سەدەی نۆزدەی زایینی کە دەکرێ بە سەدەی ڕابوونی کورد پێناسە بکرێ بە سەرهەڵدانی زیاتر لە پەنجا شۆڕش و بەرخودان دوای دەسەڵاتی میرنشینەکانی کورد هێدی هێدی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی بە وێرژێنێکی نوێ دەگوورێ کە ئاکامەکەی دەرکردنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە قاهیرە (١٨٩٨) بوو. بە تایبەت ئەو کلوپانەی لە باکوور و لە شارەکانی دیاربەکر، مەلاتییە، ماردین، خارپۆت و… وەک شوێنێک بۆ چالاکیی مەدەنی و برەودان بە هەستی ناسیۆنالیزمی کورد دادەمەزرێن و بە شێوەیەکی سڤیلمەند پەرەیان پێ دەدرێ، دواتر ئەو پێواژۆیانە لە سەدەی بیستەم لەونێکی مۆدێرنتر بەخۆوە دەگرن.
دەگەڵ هەموو ئەو گوشار و خەفەقانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوەند لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا هەبووە، چینی هەڵبژاردەی کورد بێوچان هەوڵی داوە لە ڕێگەی ئاشتییانە و مەدەنی ویست و داخوازییەکانی خۆی بەرز بکاتەوە، جارێکی تریش دوای سێ پەیماننامەی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی (سایکس پیکۆ، سێڤەر و لۆزان) کوردستان بە دامەزراندنی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەکان دەکەوێتە بەر شاڵاوی ژینۆساید، ئاسێمیلەبوون و قڕکردن و، بزاڤی حەقخوازانەی کورد لەسەدەی بیستەم بە شێوازی جۆربەجۆر و بە فۆڕمێکی مەدەنی-نیزامی درێژەی پێدەدرێ.
لە جەرگەی شەڕی دووهەمی جیهانی یەکەم کۆمەڵەی ژیارمەندی ئهو سهردهم “ژێکاف” (١٣٢١ک) بە ئایدۆلۆژیایەکی ڕوون و ناسیونالیزمێکی دیار کە هەتا ئەوکات چ لە ڕووی فۆڕمەوە چ لە نێوەڕۆک تەنانەت پێکهاتەکان و بەشداربووان ئاوارتە بوو، لە شاری مهاباد دادەمەزرێ و بە وێژمانێکی نوێ و پراکتیکی، واتە گەیشتن بە سەربەخۆیی و پێکهێنانی کوردستانێکی گەورە دەست بە خەبات و تێکۆشان دەکا. لە مەرامنانەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورددا هاتووە: “کۆمەڵەی ژێکاف لەسەر چوار کۆڵەکەی ئیسلامەتی، کوردایەتی، مەدەنییەت، سوڵح و ئاشتیخوازی دانراوە”.
دواتر لە یەکی خەزەڵوەری ١٣٢٤* ڕێکخراوێکی سیاسیی نوێ بە ناوی “حیزبی دێموکراتی کوردستان” لەسەر بناغەی کۆمەڵەی “ژێکاف” دامەزرا و به هیندێک گۆڕان، حیزبی دێمۆکراتی کوردستان فەلسەفەی وجوودیی خۆی لەو کۆمەڵەیە وەرگرت و دوای چەند مانگێک لەسەر خوانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆماری کوردستان بە ڕێبەرایەتی قازی محەممەد لە ٢ـی ڕێبەندانی١٣٢٤ هەتاوی دادەمەزرێ.
کۆماری کوردستان لە پرۆسەی هێنانەئارای چەمکیی نیشتمانپەروەری و “نەتەوەسازی”یدا هەم ئاوات و ئارەزوەکانی خەڵکی کوردستانی وەدی هێنا، هەم توانی ئەو هەستە هاوبەشە لەنێو خەڵکی کوردستاندا دروست بکات کە خۆیان بە خاوەنی ئەم دەسکەوتە بزانن. کۆماری کوردستان لە ڕەوتی دەسەڵاتداریی خۆی لەم ١١ مانگەدا بە کۆمەڵێک داهێنان و دەسکەوتی وەک: بەشداریی چالاکانەی ژنان و لاوان لە چوارچێوەی ڕێکخراوگەلی مەدەنی، خوێندن بە زمانی کوردی، بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار تەنانەت بۆ منداڵان (گڕوگاڵ)، پهیوهندیی سیاسی و بارزگانیی کۆماری کوردستان لهگهڵ کۆماری دیموکراتی ئازهربایجان و یهکیەتیی سۆڤییهت بۆ بووژانهوه و گهشهی ئابووری و بازرگانی، ڕێککهوتن لهگهڵ کۆماری ئازهربایجان بۆ چارهسهرکردنی هێمنانهی کێشهی سنوور، ههروهها پرسی هاونیشتمانیانی دوولایهن که له خاکی یهکتردا دهژیان، بەشداری نوێنەران و چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سێ بەشەکەی دیکەی کوردستان کە وەک یهکهمین کۆماری نهتهوهیی و دیموکراتیک له مێژووی نوێی ڕۆژههڵاتی نێوهڕاستدا دەتوانرێ پێناسەی بۆ بکرێ کە پێشەوا و هەیئەتی وەزیران هەستیان پێ کردبوو و کردیانن، دەستی بە کار و چالاکی کرد. بەڵام سێ هێما و ئێلێمان کە وەک ڕەمزێک دوای ٧٦ ساڵ نەک هەر لەبیر نەکراون بەڵکوو ناسیونالیزمی کوردی و نەتەوەی کورد بەجۆرێک شوناسی خۆی لێ وەرگرتووە و بووەتە سێ کوچکەی بیری نیشتمانپەروەری و دەکرێ بڵێم سەرجەم بزووتنەوەکانی کورد دوای نەمانی کۆمار، هەوێتیی خۆیان هەرنەبێ لە بواری مێژووییەوە لەوە وەرگرتووە بریتین لە: “ئاڵای کوردستان”، “سروودی نەتەوایەتی”، “هێزی پێشمەرگە”.
ئەگە لە هەموو وڵاتێکی سەربەخۆ و سەربەست ڕۆژی نەتەوەیی بەم سێ هێمایە دەناسرێ، بەڕێوە دەچێ و تاکی ڕەسەن شانازیی پێوە دەکا، لە کوردستان بزووتنەوەی کورد لە نەبوونی حکومەتێکی سەربەخۆ دەیکاتە هەوێنی ڕەوتێکی هزری بۆ گەیشتن بەم ئاواتە.
لە دوای نەمانی کۆمار، بەرنامەی سیاسیی کۆمار و کەسیی پێشەوا وەک مانیفێستێکی ناسیۆنالیستی پەنگی داوەتەوە، بە جۆرێک کە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کوردی و دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین لە ئامانجە بەرزەکانی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بێ و چەمکی “نەتەوە سازی”ـی پێ بهۆننەوە! بەشی هەرە زۆری ئەو هێز و حیزبانەی لە چواربەشی کوردستان دامەزران و خەبات بۆ ئازادی و سەربەستیی گەلی کوردیان دەست پێ کرد، خۆیان بە پاشماوەی فکریی کۆمار دەزانن و بەمەبەستی پاتەبوونەوەی سیستەمی کۆمارێکی دێموکراتیک یان ئایدیای نزیک لەمە تێکۆشاون.
لەلایەکی دیکەشەوە جڤاکی سڤیل و شەقامی کوردی بەدوای ئەو دیسکۆرسە پێشکەوتووەدا ڕۆیوە و بە ئێستاشەوە وەک باشترین مۆدێل و میناک بۆ دواڕۆژی کوردستان بۆ پتەو بوونی ڕێزەکانی و نۆستالۆژیاییەکی بەهێزی مێژوویی سەیری دەکا.
لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی کورددا کۆماری کوردستان چ وەک دەسکەوتێکی بەرهەست کە بریتی بوو لە دەسەڵاتێکی سیاسی بە هەموو تایبەتمەندییەکی دامەزراوەیی و دەوڵەتی کە توانی بۆ ماوەی ١١ مانگ ئیرادەیەکی پڕ لە شانازی و دەسکەوتی نەتەوەیی پێشکەش بکا، چ وەک هێما و سیمبولێکی دەرهەست کە هەتا ئێستاش مرۆڤیی کورد لەوپەڕی ماناکانی “کوردایەتی و نەتەوە” سەرچاوەی ئیلهام بۆ بنیاتنانی داهاتووی خۆی وەک پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی دەزانێ بە ڕووداوێکی گرینگ دادەنرێ. ئەم ڕووداوە لە درووستکردنی هەستێکی هاوبەشی نەتەوەیی لەنێو کۆمەڵگەی کوردستاندا ڕۆڵێکی ئەرێنی و کارتێکەری هەبووە. ئەم هەستە هاوبەشە کە لە پرۆسەی “نەتەوەسازی”دا بنیات و بنەمایەکی پتەوی زانستییە و وای کرد کە هەموو تاکێکی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، کۆماری کوردستان بە هی خۆی بزانێ و بە هەر شێوەیەک کە بۆی دەگونجێ لە چەسپاندن و پاراستنیدا بەشدار بێت. کەوابوو کۆماری کوردستان ئەو سەرەتا هاوبەشە مانادارە نەتەوەییە بوو کە کورد بە گشتی خاوەندارێتیی لێ بکا و ببێتە قەوارەیەک بۆ کۆکردنەوەی هەستێکی هاوبەش لەنێو پێکهاتەیەکی تایبەتدا بە ناوی نەتەوەی کورد.