو شەڕە دەبێ هەر کۆتایی بێ و ئهمریکا و ئورووپا و وڵاتانی عەرەبی بە هەر نرخ و تێچوویەک بێ ئەو قەیرانە بە قازانجی خۆیان کۆتایی پێدێنن، هەربۆیەش هاتۆتە سەر ئەو باوەرە کە گەڕانەوە بۆ بەرەی بەهێزی ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی باشترە و لهو ڕێگایهوه دەتوانی بەرژەوەندییەکانی لە درێژخایەندا بپارێزێ. جگە لەوەش تەنانەت ئەگەر بەشار ئەسەد ڕۆڵێکیشی لە داهاتووی سووریەدا هەبێ، ئەوە ڕۆڵێکی کاتی و لاوەکی دەبێ و ڕووسیە نایەوێ جێگە و پێگەی خۆی لەو وڵاتە و لە حهوزهی دەریای نێوەڕاستدا فیدای مانەوەی ئەسەد بکا. ئەگەرێکی دیکەش بۆ پاساوی پاشەکشەی ڕووسەکان لە سووریە ئەوەیە کە ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ژێرەوە، لەبەرانبەر پاشەکشەی ئەو وڵاتە لە سووریە و تەریکخستنەوەی ئێران و ئەسەد، بەڵێنی چاوپۆشی لە داگیرکردنی شێوەدوورگەی کریمە و وەلانانی سزا ئابوورییەکانیان بە ڕووسیە دابێ. بەهەر حاڵ ڕووسەکان ڕۆڵی پێشوویان لە سووریەدا نامێنێ و ئەوەش لە لایەک بەرەی ئێران و ئەسەد و حیزبوڵڵای لوبنان لاواز دەکا و لە لایەکی دیکەش دەتوانێ کاریگەریی ئەرێنی لە سەر دانوستانەکانی ژنێڤ هەبێ و، بەشار ئەسەد ناچار بکا که مل بۆ ویستی کۆمەڵگهی جیهانی لەمەر دەستلەکارکێشانەوەی ڕاکێشێ.
لە ڕۆژئاوای کوردستانیش یەپەگە و هاوپەیمانەکانی بڕیاری لابردنی سیستەمی بەڕێوەبەریی خۆسەر و سێ کانتۆنیان پەسند کرد و دەسەڵات و شێوەی بەرێوەبەریی فێدڕاڵییان هەڵبژارد. ئەو بریارە مێژوویییە ههرلەو کاتهدا کە لە گەڵ پێشوازیی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان و هەموو نەتەوەی کورد بەرەوڕوو بوو، دژکردەوەی نەرێنیی نێوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییشی لێکەوتەوە. لە نێوخۆی سووریە دەوڵەتی بەشار ئەسەد و بە ناو ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕەوی ئەو وڵاتە بە دژی ئەو بریارەی هێزە کوردییەکان هەڵوێستیان گرت و نیشانیان دا که سەرەڕای ئەو شەڕو کوشتارە بێبەزەیییانەیە و دوژمنایەتی لێبڕاوانەی یەکتر، لەئاست پرسی کورد لەو وڵاتەدا هاوڕاو هاوتەریبن و لەگەڵ هەرچەشنە ماف و داخوازێکی نەتەوەی کورد کەلە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی سیاسی و جوغرافیاییدابێ موخالیفن و بە هەموو شێوەیەک دژایەتی دەکەن.
لە ئاستی ناوچەییشدا ئاشکرایە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان ههر وەک له بهشهکانی دیکهی کوردستان دژایەتیی پرسی کوردیان کردوە، لە ئاست فێدڕالیزم بۆ ڕۆژئاواش هەرئهو ڕوانگە دوژمنانەیهیان هەیە و ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو گەڵاڵەیەدا نین. دەوڵەتی تورکیە کە لەگەڵ ڕۆژاوا هاوسنوورە و لەو ماوەیەدا بەردەوام هێزە کوردییەکانی بۆردومان کردوە، ڕایگەیاندوە کە تەنانەت ئەگەر پێویست بکا هێرشیش دەکاتە سەر ئەو بەشەی کوردستان و بیرۆکەی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کوردی لەچەشنی باشووری کوردستان لەو ناوچەیە لە گهروودا دهخنکێنێ. دیارە ئەو هەڕەشە و گوڕەشانە زۆرتر بۆ ترساندن و تۆقاندنە، ئەگینا ئەو دهوڵهتە هەر ئێستا له نێوخۆی وڵات لە گەڵ شەڕی نێوخۆیی بەرەوڕوویە و شک لەوەدا نیە که هەر چەشنە هێرشێک بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، جگە لەوەی دژایەتیی توندی ئهمریکا و ڕووسیە و بیروڕای گشتیی جیهانی بەدوادا دێ، شەڕەکەش دەباتە نێو خاکی کوردستانی باکوور و بە کردەوە ئەمنیەت و تهنانهت مەوجوودیەتی وڵاتی تورکیە دەخاتە مەترسییەوە. کۆماری ئیسلامییش هەر ئهو بۆچوونهی تورکیەی هەیە و هوشداری داوە کە تێکچوونی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانێ سەرەتایەک بێ بۆ لەنێوچوونی جیهان! ئهمریکا و هاوپەیمانە ئورووپایییەکانیشی کە بە ڕواڵەت خوازیاری یەکگرتوویی خاکی سووریەن، نەیانشاردۆتەوە کە ئەگەر ئاگربەس و ئاشتی و پێکەوە ژیانی نەتەوەکان مومکین نەبێ، ئەوا پلانی خۆیان بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە هەیە و چارەنووسی سووریە بەسراوەتەوە بە بڕیاری خەڵکی ئەو وڵاتە و رێز لەو بڕیارە دەگرن.
کوردەکان لە ڕۆژاوای کوردستان بریارێکی بوێرانەیان داوە و شک لەوەدانیە که لە داهاتوودا هەر چەشنە ئاڵوگۆرێکی سیاسی و جوغرافیایی لە سووریەدا ڕوو بدا، گەلی کورد لەو بەشە لە کوردستان بە یەکگرتوویی و یهکخستنی نێو ماڵی خۆی، دەتوانێ سەرکەوتوو بێ و پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی هەتا ئێستای خۆی بکا. بەتایبەت کە لە مەیدانی شەڕ لەگەڵ داعش و بەرەی نوسرە دا بەکردەوە ئەوە کوردەکانن کە هێزی سەرەکیی و جێی باوەری ئهمریکا و وڵاتانی ئورووپایین. جگەلەوەش هەروەک لە بۆچوونی ئهمریکا و هاوپەیمانەکانیڕا دەردەکەوێ، چارەنووسی سووریە و ئەسەد و دەستەو تاقمە توندڕەوه تێرۆڕیستییەکان لەلایەک و لەلایەکی دیکەش کێشەی داعش لەهەر دوو دیوی سنووری عێڕاق و سووریە لەو ساڵدا یەکلایی دەکرێتەوە و نەتەوەی کوردیش لەهەر دوو بەرەی شەڕەکەدا یاریکەری سەرەکی و جێمتمانەی ئهمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی. هەر بۆیەش بەدڵنیاییئیزن بە تورکیە یان هەر هێزێکی ناوچەیی دیکە نادرێ ئەسپی خۆی لە ناوچەدا بەکەیفی خۆی تاو بدات.
لە ژماره ٦٧٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه