ناهاوسه‌نگیی گه‌شه‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی سیاسی ده‌بێته هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی چینی نوێی ئابووری – كۆمه‌ڵایه‌تی، كه داوای پشكی سیاسی و حوكمڕانی ده‌كا و ئەم دۆخه نوێیه به‌ستێنی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕش فه‌راهه‌م ده‌كا. ئه‌و بۆچوونه‌ی هانتینگتۆن ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گری تێدایه و تا ڕاده‌یه‌ك ده‌توانێ هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی 57ی ئێرانیش شی بكاته‌وه.
دوای ناچاربوونی شا و ملڕاکێشانی بۆ ڕیفۆرمی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له سه‌ره‌تاكانی ده‌یه‌ی 40ی هه‌تاوی، كۆمه‌ڵگەی ئێران له‌گه‌ڵ دۆخێكی نوێ به‌ره‌وڕوو بۆوه كه ده‌روازه‌كانی مۆدێڕنیزم به‌ره‌وڕووی ئێران كرانه‌وه و به‌تایبه‌ت به دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له په‌نجاكاندا شه‌پۆلێك له ئامێر و كه‌لوپه‌لی ڕۆژ له ڕۆژئاواوه هاورده‌ی ئێران كران. هه‌رچه‌ند ئه‌و ڕووداوه زه‌مینه‌ی بۆ ئاشنابوونی کۆمەڵگە به چه‌مكه نوێیه‌كان خۆش كرد و ئازادی و دیمۆكڕاسی و حكوومه‌تی قانوون وه‌ك ویستێكی سه‌رده‌میانه هاتنه نێو ئێرانه‌وه، به‌ڵام ڕێژێمی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسیی ساواك ئیزنی ئه‌وه‌ی نه‌دا ببێته خواست و زه‌رووره‌تێكی گشتی. واته چه‌مكه ڕۆژئاواییه‌كان زیاتر له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی ڕووناكبیریدا قه‌تیس مانه‌وه و به‌و شێوه‌یه كولتووری مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئامرازی مۆدێڕن به بێ عه‌قڵانیه‌تی ڕۆژئاوایی له ئێران‌دا بڵاو بۆوه و ئه‌وه‌ش سیكلێكی خه‌وشداری له په‌یوه‌ندیی نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتدا دروست كرد كه له ئه‌نجامدا هێزه كۆنه‌پارێزه‌كان تێیدا باڵاده‌ست بوون و توانییان ده‌ست به سیسته‌می به‌هاكانه‌وه بگرن كه پێشینه‌یه‌كی مێژوویی و كۆنیان هه‌بوو.
به‌و شێوه‌یه دروستبوونی چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی نوێ كه بتوانێ ویست و داخوازه‌كانی بكاته ویستی گشتی و به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵات ببێته‌وه له‌گه‌ڵ به‌ربه‌ستی گه‌وره به‌ره‌وڕوو بۆوه. له‌وانه‌یه كۆنه‌پارێزیی ئایینی و ده‌ستپێوه‌گرتنی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئیران له ناوه‌ند و گه‌وره شاره‌كان وای كرد ململانێی به‌رهه‌مهاتوو له دۆخی نوێی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری، ببێته ململانێی دوو هێزی كۆنه‌پارێز هه‌ركام له ڕوویه‌كه‌وه. ناكامبوونی شۆڕشی 57 به‌رهه‌می ئه‌و هاوكێشه‌یه بوو كه نه‌ته‌نیا گه‌شه‌ی سیاسی لێ نه‌كه‌وته‌وه به‌ڵكوو بناغه‌كانی دیكتاتۆڕی و خۆسه‌پێنیی گه‌یانده ئه‌وپه‌ڕی خۆی.
دوای تێپه‌ڕینی 43 ساڵ به‌سه‌ر شۆڕشی 57دا و به سه‌رنجدان به‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی چین و توێژه جیاوازه‌كانی کۆمەڵگە له حوكمڕانیی ئایینی به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له ئارادایه، ئه‌و پرسیاره دێته گۆڕێ كه ڕازی مانه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی چییه؟ ڕێژیمێك كه چ له نێوخۆ و چ له ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ قه‌یرانی مه‌شرووعیه‌ت به‌ره‌وڕوویه بۆچی تا ئێستاش به‌رده‌وامه؟ ئه‌وه له كاتێكدایه كه هیچ ئاسۆیه‌كی ڕوون بۆ ڕیفۆرم له چوارچێوه‌ی كۆماری ئیسلامی‌دا به‌دی ناكرێ و ته‌نانه‌ت به‌شێكی زۆر له وه‌فادارانی ئامانجه‌كانی خومه‌ینیش له‌و ڕاستییه تێگه‌یشتوون.
به‌رده‌وام بوونی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كۆماری ئیسلامی به‌رهه‌می چه‌ندین هۆكاری نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه كه هه‌وڵ ده‌درێ هەڵوەستەیەکیان لەسەر بکرێ.
فره‌نه‌ته‌وه بوونی ئێران و زالبوونی بیری زێده‌خوازیی ناوه‌ندگه‌رایی پێكهاته‌ی فارس – شیعه، فۆبیایه‌كی له سبه‌ینێی شۆڕش وێنا كردووه كه واده‌زانن تێیدا نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانی نێو جوغڕافیای ئێران جیا ده‌بنه‌وه و ئه‌وه‌ش وه‌ك كاره‌ساتی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی دروستكراوی ئێرانی ده‌رخواردی کۆمەڵگە ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك نه‌گاته ئاستی ئاماده‌بوونی زه‌مینه‌ی شۆڕشێكی جه‌ماوه‌ری. هه‌ڵگرانی ئه‌و بیرۆكه‌یه ئه‌گه‌رچی ته‌نانه‌ت جاڕی سێكۆلاریزم و دیمۆكڕاسی خوازی ده‌ده‌ن به‌ڵام ئاسته‌نگی گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م كامڵ بوونی وشیاریی سیاسی به‌ره‌و گۆڕانی ڕیشه‌یی له سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا. ئه‌وان چ له ده‌سه‌ڵاتدا بن و چ له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بن ئامانجێكی هاوبه‌شیان هه‌یه ئه‌ویش قوربانیكردنی دیمۆكراسی و ئازادییه له پێناو پاراستنی شوناسی وه‌همیی ئێرانی‌دا. شوناسێك كه دوای ئه‌وه‌ی زیاتر له سه‌د ساڵه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێ و به هه‌موو داموده‌زگا و دامه‌زراوه حكوومیهكانهوه هه‌وڵی بنیاتنانی ده‌درێ، ئێستا لاوازتر له هه‌میشه‌یه و ویستی شوناس‌خوازیی نه‌ته‌وه پهڕاوێزخراوهكان ڕۆژبه‌ڕۆژ له گه‌شه‌كردندایه.
ترس له دواڕۆژی شۆڕش و ده‌ره‌نجامه‌كانی به ئاوڕدانه‌وه له شۆڕشی 57، یه‌كی دیكه له‌و هۆكارانه‌یه كه بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕیی جه‌ماوه‌ریی خستۆته گومان و دوودڵییه‌وه. به تایبه‌ت به دوای شۆڕشه‌كانی ده‌یه‌ی ڕابردووی وڵاتانی عه‌ڕه‌بی و وه‌دینه‌هاتنی ئازادی و دێمۆكڕاسی و خۆشبژێوی، نیگه‌رانییه‌كانی به‌رامبه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كانی شۆڕشی هێنده‌ی دیكه زیاتر كردوه. هه‌رچه‌ند ئه‌و ترسه به‌شێك له راستی تێدایه به‌ڵام ستراكتۆری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووریی وڵاتانی عه‌ڕه‌بی زۆر جیاوازه له ئێران و هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌و وڵاتانه تاڕاده‌یه‌ك یارمه‌تیده‌ری به‌رده‌وامیی دۆخی ئارایی یان تێپهرنهبوون له دۆخی ئارایی تێدایه، له كاتێكدا ڕیشه‌ی مێژوویی بزووتنه‌وه ئازادیخوازه‌كان له ئێران‌دا و سیاسیبوونی کۆمەڵگەی ئێران و به تایبه‌ت ئامانجداربوونی جووڵه شۆڕشگێڕییه‌كان له‌نێو نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كاندا ده‌رفه‌تێكی جیاوازی بۆ کۆمەڵگەی ئێران ڕه‌خساندوه كه له ولاتانی عه‌ڕه‌بیدا نابینرێ. هه‌ر ئه‌و هۆكاره‌ش تاڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ریی كردۆته سه‌ر هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی. واته ڕۆژئاواییه‌كان له‌و تێگه‌یشتوون ئه‌گه‌ر بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی خۆسه‌پێن و دیكتاتۆر له وڵاتانی عه‌ڕه‌بیدا پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه، ئه‌وه له ئێران ڕێژێمێكی له‌و شێوه‌یه بۆته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان.
شه‌ڕی نه‌رمی ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامی دژی چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی و پیشه‌یی له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی دۆخی ترس و شكه‌نجه و زیندان، له هۆكاره‌كانی سه‌رنه‌كه‌وتنی ویستی گۆڕانخوازانه‌ی خه‌ڵكه. كۆماری ئیسلامی له ڕێگای داموده‌زگا جۆراوجۆره‌كانیه‌وه به‌رده‌وام له هه‌وڵی شكاندنی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه دایه كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌یه و ده‌توانن له ڕێكخستنی جووڵه مه‌ده‌نی و شۆڕشگێرییهكاندا به‌شدار بن. ئه‌و سیاسه‌ته به‌رامبه‌ر كه‌سایه‌تییه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش به شێوه‌ی جۆراوجۆر به‌ڕێوه ده‌چێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌زگای سه‌ركوتی ڕێژیم به‌رده‌وام به‌دوای ئازادیخوازان و كه‌سایه‌تییه كاریگهرهكانهوهیه و هه‌وڵی دابڕینیان له کۆمەڵگە ده‌دا.
په‌رته‌وازه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆن و نه‌بوونی ئاڵترناتیڤ هۆكارێكی سه‌ره‌كیی دیكه‌ی به‌رده‌وامیی كۆماری ئیسلامییه. ئه‌و پرش و بڵاوییه وای كردوه هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن نه‌توانن متمانه‌ی خه‌ڵك له لایه‌ك و متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له لایه‌كی تر وه‌ده‌ست بێنن.
چاوله‌ده‌ستیی هێزی ده‌ره‌كی و بێمتمانه‌بوونی خه‌ڵك به هێزی خۆیان، ڕوحی شۆڕشگێڕانه‌ی له نێو خه‌ڵكدا لاواز كردوه. شۆڕشه‌كان ته‌نیا كاتێك سه‌رده‌كه‌ون كه گه‌ل بڕوای به هێزی خۆی هه‌بێ و گۆڕانی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی به‌رامبه‌ر ڕێژیم، كار نه‌كاته سه‌ر ئیراده‌ی گه‌ل. ئه‌وه‌ی له کۆمەڵگەی ئێران ده‌بینرێ به‌ڕوونی ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ كه سیاسه‌تی ڕۆژئاوا به‌رامبه‌ر كۆماری ئیسلامی به‌رزی و نزمیی زۆری به‌خۆوه دیتوه و به‌و پێیه‌ش کۆمەڵگەی ئێران كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستانه هه‌بووه. به‌جۆرێك كه ته‌نانه‌ت گۆڕانی سهركۆمار له ئه‌مریكا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ویست و كرده‌ی شۆڕشگێڕی له ئێران‌دا هه‌یه.
گرینگ‌ترین هۆكاری نێوده‌وڵه‌تی كه یارمه‌تیی مانه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ده‌دا، کەمتەرخەمی و خەمساردیی کۆمەڵگەی نێوده‌وڵه‌تی له حاند پرسی مافی مرۆڤ له ئێراندایه. كێشه‌كانی ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ ئێران ته‌نیا له به‌رنامه‌ی ناوكی و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران له وڵاتانی ناوچه‌دا كورت كراوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش وای كردوه ده‌ستی ڕێژیم له سه‌ركوتی بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كاندا كراوه بێ و بێپه‌روا درێژه به سیاسه‌تی ترس و تۆقاندن بدا.