کە قازی محەمەد بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردی (ژکاف) سوێندی وەفاداری خوارد و سوێندەکەی بەجێ هێناو. وەک کەسێکی رێبەر، شوێندانەر و ئاگادار بە ئاڵوگۆڕەکانی سەردەمی خۆی لە ژێر ڕێبەری ئەودا حیزبێکی نوێ، کراوە، مۆدێرن و لیبراڵ و دادەپەروەری سەردەمی خۆی دامەزراند. ئاسۆبینی و بەئامانج بوونی ئەو بوو بە هۆی ئەوەی کە لەماوەیەکی کەمدا حیزبێکی داخراوی وەک ژ.کاف ببێتە حیزبێکی جەماوەری و لەوەش گرینگتر خەباتی سیاسی حیزبێک بکاتە جۆڵانەوەیەکی سیاسی – نەتەوایەتی و دوای کەمتر لە شەش مانگ کۆماری کوردستان دامەزرێنێت و بزاڤی کورد لە حاڵەتی تەنیا شۆرش و سەرهەڵدانەوە بەرەو بەدەوڵەتبوون ببات. کۆمەڵگای سەردەمی قازی محەمەد کۆمەڵگایەکی دابەشکراو بەسەر هۆز و عەشیرەتەکان بوو کە بەدەست یەکنەگرتوویی و نەبوونی دادپەروەری دەناڵاند. ئەو بە توانایی ژیرانە و بەمشوورانەی خۆی توانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە دەوری یەکتر کۆکاتەوە حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان بکاتە بەها و بایەخێکی هاوبەش و یەکگرتوو. ئەمنیەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و رێکخراوەیی یەکێک لە بنەماکانی هەرە گرنگی پێشکەوتن و پێکەوە سازانن. لەماوەی دەسەڵاتداری ئەودا هەم ئەمنیەتی ناوخۆیی حیزبی لە ئاستی هەرە بەرز دابوو و هەم ئەمنیەت و تەناهی کۆمەڵایەتی بەچەشنێک لە ماوەی یازدە مانگی کۆماری کوردستان تەنیا یەک کەس بە چەک کوژرا. ئەم پرسە کاتێک گرینگی خۆی دەردەخات کە بزانین لەو سەردەمەدا نە ئەزموونی بەرێوەبەری بە کۆمەڵ هەبووە و نە ئەزموونی کاری رێکخراوەیی و سیستماتیک و حیزبی. پێشەوا کاتێک کە زانی کۆمار ناتوانێت بەرگەی هێرشی بەربڵاو و ئەرتەشی پۆشتەو پەرداخی رژێمی ئێران ناگرێت، بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی کوردستان لە قەڵاچۆ و ژێنۆساید، وەک عیسای مەسیح خۆی تەسلیم کرد و بەرەو پیری مەرگ رۆشیت. لە بەناو دادگای نیزامی حکوومەتی پاشایەتیشدا، رژێمی ئێرانی بەدادگا کێشا و سەربەرزانە دیفاعی لە کۆماری کوردستان و مافی چارەنووسی گەلی کورد کرد. لە وەسیەتەکەیدا پێشەوا قازی محەمەد رێبوارانی خۆی بانگ دەکات بۆ خۆ پەروەردەکردن، یەکبوون و یەکیەتی و قبووڵی یەکتر. پێش سێدارهدانیش پێشەوا بە بکوژانی دەڵێت:چاوم مهبهستن، حەز دەکەم لە ئاخرین چرکەی ژیانمدا بە سەربەرزی و چاوی کراوەوە لە نیشتمانی خۆشەویستم بڕوانم. پێشەوا قازی محەمەد لە راستیدا مانیفێستی بەها و بایەخە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ناو بزاڤی کورد و حیزبی دێموکراتن. ئەو تابڵۆی ویژدانی بزاڤی نەتەوایەتی و هێمای رێبەرێکی مرۆڤانی و هومانیستە. زۆر بە کورتی ئەو بایەخانەی کە پێشەوا قازی محەمەد بۆ ئێمەی بەجێ هێشت بریتین لە: وەفا بە پەیمان (تعهد)، هاوگونجی لە گەڵ سەردەم، مۆدێرنیزم، کراوەیی، یەکسانی خوازی، یەکگرتوویی خوازی و لەبەرچاوگرتنی جیاوازیەکان، دادپەروەری، ئاسۆبینی، رێزگرتن لە کەڕامەتی مرۆڤی مرۆڤ، نەترسی و بوێری، بڕوا بەخۆبوون، باوەرمەندی بە رێبازی ئازادی و سەربەستی کوردستان، خوێندن و پێشڤەچوون، یەکگرتوویی و پێکەوە بوون.٦٩ساڵ دوای لەسێدارەدانی تابلۆی ویژدانی جۆڵانەوەی کورد، ئەمرۆ رێبوارانی قازی محەمەد دابەشکراو بە سەر چەندین حیزب و رێکخراو، دژ بەیەک، بێ متمانە بە یەکتر و بێ بەرنامە و ئاسۆی هاوبەش برینەکانی قازی محەمەد قووڵتر و بایەخەکانی پارچە پارچە دەکەن. ئێمە هەرکات توانیمان ئەم سێ بەها گرنگە جێبەجێ بکەین: رێزگرتن، پاراستنی کەڕامەتی مرۆڤ و یەکترمان وەک کە هەین قبووڵ بکەین – ئەوکات رێزمان بۆ قازی محەمەد گرتووە و بنەماکانی یەکگرتووییەکمان دامەزراندووە کە ئاواتی پێشەوای کوردان قازی محەمەد بووە دەتوانین هیوادار بین بە پێکەوە بوونێکی درێژخایەن و هێز و چالاکی خۆمان بەهینەیی بکەین. هەمووی ئەوانە لە گۆڕینی زێهنیەتی خۆمانەوە دەست پێدەکات. لە رۆژی شەهید بوونی قازی محەمەد، لە خۆمەوە دەست پێدەکەم و هەموو رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و کادر و پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە بە چالش دەکێشم بۆ خاوەن دەرکەوتن لەو بایەخانە. با ببینە رۆڵەکانی بەحەقی پێشەوا قازی محەمەد.
٢٨.٣.٢٠١٦
هێلسینکی