وتووێژ جۆرێک لە کردەوەیە لە نێوان دوو یان چەند کەس و ڕێگایەکە بۆ پێوەندی لەنێوان خەڵک بەپێی داب و نەریتی هەر کۆمەڵگەیەک. لێکۆڵینەوەی گفتوگۆ لقێکە لە کۆمەڵناسی کە موتاڵای جۆر و پێکهاتەی ڕەفتاری ئینسانی دەکا و قووڵتر دەڕوانێتە ڕەفتارەکانی گفتوگۆ. هەر وەک زانایان باس لەوە دەکەن کە وتووێژ بەر لەوەی کە پێوەندییەک بێ بۆ بە قەناعەت گەیاندن یان دژایەتیکردن، پێوەندییەکە بۆ تێگەیاندن و تێگەیشتن و لە ڕاستیشدا گفتوگۆ ڕێگەیەکە بۆ زانین و خۆی بەشێکە لە بازنەی ژیری. کە وایە دەتوانین بڵێین گفتوگۆ پێوەندییەکە لە نێوان دوو تاک، دوو کۆمەڵگە، دوو وڵات یان باشتر بڵێین پێوەندییەکە کە دوو یان زیاتر لە دوو بەردەنگی هەبێ.
وتووێژ و دانوستان شێوە و چوارچێوەی تایبەت بە خۆی هەیە. بەپێی دۆخ، کات، زەمەن و جۆری پێوەندی و خواستەکان دەگۆڕدرێ. یەکێک لەو ئامرازانەی کە مرۆڤ بەپێی تەمەنی شارەستانییەتی خۆی گرینگی پێداوە یان پێویستی پێی بووە و تاکوو ئێستاکەش پێویستی پێیەتی، گفتوگۆیە.
لە ڕاستیدا گفتوگۆ بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی مرۆڤ و لە بنەڕەتدا ناکرێ ژیانێکی بێ گفتوگۆ بۆ مرۆڤ لە ئارادا بێ. قسەکردن، دواندن، داوا کردن و کۆمەڵیکی زۆر لەو دەستەواژانە، هەمووی دەگەڕێنەوە سەر ئەو بابەتە کە مرۆڤ و گفتوگۆ، بکەر و کردەوەی یەکترن کە هیچیان بێ ئەوی دیکە، ئیمکانی نییە. بناغەی هەموو پێوەندییەکان گفتوگۆیە و ئەوە لە ڕاستیدا یەکێک لە پێوەرەکانی پێناسەکردنی کۆمەڵگە یان پێکهاتنی کۆمەڵگە وتووێژە. گفتوگۆش وەک تەمەنی مێژووی مرۆڤ لە ئاڵوگۆڕی بەردەوام و پێشکەوتن و تاریف و لێكدانەوەی جۆراوجۆردا بووە و لە مێژووی هاوچەرخیشدا، لەبەردەم ئاڵوگۆڕدایە؛ چونکە جیهان بەو ئاقارەدا دەڕوا کە کێشە و ئارێشەکان بە تایبەت کێشەی نێوان وڵاتان لەسەر بەرژەوەندییەکانیان بە زمانی قسە و پێکهاتن چارەسەر بکەن، تا ئەوەیکە پەنا بۆ زەبر و زۆر ببەن. بە زمانێکی تر وڵاتان لەو سەردەمەدا بەو ئاستە گەیشتوون کە گفتوگۆ زمانێکی بەهێزتر لە زمانەکانی تری ویست و خواستەکانە کە دەتوانرێ کەڵکی لێ وەربگیردرێ و بە خەسارێکی کەمتر لە درێژماوەدا، داخوازییەکان و بەرژەوەندییەکانی پێ بپارێزرێ.
گفتوگۆ و زمانی گفتوگۆ حاڵەت و تایبەتمەندیی جۆراوجۆر بە خۆیەوە هەیە. تەنانەت بۆ هەر کەیس و بابەتێک بەپێی دۆخ و شوێن جیاوازیی هەیە. ئەوە هونەری لایەنەکانی بەرانبەرە کە چۆن و بە چ شێوەیەک لەسەر مێزی گفتوگۆ هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و وەدەستهێنانی خواست و بەرژەوەندی زیاتر بدەن. جیا لەوانەش داهێنان لەو پرۆسەیەدا ڕۆڵیکی گرینگ دەگێڕێ و ئەوەی کە وردەکارییەکان چۆن دیاری بکرێن و سنوورەکان سەبارەت بە جۆری پێوەندی و گفتوگۆ چۆن دیاری دەکرێن، دەگەڕێتەوە سەر ئاستی وشیاری، ژیری و زانیاری لایەنەکان. لە ڕاستیدا گفتوگۆ خۆی دەبێ وەک زانستێکی جیا چاو لێ بکرێ و لە بازنەیەکی تایبەتیدا تاریف و ڕوون بکرێتەوە و بایەخێکی زۆری پێ بدرێ. ئێستا زۆربەی وڵاتە زلهێزەکان، گفتوگۆ وەک چەکێکی بەهێز و کاریگەر چاو لێ دەکەن کە مەشروعییەتی یاسایی و نێودەوڵەتیشی لە پشتە. لە ئاکامی گفتوگۆ کە بە پەسندی لایەنەکان دەگا، لە باسی ماف و یاسادا بە گرێبەست نێو دەبردرێ و لایەنەکان بێ هیچ زەبر و زەنگێک مەجبوور بە پێبەندبوون بە نێوەرۆکی هەموو ئەو بابەتانە دەکا کە لە نێوەرۆکی گرێبەستەکەدا هاتوون؛ هەرچەند کە پێبەندنەبوون بەو ماف و خاڵانەی کە قبووڵ کراون، دەبێتە هۆی ئەوەی کە لایەنی بەرانبەر بەپێی ڕێوشوێنی یاسایی یان دیاریکراو لە گرێبەستەکەدا، گوشار بخاتە سەر لایەنەکەیتر بۆ بەجێهێنانی ئەرک و حاڵەتە دیاریکراوەکان یان قەرەبووکردنەوەی جێبەجێنەکردنی بەڵێننامەکە.
ئەوەی کە گرینگە ئاماژەی پێ بکرێ، ئەوەیە کە گفتوگۆ کۆمەڵێک بنەما و کۆڵەکەی پێویستە بۆ بەهێز بوون. یانی کاتێک لایەنەکان بە مەبەستی پێکهاتن یان قسەکردن لەسەر بابەت یان کێشە یان باسەکان کۆ دەبنەوە، دوو مەسەلە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن؛ یەکەم هێزی گفتوگۆیە، بەو مانایە کە دوو لایەن یا چەند لایەن بە چ هێزێکەوە لەسەر مێز دادەنیشن. بچووکترین ڕووداوەکان هەتا گەورەترینیان کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەپێی پێویست لەسەر پڕۆسەکە دادەنێ. هەربۆیەش لە گفتوگۆدا بە تایبەت لە گفتوگۆی سیاسیدا، جگە لە ڕەچاوکردنی دۆخی سیاسیی لایەنەکان سەبارەت بە خۆیان و بە یەکتر، پێویستیانە کە ڕۆڵ و کاریگەرییە سیاسییەکان لە ناوچە و جیهانیش بە هەمان ڕادە لەبەرچاو بگرن و خوێندنەوەیان هەبێ لەسەر کارتێکەرییەکان لەسەر خۆیان و ئەو دۆخەی کە دەیانهەوێ پێکیبێنن، یان ئالوگۆڕی بەسەردا بێ. ئەوەش جێگەی ئاماژەیە کە بەهێزی لە گفتوگۆدا، پێویستیی بە کۆمەڵێک هێز و توانا هەیە لە زۆر بواردا، بە تایبەت لە بوارەکانی ئابووری، نیزامی، ڕادە و چۆنیەتیی پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە و دۆخی نێوخۆی وڵات.
ئەوەی کە لە زۆربەی کاتەکانی مێژووی مرۆڤدا ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە و ئێستاش یەکێکە لە دەورگێڕانی لە گفتوگۆکاندا، ئابوورییە، کە لەو سەردەمەدا وەک چەکێکی قورس چۆنیەتیی ڕێککەوتنەکان، هەڵوێستەکان، بەرژەوەندی و داڕشتنەکان و زۆربەی چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی پێوەندییەکان و چوارچێوەکان دیاری دەکا. لە لایەکی دیکەوە مێدیاکان، ڕای گشتی، کولتوور و کۆمەڵگەش لەو ماتەوزانەن کە ناکرێ چاوپۆشییان لێ بکرێ. بە تایبەت کولتوور کە خۆی بەشێکی دانەبڕاوە لە گفتوگۆکان، کە وەک ئامرازێکی ڕێخۆشکەر بۆ لە یەکتر نیزیک بوونەوە یان دوور کەوتنەوە لە هێندێک بابەت و باس کەڵکی لێ وەردەگیرێ. زۆر سادەتر دەتوانین بڵێین هەر پوتانسییەلێک کە هەر یەک لە بەرانبەرەکان لە بازنەی هێز، دەسەڵات، ئیمکانات و لە دەسکەوتەکانی خۆیان هەیانە، لە ڕەوتی گفتوگۆ ا ڕۆڵ دەگێڕێ. بەڵام لایەنەکی دیکەی گفتوگۆ، گفتوگۆی بەهێزە، کە بەشێکە لە پڕۆسەی گفتوگۆ. ئەوەی کە کام لایەن لەو دووانە زیاتر کەڵک لە کام یەک لەوانە وەردەگرێ، دەگەڕێتەوە سەر پوتانسیەل و ئیمکانات و تواناکانی خۆی. بەڵام گفتوگۆی بەهێز چییە؟
دەکرێ بگوترێ ئەو گفتوگۆ و باسەیە کە لایەنێک بە هێنانە بەرباسی بابەتەکان و شیکردنەوە و وێناکردنی حاڵەتەکان لە کورتماوە و درێژماوەدا، بەرانبەرەکەی بەو قەناعەتە بگەیەنێ کە مەبەستی لە دیاریکردنی ئەو حاڵەتانە یان ئەو پێکهێنان و تێبینییانە، بەرژەوەندیی دوو لایەن زیاتر دەپارێزێ و دەبێتە هۆی پێشگیری لە خەسارەکان بۆ هەردووک لایەن. بۆ نموونە دیتراوە کە لایەنێک هێزی گفتوگۆی لە لایەنی بەرانبەر کەمتر بووە، بەڵام توانیویەتی گفتوگۆیەکی بەهێز ساز بکا و دەسکەوت و گرێبەستێکی باشیش پێک بێنێ. ئەوەی کە ڕوونە لەسەر مێزی گفتوگۆ، هیچکات دوو لایەنی بەرانبەر لە ئاستێکدا نەبوون؛ ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر هەموو ڕەهەند و حاڵەتەکان و دۆخی وڵاتان. بە تایبەت ئەگەر گفتوگۆ لەنێوان دەسەڵاتێک و بزاڤ و بزووتنەوەیەکی ئارایی لەو وڵاتەدا بێ. ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە هێزی بەرانبەرەکان نە تەنیا هاوسەنگ نییە، بەڵکوو زۆریش نابەرابەرە. هەربۆیە گفتوگۆی بەهێز خۆی وەک چەکێک وایە بۆ بەرانبەرێک کە هێزی گفتوگۆی لەگەڵ لایەنی بەرانبەری لە ئاستێکی هاوسەنگدا نییە. بۆ ئەوە دەبێ جیا لە لێکۆڵینەوە و وردبوونەوە لەسەر ویست و داخوازەکانی لایەنی خۆت، دەبێ خاڵی لاواز و بەهێزیی بەرانبەر بەتەواوی بناسی، کاری لەسەر بکرێ و لە هەمان کاتدا ئەوە ڕوون بێتەوە کە چۆن دەکرێ ئەو خاڵانە بکرێنە مەسەلە یان ببنە ئامانج بۆ شوێندانەری لەسەریان. لە ڕاستیدا بەرانبەرێك کە هێزی گفتوگۆی لە ئاستی لایەنی بەرانبەریدا نییە، دەبێ بتوانێ گفتوگۆیەکی بەهێز ساز بکا کە دوور لە ڕاستییەکان و ئیمکانات و زەرفییەتەکانی خۆی نەبێت. ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر جۆری ویست و داخوازییەکان و چۆنیەتیی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ دۆخی خۆی و هەروەها هێزی داهێنان و گۆڕینی حاڵەتەکان بۆ هێنانە سەری گفتوگۆیەکی بەهێز.
ئەگەر بێینە سەر مەسەلەی ڕۆژهەڵات و خەباتی حیزبی دێموکرات لەسەر ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان، مێژوو ئەوە دەردەخا کە حیزبی دێموکرات لە ڕۆژی یەکەمەوە لەسەر ویست و خواستی گەلی کورد سوور بووە و بە شانازییەوە ئەرکی نوێنەرایەتیی خەڵکی وەئەستۆ گرتوە و لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک بەپێی دۆخ و زەرفییەت و ئیمکانات کۆتایی نەکردوە. بەڵام ئەوەی کە لە نێو حیزبدا جێی سەرنجە، ئەوەیە کە دیالۆگ و گفتوگۆ جێگە و پێگەیەکی زۆر بەبایەخی هەیە و ئەوەش دەکرێ بە وردبینی و لێکدانەوەی باشی دوکتوورینی حیزبی دێموکرات دابندرێ کە لە هەموو هەلومەرجێکدا و تەنانەت لە کاتی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ دەسەڵاتی دژە گەلیی حکوومەتی ئێران؛ هاوکات ئامادەگی خۆی بۆ دانوستان و دانیشتن لەسەر مێزی وتووێژ دەربڕیوە. لە ڕاستیدا حیزبی دێموکرات بە هەڵسەنگاندنی ڕاستییەکانی نێوخۆی وڵات و پوتانسییەلەکان و تێگەیشتنێکی باش لەو ڕاستییە کە وتووێژ و گفتوگۆ لە ئاکامدا چارەسەری زۆربەی هەرە زۆری کێشەکانە، ئەو ڕەوتەی کردۆتە پێوەر و ئەساس بۆ ڕەخساندنی هەلی بە ئاکام گەیشتنی ئامانجەکان. هەر بۆیە بۆ حیزبێکی سیاسی کە دژی سیاسەتەکانی دەسەڵاتی وڵاتە، پێکهێنانی گفتوگۆیەکی بەهێز گرینگە. بۆ نموونە یەکێک لە ڕێگەکان ئەوەیە کە بەپێی دۆخی ئێران و لە کاتی ئێستادا، بە ڕەچاو کردنی زۆرینە و کەمینەکان و باڵانسی ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵات، بەرەیەک پێک بێ، کە نە تەنیا گفتوگۆیەکی بەهێز بێتە ئاراوە، بەڵکوو بتوانرێ هێزێکی گفتوگۆش بە مەبەستی گەیشتن یان نیزیک بوونەوە بەو بەشە لە ئامانجە دیاریکراوەکان و هاوبەشەکان، لە نێوان بەرەی پێکهاتوو پێک بهێندرێ و ئاڵوگۆڕی بیروڕای لەسەر بکرێ.