حکوومەتە دیکتاتۆرەکان هەموو ڕێگایەک بۆ سەپاندنی هێژمۆنیی خۆیان دەگرنەبەر و لە بنەڕەتڕا مانەوەی خۆیان لە تواندنەوە یا ئەوانیتردا دەبینن.
لە ئێران کە بەرەبەرە نوێگەرایی بە لاساییکردنەوە لە وڵاتی دیکە لە سەردەمی ڕەزاشای قاجارەوە هاتە ئاراوە، پاش کودەتای ڕەزاخان و دامەزرانی نیزامی پاشایەتیی پەهلەوی کۆلۆنیالیزمی فەرهەنگی و داگیرکردنی زمان و شوناسی نەتەوەو ئەتنیکەکان یەکێک لە سیاسەتە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی پەهلەوی بوو، کە بە میرات هێشتا لە ناخ و زەینی بەشێک زۆر لە بژاردە و کەسانی بەرچاوی غەیرە کورد ماوەتەوە و ئەمەش بەدەر لەوەی کە لە پاش ڕووخانی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، ئێرانشاریەتی تێکەڵ بە مەزەهەبیش کرا و سیاسەتی زاڵکردنی یەک کولتوور و فەرهەنگ بەسەر نەتەوەکانی دیکە بە تایبەتی کورد ستایلی دیکەی بە خۆی گرت. دیارە بێگومان ئەگەر باگراوندنی خەباتی فەرهەنگی و نەتەوەیی کورد لەگەڵ هاتنە مەیدانی جیلی نوێی شوناسخواز نەبا، خەسارەکانی سیاسەتی یەکزمانی کردنی ئێران زیاتر و زۆرتر لە فەرهەنگ و زمانی کورد دەدرا.
بۆ تاوتوێکردنی زیاتر بابەتی سیاسەتی زاڵکردنی یەکزمان بۆسەر نەتەوە جیاجیاکان لە ئێران ڕاوبۆچوونی بەڕێزان ساماڵ ئەحمەدی، نووسەر و وەرگێڕ و عەدنان بەرزەنجی، بەرپرسی “ئەنیستیتۆی زمانی کوردیی ڕاژە” وەردەگرین:
ساماڵ ئەحمەدی: توێژینەوە زمانناسییەکان ئەو بابەتەیان سەلماندووە کە پەیڕەوکردنی یەکزمانی لە وڵاتانی فرە زماندا نەک هەر خەسار بە زمانەکان دەگەیەنێ، بگرە دەبێتە هۆی لەنێوچوونیشیان. باس لەوە دەکرێ کە ٦٧٠٠ زمان لە دنیادا هەیە کە نیوەیان لە بەردەم مەترسیی لەنێوچووندان، هەربۆیەش لە ساڵی ١٩٩٩ەوە رێکخڕاوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووی ڕەشەمە (٢١ی فێورییە)ی هەموو ساڵێکی وەکوو ڕۆژی جیهانی زمانی دایک ناساندووە.
ئێران کە وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەزمانە و جوغرافییا سیاسییەکەشی لە جوغرافیای فەرهەنگی و زمانی چەندین نەتەوە پێکهاتووە، بەداخەوە هەتا ئەمڕۆش سیاسەتی یەک زمانی پەیڕەو دەکرێ و دەسەڵات و فەرهەنگی زمانیی تاکەزمانێک کە زمانی فارسییە بەسەر زمانانی دیکەدا دەسەپێندرێ. ئەوەش بەو ئامانجە دەکەن کە دەیانەوێ چەمکێک کە خۆیان پێی دەڵێن فەرهەنگی ئێرانی کە چەمکێکی هەڵبەستراوە پێناسە بکەن و بڵێن ئەم فەرهەنگە کە ناوی فەرهەنگی ئێرانییە بەرهەمی زمانی فارسییە، ئاواش حاشا لە هەموو زمانەکانی دیکە بکەن و وا بەڕووی دنیادا بناسێنن کە ئەوە فەرهەنگی ئێرانییە و فەرهەنگی ئێرانیش واتە بەرهەمی زمانی فارسی.
بەداخەوە ئەم سیاسەتی حاشاکردنی زمانییە ئەوە نییە هەر لەلایەن ڕێژیمەکانی دەسەڵاتدار لە ئێراندا پەیڕەو بکرێ یان هەر ئەوان دایانهێنابێ لە ڕاستیدا ئەمە لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکی ئاکادێمی و توێژەری هزری و سیاسییەوە داڕێژراوە کە تێئۆریشی بۆ کراوەتە پاڵپشت و پاساوی بۆ هێنراوەتەوە، ئێمە دەزانین لە سەرەتای ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی کەسانی وەکوو “مەحموودی ئەفشار” و “موشفقی کازمی” و زۆر کەسی دیکە، ئەو بابەتی یەکزمانییە و گرینگیی ئەوەی کە ئەو مەسەلەیە بۆ فەرهەنگی ئێرانی گرینگە دایانڕشتووە و ڕێژیمەکانیش جێبەجێیان کردوە، لە ئێستاشدا کەسانی وەکوو “جواد تەباتەبایی” و “حەمید ئەحمەدی” کە کەسانی دانیشگاهین و لە بواری فکری و سیاسییەوە توێژینەوە دەکەن تێئۆریی و پاساوی بۆ دادەتاشن. مەبەستی سەرەکیی ئەوان لەم سیاسەتە ئەوەیە کە هەرچی ئیمکاناتی فێربوونە لەو جوغرافییا سیاسییە بەرینەدا کە پێی دەڵێن ئێران بۆ زمانی فارسی بێ و هەم ئیمکاناتە مرۆڤییەکە و هەم ئیمکاناتە مادییەکەی هەرچیەک هەیە لە پێناو پێشخستنی زمانی فارسیدا بێ و ڕێ لە خوێندنی زانستی و فێربوونی زانستی زمانانی دیکە بگرن بۆ ئەوەی ئەو زمانانە نەتوانن بەرهەمی فەرهەنگیی خۆیان، بەرهەمی نەتەوەیی خۆیان، ئەدەبی خۆیان، بەرهەمی فکری و سیاسیی جیاوازی خۆیان بەرهەم بێنن و هەموویان بە زمانی فارسی، گۆیا فەرهەنگی ئێرانی بەرهەمی بێنن. ئەوەش دیارە هەر خۆی لە خۆیدا پێناسەی چەمکێکی هەڵبەستراوی وەکوو فەرهەنگی ئێرانی حاشاکردنە لە فەرهەنگەکانی دیکە و ئێمەش دەزانین هەموو فەرهەنگێک حاسڵی زمانە ئەوەش حاشاکردنە لە زمانەکان و دیارە بە مەبەستی لەنێو بردنیشیان.
عەدنان بەرزەنجی: زمانی دایک یەکێک لە گرینگترین بابەتەکانە لە باسی فەرهەنگیدا و من وا فکر دەکەمەوە کە زمانی دایک بنەڕەت و بناغەی زمانە. کەچی بەداخەوە لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیدا زمانی دایک پێگەیەکی زۆر باشی نییە بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە چەند زمانەن، زمانی دایک و هەندێ لەوانەی کە کەمینەن زۆر بەلای دەسەڵاتەکانەوە گرینگی پێ نادرێ و ئاوڕی لێ نادرێتەوە. هەر لەم سۆنگەیەوە ئێمە دەبینین کە زمانی دایک وەبەر پللار دەدرێ و زیانی زۆری بەر دەکەوێ.
ئێمەی کورد نەتەوەیەکین کە لە چوار وڵاتدا دەژین و لەم چوار وڵاتەدا کە چەند زمانەیە کەمینەین و بەردەوام زمانەکەمان وەبەر ئەو پللارە دەکەوێ و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەتوانم بڵێم زیاتر لە هەر زمانێک مەترسیی لەسەرە. زمانی کوردی ئەگەرچی چوارەمین زمان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای عەرەب، تورک و فارسە بەڵام زۆرترین زەبری لێ دەدرێ،لەبەر ئەوەی کە بەردەوام لەو وڵاتانەدا کەمینە بووین و زمانەکەمان پشتگوێ خراوە. لەلایەکی دیکەوە بەداخەوە زمانی دایک وەکوو لە ڕۆژهەڵات بە ڕوانگەیەکی سیاسی و ئەمنییەتییەوە سەیری دەکرێ و زمانی کوردیش یەکێک لەو زمانانەیە کە زۆر بەسیاسی کراوە و ئەمە خۆی لە خۆیدا خەسارێکی گەورەی لە زمانی دایک داوە.
ئەمن هیوادارم ئەو ڕۆژە ببینم و ئەو ڕۆژە بێت کە زمانی دایک وەکوو زمانی دایک بمێنێتەوە و ئەوەی کە زمانی دایک وەکوو سەنعەتی دایک ئاوها ئاوڕی لێ بدرێتەوە و کاری لەسەر بکرێ. من وا هەست ئەکەم ئەو ڕۆژەیە کە ئێمە دەگەین بەو ئاوات و ئارەزووە کە نازانم کەی دەبێ. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت هەم لە بواری یاساوە و هەم لە بواری ئایینەوە، چون زۆربەی ئەم دەسەڵاتانە ئەم خەڵکەی وا لە ئەم ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە دەژین ئایینیان ئیسلامە، و هەم لە بواری نێونەتەوەییەوە خەسارەتێکی زۆر لە زمانی دایک دەکەوێ. ئەگەر ئێمە بەپێی ئەو فاکتەرانە سەرنجی خودی ئەو خەسارەتانە بدەین بۆمان دەردەکەوێ کە چ خەسارەتێکی گەورە لە زمانی دایکی ئێمە کە زمانی کوردییە دەدرێ.
ساماڵ ئەحمەدی: ڕێژیمی ئایدۆلۆژیکی ئیسلامیی ئێران وەکوو چۆن بەبێ ئەوەی پرس و ڕا بە هیچ کام لە پەیڕەوانی ئەو ئایینانە بکا کە لەو وڵاتەدا دەژین، وڵاتەکەی ناو ناوە ئێرانی ئیسلامی هەر بەو شێوەیەش هەڵبەت بە درێژەدان بە سیاسەتی ڕێژیمی پێشوو بەبێ ئەوەی کە پرس بە هیچ کام لە ئاخێوەرانی زمانانی جیاوازی نێو ئەو جوغرافیا سیاسییە بکا زمانی فارسی کردووە بە زمانی ڕەسمی. ئەم سیاسەتە کە بێگومان سەر لەبەر دژی مرۆڤییە، بەبیانووی ئەوە داڕێژراوە و تیوریزەش کراوە کە ڕێگری لە دابەشبوونی یەکپارچەیی خاکی ئێران بکا. دیارە هەر زمانێک با بڵێین لایەنی دیاری فەرهەنگیی خۆی هەیە لە جیهانبینی ئاخێوەرەکانیدا، واتە ئاخێوەری هەر زمانێک جیهانبینیی جیاواز، فەرهەنگی جیاواز، فیکری جیاواز و ڕێبازی جیاوازی هەیە و هەمووی ئەمانە لە جیاوازیی زمانییەکە دەکەونەوە، بەڵام دەشکرێ ئەم جیاوازییە نەک هەر هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی جوغرافیایەکی سیاسی نەبێ بگرە هۆکاری تێگەیشتنی باشتری مرۆڤەکان لە جیهانی جیاوازی یەکتر و پێکەوە ژیانیان بێت. بۆ نموونە زۆرن ئەو وڵاتانەی کە ڕێژیمەکانیان ڕێژیمی فێدڕالییە و بەهۆی ئەوەی کە جیاوازییەکانی یەکتریان قبووڵ کردووە و هەموو زمانە جیاوازەکانی نێو ئەو وڵاتانە ڕەسمین و مافی ڕەسمیی خوێندن و فێربوون و داهێنانیان هەیە و ڕێزیان لە یەکتر گرتووە، جیاوازییەکانی یەکتریان قبووڵ کردوە، دەبینی زۆر بە ئازادی و دڵخوازانە پێکەوە دەژین و هیچ کێشەیەکیشیان نییە. بۆ نموونە خەڵکی کبک لە کانادا چەند جارێک تەنانەت ڕاپرسیشیان کردووە بۆ ئەوەی کە ئایا ئەوان کە فەڕانسەوی زمانن دەیانهەوێ لەگەڵ خەڵکی ئینگلیزی زمانی کانادا پێکەوە لە چوارچێوەیەکی جوغرافییایی سیاسیدا بمێننەوە و هەموو جارێک دەنگیان بەمانەوە داوە و دەنگیان بە جیابوونەوە نەداوە؛ لەبەر ئەوەی مادام ڕێز لە یەکتر دەگرن، مادام زمان و فەرهەنگی یەکتریان قەبووڵە چ پێویست بە جیابوونەوە دەکا. گەلانی ئێرانیش ئەگەر ڕێز لە زمانەکانیان بگیرێ ڕێز لە فەرهەنگە جیاوازەکەیان بگیرێ و فەرهەنگی جیاوازی ئەوان لە چەمکێکی گشتی وەک فەرهەنگی ئێرانیدا حاشای لێ نەکرێ، بێگومان هەموان ئەوکاتە هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی کە بە ڕێزگرتن لە یەکتر پێکەوە بژین و هیچ جیاوازییەکیش نەبێتە هۆکاری ئەوەی کە لێک داببڕێن، بگرە ببێە هۆکاری ئەوەی کە زیاتر یەکتر بناسن و ڕێزی زیاتر لە یەکتر بگرن. ئەو تیۆرییە هەڵەیەی کە سیاسەتی زمانی لە ئێران لەسەر داڕێژراوە کە گۆیا سیاسەتی یەک زمانی ڕێگری لە دابەشبوونی یەکپارچەیی خاکی ئێران دەکا و یەکپارچەیی خاکی ئێران دەپارێزێ ئەوە تەنیا شتێکی شۆڤێنیستییە، فکرێکی شۆڤێنیستییە و هیچ پاساوێکی مەنتقی و زمانناسیشی لە پشت نییە.
***
دەرهاوێشتەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی بواری زمانناسی، باس لەوە دەکا کە پەرەپێدان بە زمانەکان لە ئەساسدا پەرەپێدانە بە کولتوور و فەرهەنگ و ئەزموونە مێژووییەکان و بە پێچەوانەکەشی زەرو خەسار لێدانە لە میراتی مرۆڤایەتی.
بەڵام لە ڕەهەندی سیاسەتی ناوەندگەرا و پاوانخوازەوە ئەوان لە نێوبردن یان کۆیلەکردنی زمان و فەرهەنگی نەتەوەکان و بەستنەوەیان بە فەرهەنگی باڵادەست، بناغەی کۆیلەکردنی مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگەیە و هەربۆیە لە ڕێگای جۆراجۆر وەکوو چاپەمەنی، سینەما، ڕۆژنامە و گرتنی فستیڤاڵ و سمینارە هتد…دەیانەوێ وێڕای سەپاندنی خۆیان هەرچەشنە خەونی ڕزگاری و بەختەوەریی گەلانی دیکەش لە نێو بەرن.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو بووژانەوە فەرهەنگییە لە بواری زمانی دایک تا ڕادەیەکی زۆر توانی پێش لە ئاستی بەرفەراوانی کارەساتی یەکزمانی کردن بگرێ کە لە پەروەردەی وڵاتی ئێران پێڕەو دەکرێ. بەڵام چونکە زمانی هەستیاریی خۆی هەیە و دەبێ ئەوە ئەرکی دەوڵەتەکان بێ و نەبوونی کیانی سیاسی و فەرهەنگیی کوردیش ڕەوتی گەشەی زمان و فەرهەنگی کوردی خاو کردووتەوە.