[پرسی زمان و پێوەندیی بە شوناسی نەتەوەیی و بەتایبەت لە پڕۆسەی نەتەوەسازیدا هەموو کاتێک جێی باس و مشتومڕی سیاسی بووە، پرسی زمان لەلایەن دەسەڵاتەکانیشەوە ئەو بایەخە تایبەتەی بووە و سیاسەتی زمانی، یەکێک لە سیاسەتە بنەڕەتییەکانی وڵاتان و بەتایبەت دەوڵەتنەتەوەکان بووە، ئەویش ئەو وڵاتانەی فرەنەتەوەن و نەتەوەی سەردەست هەوڵی تواندنەوە یان دابەزاندنی ئاستی زمانی نەتەوەکانی دیکەی پێکهێنەری ئەو وڵاتە -ئێران بۆ نموونە- دەدات. “کوردستان” بۆ باسکردن لەسەر پرسی گرینگی و بایەخ و کارکردی زمان، وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز د. هاشم ئەحمەدزادە، نووسەر و مامۆستای زانکۆ، نیشتەجێ لە سوید پێکهێناوە کە لە دوو بەشدا بڵاو دەبێتەوە.]
زمان چەندە لەسەر هزری مرۆڤ کاریگەریی هەیە، یان بە واتایەکی تر زمان و هزری مرۆڤ چەندە پێکەوە گرێ دراون و کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە؟
پرسی پێوەندیی زمان و ئەندێشە پرسێکی گەلێک ئاڵۆز و لە بنەڕەتدا فەلسەفییە و جیگەی مشتومڕێکی زۆری خاوەنڕایانی ئەم بەستێنەیە. لەنێو تیورییە باوەکانی ئەم بوارەدا دەکرێ بە گریمانەی بەناوبانگی ساپیر– هورف ئاماژە بکەین کە دەگەڕێتەوە سەر بۆچوونەکانی ویلیام ساپیر (١٩٣٩-١٨٨٤)، زمانناس و مرۆڤناسی ئامریکایی و خوێندکارەکەی بێنیامین لیی هورف (١٩٤١-١٨٩٧). بەگوێرەی ئەم گریمانەیە دوو بۆچوون تێکهەڵکێش دەکرێن کە بە دێتێرمینیزمی زمانی و ڕێژەیییەتیی زمانی ناسراون. دێتیرمینیزمی زمانی پێیوایە ئەوە زمانە کە ئەندێشە و هزری ئێمە دیاری دەکا. ڕێژەیییەتیی زمانییش پێیوایە هەر زمانە و کارتێکەریی تایبەتیی خۆی لەسەر ئەندێشەی ئاخێوەرانی هەیە. ئەم باسە هەڵبەت دوای ئەم دوو زمانناسەش هەر بەردەوام بووە و هەتا ئێستاش دوا وەڵام بە پرسیارەکە نەدراوەتەوە. ئەوەی هەیە ئێستا ئیتر کارتێکەریی زمان لەسەر هزر و ئەندێشەی مرۆڤەکان بەتەواوی دانپێدانراوە. ئەگەریش ڕادەی ئەم کارتێکەرییە شتێکی تەواو بڕیاردەر نەبێت ئەوە تا ئاستێک هەر هەیە کە نەکرێت نکۆڵی لێ بکردرێ.
فرەزمانی لە وڵاتدا دەرفەتە یان هەڕەشە؟
ئەگەر بنەماکانی مافی زمانی و شارومەندی بە شێوەیەکی دێموکراتیک لەبەر چاو بگیرێن ئەوە بێگومان فرەزمانیبوون دەبێتە جۆرەیەک لە فرەڕەنگی کە دەکرێ وەک سامانێکی مرۆڤی سەیری بکرێ. لەبیرمان نەچێ بەربەستدانان لەسەر ڕێی گەشەی زمانەکان هەوڵێکی دیکتاتۆرانەیە بۆ کوشتنی یەک لە دەستکەوتە مەزنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی. خەمڵین و گەشەی زمانێک ئاکامی زەمەنێکی دوورودرێژی ژیانی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤییە و کەس بۆی نییە بە بیانووی یەکدەستکردنی کۆمەڵگە یان “نەتەوە” لەنێوی بەرێ.
فرەدیالێکتی لە زمانێکدا چی، دەرفەتە بۆ زمانەکە یان هەڕەشەیە؟
پرسی زمان و دیالێکت هەمیشە پرسێکی زمانەوانی نییە و زۆر جاران سیاسەت و ئایدئۆلۆژیا دەستی تێ وەردەدەن. بەڵام ئەگەر زمان و دیالێکتەکان لە دەستدرێژیی پڕۆژە سیاسییەکان بپارێزێن و مافی ڕەوای خۆیان ڕەچاو بکەین، لە ڕەوتێکی مێژووییدا پرسی بنزار و شێوەزار و زمان هەموویان دەکرێ ببنە کەرەستەی دەوڵەمەندیی زمانێک و کارکردەکانی لە کۆمەڵگەدا.
سەرەڕای نەبوونی دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ، زمانی کوردی چەند توانیویەتی خۆی بپارێزێ؟
سەرەڕای هەموو بەربەستەکان زمانی کوردی هەتا ئێستا توانیویەتی تا ڕادەیەکی زۆر خۆی بپارێزێ. بەڵام لە سەردەمی مۆدێرندا و بەتایبەتی لە دونیای بەجیهانیبوونی ئەم سەردەمەدا ئەم ڕەوتە ئەگەر پلانداڕێژی و سیاسەتی زمانیی هەمەلایەنەی لەگەڵ نەبێ ئاوا نامێنێ و هەڕەشی پەراوێزخرانی هەمەلایەنە نەک هەر زمانی کوردی بەڵکوو سەدان و بگرە هەزاران زمانی دیکەش دەخاتە دۆزی مەترسیداری لەنێوچوونەوە. ئێستا ئیتر دەبێ دەستکەوتە سیاسییەکانی کوردستان پشتگیری لە هەموو ئەو هەوڵە پلاندار و بەمەبەستانە بکات کە چۆن بتوانێت گەشە بە زمانی کوردی بدات و وەک فاکتەرێکی ناسنامەساز هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکات. لە نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆدا دەبێت خەمخۆریی لە زمان سەد قات بەرزتر بێتەوە و هەموو هەوڵێک بدرێ ئەم میراتە گرانبەهایە بپارێزرێ و پەرەی پێ بدرێ.
لە ئەدەبی گەلانی جیهان و هەروەها لە ڕیزبەندیی زمانەکانی جیهاندا زمانی کوردی لە چ ئاستێکدایە؟
لەبەر زۆر هۆکاری سیاسی، سەرژمێرییەکی باوەڕپێکراو لەسەر ژمارەی کوردەکان لە ئارادا نییە. بەڵام لێکۆلەرەوانی بواری کوردستان و کورد بە شێوەیەکی بەراوردکارییانە ئاماژەی تا ڕادیەک دروست بە ژمارەی کوردەکان دەکەن. بۆ نموونە مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور لە کتێبە دانسقەکەیدا، “زمان و ناسیۆنالیزم”، کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە ئامریکا چاپ و بڵاو بۆوە، باس لەوە دەکا کە بە گوێرەی ژمارەی ئاخێوەران، زمانی کوردی پلەی چلەمینی لەنێو زمانەکانی دونیادا هەیە. ئەمە ژمارەیەکی چەندایەتیی گرنگە و دەکرێ وەک خاڵێکی بەهێز بۆ پرسی کورد کەڵکی لێ وەربگیرێ. لە بواری ئەدەبییشەوە، بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی کوردستان و نەبوونی کەیانێکی سەربەخۆ، کورد ئەوەندەی ئەدەبیاتی بڵاوکراوە هەیە کە ناوێکی لەنێو ناواندا هەبێ.
ڕێژیمە داگیرکەرەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام زمانی کوردی وەکوو هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر خۆیان دەبینن و بەم بۆنەشەوە بەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر زمانەکەمان، هۆکاری بە مەترسیزانین و ئەو هێرشگەلە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ئەم ڕێژیمانە خولیای سازکردنی نەتەوەیەکی یەکدەستی یەکزمانییان هەیە و هەر بۆیە جیاوازیی زمانی بە مەترسی لەسەر خۆیان دەبینن و جگە لە بوارپێدانێکی کۆنترۆڵکراو هیچ مەجالێک بۆ زمانە غەیری فارسییەکان ناڕەخسێنن. لەو نێوەدا ئەوە بزووتنەوەی دێموکراتیکی کوردی و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانە کە دەبێ میکانیزمی دەستەبەرکردنی مافە زمانییەکانی خۆیان بدۆزنەوە و مسۆگەری بکەن.
جیاوازیی سیاسەتی ڕێژیمە داگیرکەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر زمانی کوردی لە چیدا بوو؟ ئایا جیاوازییەکیان لەو بارەیەوە هەبووە؟
لە باری سیاسەتی زمانییەوە جیاوازییەکی ڕیشەیی لەنێوان ڕێژیمەکانی ئێراندا نەبووە. بەڵام جیاوازی هەیە لەنێوان ئاستی گەشەی بزووتنەوەی کوردی و داواکارییەکانی لە دوێنێ و ئەمڕۆدا. ئەگەر ڕێژیمی شا سیستەمێکی ملهۆڕی دیکتاتۆری بوو، سیستەمی ئێستا سیستەمێکی تۆتالیتەرە. دەکرێ لەنێوان ئەو دوو سیستەمەدا جیاوازی هەبێ، بەڵام تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە سەر سیاسەتی یەکدەستکردن و یەکڕەنگکردنی شتێک کە پێی دەڵێن نەتەوەی ئێران، هاوبەشییەکی حاشاهەڵنەگری سیاسی و پڕۆژەیی لەنێوانیاندا هەیە.
سەرەڕای ئەوەی کە لە ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێراندا خوێندن و پەرەوەردەکردن بە زمانی دایکیی نەتەوەکانی چواچێوەی ئەو وڵاتە ڕێگەپێدراوە، بەڵام پاش چوار دەیە تاکوو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، هۆکاری جێبەجێنەبوونی چییە؟
سیستەمی سیاسیی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینی لە ئێران هەرگیز نەیتوانی ببێتە ئەو ناوەندە کە بتوانێ لەگەل پرسی دێموکراسی و مافی دانیشتووانی وڵاتی ئێران بە هەموو ڕەگەز و ناسنامە نەتەوەیی و ئێتنیکییەکانییەوە هەڵسوکەوتێکی دروست و دێموکراتیک بکا. لایەنی ئایدئۆلۆژیکی و تۆتالیتارییەکانی ئەم سیستەمە سیاسییە ڕێگەی چارەسەریی زۆر پرسی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیی لە وڵاتی ئێراندا و بەتایبەتی بۆ کەمایەتییە نەتەوەییەکان بە بنبەست گەیاندووە. لە هەمان کاتدا دەبێت بیر لەو ڕاستییەش بکەینەوە کە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم بارەوە خاوەنی چ پڕۆژە و پلانێک بووە. بە باوەڕی من لایەنی ناڕوون و لێڵ لە سیاسەتی بزووتنەوەی کوردییشدا لەم بارەوە هەبووە و هەیە.
غوڵامعەلی حەددادی عادڵ، سەرۆکی پێشووتری مەجلیسی ڕێژیم، زمانی فارسیی وەکوو زمانی دووهەمی جیهانی ئیسلام لەقەڵەم داوە، لە کاتێکدا بەپێی بەڵگەکانی خودی فارسەکان زیاتر لە ٤٠٪ی وشەکانی زمانی فارسی لە بنەڕەتدا وشەی عەرەبین ئەم ئیدعایە تاکوو چەند ڕاستە؟
ئەوەی حەددادی عادل دەیڵێ بە پلەی یەکەم پرۆپاگاندای سیاسییە. بەڵام لە قسەکەی ئەودا ڕاستییەک شاراوەیە و ئەویش ڕۆڵی زمانی فارسییە لە پەرەپێدانی جیهانی ئیسلامدا. لە دێرزەمانەوە ئەم زمانە ئەرکی پەرەپێدانی ئەندێشەی ئیسلامیی لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی خۆیەوە هەبووە. بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ هەتا هاتنی ئینگلیزەکان ئەوە زمانی فارسی بوو کە لە دەرباری موغالەکانی هینددا بەکار دەهێندرا. ئێریک هێرمێلینی سویدی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا لە هیندوستانی کۆلۆنیکراوی ئینگلیسییەکاندا فێری فارسی دەبێ و دەیان کتێبی کلاسیکی فارسی دەکاتە سوێدی. زمانی فارسی هەر لە سەرەتاکانی سەدەی یازدەهەمی زاینییەوە تواناییەکی بێوێنەی لە خۆی نیشان داوە لە گەڵاڵەکردنی ئەدەب و سیاسەتدا. شەست هەزار بەیتی شانامەی فیردەوسی کەمتر لە ٤٪ی عەرەبییە. ئەمە لە کاتێکدایە بۆ نموونە نزیکە ٦٥٠ ساڵ دواتر لە مەم و زینی خانیدا لەگەل زیاتر لە ٧٠٪ وشەی عەرەبی ڕووبەڕوو دەبینەوە. ئەمە لە زاتی خۆیدا کێشەیەکی گەورە نییە. ئێمە دەبێ جیاوازیی دانێین لەنێوان سیاسەتی وڵاتێک و زمانێک کە لە ئارادایە. بۆ سەدان ساڵ زمانی فارسی لە تەنیشت زمانی عەرەبی و کوردیدا زمانی فێرکردن و بارهێنانی حوجرەکان بووە و بە سەدان زانای کورد گولستان و بوستانی سەعدییان وەک دەرس بە خوێندکارانی خۆیان گوتۆتەوە. زمانی ئینگلیسی پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە سیاسەتی دەوڵەتی ئینگلیسەوە نییە. هەبوونی دەرسەدێکی یەکجار زۆری وشەی فەڕەنسی لە زمانی ئینگلیسیدا نابێتە هۆکاری دڕدۆنگی لەم زمانە. ئەگەر لە زمانی سویدیدا وشە ئینگلسیی، ئاڵمانی و فەڕەنسییەکان هەڵاوێرین شتێکی ئەوتۆمان بۆ نامێنێتەوە کە کەڵکێکی ئەوتۆی هەبێ. ئێمە وەک کورد دەبێت شتێک لە حەددادی عادڵ و دەسەڵاتدارانی دیکەی ئێران فێر بین و ئەویش گرنگیدانە بە زمانی خۆمان. ئایدئۆلۆژیای ئیسلامی کارێکی وای نەکردووە کە دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ گەشەی زمانی فارسی لە هەوڵدا نەبن. ئەگەر ئێمە بەراوەردێکی سیاسەتی زمانیی باشووری کوردستان لەگەڵ ئێراندا بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە ئێمە وەک کورد چەندە لە ئاست زمانی خۆمان و چارەنووسەکەیدا کەمتەرخەمین.
سپاس کە کاتتان بۆ ئەو دیمانەیە دانا
سپاس بۆ ئێوە کە ئەو باسەتان لەگەڵ من ورووژاند.