پێگەی جەماوەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین و لە هەمان کاتیشدا بەهێزترین فاکتەرەکانی ڕاگرتن وبەردەوامیی ئەم حیزبە لە گۆڕەپانی سیاسی و خەباتی سیاسیی کوردستانە، کە بەدرێژایی ٧٦ ساڵ لە خەباتی پڕ هەوراز و نشێوی حیزبی دێموکرات ئەو پێگەیە بەردەوام لە هەڵکشاندا بووە. بە جۆرێک کە هیچ زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بگوترێ حیزبی دێموکراتی کوردستان نەک تەنیا لە ئاستی سیاسیدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر خەڵکی کوردستاندا هەیە بەڵکوو لەوەش بەولاوەتر حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵکدا بووە بە فەرهەنگ. ئەم حیزبە کە بەجۆرێک بە دایکی هەموو حیزبەکانی کوردستان دەناسرێ و چارەنووسی خۆی وابووە لەو مێژووە دوورودرێژەیدا سەرکردایەتییەکەی کەمتر لە سێ ساڵ لە کوردستان و لە نێو خەڵکەکەی خۆیدا و بە تایبەت لە ناوەندی شارەکان بووە، کەچی هەروا خاوەنی پێگەیەکی بەهێزی سیاسی و کۆمەڵایەتییە.
لە دنیای ئەوڕۆدا سەرەکیترین خاڵ کە حیزبێک دەکاتە ڕێکخراوەیەکی شوێندانەر و یەکەمی کۆمەڵگەکەی خۆی، بە پلەی یەکەم ڕادەی نفووز و خۆشەویستیی ئەو حیزبەیە کە دەتوانێ پێگەیەکی بەهێزی جەماوەریی بۆ دەستەبەر بکا. ئەو پێگە جەماوەرییەش لە هەندێ بابەت و قۆناغدا خۆی دەنوێنێ و ڕاستیی ئەو بابەتە بۆ هەموان ڕوون دەکاتەوە. ئەو قۆناغ و بابەتانەش دەکرێ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بێ، یان وڵامدانەوە بە داواکارییەکانی ئەو دەستە حیزبانە لە جەماوەری خۆیان بۆ جێبەجێ کردن یان خۆبواردن لە کارێک بێ. جیاواز لەوانە دەکرێ پێوانەیەکی دیکەش لە بەرچاو بگیردرێ کە ئەویش بەشداریی خۆبەخشانەی خەڵکە لە کاروبار و چالاکییەکانی ئەو حیزبانەی کە بۆ ڕزگاریی گەل و نەتەوەکەیان لە ژێردەستی، لە قۆناغی خەباتی سیاسی و تەنانەت چەکداریدان. لە هەموو ئەو حاڵەتانەدا و بەو پێوەرانەی کە باس کرا دەکرێ بڵێین حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ژینگەی سیاسیی خۆیدا خاوەنی بەهێزترین پێگەی جەماوەریی خۆیەتی، کە لە درێژەی ئەم وتارەدا ئاماژە بە چەندین نموونە دەکەین.
حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک یەکەم حیزبی مودێڕنی کوردی و یەکەم حیزب کە توانی کیانێکی کوردی بەناوی کۆماری کوردستان دامەزرێنێ لە ڕاستیدا بناغەکەی لە سەر کۆمەڵەی ژێ کاف دامەزرا. کۆمەڵەی ژێ کاف لە کاتی شەڕی دووهەمی جیهانی و سێ ساڵ بەر لە گۆڕانی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەستی بە تێکۆشان کرد، بەڵام لە بەر پاراستنی ئەندامەکان و دامەزرێنەرەکانی بەشێوەی نهێنی کاری خۆی دەکرد، بەڵام لە وەرگرتنی ئەندامدا پێگەی جەماوەریی ئەندامەکانی زۆر بەلاوە گرینگ بووە، ئەویش بەو مەنتقەوە کە کەسایەتیی بەهێزی کەسەکان دەتوانێ ڕادەی کارتێکەریی ڕێکخراوەکە لە نێو کۆمەڵگەدا زیاتر بکا، هەر بەو هۆیەوە بوو کە داوای هاوکاری و بوون بە ئەندامەتییان لە کەسێک کرد کە خۆشەویستترین و متمانەپێکراوترین کەسی ئەوکاتە لە ناوچەی موکریان، پێشەوا قازی محەممەد بوو کە لەو سەردەمەدا و لە کۆمەڵەی ژێکافدا بە “بینایی” دەناسرا. کەواتە هەر لە ژێکافەوە و دواتر لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ئەم حیزبە پێگەی جەماوەریی بەلاوە لە گرینگترین فاکتەرەکان بووە و بۆ وەدەسهێنانی پێگەی جەماوەرییش هەموو هەوڵی خۆی داوە و لە چەندین قۆناغیشدا ڕادەی هێزی جەماوەریی خۆی تاقی کردووتەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەوکات لە چەندین بۆنەدا بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر بەرەبەرە ئامادەکاریی بۆ دامەزرانی یەکەم دەوڵەتی کوردی دەکرد کە بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە ڕۆژی داگرتنی ئاڵای ئێران لەسەر شارەوانیی ئەوکاتی مهاباد و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو شوێنە بکەین، کە لەودا بە بەشداریی خەڵک ڕێوڕەسمێک بەڕێوە دەچێ و هەژاری شاعیریش ئەو شێعرەی تێدا دەخوێنێتەوە.
“داری ئاڵاکەم وەکوو چقڵێکە بۆ چاوی عەدوو
هەر دڵێ خۆشی نەوێ ڕەببی وەبەر خنجەر کەوێ…”
دواتر پاش چەند مانگ لەو ڕووداوە لە ٢ی ڕێبەنداندا لە ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆدا نەک تەنیا بە ئامادەبوونی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو بە بەشداریی کوردان و بە تایبەتی نوێنەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان کۆماری کوردستان بە سەرۆکۆماریی پێشەوا قازی محەممەد ڕادەگەیەنرێ. لەو ماوە کەمەی تەمەنی کۆماری کوردستاندا کە ناکرێ ئامادەکارییەکانی کۆمەڵەی ژێکاف لە بەرچاو نەگیرێ، کۆمەڵێک کاری بەنرخ کران کە دەکرێ بگوترێ بوو بە بناغەیەکی پتەو بۆ خەباتی کورد لە هەموو بەشەکان و پاش ٧٥ ساڵ تا ئێستا بزووتنەوەی کوردستان هەر لە سەر ئەو ڕێبازە دەڕوا. ئەگەرچی پاش یازدە مانگ کوماری کوردستان نەما و ئەرتەشی شایەتی کوردستانی داگیر کردەوە، بەڵام بەشێوەیەکی مودێڕن هەوڵی نەتەوەسازی درا و تەنانەت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە و ڕێکخستنی کۆمەڵگە قانوون داڕێژرا.
لە هەموو ئەوانەی کە باس کرا ئەوەی پێوەندیی بەم باسەوە هەیە ئەوەیە کە ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و لە سەری هەموویانەوە پێشەوا قازی محەممەد بەبێ پرس وڕا بە جەماوەر و لەبەرچاو گرتنی گرینگترین فاکتەر واتە خەڵک، دەستی بۆ نەبردوون، تەنانەت لە کاتی هاتنەوەی ئەرتەشی شا پێشەوا قازی محەممەد لە مزگەوتی “هەباس ئاغا”ی مهاباد خەڵک کۆ دەکاتەوە و ڕاوێژیان پێ دەکا کە لە بەرانبەر ئەرتەشدا چی بکەن. هەربۆیە پێشەوای مەزن بەڵێن بە خەڵک دەدا کە تاکۆتایی ئەم کارە لە گەڵیان دەمێنێتەوە و هەرواشی کرد و بە پێشکەشکردنی گیانی خۆی بەڵێنەکەی بردەسەر.
میتینگی سەد هەزار کەسیی مهاباد
پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان و هەورازونشێوی زۆر و پەرتەوازەیی و دەربەدەریی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات ڕێژیمی حەمەڕەزاشا ڕووخا و سەرکردایەتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە عێراقەوە گەڕانەوە کوردستان و بە هاوکاریی تێکۆشەرانی نێوخۆ دەستیان کردەوە بە ڕێکخستنەوە و چالاککردنەوەی حیزب. یەکەم میتینگ لە یازدەی ڕەشەمەی ١٣٥٧دا بۆ ڕاگەیاندنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب لە شاری مهاباد بەڕێوە چوو کە لەودا زیاتر لە سەد هەزار کەس لە سەرانسەری کوردستانەوە بەشدار بوون کە بە متینگی سەد هەزار کەسیی مەهاباد بەناوبانگە. لەو میتینگەدا کە سکرتێری ئەوکاتی حیزب شەهید دوکتور قاسملوو لە وتارێکدا دەسپێکی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، هێزی جەماوەر جارێکی دیکە خۆی نیشان دایەوە و لە ڕاستیدا بۆ جارێکی تر حیزبی دێموکرات و هێزی جەماوەر دەستەملانی یەکتر بوونەوە. دواتر لە زۆربەی شارەکانی کوردستان چەندین کۆبوونەوەی گەورەی خەڵکی بەڕێوە چوون کە بوو بە هۆی ئەوەی کە لە ماوەیەکی کەمدا ڕێژەی ئەندامانی حیزب لە کوردستان بۆ دەیان هەزار کەس بەرز ببێتەوە.
هەڵبژاردنەکان
ساڵی دواتر چەند هەڵبژاردنێک لە ئێران و کوردستان بەڕێوە چوون کە هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگان لە ١٢ی گەلاوێژ و هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە ٢٤ی ڕەشەممەدا دوو نموونەی باشن کە هێزی جەماوەر پاڵپشتێکی قایمی کاندیداکانی حیزبی دێموکرات بوو.
لە هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگاندا دوکتور قاسملوو وەکوو کاندیدای حیزبی دێموکرات لە پارێزگای ورمێ توانی بە وەدەستهێنانی ١٣٠ هەزار دەنگ و بردنەوەی سەتا هەشتای دەنگەکان وەکوو نەفەری یەکەم لەو پارێزگایە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێ. ئەگەرچی دەسەڵاتی تازە و لە سەروویانەوە خومەینی ڕێگەیان نەدا کە دوکتور قاسملوو وەکوو نوێنەری خەڵک و بە دەنگی خەڵک بچێتە تاران، بەڵام گرینگ ئەوە بوو کە تەنانەت تورکەکانی دانیشتووی ئەو پارێزگایەش بە ڕێژەیەکی زۆر دەنگیان بە دوکتور قاسملوو دابوو.
هەڵبژاردنی یەکەم مەجلیسی شوڕای ئیسلامی لە ٢٤ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ واتە ١٣٥٨ بەڕێوە چوو، لەو هەڵبژاردنانەشدا لەو شارانەی کە بەربژێرەکانی حیزبی دێموکرات دەرفەتی خۆکاندیدا کردنیان هەبوو هەر هەموویان لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە دەنگی یەکەمیان وەدەست هێنا. دەکرێ بۆ نموونە ئاماژە بە شارەکانی مهاباد، بۆکان، پیرانشار، سەردەشت، شنۆ، نەغەدە، سەقز، بانە بکەین کە کاندیداکان زیاتر لە هەموو شتێک لە بەر کاندیدابوونیان بەناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بوو کە متمانە و دەنگی بەرچاوی خەڵکیان وەدەست هێنا. لە هەندێ شاری وەکوو سنە هەڵبژاردن خرایە دەوری دووهەم و لەو ماوەیەشدا حکوومەتی جومهووری ئیسلامی هەڵبژاردنەکانی هەڵوەشاندەوە و نوێنەرانی خەڵک واتە کاندیدا هەڵبژێردراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێگەیان پێ نەدرا کە بچنە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی. لێرەشدا وێڕای خۆبواردن لە هۆکارەکانی ئەو ڕووداوانە و ڕووداوەکانی دوای ئەوانە کە ئاکامەکەی پەلاماری هەمەلانەی ڕژیمی تازە بۆ سەر کوردستان بوو، ئەوەی کە مەبەستی ئەم وتارەیە پێگەی جەماوەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە وەکوو نموونە لەو ساڵانەدا ئاماژەی پێ دەکرێ. هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەو شوڕایانەش بکرێ کە حیزبی دێموکرات بە شێوەی هەڵبژاردن بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی خەڵک لە گوندەکان پێکی هێنابوو کە تا ساڵانی دواتریش هەر جێگەی باوەڕ و متمانەی خەڵکی گوندەکان بوون.
ئەم هەڵبژاردنانە نموونەیەکن لە متمانەی ئەوکاتی خەڵک بە حیزبی دێموکرات کە لە ڕوویەکی دیکەشەوە ئاماژەیەکی ڕوون و ڕاستەوخۆیە بە پێگەی جەماوەریی حیزبی دێموکرات لە نێو خەڵکی کوردستاندا. چونکە ساڵانی دواتر ئەگەرچی هیچکات کۆماری ئیسلامی ڕێگەی بە هەڵبژاردنێکی ئازاد نەدا و لەجیاتی پەنا بردن بۆ سندووقەکانی دەنگدان کۆماری ئیسلامی شەڕێکی هەمەلایەنە و وێرانکەری بە سەر کوردستاندا سەپاند بەڵام لە چەند نموونەیەکی دیکەدا دەرکەوت کە ڕێژیمی تاران ململانێی حیزبی دێموکراتی لە کوردستان پێ ناکرێ. هەر بۆ وێنە لە هەڵبژاردنی دەورەی شەشەمی سەرکۆماری لە ساڵی ١٣٧٢دا بە ئاماژەیەک خەڵک لە کوردستان دەنگیان بە هاشمی ڕەفسەنجانی نەدا کە تەنانەت ناوبراو لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا ئاماژەی بەو بابەتە کردوە. هەروەها لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ساڵی ٨٨دا حیزبی دێموکرات داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە دەنگ بە نوێنەرانی ڕێفۆرمخواز بدەن کە سەرەڕای ئاکامی هەڵبژاردنەکان، بەڵام خەڵک بەرەوپیلی ئەو داوایە چوو.
پێگەی ڕێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکرات
نموونەیەکی دیکە لە نفووزی جەماوەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەنێو خەڵکدا پێگەی ڕێبەرانی شەهیدی ئەم حیزبە لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییە. پێگەی ئەوان لەنێو خەڵکی کوردستان و لە سەر بزووتنەوەی کوردستان بە ڕاددەیەک بوو کە کۆماری ئیسلامی پەنای بۆ تێرۆر و لەنێوبردنی ئەوان برد. جیاواز لە ڕووداوی شەهیدبوونەکەیان ئەو کەشە پڕماتەمینەی کاتی تێرۆری دوکتور قاسملوو لە ٢٢ی پووشپەڕی ٦٨ و تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ بە دەستی کۆماری ئیسلامی چ ئەوکات و چ ئێستا بەئاشکرا بە ڕوخساری کۆمەڵگەی کوردستانەوە دیارە. سەرەڕای دۆخی توندی ئەمنیەتیی هەم ئەوکات و هەم ئێستاش پاش ٣١ ساڵ برینێکی ساڕێژ نەکراوە بە جەستەی خەڵکی کوردستانەون کە دیسان دەرخەری پێگەی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرە هەڵکەوتووەکانی لەنێو دڵی خەڵکی کوردستاندایە.
شکستی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی چەند دەیەیی بۆ دابڕینی خەڵک لە حیزبی دێموکرات (١٧و ٢١ی خەرمانان وەک نموونە)
بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئەم ڕێژیمە هەوڵی داوە خەڵک لە حیزبی دێموکرات داببڕێ تا بەڵکوو لەو ڕێگایەوە بتوانێ بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان سەرکوت بکا. بۆ ئەو مەبەستەش جیاواز لە هێرشی بەربڵاو بۆ کوردستان و سەپاندنێکی شەڕێکی ناڕەوا، کۆماری ئیسلامی ئەوەندەی بۆی کرابێ بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەنێوبردن و تەریکخستنەوەی حیزبی دێموکراتی داوە. لە ناقانوونی ناساندنی حیزبی دێموکرات و ڕێگری لە چوونی نوێنەرانی هەڵبژێراوی خەڵکی کوردستان بۆ هەردوو مەجلیسی خوبرەگان و شوڕای ئیسلامییەوە بگرە تا دەگاتە گرتن و ئێعدامکردنی ئەندام و لایەنگرانی حیزب و پاشان هەڵگیرساندنی شەڕێکی قورس لەگەڵ خەڵک و هێزی پێشمەرگە و هەوڵ بۆ دەرپەڕاندنی سەرکردایەتیی حیزب بۆ دەرەوەی کوردستان، هەروەها تێرۆر و لەنێوبردنی ڕێبەران و کادر و پێشمەرگەی حیزب و لە سەرووی هەموانەوە تێرۆری هەر دوو سکرتێری حیزبی دێموکرات، دوکتور قاسملوو لە ڤیەن پێتەختی ئوتریش و دوکتور شەرەفکەندی لە بێڕلینی ئاڵمان، نموونەیەکن لەو هەوڵانە.
جیاواز لە هەموو ئەوانە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام لەم چل و یەک ساڵەدا و بە هەموو شێوەیەک ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تەبلیغی ئەوەی کردوە کە حیزبی دێموکرات پێگەی لەنێو خەڵکدا نەماوە و ئەم حیزبەی بەردەوام بە حیزبێکی هەڵوەشاوە ناو بردوە. بەڵام ڕاستییەکان پێچەوانەی درۆ و ئیددیعا بێبنەماکانی کۆماری ئیسلامی بوون و ئەوان سەرەڕای ئەو هەموو زەبرە گەورانەی کە وەک پەیکەرەی حیزبی دێموکرات کەوت نەیانتوانی دابڕانێکی قەرەبوونەکراو لە بەینی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتدا دروست بکەن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان لەم دە دوازدە ساڵەی دواییدا قایمتر لە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە ڕێکخستن بۆ خەباتێکی هەمەلایەنە و گشتگیرتر بکا و هاوتەریب لە گەڵ ئەو پتانسیەل و جموجووڵە مەدەنییانەی کە لە نێوخۆی وڵات هەیە درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن. لەم قۆناغەدا سەرەڕای هەموو کێشە و گیروگرفتە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی کوردستان حیزبی دێموکرات توانی بەشێوەیەکی باش کەڵک لە هەموو ماتەوزەکانی کۆمەڵگەی کوردستان وەربگرێ و فشارێکی زیاتر بۆ ڕێژیمی تاران بێنێ.
کۆماری ئیسلامی کە ئەو هەموو ساڵە تێچوویەکی زۆری بۆ لەنێوبردنی حیزبی دێموکرات و سەرکوتی بزووتنەوەی کوردستان دابوو، دیسان دەستی دایە تیرۆر و تەقینەوە. کار گەیشتە ئەو جێگایەی کە سپای پاسدارانی ڕێژیم ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧بە مووشەکی بالستیک هێرشی کردە سەر کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵای دێموکرات و بەپێچەوانەی تێرۆرەکانی پێشوویان، سپا هەر زوو بە دەرکردنی ڕاگەیاندراو ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ. سەرنجڕاکێشتر لەوە پاساوی پەلامارەکەیان بۆ سەر قەڵای دێموکرات بوو کە جگە لە شکستی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆشداماوییان لە بەرانبەر سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا هیچ خوێندنەوەیەکی دیکەی لێ نەدەکرا. سپای پاسداران لە دوو ڕاگەیاندراودا گوتی ئامانجی ئێمە لەو هێرشە لەبەینبردنی سەرکردایەتی و ناوەندی فکریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە، چونکە ئەوانە ئاسایش و ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامییان وەمەترسی خستوە.”
لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەویە، ئەو کۆماری ئیسلامییەی کە چل ساڵە ئیدیعای نەمانی حیزبی دێموکرات و دابڕانی ئەوان لە خەڵک دەکا، ئەوە چۆنە کە بە پێشکەوتووترین چەک واتە مووشەکی بالستیک هێرش دەکاتە سەر سەرکردایەتی و ناوەندی فکرییەکەی بەو پاساوەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاسایش و ئەمنییەتی ئەوانیان وەمەترسی خستوە.
چوار ڕۆژ دوای ئەو هێرشە دڕندانەیەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبی دێموکرات کە لەڕاستیدا زەبرێکی جەستەیی قورس وە پەیکەری حیزب کەوت و شەش ئەندامی ڕێبەری و دە کەس لە باشترین فەرماندە و پێشمەرگەکانی حیزب تێیدا شەهید بوون، مانگرتنە گەورە و مێژووییەکەی خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانان بەڕێوە چوو کە دەکرێ بە لوتکەی پشتیوانی و قووڵایی پێگەی جەماوەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێو خەڵکی کوردستان ناوی لێ ببرێ. لە ٢١ی خەرماناندا سەرەڕای کەشوهەوای ئەمنیەتیی زاڵ بە سەر کوردستاندا خەڵک، بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەو پلامارەی کۆماری ئیسلامی لە ماڵەکانیان نەهاتنەدەرەوە کە لە هەندێ شار و ناوچەدا ڕێژەی مانگرتنەکە گەیشتە نزیکەی سەد لەسەد.
ئەو چەند نموونەیە کە لەم وتارەدا باس کران تەنیا ئاماژەیەکی سەرەتایین بە ڕاددەی جێگە و پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی، کە هاوکات ئەو ئەرکەشی دەخاتە ئەستۆ کە دەبێ تا گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلی کورد لە خەبات بەردەوام بێ. ڕەمزی مانەوەی حیزبی دێموکراتیش خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی تێکۆشەرانی ئەم حیزبە و قووڵایی پێگەی جەماوەریی ئەم حیزبە لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندایە.