لە ڕوانگەی زانستییەوە سوڕی گەشەی مرۆڤ ٢،٥ میلیۆن ساڵ لەوە پێش لە ئەفریقا دەستی پێ کرد و ٢ میلیۆن ساڵ لەوە پێش جۆرێک مرۆڤی سەرەتایی لەوێوە بەرەو ئەوراسیا کۆچیان کرد. ٥٠٠ هەزار ساڵ لەوە پێش نیاندرتاڵەکان لە ئورووپا و خۆرهەڵاتی نێوەڕاست گەشەیان کرد. ٧٠ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا شۆڕشی بیرکردنەوەی مرۆڤی ژیر دەستی پێ کرد و ئەوان لە خۆرهەڵاتی ئەفریقاوە بەرەو ئەوراسیا کۆچیان کرد. دەستپێکی شۆڕشی بیرکردنەوە و دوانی مرۆڤ بە سەرەتای مێژوو دادەندرێ.(١)
تا ئێستا چەند بەڵگەی مێژوویی سەلماندوویانە کە کورد لە چەند هەزار ساڵ بەر لە ئێستاوە لە ناوچەی نێوان دوواوان (مێزۆپۆتامیا) و چیاکانی زاگرۆس ژیاون. ١٢٠٠٠ ساڵ لەوە پێش شۆڕشی کشتوکاڵی لە نێوان دوواوان دەستی پێ کرد(٢) و کۆنترین پەرستگەی دەستکردی مرۆڤ لە باکووری کوردستان لە تەپۆلکەی گۆبەکلی دۆزراوەتەوە.(٣) هەروەها سومێرییەکان یەکەم داهێنەرانی نووسین و دراو بوون(٤). هەموو ئەوانە و زۆر بەڵگەی مێژوویی دیکە دەیسەلمێنن کە کوردیش وەک هەموو گەلانی دیکە پشکی حاشا هەڵنەگریان لە گەشەی شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا هەبووە.
چەند ڕۆژ لەوەپێش فایلێکی دەنگی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستاودەست دەکرا کە لەویدا عەبدولکەریم سروش، فەیلەسووف، پسپۆڕی بواری مێژووی زانست و هەروەها مەولەویناسی ئێرانی، ئاماژە بە پێشەکی عەڕەبیی دەفتەری مەسنەویی مەولەوی دەکا و بەو شێوەیە دەدوێ: “مەولەوی گوتوویەتی مەسنەویی بۆ حوسامەدین نووسیوە و لە دانانی شێعرەکانی مەسنەوی، بەردەنگەکەی حوسامەدینە” و لە باسی ئەوە کە ئەو حوسامەدینە کێیە دەڵێ: “گوایە بنەچەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر حەزرەتی ئەبوبەکری سددیق، یەکەم خەلیفەی موسڵمانان، بەڵام کەسێکی دیکەش لەو بەینەدا هەیە کە یەکێک لە باپیرانی حوسامەدین بووە و ئەوە هەر ئەو کەسەیە کە گوتوویەتی “امسیت کردیا و اصبحت عربیا” واتە شەو کورد بووم و بەیانی بوومە عەڕەب.” بە گوتەی سروش ئەو کەسە لە خودا پاڕابۆوە کە فێری عەڕەبیی بکا. لێرەدا سروش دەڵێ: “بە داوای لێبوردن ئەگەر کەسێکی کورد لێرەیە یان گوێی لێ دەبێ، لە ڕابردوودا بە کەسێکی نەخوێندەواری بێ فەرهەنگیان گوتوە کورد و مەولاناش هەرکاتێک بیهەوێ نموونەی کەسێکی ساکاری نەزان بێنێتەوە دەڵێ کوردێک. لەناو جیلەکانی ڕابردوودا، ئەوە هەر باو بوو کە بڵێن کورد هۆزێکی جندۆکانن و لە بنەڕەتڕا پێیان وا بوو کە بنەچەکەیەکی غەیری مرۆڤیان هەیە، ئێستا ئەوە تەنیا قسەهایەکن کە لە ڕوانگەی مێژووییەوە دەیڵێین دەنا قسەی دروست و قبووڵکراو نین …”
عەبدولکەریم سروش کە بە ڕواڵەت فیلسووف و ڕۆشنبیری ئایینییە، هەڵوێستەکانی لە مەتەرێزی شیعەگەرییەوە ئاراستە دەکا و گوتەی بنەچەکەی غەیری مرۆڤبوونی کوردان لە زمانی ئیمام جەعفەری سادق، ئیمامی شەشەمی شیعە، دەگێڕێنەوە و گوایە ئەو گوتەیەی ناوبراو لە کتێبی ئەلمەسائیل ئەلعەمەلیەدا هاتووە. هۆی بڵاو بوونەوەی ئەو درۆ ئاشکرایە بۆ ئێمە ناڕوونە.
هەراری گوتەنی، بەگوێرەی زانیاریی زانستی، سەرجەم ئەو نووسراوە “پیرۆزانە” لەلایەن مرۆڤی خەیاڵاوی نووسراون. ئەوانە تەنیا چیرۆکن کە باوباپیرانمان هەڵیان بەستوون تا ڕەوایی بە نۆرمەکانی کۆمەڵگە و دامەزراوە سیاسییەکان بدەن.”(٥)
شتێکی ئاشکرایە کە لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە زۆر دەمێکە دەسەڵاتدارانی نەتەوە باڵادەستەکان بەئانقەست هەوڵی بەدێوزمە کردنی کوردانیان لەنێو بیروڕای گشتیی خۆیاندا داوە. عەلی فەتحی لە وتارێکدا لەژێر ناوی “شێواندنی مێژوو، هونەری بەردەوامی پارسەکان” کە لە ژمارەی ٦١ی گۆڤاری تیشکدا بڵاو بۆتەوە نووسیویەتی: “خۆیان هەرچەند میللەتێکی ڕەش و ڕووت بوونە، بەڵام کاتێک دەسەڵاتیان دەست کەوتووە، هەم لە خەزێنەی فەرهەنگیی گەلانی تر کەڵکیان وەرگرتوە و هەم بە چاوی سووک سەیری ئەو گەلانەیان کردوە کە لەژێر چەپۆکیاندا بوونە. ئەوەتا هێرۆدۆتی ئەفسانەسەرای باوکی مێژووش بە قەولی ئەوان، لە کتێبی یەکەم، بەندی ١٣١ دا بە ڕاشکاوی پێمان دەڵێ: “پارسەکان بە چاوی سووک سەیری گەلانی دوور لە خۆیان دەکەن.”(٦)
لیندا شافەر لە نامیلکەی “ئێران لە پارس زیاترە”دا دەنووسێ: “مێدیای ئێران پەیتا پەیتا کەمینە ئەتنیکییەکان بە شێوەی نەرێنی وێنا دەکا.”(٧)
لە مرۆڤایەتی داماڵینی ناسنامەی کورد لە تورکیەش دەمێکە پێڕەو دەکرێ. لە گێڕانەوەکانی تاراوگە لەمەڕ ئاسیمیلە کردن و بەرخۆدان کە لە ژمارە ٥٧ی گۆڤاری تیشکدا بڵاو بۆتەوە نووسەری بابەتەکە لە زمان لەیلا (یەکێک لە بەشدارانی لێکۆڵینەوەک) دەگێڕێتەوە: “کاتێک باوکم لە بورسا دەژیا، بە تورکێکی گوت کە ئەو کوردە. تورکەکە پێی گوت: “کورد تورکان دەخۆن؟” ئەوان لەوە دەترسان کە بنەماڵەی ئێمە کاتێک ئەوان خەوتوون، سەریان ببڕن. ئێمە ماوەی ٣ ساڵ جیرانیان بووین و کاتێک لەوێ ڕۆیشتین، ئەو گەلێک دڵگران بوو و لە بۆچوونی پێشووی خۆی لەمەڕ کوردان گەلێک پەژیوان بوو. ئەو گوتی مێشکی شۆردرابۆوە و فێر کرابوو کە کوردان وەک مرۆڤ سەیر نەکات.”(٨)
ستراتێژیی بەدێوەزمە کردنی دوژمنان بەدرێژایی مێژوو بەردەوام کەڵکی لێ وەرگیراوە. ئەو ستراتێژییە بێگومان دەبێتە هۆی بازنەی خراپی ستەمکاریی کە لە لایەن زۆر نووسەرانەوە باسی لێوە کراوە لەناویاندا کارل ڤۆن کلاوسەویتز.(٩)
نمونەیەکی دیکەی بەدێوزمە کردنی کوردان ئیددیعای سەربڕینی پاسداران لە لایەن کوردانەوەیە کە لە سەرەتای بەرخۆدانی گەلەکەمان دژی شەڕی داسەپاوی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە لایەن دەسەڵاتەوە بڵاو بۆوە. ئەگەرچی تاکە یەک جاریش ئەو ئیدیعایە نەسەلمێنرا، بەڵام بەردەوام لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەرخواردی بیروڕای گشتی دراوە.
لە ئاڵمانی نازیش پرۆپاگاندای هیتلەر کەڵکی لە ستراتێژی بەدێوزمە کردنی جوولەکە و قەرەجەکان وەردەگرت تا بەو شێوەیە کۆمەڵکوژ کردنی ئەوان هاسان بکات.
بڕوا ناکەم جەنابی سروش نەزانێ کە لە ماوەی دەسەڵاتی چەند سەدەیەی عەڕەباندا، زمانی دیوان و نووسین عەڕەبی بووە و نەتەنیا بیرمەندانی کورد بەڵکو هی فارس و نەتەوە نا عەڕەبەکانی دیکەش ناچار بوون بەرهەمە هزرییەکانیان بە عەڕەبی بنووسن. دوای نەمانی دەسەڵاتی عەڕەبان بە سەر ئێرانەوە، وردە وردە زمانی فارسی بۆتە زمانی دەرباری پاشایان، بۆیە ئەوانی خوێندەوار بوون بۆ نووسینەوەی بەرهەمەکانیان کەڵکیان لەو زمانە وەرگرتوە. بۆ نموونە کتێبی “مێژووی زانایانی کورد” کە سێ بەرگە و لە لایەن بابا مەردوخ ڕوحانی (شیوا) نووسراوە ناوی سەدان نووسەر، بیرمەند و زانای کوردی تێدایە. بێجگە لەوە بە گوتەی بەڕێز ئیسماعیل شەمس، نووسەری یەکەم مێژووی حیکمەت و فەلسەفە لە جیهانی ئیسلامدا، واتە “نزهە الارواح و روضە الافراح (تاریخ الحکما)” و مەزنترین شیکەرەوەی “حکمت الاشراق” ی سوهرەوەردی کە بە هەڵکەوت هاوسەردەمی مەولەوی بووە، زانایەکی کورد بە ناوی شەمسەددین محەممەد شارەزووری بووە.
بۆ خۆبواردن لە درێژدادڕی، وتارەکەم بە چەند نمونە لە گێڕانەوەی گەڕۆکە بیانییەکان کۆتایی پێ دێنم کە سەردانی پارس و کوردستانیان کردوە و لە کتێبەکانیاندا باسی هەڵسوکەوتی خەڵکی ئەو شوێنانەیان کردوە. من دادوەریی لە سەر ئیددیعای جەنابی سروش هەموو ئەو کەسانەی کە بە قسەی بێ بنەما دەیانەوێ ناسنامەی کوردان لە مرۆڤایەتی داماڵن بە خوێنەرانی هێژا دەسپێرم.
بۆ نمونە م. گ. جێرارد لە کتێبی “یادداشتەکانی سەفەرێک بەناو کوردستاندا” ،کە لە ١٨٨٣ی زایینی نووسراوە، کاتێک لە پارێزگاری سلێمانی (تورکێکی عوسمانی) بە هۆی پیلانگێڕیی ناوبراو تووڕە بووە نووسیویەتی: “بە تەنیایی لە نێو کورداندا زۆرتر هەست بە ئاسایش دەکەم تا لە ناوچە بە ناو شێوە شارستانییانە.(١٠)
ئیزابێللا بیرد لە بەرگی یەکەمی “سەفەرەکانی پارس و کوردستان”، کە لە ساڵی ١٨٩٠ی زایینی نووسراوە، کاتێک دەگاتە شاری قوم بەو شێوە لەسەر ژنانی فارس دەنووسێ: “ژنێکی خاوەن “پێگە” نابێ قەت لە ماڵ بچێتە دەرەوە جگە لە ڕۆژی هەینی بۆ مزگەوت، یان لەسەر ئیزنی مێردەکەی و بە تەواوی داپۆشراو و بە پاسەوانەوە، بچێ بۆ دیتنی ژنانی هەڤاڵی خۆی. کیژۆڵە لە دوو – سێ ساڵی ڕا دەبێ چارشیوە بنێنە سەر و وەک دایکیان جیا دەکرێنەوە و هیچ کەس جگە لە باوک یان براکانی ناتوانن ڕوخساریان ببینن. بەشێکیان لە دوازدە ساڵی بە مێرد دەدرێن.”(١١)
لە جێیەکی دیکە لە هەمان کتێبدا باسی چوونە دەر بۆ نێو بازاڕی شاری قوم دەکا، هەڵبەت خۆی لە جلوبەرگی ژنی پارسدا بە تەواوی حەشار داوە: “دوای ناردنی ئەسپەکان بۆ کاروانسەرا بە جلوبەرگی خانمی لاین کە بۆ نێو شار دەبەریان دەکا و وەک ژنێکی چینی مامناوەندی پارس دەچێ خۆم داپێچا، لێچکەیەکی ئەستووری کرێپ کە تەنیا شوێنی چاوی مرۆڤ کونە، قوماشێکی ڕەش کە لە تەپڵی سەری تا بەری پێ دادەپۆشێ. ئەمسەر ئەوسەری لە ملی ڕا قوڵفەی درێژ بەربوونەوە و بە دەستی چەپ لە ژێر چاوان ڕادەگیری، بەو شێوەیە، ئەگەرچی نەمتوانی لاسایی لارە لاری ڕۆیشتنی خانمانی پارس بکەمەوە، بێ ئەوەی هیچ کەس سەرنجم بداتێ بە نێو شەقامە درێژ و قەرەباڵخەکانی ئەو شارە دەمارگرژەدا ڕۆیشتم و تەنیا غولامێکم لەگەڵدا بوو تا گەیشتمەوە بەر دەرگای ژوورەکەم کە لەوێ خزمەتکارەکانم پێشیان پێ گرتم تا دوایە بە دەنگم ڕا ناسیانمەوە.”(١٢) یان لە جێیەکی دیکەدا نووسیویەتی: “دوای ئەوەکە خۆم لە بەرگەکەدا شاردەوە، دەگەڵ خزمەتکارێک، بۆ جاری سێهەم بێ ئەوەی کەس دەستم بۆ بهێنێ بە نێو بازاڕە قەرەباڵخەکاندا، بە نێو دەروازە و بە سەر پردەکەدا ڕۆیشتم، کاتێک کوڕێک بە جوانی ڕوانییە سەرپۆشەکەم، کە ڕەنگبێ وا توندم نەبەستبوو کە بۆ شوێنی پڕ حەشیمەت باوە، چەند جار هاواری کرد “کافر” و ڕایکردەوە نێو شار. من ڕام نەکرد، بەڵام بە زووترین کات خۆم گەیاندەوە “هوتێلەکە.”(١٣)
گێڕانەوەی خاتوو ئیزابێللا لەمەڕ یەکەم ئەزموونی لە شاری ئیسفەهانیش سەرنجڕاکێشە. ئەو نووسیویەتی: “ئەوڕۆ دوایین ڕۆژی پشووی نەورۆزیی بوو و بازاڕەکان و شوێنە بەرئاواڵاکان پڕ بوون لە پیاو بە جلوبەرگی ڕەنگینەوە و تاقمی ژنی داپۆشراو لە ڕێگا چۆلەکان دەڕۆیشتن. هەوا لەوە گەرمتر بوو کە بۆ لەبەر کردنی کۆتە پێستە مەڕەکە گونجاو بێ کە لە قوم و بەولاوە زۆر خزمەتی کردبووم و لەبەر هەستیاریی بەرانبەر بە ئورووپاییان لەبەرم دەکرد. کوڕەکان دەستیان کرد بە هاوار کردن “ژنێکی فەڕەنگی! ژنێکی نەسرانی!” و پاشان نێو و نرتکیان لێ هەڵدام؛ پاشان پیاوان دەستیان کرد بە پێکەنینی ئەهریمەنی، و لە کاتێکدا بە ناچاری بە پیادە دەڕۆیشتم، هات و هاوارەکە بەهێزتر دەبوو، تف کردن شتێکی زۆر ئاسایی بوو، بێچارە ماهبود کە بەردەوام بە ڕوخسارێکی خەمۆکەوە دەیڕوانییە من و لە بێڕێزییەکانی هاوئایینەکانی دڵگران بوو و ناڕەزایەتی دەربڕین کارێکی مەترسیدار بوو. ئەوە نیو سەعاتێکی گەلێک ناخۆش بوو.”(١٤)
ئەوجار با بزانین خانمی بیرد کاتێک عەجەمستان بەجێ دێڵێ و دێتە گوندێکی کوردستان بە نێوی “گۆیئاغاج” کە لە نێوان تیکاب و شاهیندژ هەڵکەوتووە چۆن لەسەر ژن و پیاوی کورد دەدوێ؟ ئەو نووسیویەتی: “گۆی ئاغاج یەکەم گوندی کوردییە کە من لەوێ بە ڕاستی لەگەڵ خەڵک تێکەڵ بووم. من ئەوان خوێنگەرم، میوانپەروەر و گەلێک خۆشمەشرەف دەبینم. هاوسەری کوێخا سەردانی کردم و من دوایی چوومەوە سەردانی.” لە شوێنێکی دیکە نووسیویەتی: “هاوسەرەکە جوان بوو و لە هیچ وڵاتێکیتر کیژێکی جوانتر لە کچەکەیانم نەبینیبوو کە وەک حەزرەتی مریەم دەچوو. ئەوان پێیان گوتم کە ۵ مانگی زستان بەفر هێندە دەبارێ کە دەگاتە ملان، و کەس ناتوانێ لە گوندەکە دەرکەوێ. پیاوەکان بە ئەسپەکان و ئاژەڵەکان ڕادەگەن و ژنەکانیش فەڕشان دەچنن، بەڵام زۆربەی کاتی هەردوو لا بە خەوتن تێپەڕ دەبێ. لەگەڵ ئەم کیژە جوانە، کە هەم دڵڕفێنە و هەم جوان، و خزمەتکارێک، سەردانی زۆر کەسم کرد و بۆم دەرکەوت کە گشت خانووەکان بە یەک شێوەن. من لە خاوێنیی لەڕادەبەدەری ئەوان سەرم سوڕ ما. ئەردە گڵییە ڕەقەکان تا ئەو جێیەی دەکرێ بە گەسک بماڵدرێن، خاوێن دەکرێنەوە و خەڵکەکە هەم خۆیان و هەم جلوبەرگیان خاوێنە. ژنەکان، کە زۆربەیان جوانن، لێچکەیان پێوە نییە، و تەنانەت چارشێویش بە خۆ دانادەن. تاجیلەیەکی ڕەشیان لەسەرە کە زۆر لێیان دێتەوە و زنجیری سکەی زێوی پێوە هەڵواسراون. پەڕۆیەکی سوور بە گرێیەکی نە زۆر توند لە پشت سەریان دراوە کە لەسەر ئەویشەوە پرچە ئەستورەکانیان بە دەرزیلەی زێوین هەڵپێچراون. ئەم کچە بێ لێچکەیە بەناو دەستەی پیاوی بێگانەدا، بە ساکاریی و ڕێزداریی کیژانە لەگەڵمدا دەهات کە زۆر دڵخۆشی کردم. دوای دیتنی شێوەی ڕۆیشتنی شل و شەوێڵی ژنی بێ فۆرم و داپۆشراوی فارس، دیتنی ڕوخساری جوان، باڵای بەرز و قایم و شێوەی ڕۆیشتنی چستوچالاکی ئەم ژنە کوردانە شتێکی وزەبەخش بوو. پیاوەکانیش بەهەمان شێوە جوانن، و زۆر پیاوانە دێنە بەرچاو.”(١٥)
کۆتا قسە ئەوەیە کە بۆ ئەوەی بزانین ئێمە کێ بووین دەبێ مێژوو بخوێنینەوە و تێبگەین کە دۆخی ژێردەستەیی هەنووکەییمان شتێک نییە کە لە ئاسمانەوە بڕیاری بۆ درابێ. هەراری گوتەنی بۆ گەڕانەوە بۆ دواوە تەنیا یەک ڕێگا هەیە، بەڵام بۆ داهاتوو ژمارەیەکی زۆر ڕێگا لەبەر دەممانن کە بێتوو ژیر و تەیار بین دەتوانین داهاتوویەکی پڕشنگدار بۆخۆمان مسۆگەر بکەین.
***
سەرچاوەکان:
١- نوح هەراری، یوڤال. مرۆڤی ژیر، ل ٧
٢- نوح هەراری، یوڤال. مرۆڤی ژیر، ل ٨
٣- نوح هەراری، یوڤال. مرۆڤی ژیر، ل ٩٤
٤- نوح هەراری، یوڤال. مرۆڤی ژیر، ل ١٣١
٥- نوح هەراری، یوڤال، ٢١ وانە بۆ سەدەی ٢١ ل ١٢٦
٦- فەتحی، عەلی، شێواندنی مێژوو، هونەری بەردەوامی پارسەکان، گۆڤاری تیشک، ژمارە ٦١، ل ١٧٧
٧- شافەر، برێندا، ئێران لە پارس زیاترە، وەرگێڕ: کەمال حەسەنپوور، ل ٥٧
٨- گۆڤاری تیشک، ژمارە ٥٧، ل ٤١٥
٩- https://en.wikipedia.org/wiki/Demonizing_the_enemy (سەردانکردن ٢٦ی بەفرانبار، ٢٧٢١)
١٠- جێرارد، م. گ، یاددشتەکانی سەفەرێک بە نێو کوردستاندا، وەرگێڕ: کەمال حەسەنپور، ل. ١٠٠
١١- سەفەرەکانی پارس و کوردستان، نامەی ژمارە ١٠
١٢- سەفەرەکانی پارس و کوردستان، نامەی ژمارە ١٠
١٣- هەمان سەرچاوە
١٤- سەفەرەکانی پارس و کوردستان، نامەی ژمارە ١١
١٥- هەمان سەرچاوە