پێشکەش بە ڕووحی پاکی بەڕێزان: کەریم جەهانگیری (کەریم بەفراو) و حەمەدەمین ئەحمەدپوور (حەمەدەمین شەشە)
ئەگەر بە شێوەیەکی هێڵی سەیری ڕابردووی خەباتی گەلی کورد بکەین لەسەر بنەمای “کارەکتێرە گشتییەکانیی” بەشدار لە خەباتی سیاسی چەکداریی نەتەوەی کورددا، دەتوانین هەندێ لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کارەکتێرانە بە شێوەیەکی مۆرفۆلۆژیک دیاری بکەین تا لە هەناوی ئەم بیچمانەدا، چەشنێ تیپ
دیاری بکەین کە وەک سەربازی ون ژیان و تەمەنیان بوو بە سووتەمەنی و ئاوردووی شۆڕش. دیارە ئەم چەشنە کارانە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا باوە و وەک نموونەی بەرچاو دەکرێ ئاماژە بە کارەکانی ڤلادیمیر پڕاپ فۆڕمالیستی ڕووس بکەین کە بۆ ئەفسانە ڕووسییەکان ئەنجامیدا.
کارەکتێرە گشتییەکانیی بەشدار لە خەباتی سیاسی چەکداریدا بە کێ دەکوترێ؟ لە ڕاستیدا ئەم کارەکتێرانە سەر بە کۆمەڵگای سوننەتیی کوردستان و جیلەکانی ڕابردوون کە وەک ناوێکی تایبەت لە ڕەوتی خەباتدا نادۆزرێنەوە و نابیندرێن و تەنانەت هەندێ جار لە مێژووی زارەکیشدا ونن، بۆیە دەکرێ بڵێین بە نیسبەت خودی خەبات وەک دەق، ئەمان خودی پەراوێزن، بەڵام پەراوێزێک کە هەرگیز بە دژی دەق قوت نەبوونەوە و بەڵکوو بەردەوام لە خزمەتی خەباتەکەدا بوون. بەپێچەوانەی زۆر “کارەکتێری سەرەکی” کە لەسەر دەسەڵات زۆرجاران زەبری کوشندەیان لە خەبات داوە، ئەوان هەرگیز گیرۆدەی هێز و دەسەڵات نەبوون.
جلوبەرگی کوردی (لێرەدا بەتایبەتی پێچ و جامانە و کەواوپانتۆڵ و پشتێند وەک نموونە) وەک پاژێک لە گشت بۆ پێناسەیەکی نەتەوایەتی لەبەرچاو گیراوە، واتە ئەگەر چەمکی کوردایەتی وەک سیستم (گشت) سەیر بکەین دەکرێ جلوبەرگ، زمان، ئەدەب، هونەر، کلتوور و… وەک پاژەکانی پێکهێنەری ئەم سیستمە شرۆڤەیان بۆ بکرێ و چەشنی پەیوەندییان بەیەکەوە و دواجار لەگەڵ کۆی سیستم دیاری بکەین، ئەمە هەمان مێتۆدی پێکهاتەخوازییە Structuralism)) کە بۆ شرۆڤەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کەلکی لێوەردەگیرێ. ئەگەر بمهەوێ زۆر بە کورتی هەندێ پێناسەی ئەم کارەکتێرە گشتییانە بخەمە بەرباس کە قەت سەریان ڕووت نەبووە و بە پێی جوغرافیای شوێنی ژیان پێچ، مێزەر و جامانەیان لەسەردەنا و هەرگیز جگە لە کەوا و پانتۆڵ بەرگێکی تریان نەپۆشی، دەکرێ ئاماژە بەم تایبەتمەندییانە بکەین:
– سەر بە کۆمەڵگەی سوننەتین
– نەخوێندەوارن
– لەباری کۆمەڵایەتییەوە زۆر شوێندانەرن
– تا دوایین ساتی ژیان لە ناوخۆی کوردستان بوون
– هەزینەی قورسیان داوە، بۆ وێنە باوکی شەهید یان باوکی پێشمەرگەن، تووشی زیندان هاتوون، مڵک و ماڵیان لە لایەن دەسەڵاتەوە دەستی بەسەرداگیراوە
– هەرگیز لە حاڵ و ڕۆژی سیاسی حیزبەکان و دۆخی پارچەکانی تریش خافڵ نەبوون
– پێداگری لەسەر یەکڕیزی و یەکێتی، دڵەڕاوکێی ناوونیشان و دەسەڵاتیان نەبووە
– ئەخلاقمەداری و ئیمانێکی پتەو بە دواڕۆژی نەتەوەی کورد و…
خۆ حاشا لەوە ناکرێ کە گلۆبالیزاسیۆن (بە زەبری تەکنۆلۆژیا و کەرەسە پەیوەندییەکانی) شوێندانەری تایبەتی خۆی هەبووە لەسەر تەواوی کەلێن و قوژبنەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەی کورد وەک سەرجەم گەلانی دنیا و بەپێی زۆربەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان گلۆبالیزاسیۆن لەم ساتەوەختەدا بە هۆی ئەم کەرەسانەی لەبەردەستیدایە بۆتە هۆی ئەوەی کە پێناسە و ناسنامەی نەتەوایەتی و ناساندنی پرسی کورد لەسەر ئاستی جیهانی تۆختر و زەقتر خۆی بنوێنێ. بەڵام کە سەیری ئەم شوێندانەرییە لەسەر خودی نەتەوەی کوردە دەکەی دەبینی لەبری سازدانی گوتارێکی هاوبەش یانی لانیکەم نیزیک لێکتر، مەودای و کەلێنێکی زیاتری لە
نێو کورددا سازکردووە، ئەگەر جیلە پێچبەسەرەکە لە نەبوونی ئەم کەرەسانە خۆبەخشانە و بەکردەوە خۆی بەختی خەباتی نەتەوەی کردووە ئێستا جیلی تازە کە بەتەعبیری ڕابردوو سەرڕووتەکانن، بەبێ حزووری کردەوەیی تەنیا و تەنیا بە کەلکوەرگرتن لە سۆشیال میدیا خەریکی بەرفراوانتر کردنی کەلێنەکان و مەوداکانن.
ئەوەی کە ئێستا نەوەی سەرڕووت کوردایەتی وەک ڕێبازی ژیان سەیری دەکا بۆ جیلی پێچبەسەر نەک ڕێباز بەڵکوو خودی ژیان بوو، بۆیە حەولی ئەوەی دەدا ژیان و زمانی پاک و بێخەوش بێ، بەپێچەوانەی ئێستا کە لۆمپەنیزمێکی هەوسارپساوی سۆشیال میدیایی و پۆپۆلیسمێکی زاڵ بەسەر ئەم دنیا مەجازییەدا لەبری دەربڕینی بیروڕای ئازاد و کردنەوەی دەرگای دیالۆگ بەردەوام خەریکی بڵاوکردنەوەی ژار و تۆوی دووبەرەکایتییە. ئەگەر خەون و خولیای جیلی ڕابردوو بەئەنجام گەیشتنی خەباتی کورد بوو ئەوە سەرڕووتەکانی سەردەم خەونی گولی بەیەکترەوە دەبینن!