رۆژی ١٦ی ماڕسی هه‌موو ساڵێ (٢٦ی ره‌شه‌مه) بیرخه‌ره‌وه‌ی روداوێکی تاڵ و دڵهه‌ژێنه بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد به گشتی و گه‌لی کورد له باشوری کوردستان به تایبه‌تی، له‌و رۆژه‌دا جینایەتێکی سامناک درحه‌ق به به‌شێک له خه‌ڵکی کورد واتە له سه‌ر دانیشتوانی شاری هه‌ڵه‌بجه به‌ڕێوه‌چوو که ده‌توانین بڵێین له دوای کاره‌ساتی “هیروشیما وناکازاکی” ژاپۆن، مێژووی مرۆڤایه‌تی کارەساتێکی وای به خۆیه‌وه نه‌دیبوو، به تایبه‌تی که ئه‌و جینایه‌ته سامناکه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقه‌وه به دژی خه‌ڵکی ئاسایی که به به‌شێک له هاووڵاتیانی عێراق ده‌هاتنه ئەژمار، به‌رێوه‌چوو. واته ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته خه‌ڵکی بێ‌تاوانی وڵاته‌که‌ی خۆیان به چه‌کی قه‌ده‌غه‌کراو، له‌به‌ر چاوی دنیای پێشکه‌وتوو قه‌تڵی‌عام کرد، به شێوه‌یه‌ک کە له ماوه‌یه‌کی که‌م‌دا زۆربه‌ی حه‌شیمه‌تی شاری هه‌ڵەبجه به هۆی هه‌ڵمژینی گازی شیمیایی گیانیان له ده‌ست دا و شار له ماوه‌ی چه‌ند سه‌عات دا بوو به شاری مردووان و ئاسه‌واری ژیانی لێ ئه‌ستێندراوه.
له کاتێکدا ئه‌و جینایەته سامناک و دوور له ویژدانی مرۆڤایه‌تی رووی دا که دنیا لە کۆتایه‌کانی شه‌ری ساردی نیوان جه‌مسه‌ری رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا دا ده‌ژیا و به هۆی ململانی و کێ‌به‌رکێی به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌کان،جیهان له به‌رامبه‌ر ئه‌و جینایەته سامناکه که خۆی به ته‌نیا تراژیدیایه‌ک بووله سه‌دان تراژیدیای دیکه که به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد دا هاتبوون، بێدەنگ بوو‌و وای کرد که ئه‌وجاره‌ش وه‌ک هه‌موو جاره‌کانی دیکە، مافی کورد پشت گوێ بخرێ. ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و کات به نوسراوه‌یه‌ک یا زاره‌کیش ئه‌و کرده‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌و کاتی عێراقیان مه‌حکوم نه‌کرد.
ئه‌و کاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه داهات له ته‌واوی ئه‌و ماوه زه‌مه‌نییه‌دا که کوردستان به هۆی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌کان به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌ت دا دابه‌ش بوو، به‌ڕاده‌ی که‌م و زۆر و مانگ و ساڵ نه‌بووه به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان دا نه‌یە، ئه‌ویش لە شێوه‌ی بیرکردنه‌وه وتیروانینی ده‌سه‌ڵاتدارانی زاڵ به‌سه‌ر کوردستان دا سه‌رچاوه‌ی گرتووه که هه‌مووکات به کرده‌وه‌ی رێکخراو و سازماندراوی وه‌ک:
“گۆرینی دێموگرافی کوردستان”، “کوچی ئیجباری”، “بڵاوکردنه‌وه‌ی نه‌خۆشییه کۆمه‌ڵایه‌تێەکان”، ” به تاڵانبردنی سامانی نه‌ته‌وه‌یی کورد”، “قه‌ده‌غه‌کردنی زمان”، “شێواندنی مێژوو” و ده‌یان به‌رنامه‌و پلانی دیکه، له هه‌وڵی ئه‌وه دابوون که کورد له نیو نه‌ته‌وه‌کانی خۆیان‌دا بتوێننه‌وه و نیشتمانه‌که‌ی داگیر بکه‌ن، به‌ڵام به‌وحاڵه‌ش له‌ماوه‌ی ١٠٠ ساڵی رابردوودا نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ وه‌ده‌ست هێنانه‌وه‌ی مافه‌کانی خۆی و وه‌سه‌ریه‌کخستنه‌وه‌ی نیشتمانه‌که‌ی له خه‌بات کردن رانه‌وه‌ستاوه و له‌و رێگایه‌دا قوربانی زۆری داوه، به‌ڵام به پێچه‌وا‌نه‌ی دوژمنه‌کانی قه‌ت هێرشبه‌رنه‌بووه، به‌ڵکوو هه‌وڵی داوه ده‌رکی راستییه‌کانی پێوه‌ندی‌یه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و هه‌لومه‌رجی ناوچه‌که‌ی که تیدا ده‌ژی، بکا. به‌ڵام دوژمنه‌کانی راست به پێچه‌وانه‌وه جوڵاونه‌ته‌وه و زۆر جاران هه‌موو ئه‌و پرنسیپ و پابه‌ندی‌یه نێوده‌وڵه‌تی‌یانه‌ی که خۆیان ئیمزایان کردوه یا تێیان‌دا ئه‌ندامن له ژێرپێ ناوەو بۆ سه‌رکوت و پاکتاوکردنی ره‌گه‌زی، هەموو سنوورەکانی دڕندەیی وفەوتان واته ژینوسایدیان تێپه‌ر کردوه، چونکه به پێی ئه‌و پیناسانه‌ی که بۆ جینایه‌تی ژێنۆساید کراوه به‌شێکی به‌رچاوی کرداره‌کانی ده‌وڵه‌تی زال به‌سه‌ر کوردستان‌دا ده‌چنه ئه‌و بازنه‌یه‌وه.
وشه‌ی ژێنۆساید له سه‌ره‌تاکانی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی دا هاته نێو قامووسی سیاسی و قانوونی بۆ ئه‌وه‌ی ناسێنه‌ری ئه‌و جینایه‌ته دڕندانا‌نە بێت که نازی‌یه‌کانی ئاڵمانی له حاڵی پێشره‌وی خۆیان‌دا به‌ره‌و یه‌کیەتیی سۆڤیه‌ت به دژی خه‌ڵکی لەهێستان به‌رێوه‌یان ده‌برد، جیهانی ئه‌و کاتی توشی سه‌رسووڕمان کرد و ته‌نانه‌ت سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌وکاتی بریتانیا سه‌باره‌ت به‌و تاوان و جینایه‌ته‌ی سپای ئاڵمان ده‌ڵی “ئێمه له حاڵی ئیستا‌دا شاهیدی به‌رێوه‌چونی تاوانێکین که ناوی نییه”
“رافائێل لمکین” قانوون زانی لەهێستانی ئه‌و جینایەتی ناونا “ژێنۆساید” و به‌و جۆره پێناسه‌ی کرد:
“مه‌به‌ستی ئێمه له دسته واژەی ژێنۆساید، له نێوچوونی کۆمه‌ڵێکی نه‌ته‌وه‌یی یا نیژادیه. ئه‌و واژه‌یه له لایه‌ن نوسه‌ره‌وه داهێندراوه هه‌تا به‌کردارێکی کۆن له روخساری نوێ دا مانای پێ ببەخشێ…. ژێنۆساید بە دژی کۆمەڵێکی نەتەوەیی کە بوونیان بە شێوەی سەربەخۆ هەیە، بەرێوەدەچێ و بەرێوەبردنی کرداری لەو بابەتانە نە بە هۆکاری کەسایەتی فەردی قوربانی‌یەکان، بەڵکوو بە هۆی ئەندامەتیان لە کۆمەڵێکی نەتەوەیی لەسەریان جێبەجێ دەکرێ.”
بەو پیناسەیە بێت هەموو ئەو کردارانەی کە پێشتر باسمان کرد دەچنە خانەی ژێنۆسایدەوە، یا بەشێوەیەکی دیکە دەتوانین چاو لە پێناسانە بکەین کە لە دادگاکانی جۆراوجۆر کە لە وڵاتی جیاواز بە مەبەستی سزادانی تاوانبارانی ژێنۆساید پێک هاتوون. لە مادەکانی ٤و٢ پێرەوی دادگاکانی تایبەتی سزادانی “یوگوسلاوی و رواندا” هەمان پێناسەیان کردوە لە مادەی ٢ی کۆنوانسیونی قەدەغە و سزادانی جینایەتی ژێنۆساید. لەو کۆنوانسیۆنەدا دەڵێ: “هەر یەک لەو کردەوانە کە بە نییەتی لەنێوبردنی تەواو یان بەشێک لە کۆمەلێکی نەتەوەیی، نیژادی یان مەزهەبی بەرێوە بچێ بە ژێنۆساید دەناسرێ .” هەروەها کردەوەکانی لە ٥ خاڵ دا بەشێوەی خوارەوە دەسنیشان کردەوە:
ا: کوشتنی ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە.
ب: گەیاندنی زیانی قەرەبوونەکراو بە سڵامەتی جەستەیی و روحی ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە.
ج: دانانی بە ئانقەستی کۆمەڵەیەک لە هەل ومەرجی نالەباری ژیان کە ببێتە هۆی لەنێوچوون و تەلەف بوونی تەواو یا بەشێک لەو کۆمەڵەیە.
د: بەرێوەبردنی هێندێک کردار بە مەبەستی پێشگیری لە زاووزێ لە نێو ئەو کۆمەڵەیەدا.
ه: راگواستنی ئیجباری منداڵانی کۆمەڵێک بۆ کۆمەڵێکی دیکە.
لێرەدا پێویستە ئیشارە بەوەش بکەین کە مادەی ٥ی پەیرەوی دیوان سزادانی نێونەتەوەیی و مادەی ١١ لە پەیرەوی “دادگای تایبەت بە جینایەتی جەنگی عێراق” داهەر هەمان پێناسەی سەرەوەیان بۆ ژێنۆساید دووپات کردۆتەوە.
لە سەردەمی ئێستا دا قەدەغە کردنی ژێنۆساید پێگەیەکی بەرزی لە نێو پەیماننامە و رێوشوێنە قانونی‌یەنێونەتەوەیی‌یە کان‌دا هەیە و تەواوی دەوڵەتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان بۆ پێشگیری لە جینایەتی ژێنۆساید و سزادانی بکەرانی، پابەندیان هەیە و بەستنی هەر پەیمانێک یان رێککەوتننامەیەک کە دژایەتی هەبێ لە گەڵ قەدەغە کردنی ژینوساید لە روانگەی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی‌یەوە پوچ و بێ ئیعتبارە، چونکە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی جۆراوجۆری زۆری تێدایە و پاراستنی ئەو جۆراوجۆری‌یە بۆتە یەکیک لە بنەماکانی نەزمی گشتی نێونەتەوەیی، واتە ئەگەر ئەو جۆراوجۆری نەتەوەیی و نیژادی و مەزهەبی و زمانی نەپارێزەرێ نەزمی گشتی نێونەتەوەیی تێک دەچێ.
لەگەڵ هەموو ئەوانەی کە لەسەرەوە باسمان کرد بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چارەگەسەدەیەک هێشتا لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەەوەیی و دەوڵەتی‌یەوە تاوانی هەڵەبجە بە ژێنۆساید نەناسراوە و یەکیک لە پێویستی‌یەکانی بزاڤی رزگاریخوازی کورد لە سەدەی ئیستا‌دا ناسینی بۆمبارانی شیمیایی هەڵەبجە بە تاوانی ژێنۆسایدە، چونکە ئەگەر تاوانی شیمیایی بارانی هەڵەبجە بە ژێنۆساید بناسرێ، دەتوانێ ببێتە پاڵپشتێکی قانوونی بۆ نەتەوەی کورد و، ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە و لەگەڵ جوڵانەوەی ئازادیخوازی رۆلەکانی کورد روبەروون، جارێکی دیکە نەتوانن بیر لە خوڵقاندنی کارەساتێکی لەو بابەتە بکەنەوە و لە هەمان حاڵ دا ئەگەر بۆمبارانی شیمیایی هەڵەبجە بە ژێنۆساید بناسرێ، هەم دەوڵەتی عێراق و هەم وڵاتانێک کە یارمەتیدەری عێراق بوون لە دەسراگەیشتن بە چەکی شیمیایی دەبێ قەرەبووی دەسەڵاتی کوردی و کەس و کاری قوربانیانی ئەو کارەساتە بکەنەوە و ئەوەش دەبێتە هەنگاوێک بۆ ئەوەی پێشگیری بکرێ لە دووپات بوونەوەی کارەساتی لەو بابەتە و لە لایەکی دیکەوە ئەگەر دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستان‌دا هەست بەوە بکەن کە کۆمەڵگای جیهانی بەرامبەر بە کردەوەی لەو بابەتە بێدەنگ نابی، بە خاتری ئەوەش بێ بێر لەوە ناکەنەوە کە دەست بۆ هەموو کردەوەیەکی قێزەون بەرن بۆئەوەی کورد لە نێوبەرن و نیشتمانەکەی داگیر بکەن.
لە ژماره ٦٧٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه