لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا ئەمریکا و ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودی و چەند ولاتی عەڕەبیی دیکەی کەنداوی فارس کە هیچ پێوەندییەکی فەرمییان لەگەڵ ئیسرائیل نییە مانۆڕێکی نیزامیی هاوبەش و گەورە و بەربڵاویان لەژێر ناوی “ئای ئێم ئیکس ٢٠٢٢” لە ئاوەکانی ڕۆژئاوای ئەفریقا و ئۆقیانووسی هینددا بەڕێوە برد. ئەو مانۆڕە بەربڵاوە کە تێیدا سەدان فڕۆکەی شەڕکەر و کەشتی و هەزاران سەرباز بەشدار بوون لە حالێکدایە کە لەلایەک حووسییەکانی یەمەن -کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تەیار دەکرین- بە هێرشیی مووشەکی دوورهاوێژ هەڕەشەی جیدییان خستۆتە سەر وڵاتانی عەرەبی کەنداو و لەلایەکی دیکە هەواڵدەرییەکان باسی مانۆڕی نیزامی زۆر گەورەی ئیسرائیل دەکەن کە لەودا جگە لە فڕۆکە شەرکەرەکانی پێشکەوتوو، فڕۆکەی سووتەمەنینێریش بەشدار بوون و مەودای مانۆڕەکە ڕێک وەک مەودای نێوان ئیسرائیل و نێو جەرگەی ئێرانە.
ئەو دوو مانۆڕە نیزامییە لە حالێکدا بەڕێوە دەچن کە کۆماری ئیسلامییش لەلایەک سەرقاڵی وتووێژەکانی ژیاندنەوەی بەرجامە و لەلایەکی دیکە بۆ سەپاندنی مەرجەکانی خۆی بەسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی جارناجارێک مانۆڕی نیزامی بەڕێوە دەبا و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی ئەوە دەکا کە پیتاندنی ئۆرانیوم دەگەینێتە ئاستێک کە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی پێویستە. ئەوەی لێرەدا جێی ئاماژەیە و بۆ ڕێژیمی ئێران و ئەمریکا و هاوپەمانەکانی لە ناوچە گرینگیی تایبەتی هەیە، ئاکامی وتووێژەکانی بەرجام و ئاڕاستەی هێزەکان لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. بەدڵنیاییەوە ئاڕاستەی هێزەکان و وڵاتانی ناوچە بەئیسرائیلیشەوە بەڕەو پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو بەدژی کۆماری ئیسلامی دەڕۆن و وڵاتانی عەرەبی ناوچە کە سەردەمانێک دژبەری سەرەکی ئیسرائیل بوون و چەند جارێک بە هەموو هێزەوە لەگەڵی لەشەڕدابوون، ئێستا لەبەر مەترسیی ڕێژیمی ئێران و ئەو سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەو دەستێوەردانانەی ئاخوندەکان بە ناوی ناردنەدەرەوەی شۆڕش لەگەڵ ئیسرائیل لە بەرەیەکدان و ئەوەش نیشان دەدا کۆماری ئیسلامی زۆرتر لە پێشوو تەریک بۆتەوە و وەک دەسەڵاتێکی جێی گومان سەیر دەکرێ.
بەرجام ئەگەر سەرکەوتوو بێ و دوو لایەنی دژبەر لەو وتووێژانە بتوانن بە ڕێککەوتنێک بگەن، بێگومان بە قازانجی کۆماری ئیسلامی نابێ و لەڕاستیدا ئەو هاوکێشەیە وەک کێشانی ددانی مار وایە، چونکە لەلایەک بە زیندووکردنەوەی بەرجام ئەگەر بەشێک لە گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی لادەبرێ، زۆر لە گەمارۆکانی دیکە دەمێننەوە و ڕێژیم بەهۆی پەسندنەکردنی پەیمانی”FATF” ناتوانێ سوودێکی ئەوتۆ لە ڕێککەوتنی بەرجام وەرگرێ؛ هەروەها پرس و ئارێشەی دیکەی جێی ناکۆکیی نێوان کۆماری ئیسلامی و دونیای دەرەوە وەک سیاسەت و کردەوەکانی لە ناوچە و بەرنامە مووشەکییەکانی ماون کە لە داهاتوودا بەرۆکی ئەو ڕێژیمە دەگرن و وڵاتانی ناوچە بە دژی کۆماری ئیسلامی لێک نیزیک دەکەنەوە. درێژەکێشانی شەڕی یەمەن و هاوکاریی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی لە حووسییەکان بەدژی عەڕەبستان و هاوپەیمانەکانی، کێشە و قەیرانی سیاسی لە لوبنان و دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە بەهۆی حیزبوڵڵاوە کە ئەو وڵاتەی گەیاندوەتە ئاستی لێکهەڵوەشان، دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و زۆر کارو کردەوەی دیکە لە ناوچە، نیشان دەدەن کۆماری ئیسلامی ناتوانێ خۆ لە لێکەوتەکانی نیزیکبوونەوەی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو ڕزگار بکا. ئێستا ئیدی هەموولایەک گەیشتوونە ئەو بروایە کە کۆماری ئیسلامی جێی متمانە نییە و ئەگەر بەرجامیش زیندوو بێتەوە، ئامانج و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی ولات نەگۆڕە، هەربۆیەش ئاڕاستەی هێز و هاوپەیمانەتییەکان بەپێچەوانەی ویست و ئامانجەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران دەبێ و ئەوەی لەوبەینەدا دۆڕاوی سەرەکییە کۆماری ئیسلامییە.
جگە لەوەش لە نێوخۆی وڵات ڕێژیم لەگەڵ دەیان قەیرانی جۆراوجۆر بەڕەوڕوویە؛ لەلایەک ئابووری ئێران داتەپیوە و دەسەڵاتداران بۆ چارەسەری ئەو دۆخە دۆشداماون و نازانن چۆن لێیدەرباز بن، لەلایەکی دیکەش ڕۆژ نییە خەڵکی نارازی و وەزاڵەهاتوو لەو دۆزەخەی کۆماری ئیسلامی پێکی هێناوە نەیەنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان دەرنەبرن. ناڕەزایەتیی مامۆستایانی قوتابخانەکان و خانەنشینکراوەکان کە لە زۆربەی شارەکان بەڕێوە دەچن، تەنگی بە ڕێژیم هەڵچنیوە و سەڕەرای دەسبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستانان ئەو ناڕەزایەتییانە بەردەوامە و کۆماری ئیسلامی لە ئاست دەنگی مافخوازانەی مامۆستایان دەستەوەستان ماوەتەوە. هەروەها ناڕەزایەتیی کرێکاران و زۆر لە چین و توێژەکانی بێدەرەتانی کۆمەڵگە، بەردەوامە و خەڵکی ناڕازی داوای مافەکانی خۆیان دەکەن.
کۆماری ئیسلامی لە دوو بەرەی سەرەکی، واتە لە نێوخۆ، لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و لە دەرەوە لەگەڵ ئەمریکا و بەگشتی جیهانی دەوەرە بەڕەوڕوویە و بۆ مانەوەی خۆی لەدەسەڵاتدا دەبی خۆی یەکلایی بکاتەوە؛ یان دەبێ وەک ڕابردوو لە ئاستی جیهان و ناوچەدا لە سیاسەتەکانی خۆی بەردەوام بێ و دژایەتیی ئاشتی و ئارامی لە ناوچە بکاتەوە، یان دەبێ بۆ ویست و داخوازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە جیهانی و ناوچەییەکان مل ڕاکێشی و واز لە سەرکێشییەکانی خۆی بێنێ؛ لە نێوخۆی وڵاتیش بەلەبەرچاوگرتنی ئاستی قەیرانە هەمە لایەنەکان و بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ئەو ڕێژیمە ناچارە یان ملکەچی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووبێ، کە بەدڵنیاییەوە ویستی خەڵکی بەڕەو ڕادیکاڵتربوون دەچێ و دەچێتە خانەی ڕێفراندۆم و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، یان درێژە بە سیاسەتی سەرکوت و گرتن و کوشتن بدا کە ئەوەش ناتوانێ زۆر درێژەی هەبی؛ هەر بۆیەش داهاتووی ئەو ڕێژیمە نگریسە دیارە و ئاخوندەکان ناتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە بە دەسەڵاتی دژی گەلی خۆیان بدەن.