بەرژەوەندیی نەتەوەیی توخمی سەرەکیی سیاسەتی نێودەوڵەتییە، کە بڕیاردەرانی دەسەڵاتی سیاسی هەر وڵاتێک لە داڕشتنی ستراتیژیی سیاسەتی دەرەکیی خۆیاندا بە لەبەرچاوگرتنی ئامانجە نەتەوەیی و ڕەفتار و ساتوسەودایان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا وەک بناخەی سەرەکی ڕەچاوی دەکەن. بە دیوێکی دیکەدا چی لە قازانج و بەرژەوەندیی وڵات و گەلەکەیاندا بێ دەیقۆزنەوە و بەو نەفەسەش بەگژی مەترسییەکان بۆ سەر وڵاتەکەیاندا دەچنەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵام یەک لەو وڵاتانەیە کە سیاسەتی دەرەکیی خۆی نەک لەسەر ئەستۆندەگی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، بەڵکوو ئیدئۆلۆژیی شیعیزمی سیاسی داڕشتوە و هەر لەو سۆنگەیەشە وڵاتی تا لێوارەکانی شەڕ بردۆتە پێشێ و خەڵکیشی دەستەویەخەی دەیان قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کردوە.
“نە بەرەی ڕۆژهەڵات، نە بەرەی ڕۆژئاوا – هەر کۆماری ئیسلامی” یەک لە دروشمەکانی سەر زاری خەڵک لە ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ بوو، دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتیش ئەم دروشمە لە سەردەرانەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتدا نەخشێندرا و هەتا ئێستاش لەجێی خۆیەتی. کەچی بەکردەوە دەبینین لەدژی ڕۆژئاوا شمشیری لە ڕوو بەستوە و شەش دانگ بۆ لای ڕۆژهەڵات (چین و ڕووسیە) شکاوەتەوە. ئەو شکانەوەیەش نەک لەپێناو قازانج و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی وڵات، بەڵکوو تەنیا لەبەر هێشتنەوەی خۆیان و پاراستنی دەسەڵاتەکەیان، ئەویش بەنرخی بەخشین و هەرزانفرۆشکردنی هەر هەموو سامان و سەرچاوە سرووشتییەکانی وڵات بەو دوو وڵاتە. ڕێککەتنی ٢٥ ساڵەیان لەگەڵ چین و سەفەری بێوچانی کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ ڕووسیە لەپێناو گرێبەستە نووسراو و ڕانەگەیندراوەکان زۆر شتیان تێدا دەخوێندرێتەوە کە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن.
نالێکیی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە سەر سیاسەتی ئیدئۆلۆژیگەرایانەی ڕێژیم کە هەر لەگەڵ سواربوون بەسەر شەپۆلەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی دژی پاشایەتیدا، سیاسەتی “هەناردەکردنی شۆڕش” بۆ دەرەوەی سنوورەکان و پەرەپێدانی شیعەگەریی خرایە پێشترینەکان کە ئەم سیاسەتە هەتا ئێستاش هەر درێژەی هەیە. کۆماری ئیسلامی کە وڵاتانی عەڕەبیی ناوچەی بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەدی و بە بەردەوامی بە چاوی دوژمن سەیری عەڕەبستان، ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەتایبەت ئەمریکای کردوە، بۆ مانەوەی خۆی لەو گۆڕەپانەدا سیاسەتێکی نەگۆڕی گرتۆتە پێش کە خۆی لە ناسەقامگیرکردنی ناوچە، دروستکردنی گرووپ و میلیشیا بۆ شەڕی نیابەتی و دەستڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتومی و چەکی کۆمەڵکوژی وەک مووشەکە بالستیکەکاندا دەبینێتەوە. ئەم سیاسەتە نەگۆڕەی دەرەکیی ڕێژیم بەڵام چارەنووسی خەڵکی ئێرانی گۆڕیوە و لەو سۆنگەیە ئەمڕۆکە دەبینین خەڵکی ئێران کراونەتە قەڵغانی شەڕانشۆییەکانی ڕێژیم و نوقمی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کراون.
لێکەوتەی کارەساتباری سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی پێش هەموو شتێک ئەوکی خەڵکی گرتووە و هاڕیونی. لە بواری ئابوورییەوە کۆماری ئیسلامی ساڵانەی بەشی هەرە زۆری بودجەی وڵات لە بری پەرەپێدان بە پیشەسازی، پەروەردە ئاوەدانکردنەوە، ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوە لە خەسار و زیانە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پڕۆژە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی خەرج دەکا. تێچووی سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیم کە بۆ پێشخستنی پلانەکانی دەیان گرووپی میلیشیایی لە چەندین وڵات دامەزراندوە، هەروەها بەرنامە مووشەکی و ئەتومییەکەی لە تەنیشت کارتێلی سیاسی_ئابووریی سپای پاسداران هیچیان بۆ خەڵک نەهێشتۆتەوە. بۆیەشە لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە گشتییەکان پتر لە هەموو کاتێک سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیم خراوەتە ژێر پرسیار و دروشمی “نە غزە نە لبنان – جانم فدای ایران” بەرز کراوەتەوە.
بەلاوە نەهاتنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەبەرهێنان و گەمارۆکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەدژی ئێران کە لێکەوتەی سیاسەتی دەرەکی و پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆریزم و قەیرانخوڵقێنیی ئەم ڕێژیمەن، لە تەنیشت گەندەڵیی کاربەدەستان و ئابووریی ڕانتی هیندەی دیکە پەرەی بە قەیرانە ئابوورییەکان و لەو سۆنگەیە هەڵکشانی بێکاری و گرانی داوە.
لە بابەت مەسەلەی پرستیژیشەوە کۆمەڵگەی جیهانی ئێران وەکوو ماکەی سەرەکیی تێرۆریزم، شەڕ و ئاژاوە چاو لێدەکا و بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە و ئاشکرابوونی درۆ و دەلەسەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئیدی لە ئێستادا هیچ ئێعتبارێکیان بۆ ئەم ڕێژیمە نەهێشتۆتەوە. ڕەنگبێ هەر چەندیوچۆنیی ئێعتباری پاسپۆڕتی وڵات پێوەرێکی باش بۆ هەڵسەنگاندنی پێگە و پڕستیژی ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامی بێ. پاسپۆرتی ئێرانی لە نێو وڵاتانی جیهاندا، نزمترین پلەکانی هەیە و هاووڵاتییانی بەو پاسپۆڕتە دەتوانن لە نێوان ٢١٨ وڵاتی جیهاندا، تەنیا هاتوچۆی کەمتر لە ٤٠ وڵات بکەن. وڵاتانێکی وەک ڤێنێزۆئێلا، زیمبابوە، ئیریترییە، ئیتیۆپی، نیجێرییە و ئانگولا و… .
کۆماری ئیسلامی لە ئێستاشدا و سەەرڕای ئەو دۆخە تڕاژیدیکە ئامادە نەبووە پێداچوونەوە بە سیاسەتی دەرەکیی خۆیدا بکا و بە تەواوی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تەنیا لە سۆنگەی “مەیدان”ەوەیە کە دەتوانێ لە مەیداندا بمێنێتەوە. ئەگەرچی لە هەموو لایەکەوە خراوەتە ژێر گوشارەوە. یەکەم ئەو گرووپ و میلشیا و لایەنانەی کۆماری ئیسلامی بۆ شەڕی نیابەتی لە ناوچەدا دروستی کردوون و ئێستا بەشێک لە ناسەقامگیریی ناوچەکەن، چ لە ڕووی پێگەی سیاسی و چ لە ڕووی توانای سەربازییەوە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە پاشەکشەی زیاتر دان، حیزبوڵڵا لە لوبنان، حەشدی شەعبی لە عێراق و حوسییەکان لە یەمەن نموونەیەکی بەرچاو لەو داگەڕانەن کە لە ڕاستیدا بەمانای شکستی کۆماری ئیسلامی دێ.
بابەتێکی دیکە ڕێژیمی ئێران دەبێ خۆی لەگەڵ یەکلا کاتەوە مەسەلەی بەرنامەی ئەتۆمییە کە یان ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی لایەنی بەرجام پێک دێ و دەست لە دەیان ساڵ کات و دەیان میلیارد دۆلار دەشواتەوە کە بۆ بۆمبی ئەتوم و مووشەک تەرخانی کردوە، یان مل بۆ ئیرادەی کۆمەڵگەی جیهانی نەوی ناکا و لەو سۆنگەیەوە بەرەوڕووی کۆمەڵێک ئەگەر و سیناریۆی دیکە دەبێتەوە. دواجار ئەوە کە سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی ئێستاش نەبێ، لە داهاتوویەکی نیزیکدا سەری ئەو ڕێژیمە دەخوا.