لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەمڕاستەکانی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت خامەنەیی وەک یەکەمین و دوایین بڕیاردەری ئەم سیستەمە جارێکی دیکە سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا لەهەمبەر ئێرانی بە هۆکاری سەرەکیی قەیرانی ئابووری و کێشەی بژێو و ئارێشەکانی خەڵک دانا کە بە سەپاندنی گەمارۆکان وەها دۆخێکیان بۆ وڵات دروست کردوە. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی هەموو مێژوویان خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن بووە.
لە کەس شاراوە نییە کە ئێران لە ڕووی ئاو، وزە، خاک، سەرچاوە سروشتی و کانزاکانەوە وڵاتێکی ئێجگار دەوڵەمەندە و بۆ نموونە تەنیا لە بواری نەوت و گاز لەنێو وڵاتانی جیهاندا لە پلەکانی هەرە سەروودا جێ دەگرێ. هەروەها جۆراوجۆریی سروشتی ژینگەییەکەی وای کردوە کە خاکی بەپیتی ئەو وڵات ببێ بە سەرمایەیەکی گەورەی ماددی و ئێران بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان دابندرێ. کەوابوو ناتوانین ئاوا بەئاسانی ئەو ڕاستییە بشارینەوە کە ئێران سەرەچاوی داهاتی زۆر و زەوەندی هەیە، بەڵام ئەوەی ئەم دۆخەی بەسەر خەڵک و کۆمەڵگەدا سەپاندوە، ئیدارەکردنی وڵات بە هۆی کۆماری ئیسلامییە و سەرچاوەی هەموو ئەو نەهامەتیانە بۆ نیزامی سیاسیی گەندەڵ و نادێموکرات و دژیگەلیی ڕێژیم دەگەڕێتەوە.
لە دوو دەیەی ڕابردوودا پێداگری لەسەر دەستڕاگەیشتن بە ئۆرانیوم بەمەبەستی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی میلیارد میلیارد دۆلار لە سامانی ئەو وڵاتەی بەفیڕۆ داوە کە بەشێکی لە ڕێککەوتنی ٢٠١٥ بەرجامدا خرایە ژێر خەڵوار خەڵوار بێتۆنەوە. پاش هاتنەدەرێی تڕامپ لە بەرجام، دیسان قەوانە کۆنەکە لێ درایەوە و سانترفیوژە پێشکەوتوەکان لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ هەمان مەبەستی پێشوو وەگەڕ خراونەوە و ئەوە یانی بەتاڵانبردنەوە و بەفیڕۆدانەوەی سەروەت و سامانی خەڵک.
پێشتر و لە سەردەمی شەڕی ٨ ساڵە لەگەڵ عێراقیشدا کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بەردەوامیی شەڕە تا سەرکەوتن! پێیان چەقاندبوو؛ بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جیا لە زیانی گیانیی ئینسانی، زیاتر لە ٩٧ میلیارد دۆلار زیانی ماددیش لە کۆمەڵگە درابوو. تەواوەتی ئەو کارەساتانەش لە کاتێکدا ڕوویان داوە و ڕوو دەدەن کە کۆمەڵێک ڕێکخراو و دامەزراوەی تایبەت و ئیدئۆلۆژیکی ڕێژیم زۆرترین پشکی بودجەی وڵات بۆ خۆیان دەبەن.
سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی دیکەی ڕێژیم، ناوەندی بەڕێوەبریی فەرمانی ئیمام، ڕێکخراوی موستەزعەفین، ئاستانی قودسی ڕەزوی، کۆمیتەی ئیمدادی شۆڕشی ئیسلامی، بونیادی شەهید و دەیان و سەدان ڕێکخراوی دیکە بەشێک لە تۆڕی نیزامی- ئەمنیەتی-پڕوپاگندەیی ڕێژیمن کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە ئیدارە دەکرێن و هیچ کەس مافی لێپرسینەوەی لەمەڕ کردەوە ئەوان نییە. لە هەناوی کۆمەڵگەشدا هەڵاوسان و گرانی ئەوکی خەڵکی گوشیوە و خەڵک لەژێر گوشارە ئابوورییەکاندا دەهاڕدرێن و بەرپرسانی گیرفانبڕی ڕێژیمیش هەر دێن و دەوڵەمەندتر دەبن.
کاربەدەستانی ڕێژیم خۆیان لە گێژی دەدەن، ئەگینا دڵنیان کە خەڵک ئەوان و ڕێژیم بە هۆکاری سەرەکیی گەمارۆکان دەزانن و باش لەوەش تێگەیشتوون کە هەر ئەو گەمارۆیانە بۆ ڕێبەرانی ڕێژیم سەرچاوەی بژیوە و کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە دروستیان کردووە، چۆنکە لە سۆنگەی ئەم گەمارۆیانەشەوە بە میلیارد دۆلاری دیکە دەچێتە باخەڵیانەوە.
هەڵبەت ڕوونە کە دژایەتی کۆمەڵگەی جیهانی لەمەڕ دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە بۆمبی ئەتۆمی و پاڵپشتی لە تێرۆریزم و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دی بەشێک لەو هۆکارانەن کە بوونەتە هۆی سەپاندنی گەمارۆکان بۆ سەر وڵات و هەمووانیش دەزانن کە مافیای دەسەڵات لەو دۆخە قازانج دەکا و گەمارۆکان داهاتی نجوومی بۆ هێندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم بەدیاری هێناوە. هەر ئەوەشە کە دەبینین چەند ڕۆژ لەمەوپێش کەسێکی وەکوو سەعید جەلیلی لە نامەیەکدا بۆ خامەنەیی پێداگری لەسەر ئەوە دەکا کە ئێران دەبێ لە بەرجام بێتە دەرێ و دەست بە پیتاندنی ئۆرانیۆم بە خەستیی سەتا ٩٠ بکا. سەعید جەلیلی کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەو لە شاندی دانوستانی ئەتومیدا چوار بڕیارنامەی سزادان لەلایەن شوڕای ئەمنییەتەوە لەدژی ئێران پەسند کرا، براکەی هەموو ساڵێک، چەندین میلیارد تمەن لە قووتی خەڵک بۆ فستیڤاڵی “عەمار” دەخاتە باخەڵەوە و بۆخۆی خاوەنی بەشێکی زۆر لە ئابووریی مافیاییە کە لە ڕێگەی گەمارۆکانەوە لەسەر یەک کەڵەکەی کردوە. لەو نێوەدا تەنیا خەڵکن کە ئابووریی بەرگری بە ئەستۆیاندا بڕاوە و خامەنەییش بێشەرمانە لە یارمەتییە ماڵییەکان بە حیزبوڵڵا، حوسییەکان و حەشدی شەعبی لە وڵاتانی دەروجیرانی دوور و نیزیک بەردەوامە و ناڕەزایەتیدەربڕین بەو دۆخە بە هیڵی سوور دەزانێ.
هەر لەو بارودۆخەدا کە ناڕەزایەتیی مامۆستایان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەش لە هەڵکشاندایە، سەرکۆمار بە ڕووهەڵماڵاییەوە لە دەنگوڕەنگی ڕێژیمەوە دەڵێ چارەسەری کێشەکان لە دەست ئەواندا نییە و ڕوون نییە ئەگەر ئەو لەو پێگەیەدا وەڵامدر نییە، ئەدی خەڵک دەبێ ئێخەی کێ بگرن؟
خامنەیی بە سامانی دەیان میلیارد دۆلاریی خۆیەوە کە لە خەڵکی وڵاتی دزیوە و ئێستاش لەو تاڵانییە بەردەوامە، بەردەوام بەو دوژمن دوژمنەی دێنێ و دەیبا خوێنی خەڵکی لە شووشە کردوە و گیرفان و دەمی وەک چاڵی ویل نە پڕ دەبێ و نە تێر دەبێ. خۆزگە لانی کەم وەک چاڵی جەمکەران بنی دەبوو و دەکرا بە پووڵ و نامە و مادەی هۆشبەر و شتی تر سنوورێکی بۆ دادەنرا، نەک وەک چاڵی ویل بە ئەفسانەی بێکۆتایی خۆیەوە.