کۆڵبەری، ژیانێکی دژوارە لە لێواری مەرگەوە بۆ بژێوی ژیان و پاڕووەنانێکی سەر سفرە بەتاڵەکان.
ڕۆژانە ڕاگەیاندن و بەتایبەت هەواڵدەرییەکان بە بەردەوامی هەواڵی دڵتەزێنی گیانلەدەستدان یان برینداربوونی کۆڵبەران بڵاو دەکەنەوە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆچی ئەم دیاردەیە لەم ساڵانەی دواییدا بە شیوەیەکی بەرچاو پەرەی پێ دراوە و بەرپرسانی حکومەت و ناوەند و دەزگا پێوەندیدارە حکوومەتییەکانیش هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە نەداوە؟
ئەو وەڵامانەی کە تاکوو ئێستە بەم پرسیارە بنەڕەتییە دراونەتەوە، یان لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بووە یان لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی دژبەرانی ئەو ڕێژیمە بووە، و تاکوو ئێستە هیچ وەڵامێکی لۆژیکیی بێلایەنانە کە لەسەر خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسی بووبێ، بەم پرسیارە نەدراوەتەوە.
سەرەڕای ئەوەش کە جاروبار کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی دژبەری ڕێژیمی ئێران ئاماژەگەلێک بە باندە مافیاییەکانی ئەو ڕیژیمە دەکەن و پێکهاتەکانی ئەو باندانەش هەر هەمان بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئاخوندین و گەورەترین باندگەلی مافیایین کە لە دەروازە و سنوورە قانوونییەکانی ئێراندا بە فڕۆکە و پاپۆڕ و بارهەڵگرە جۆراوجۆرەکان کەلوپەل بە قاچاغ بۆ نێوخۆی ئێران دەگوازنەوە، بەڵام بە هۆکاری ئەو بارودۆخە تۆقێنەر و کەشە حکومەت نیزامییەی کە بەسەر ئەو وڵاتەدا زاڵە، هێزەکانی پاسەوانیی ڕێژیمیشیان هێناوەتە نێو ئەو بازنەوە. بەڵام وا دیارە ئەم باسانە زۆر قووڵتر لەوانەن کە بیری لێ دەکرێتەوە و هەموو ئەم دیاردنەش لە ژوورە فکری و ڕاوێژکارییەکانی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانەوە لە کوردستان بە مەبەستی جێگیرکردنی پیلانە درێژخایەنە فەرهەنگی و سیاسییەکانی ئەو ڕێژیمە بەرنامەداڕێژیی بۆی کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ئەو کەلوپەل و کەرەستانەی کە بە شانی کۆڵبەر دێتە نێو وڵاتەوە لەگەڵ ئەو کەلوپەل و کەرەستانەی کە بە پاپۆڕ و بارهەڵگرە جۆراوجۆرەکانی تر هاوردە دەکرێ، بەراوەرد ناکرێ، ناتوانرێ هەڵسەنگاندنێکی بەراوردکارانە لەنێوانیاندا بکرێ.
کۆڵبەری نە دیاردەیەکی نوێیە و نە تایبەت بە خەڵکانی دانیشتووی سنوورەکانی کوردستانە و، ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی ئەو دیاردەیە بدەینەوە و کتێبەکانی سەفەرنامەی گەڕیدە گەورەکانی ڕۆژاوا بۆ نموونە “شارح فەرانسەیی” بخوێنینەوە، دەزانین کە لەنێو نەتەوەکانی تورک، عەرەب و بەلووچ و فارسەکانی ناوەندیشدا وەکوو دانیشتووانی شارەکانی “یەزد” و “ئێسفەهان”، کۆڵبەری هەبووە و لەنێو ئەو نەتەوانەشدا پێشینەیەکی هەیە. بەڵام هەنووکە بە هۆکاری جۆراوجۆر دیاردەی کۆڵبەری لەنێو ئەو نەتەوانەی ئاماژەمان پێدا، نەماوە و تەنیا لە کوردستانە کە کۆڵبەرێک بە کۆڵێکی گرانەوە ڕێگایەکی دژواری و پڕچەرمەسەریی سەدان کیلۆمتری دەگرێتە بەر و ئەمەش وای کردوە کە کۆڵبەری ببێتە پێیشەیەک و بە شیوەیەکی ناهەموار و بەبێ ویست و خوازیاریی خودی کوردەکان دیاردەی کۆڵبەری گرێ بدرێ بە شوناسی کوردبوونیەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی خودی ڕێژیمی ئێران، شانزە تاکوو بیست هەزار کەس لە سنوورەکانی کوردستاندا بەبەردەوامی خەریکی کۆڵبەرین. ئامارە مەیدانییەکان دەڵێن ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ڕاستەوخۆ بە کاری کۆڵبەرییەوە سەرقاڵن یان ژیانیان ناڕاستەوخۆ بەو کارە بەستراوەتەوە، چەند هێندەی ئەو ئامارەیە. هەر بەپێی ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا لانی کەم ٢١٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە سەدا ٦٥ی هۆکاری کوژرانی ئەو کۆڵبەرانەش دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەسەر سنوورەکانی کودستان بووە.
لێرەدا دەبێ باسی ئەوەش بکرێ کە هێزەکانی ئەو ڕێژیمە خوێنمژە تەنانەت سەرەتاییرین یاسا و ڕێوشوێنی سەربازی و لانی کەمی پرۆتۆکۆلەکانی بەکارهێنانی چەک ڕەچاو ناکەن و کەوکوژی بۆی دادەنیشتن و سەر و دڵی کۆڵبەران دەکەنە ئامانج و ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ دەکەن و دەیانکوژن. لەولاش ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم وەکوو دەزگای دادوەری و ناوەندە یاسایییە حکومەتییەکانی ئەو ڕێژیمە نەک هەر هیچ هەوڵێک بۆ پێشگرتن لەم کارە کرێت و نامرۆڤانە و جینایەتانە نادەن، هیچ ڕێوشوێنیکیش بۆ لێپرسینەوە لە بکوژانی کۆڵبەران لەئارادا نییە، ئەوان دەکوژن و دەبڕن و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن. هەر ئەمەش وا دەکا کە جیا لە کۆڵبەران هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی خەڵکانی تریش بۆیان گرنگ نەبێ و تەقە لە خەڵکانی غەیرە کۆڵبەری ئاسایی بکەن و خەڵکانێکی ترش بە هۆکارگەلێکی ترەوە بکوژن یان بریندار و کەمەندامیان بکەن و بۆیان گرنگیش نەبێ، بۆیە کاسبکاران لەبەر ئەوەی ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم لەسەر سنوورەکان نەبنەوە، ڕێگەی هەڵدێر، مەترسیدار و دژوارتر دەگرنە بەر و دیسان لەو ڕێگەیانەشدا ڕووبەڕووی مەترسیگەلێکی وەکوو هەڵدێران، سەرمابردوویی و ڕەقبوونەوە، تەقینەوەی مینە چێنراوەکان، هەرەزهاتن و دەیان مەترسیی تر و بەم هۆکارانەشەوە زۆر کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە یا بریندار و کەمئەندام بوون.
بەپێی زانیارییە پێوەندیدارە بڵاوکراوەکان لەسەر کۆڵبەران و هەروەها لەسەر ئەو مەترسییانەی کە لەپێش کۆڵبەرانە و زۆر جاریش دەبنە هۆی گیانیانلەدەستدانیان یان کەمەندامبوون و نەمانی ئەندامێکی لەشیان، خێرا ئەو پرسیارەمان بۆ دروست دەبێ کە هۆکار و پاڵنەرەکانی دیاردەی کۆڵبەری چین و چی وا دەکا کە خەڵکانێک ڕوو بکەنە کۆڵبەری و دیاردەی کۆڵبەری سەرهەڵبدا؟ کە بەداخەوە تاکوو ئێستەش هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەسەر کۆبەندی هۆکارە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی پەنابردن بۆ کۆڵبەری و سەرهەڵدانی دیارەدەی کۆڵبەری لەبەردەستدا نییە تاکوو وەڵامی ئەو پرسیارە بۆمان ڕوون بکاتەوە.
گەشەنەکردنی ئابووری و پەراوێزخستنی ناوچەکانی کوردستان، هەڵاواردنی سیستماتیک، بێکاری و نەبوونی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەر، هەڵاواردن و بایەخنەدان بە دابینکردنی هەلی کار بۆ خەڵک بەتایبەت لاوان، پشتگوێخستنی کانگا پیشەسازییەکان، گرینگینەدان بە کشتوکاڵ، بایەخنەدانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران بە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە و …هتد، هۆکارگەلی سەرەکی و بنەڕەتیی سەرهەڵدانی وەها دیاردەیەکە لەم سەردەمەدا، بەڵام زەبر و گوشارەکانی بارودۆخەکەش هۆکاری سەرەکیی مانەوە ئەو دیاردەیەن کە هەنووکە وەکوو پیشەیەک چاوی لێ دەکرێ.
ئەو هۆکارانەی کە پێشتر باسمان کرد و گوشارەکانی ئەو باردودۆخەی کە بەو هۆکارە باسکراوانەوە هاتوونەتە ئاراوە، هەروەها سیاسەتە پیلانداڕێژاوەکانی ڕێژیم لەسەر گەلی کورد، دەتوانین وەکوو هۆکارگەلێکی سەرەکیی سەرهەڵدانی دیاردەی کۆڵبەری ئاماژەیان پێ بکەین.
ئەم سەرەقەڵەمە بۆ ئاماژە و هێنانەبەرباسی کۆمەڵێک هۆکار لەسەر سەرهەڵدان و هێشتنەوە ئەو دیاردەیە و ڕوون و ئاشکرایە کە ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانە کە هیچ بایەخێک بە بنەبڕکردن دیاردەی کۆڵبەری و یان لانی کەم هەوڵدان بۆ چارەسەریی کێشەی کۆڵبەرانە، هەر وەک چۆن سەرهەڵدانی دیاردەی کۆڵبەری پیلانێکی دووردرێژی بۆ داڕێژراوە، چارەسەرنەکردنی ئەم دیاردەیەش ئامانجدارە و بە مەبەستی شکاندنی کەرامەتی کەسایەتی و شوناسی تاکی کوردە، بۆیەش دەیانهەوێ ئەو دیاردەیە وەکوو پیرۆزییەک پەرە پێ بدەن و گرێی بدەن بە شوناسی گەلی کوردەوە.
گرنگترین خاڵی پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ هێنانەئارای دیاردەی کۆڵبەری لە کوردستاندا دەبێ ئاماژەی پێ بکرێ ئەەیە کە، خەڵک و بەتایبەت لاوان دەرگیری ئەو دیاردەیە بکا و هەوڵ بۆبەلاڕێدابردنی کۆمەڵگەی کوردی و داوا بنەڕەتییە ڕەواکانی گەلی کورد بووە و ڕێژیمی داگیرکەر دەیهەوێ بەم هێشتنەوە و پەرەپێدانی ئەم دیاردەیە پرسە نەتەوەییەکانی کورد کەمڕەنگ بکاتەوە و ئەم پیلانەش لە درێژەی پیلانەکانی تری ئەو ڕێژیمەدایە.
تایبەتمەندیی پیلانە سیاسی و بەرنامەداڕێژراوەکانی ئەو ڕێژیمە لەسەر ئەو دیاردەیە زۆر ڕوونە و ئەوەش ئاشکرایە کە لە هەوڵی ئەوەدان ئەمەش وەکوو ئامرازێک بخەنە خزمەتی بەناو ئاسایشی نەتەوەیی ڕێژیمەوە.
شیتەڵکاریی پتری هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و شیکاریی کۆمەڵناسییە، سەرەڕای ئەوەی کە ئامرازی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانە سیاسییەکانی ئەو ڕێژیمە داگیرکەرە لەبەردەستماندا نییە، بەڵام نابێ ئەمە بکەینە بیانوویەک بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوە مەدەنی و خەڵکییەکان، حیزبە سیاسییەکان، پارێزە و یاساناسانی سەربەخۆ و دڵسۆزی کورد بایەخ بەم دیاردەیە نەدەن. ئەرکی مرۆڤپەروەری و ئەخلاقیی هەموومان هەوڵ و هیمەتی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی بخەینە گڕ و بە ڕێکار و لە ڕێگەی جۆراوجۆر و بەتایبە ڕاگەیاندنەکانەوە دەبێ هەوڵێکی جیددی بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە بدرێت.
هەر کار و پیشەیەک بەرانبەر بە هەموو دەستکەوتەکانییەوە، پێویستی بە پاڵپشتیگەلێکی یاسایی و کەرامەت و ڕێزلێنانی کۆمەڵایەتی هەیە و کۆڵبەریش کار و پیشەیەک نییە و تاکوو ڕێژیمی ئێران ئەرکە یاسایییەکانی خۆی لەسەر پەرەپێدانی هەلی کار بە ڕادەیەک کە لەگەڵ بارودۆخی جوگرافیاییی کوردستاندا سازگار و لەبار بێت جێبەجێ نەکا و لەم پێوەندییەدا کەمکاریی بکا، بێگومان ئەو دیاردەیەش دەمێنێتەوە و زیاتریش گەشە دەکا.
بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە کۆمەڵگەی مەدەنی و فەرهەنگیی کورد و پسپۆڕان لەباتی هەوڵدان بۆ چارسەرکردنی کێشەکانی کۆڵبەران و بەتایبەت لە بواری ئەمنییەوە و هەروەها ڕەخساندنی هەلی کار، دیاردەی کۆڵبەری بکەن وەکوو پیرۆزییەک زەق بکەنەوە و بکەونە ناو داوی سیاستە پیلان بۆ داڕێژراوەکانی ژوورە ڕاوێژکاری و فکرییەکای ڕێکخراوە و ناوەند ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم و بەبێ ئەوەی کە خۆمان هەستی پێ بکەین، جێبەجێکاری بەرنامە و پیلانەکانی ئەوان لەسەر خۆمان بین و لەسەر ئەو هێڵەی کە ئەوان بۆ جێخستنی سەرکوتی سیستەماتیکی ئێمە دیارییان کردووە، بەڕێوەبەری پیلانەکانیان بین.
بەڵکوو بە واتای ئەوەیە کە ئەو بارودۆخە ئاڵۆزان وە، سەرکوتکردنە سیستماتیکانە و بەلاڕێدابردنی مێشکی تاکەکان ببینن و لێکۆڵینەوەی زانستی و خەسارناسانە لەسەر هۆکارەکانی بکرێ تاکوو بە وریایی و وشیارییەوە باس لە هۆکارەکان بکەین و هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەرکردنی هەڵبگیردرێ.