“ناسەقامگیریی دەروونی” لە ئێران
دەوڵەت یارمەتیی خەڵک دەدا یان زیانیان پێ دەگەیەنێ؟
کریستیان ساینس مۆنیتۆر- سکات پیترسن
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
بۆ ئەو ئێرانییانەی زەختەکانی ئابووری، تەندروستی و سیاسی بڕستی لێ بڕیون، پەرەئەستاندنی گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا، مەزنترین گۆڕستانی تاران، ناتوانێ گاڵتەجاڕییەکی مێژوویی تەنگەتاوتر بێ.
ئەوە لەوێ بوو کە ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینی، لە کاتی گەڕانەوە لە تاراوگە، لە فێبریواری ١٩٧٩ شۆڕشە ئیسلامییەکەی دامەزراند، بەڵێنی “ژیانێکی دەوڵەمەندانە و پڕ لە ڕەزامەندیی” بە ئێرانییەکان دا و پێی گوتن چاوەڕوانی شتی زیاتر لە خانووی نوێ، ئاو و کارەبا و سواریی ئوتوبوسی بەخۆڕایی بکەن. ئەو مەلا کاریزماتیکە شیعەیە ڕایگەیاند: “بەو شتانە ڕازی مەبن، ئێمە لایەنی مەعنەویی ئێوە بەرز دەکەینەوە.”
لەگەڵ ئەوەشدا، ٤٣ ساڵ دواتر و لە مانگی دێسەمبەردا زۆر هەواڵ بڵاو بوونەوە کە بە هۆی زەختی ئابووری دزرانی کێلی قەبران لە بەهەشتی زەهرا و گۆڕستانەکانی دیکەی سەرانسەری وڵات ڕوویان داوە و دزەکان دوای سڕینەوە ناوی مردووەکە لە سەر کێلەکان، ئەوان بە نرخی کەمتر دەفرۆشنەوە.
سووکایەتی بە گۆڕستان هەر چەند ناخۆش بێ، بۆ ئێرانییەکان ئەوە تەنیا نیشانەیەکی دیکەی دابەزین لە خەونی بەرزکردنەوەی لایەنی مەعنەوییە. دەگەڵ لێکهەڵوەشانی ئابووری، بێجگە لە چاوەڕوانییەکی کەم بۆ یارمەتی لەلایەن دەوڵەتەوە، نیشانەی دیکە، هەڵکشانی بەرچاوی ڕێژەی خۆکوژیی و پەرەئەستاندنی داواکاری و خزمەتگوزارییە ڕاوێژکارییەکانە.
لە دێسەمبەر، سەرۆکی هێزی بەرەبەرەکانی دەگەڵ کۆرۆنا لە تاران، دوکتور عەلیڕەزا زالی، لێدوانێکی دا کە بۆ مانشێت دەبێ. ئەو گوتی یەک لە سەر سێی خەڵکی وڵات گیرۆدەی “تێکچوونی باری تەندروستیی دەروونی” بوون.
براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل، خاتوو شیرین عەبادی لە تورکیەڕا و لە سێمینارێکی ئەنستیتۆی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، کە بنکەکەی لە واشینگتۆنە، گوتی “لە ژینگەیەکی وەها دیکتاتۆڕانەدا، مرۆڤ خۆیەتیی خۆی لە کیس دەدا و هەستی ڕێز لەخۆگرتن دادەبەزێ و بڕوا بەخۆ بوون لەنێو دەچێ و بشێویی دەروونیی مرۆڤ گەشە دەکا.”
هەموو نەتەوەیەکی دنیا هەستیان بە زەختی دەروونی بەهۆی کۆڤید-١٩ کردوە. لێکۆڵینەوەیەک لە سەر ٢٠٤ وڵات کە لەلایەن لانسێت بەڕێوە چووە و لە ئۆکتۆبری ڕابردوودا بڵاو کرایەوە، بۆ وێنە، بەو ئاکامە گەیشت کە لە٢٠٢٠دا ڕێژەی “خەمۆکیی بەربڵاو” و نیگەرانیی پێوەندیدار بە پەتای کۆرۆناوە لە ئاستی جیهانیدا زیاتر لە ٪٢٥ بەرز بۆتەوە.
لە بارەی پەتای کۆرۆناوە، دامودەزگاکانی ئێران لە ڕاستیدا لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ستایش کران بۆ “هەڵوێستی داهێنەرانە لە خزمەتگوزارییەکانی ساخڵەمیی دەروونی بە شێوەی گشتی،” کە لەواندا لاسایی “شێوە باشەکانی بەروڕووبوونەوە لە لایەن وڵاتانی دیکەی دنیا”یان کردۆتەوە.
بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، سێ حەوتوو دوای ئاشکرابوونی یەکەم دۆخی کۆڤید-١٩، کاربەدەستانی تەندروستیی ئێران هێڵێکی نەتەوەیی یارمەتی سەرهێڵیان بە “کارمەندانی ڕاهێنراو لە بەشی تەندروستیی دەروونی بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری تاکەکەسیی” دامەزراند کە بە شێوەی مامناوەندی ڕۆژانە وەڵامی ٥١٣٠ کەسیان لە نۆ مانگی یەکەمی پەتایەکە داوەتەوە.
بەڵام بێجگە لە کۆڤید-١٩، نەهامەتیی ئێران بەهۆی کۆیەک لە ئابلۆقەکانی ئەمریکا، بێدەروەستیی ئابووریی دەوڵەت، ویشکەساڵی و ڕێژیمێک کە بەگشتی وەک دۆزەرەوەی ڕێگاچارەی گیروگرفتان سەیر ناکرێ بەڵکوو وەک سەرچاوەی ئازارچێشتنی هاووڵاتیانە، قووڵتر بۆتەوە. بەکردەوە، کۆی زەختی سەر ئێران، تەندروستی دەروونیی ئەو وڵاتە دەکاتە شتێکی تاقانە و ئاکامەکەی شتێکە کە لێکۆڵەرەوان پێی دەڵێن پەرەگرتنی “کولتووری خەمۆکی.”
دوکتور موژگان حەکیمی، سەرۆکی بەشی دەرونناسیی کۆلێژی تورۆ لە لۆسئانجێلێس، بە سێمیناری ئەنستیتۆی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی گوت، “وڵاتان تووشی دۆخی خەمۆکی دەبن. بەڵام سیاسەت دەتوانێ یەکلاکەرەوە بێ، ئازادیی دەتوانێ یەکلاکەرەوە بێ.”
نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە توندئاژۆ سیاسییەکان، کە کۆنتڕۆڵی سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتیان بەدەستەوە گرتووە، خەریکە دان بە جیددیبوونی گیروگرفتەکە دادەنێن، ئەگەرچی هێشتا پێشتریەتییان بە دۆزینەوەی ڕێگاچارەکان نەداوە.
کاربەدەستە پلەبەرزەکان دانیان بە دژوارییەکان داناوە و پێشنیاری دراوی نەخدیان کردوە و بەڵێنی چارەسەرکردنی ئابووریان داوە. لەگەڵ ئەوەشدا، فەرهاد مۆئمێنی، بەڕێوەبەری ئەنستیتۆی ناحکوومیی لێکۆلینەوە ئایینی و ئابوورییەکان دەڵێ، خەیاڵپڵاویی سیاسی کاریگەریی سەرەکی لەسەر تەندروستیی دەروونیی گشتی هەبووە.
موئمێنی لە نۆڤەمبەر بە کاربەدەستانی باسکی توێژینەوەی ڕێکخراوی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی دەوڵەتی گوت، “لە کاتێکدا کە پێوەندیی خەڵک دەگەڵ سیستەمی دەسەڵاتدار خراپتر دەبێ، ئێمە تووشی بێمتمانەیی، ناسەقامگیری، پاشقولدان، دابەزینی ڕەوشتی، گیرۆدەبوون بە ماددەی سڕکەر، گەندەڵیی، خۆکوژیی، گیروگرفتی دەروونی، نەخۆشیی دەروونی، چوونەسەری ڕێژەی تەڵاق و تاد. دەبین.” ئەو هۆشداریی دا، “سیستەمی [دەوڵەتیی] لێکۆڵینەوە و چاودێریی … لە دیتنی ئاشکراترین دیاردەکان ناسەرکەوتوویە.”
لە ئێرانی ئەمڕۆدا، هەڵاوسانی نرخەکان، هەژاری، هەستی بێهیوایی و ڕێژەی خۆکوژی، هەموویان بەرەو هەڵکشانن. بێگومان، ئاماری فەرمی ئاشکرای دەکەن کە ڕێژەی ئەوانەی لە “هەژاریی تەواو” دان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بۆتە دوو هێندە و ٣٠ میلیۆن ئێرانی، واتە زیاتر لە یەک لەسەر سێی حەشیمەت، دەگرێتەوە.
بەگوێرەی ئاماری دەوڵەت، مانگی ڕابردوو رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتە ٪٤٣،٤ و نرخی بەشێک لە خواردەمەنی نزیکەی ٪٨٠ زیادی کرد. لە تاران، نموونەیەکی زیندووی ئاستی هەژاریی لە بازاڕی مەزنی میوە و سەوزەمەنی، شوێنێک کە فرۆشیاران بەرهەمە زیاندیتووەکان و ماوەبەسەرچووەکان، کاتژمێر ٧ی ئێواران دەفرۆشن، دەر دەکەوێ. کڕیاران بە ڕیز ڕادەوەستن تا کەڵک لە نرخە داشکاوەکان وەرگرن.
ڕۆژنامەوانێکی ئێرانی کە ئەزموونی دەیان ساڵەی هەیە و لە لایەن کەسێکەوە کە لە ژێرخانی ماڵەکەیدا دەژی ئەو بازاڕەی پێ ناسێندرا، گوتی، “ڕاستییەکەیت بوێ، من بەڕاستی سەرم سووڕ ماوە چۆن خەڵک هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەوەدا دەکەن.”
ئەو دەڵێ بەگوێرەی ئاماری نوێ لەلایەن یەکیەتیی ناوەندیی خواردەمەنی، ئاستی خواردنی گۆشت بە بەراورد دەگەڵ ساڵی ڕابردوودا ٪٥٠ دابەزیوە، لە کاتێکدا کە لە هەمان ماوەیەدا کەڵکوەرگرتن لە بەرهەمەکانی شیرەمەنی نزیکەی ٪٦٠ دابەزیون چونکە نرخەکانیان ٪٧٠ چۆتە سەر.
ڕۆژنامەنووسەکە کە داوای کردووە ناوی نەدرکێندرێ، دەڵێ: “ئەوە هەروەها کاریگەریی لەسەر دۆخی دەروونیی خەڵک هەبووە، چونکە ئەوان ناتوانن ئەو شتانە بکڕن کە پێشدا توانایی كرینیان هەبوو.” ئەو هەروەها دەڵێ مەترسیی بێکاری لە کاتێکدا کە ڕێژەی بێکاریی لە سەرەوەی دە لە سەدە، پەرەی گرتوە.
دژواریی دارایی پەرەئەستێن، هەر دێت و زۆرتر لە ژیانی ڕۆژانەدا دەر دەکەوێ: خەڵک سەربانی ماڵان بەکرێ دەگرن تا بتوانن خێوەتی لێ هەڵدەن؛ ڕێژەی ئەوانی لە زبڵدا بەدوای بژیوی ژیان دەگەڕێن لە زیاد بوونە. لەو حەوتووانەی دواییدا، مێدیای ئێرانی لە ڕاپۆرتەکانیاندا باسی ئەوەیان کردوە کە چۆن خەڵکی تاران، نەوەک ئەوانی کە فرە هەژارن یان گیرۆدەی ماددەی هۆشبەرن، بەڵکوو خەڵکی مووچەخۆری ئاسایی کە چیدیکە ناتوانن کرێ خانوو بدەن، هەموو شەوێ لەنێو ئوتوبوساندا دەخەون، لە کاتێکدا کە ئوتوبوسەکان لە شاردا لە هاتوچۆ دان.
وێنەگرێکی پرۆفێشنال کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ڕاپۆرتی ڕۆژانەی لەبارەی شەڕی ئێران دژی کۆڤید-١٩ و گیروگرفتەکانی دیکە بڵاو کردۆتەوە و داوای کردوە نهێنی بمێنێتەوە، دەڵێ، “لە ئێران ئابووری هەموو شتێکە و تەندروستیی دەروونی پێوەندیی جیددی بە دۆخی ئابوورییەوە هەیە.” ئەو وەبیری دێ کە ، “خەڵک هەستیان دەکرد لە لێواری ئەو مۆتەکەیەدا بن، کاتێک چاویان کردەوە ئەو دنیایەی مردووی نەناسراویان چاو پێکەوت، ئەوان بۆ ئەو دۆخە ئامادە نەبوون.”
ئاکامێک: بە گوێرەی ئاماری فەرمیی ناوەندی ئاماری ئێران، لە مانگە سەرەتاکانی پەتایەکەدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو ڕێژەی خۆکوژیی ٪٢٩ زیاتر بووە و ڕەوتەکە هەروا بەرەو ژوورە، ئەگەرچی هیچ ئاماری نوێ لەلایەن دەوڵەتەوە بڵاو نەکراونەوە.
ئێرانییەکان بە هەمان شێوە تووڕەیی خۆیان لە شکستی دەوڵەت لە هێور کردنەوەی دۆخی ئابووری وڵات ئاشکرا کردووە و ڕژاونە سەر شەقامەکان تا لە ناڕەزایەتیەکاندا بەشداریی بکەن کە لە ٢٠١٨ بەولاوە بە شێوەی توندوتیژانە سەرکوت کراون و سەدان کوژراوی لێ کەوتۆتەوە.
نوێترین ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان دوای ئەوە دەستیان پێ کرد کە سەرکۆمار ئیبراهیم ڕەئیسی مانگی ڕابردوو بودجەکەی پێشکەش کرد. ئەو پێشنیاری زیادکردنی ٪٢٤٠ بودجەی سوپای پاسداران و ٪٥٦ بودجەی مێدیای دەوڵەتی کرد لە کاتێکدا کە مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی دیکەی دەوڵەتی تەنیا ٪١٠ زیاد دەکا. ئەوانە هەموو زەختی سەر تەندروستیی دەروونی زیاد دەکەن.
دوای بڵاو کردنەوە بەکاوەخۆ لەبەر دژایەتی سەرەتایی ڕێبەری گەورەی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، بەرانبەر بە واکسێنی دروستکراو لە لایەن خۆراواییانەوە، زیاتر بوونی دەستڕاگەیشتن بە ڤاکسێنی کۆڤید-١٩ کەمێک لە زەختەکەی سووک کردوە.
ڕۆژنامەنووسەکە دەڵێ، “ئێستا تۆزێک لە ڕابردوو جیاوازە؛ دۆخە خراپەکە وێدەچێ دەستاوی دەسەڵاتداران بێ، تەنانەت خامنەیی گوتوویەتی کە متمانەی نێوان خەڵک و ڕێژیم زەرەری دیتووە.”
سەرکۆمارە توندئاژۆ نوێیەکە هێندێک هەنگاوی پۆپۆلیستیی هەڵگرتوون وەک سەردانی ئەو پارێزگایانە کە سەرکۆماری پێشوو، حەسەن ڕوحانی، خۆی لێ بواردوون. ڕۆژنامەنووسەکە دەڵێ، “ئەوانە هەوڵێکن بۆ پڕکردنەوەی ئەو قەڵشتە کە ئێستا ئەو هەموو کاربەدەستە دانی پێدا دەنێن.”
“هەواڵی خۆش” کە سەرۆکی کاروباری ئابووریی دەوڵەت، موحسین ڕەزایی، بەڵێنی دابوو، دەرکەوت کە کارتێکی یاریدەی دارایی بێ کە تەنیا مانگی ٨ دۆڵارە و هێشتا جێبەجێ نەکراوە. پارلمانی ئێرانیش لەبەر پاشگوێخستنی چەند قەیران و جەختکردن لەسەر پرسە ئایینییەکان و سنووردارکردنی زۆرتری ئازادییەکان، کەوتۆتە بەر ڕەخنە. ئەو لەو دواییانەدا کاتی ئەوەی هەبووە هاوردەکردنی ئامێری موسیقا و چاویلکەی هەتاو یاساغ بکات.
ڕەخنەگران دەڵێن ئەو کردەوانە ئاشکرای دەکەن کە ڕێبەرانی ئێران چەندە لەگەڵ دۆخی کۆمەڵگە نامۆن و چەندە لە باشترکردنی مەرجە ئابوورییەکان، کە ڕەنگبێ بتوانێ یارمەتیدەری باشتربوونی دۆخی تەندروستی دەروونیی ئێرانیان بێ، بێتوانان.
ئالێکس وەتەنخا، پسپۆڕێکی ئێران لە سێمیناری ئەنستیتۆی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست گوتی: ئەوان پێشترییەتی بە شتی دیکە دەدەن. ئەوان خەریکی “گرینگترین جەنگی مێژوو” دژی وڵاتە یەکگرتووەکانن؛ و پرۆژەیەکی سیاسەتی دەرەوەی [ناوچەییان] بەدەستەوە کە دەیانهەوێ کۆتایی پێ بێنن. و لەو ماوەیەدا، ئەوان نیشتمانی خۆیان لەبیر دەکەن …. زۆربەی ئێرانییەکان گیروگرفتیان هەن کە پێویستە لە نێوخۆ بۆیان چارەسەر بکرێ.”