لە کۆتایی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٩ـەوە بە خۆسووتاندنی “محەممەد بوو عەزیزی” توونسی، بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە هەندێک وڵاتی باکووری ئەفریقا و باشووری رۆژئاوای ئاسیا دەستی پێکرد. ئەو بزووتنەوەیە زۆر زوو سنووری توونسی بڕی و وڵاتانی میسر، لیبی، یەمەن، بەحرهین و سووریەی گرتەوە. شوناسی سەرەکیی ئەو بزووتنەوە خەڵکییە، تەقینەوەی ناڕەزایەتیی کهڵهکهبووی خەڵکی هەژار و ستەملێکراو بوو لە رێگەی گوشاری جەماوەرییەوە، بەڵام زۆری نەکێشا حکوومەتی زاڵ بەسەر ئەو وڵاتانەدا ناڕەزایەتیی جەماوەرییان بەرەو تووندوتیژی برد، کە تا ئێستاش لە سووریە و یەمەن بەردەوامە.
دوای زیاتر لە پێنج ساڵ شەڕ و پشێوی لە نێوخۆی سووریە و دەستتێوەردانی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان، لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ژنێڤی ٣ دا بڕیار دراوە شەڕ لەنێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و حکوومەتی ئەسەد رابگیرێ. وەک بە کشانەوەی هێزەکانی پیادەی رووسیەشڕا دیارە، زلهێزەکان رێک کەوتوون کە شەڕی سووریە نەکرێتە بیانوویەک بۆ جێگیرکردنی هێزە بیانییەکان لەو وڵاتەدا. هەرچەندە تا ئێستاش ئەو دوو بڕیارە بەتەواوی جێبەجێ نەکراون، بەڵام هەنگاوێکی بەرەو پێشن لە چوارچێوەی چارەسەری قەیرانی سووریە و ناوچەکەدا. وەک چاوەڕوان دەکرا، لایەنە نێوخۆیی و هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان لەوە گەیشتوون کە هیچیان توانای سڕینەوەی ئهوانی دیکهیان نیە و وڵاتانی بەشدار لە شەڕی سووریەش بەتایبەت بەهۆی قەیرانی ئابووری و دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت توانای کێشانی باری قورسی شەڕی پڕ تێچووی سووریەیان نیە. هەروەها دەشزانن کە دۆخی شەڕ لەو وڵاتە باشترین دەرفەتە بۆ گرووپە تووندڕەو و تیرۆریستییەکان، بۆیە چارەیەک نابینن جگە لە هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریە. بۆ گەیشتن بەوەش چەند کۆسپی سەرەکییان لەپێش دان. یەکەم چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەیە، چونکە نە هەموو لایەنەکانی شەڕ لەو رێککەوتنەدا بەشدارن و نە لایەنەکانیش بۆ چارەسەری سیاسی متمانەیان بە یەکتر هەیە. هەروەها حکوومەت و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و هێزەکانی پشتیوانی دوو لایەن تا ئێستاش نەیانتوانیوە لەسەر بنەماکانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و چۆنیەتی گواستنەوەی دەسەڵات رێک بکەون. تائێستاش پلانێکی روون بۆ رووبەڕووبوونەوە و لەنێوبردنی هێزە تیرۆریستییەکان بە تایبەت رێکخراوی داعش و بەرەی نوسرە نیە کە زیاتر لە یەک لەسێی خاکی سووریەیان لەدەستدایە.
پرسێکی گرینگی دیکەش، چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی سیاسی و ئیداریی داهاتووی سووریە و، بەتایبەت چۆنیەتیی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ بەڕێوەبەریی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانە کە بە تازەیی دامەزراندنی سیستمی فێدراڵییان لێ راگەیەندراوە.
پارتی یەکیهتی دیموکراتیک،هێزی سەرەکیی پشت راگەیاندنی فیدراڵییە کە بۆ دانوستانەکانی ژنێڤ نەخوێندراوەتەوە و بەشداریی پێنەکراوە. پەیەدە کە بە کردەوە دەسەڵاتی زۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوای لە دەستدایە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵێک هێزی سیاسی و پێکهاتەی رۆژئاوا کە لێی نزیکن، بە راگەیاندنی سیستمی فیدراڵی چاوی لە پێکانی دوو ئامانجی سەرەکییە. یەکەم پەیوەندی بە بانگ نەکرانیان بۆ ژنێڤ ٣وه هەیە و دەیانەوێ هەموو لایەنەکان دان بەو راستییەدا بنێن کە جگە لەوەی شەرڤانانی یەپەگە هێزێکی سەرەکی بەرامبەر داعش و هێزە توندڕەوەکانی دیکەن، زیاتر لە یەک پێنجەمی خاکی سووریەیان بەدەستهوهیە و دەبێ لە هەر وتووێژ و بەرنامەیەکی تایبەت بە داهاتووی سووریەدا بەشدار بن. هەروەها دەیانەوێ پێش کۆتاییهاتنی دانوستانەکان و هەر رێککەوتنێک، یەکەیەکی سیاسی و جوغرافیایی یەکدەست لە رۆژئاوای کوردستان بکەن بە ئەمری واقع کە ئەوەش هەنگاوێکی بەرەوپێش و لەجێی خۆیدایە. دیاریکردنی سیستمی فیدراڵی بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئیداری و یەکپارچەیی جوغرافیایی لە رۆژئاوای کوردستان گرینگە. سەرەڕای ئەو گرینگییە، راگەیاندنی فیدراڵی لە رۆژئاوا دوو کێشەی سەرەکیی هەن. یەکەم ئەوە کە ئەو فیدراڵییە لە بنەماکانی فیدراڵیی ئیداری نزیکترە تاکوو سیستمێکی فیدراڵی لەسەر بنەمای هەبوونی کیانی نەتەوەیی. دووەمیش ئەوە کە لە راگەیاندنی سیستمی فیدراڵیدا هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان لە پێکهێنان و بەڕێوەبردنی ئەو سیستمەدا رێگەی بەشداربوونیان بۆ نەکراوەتەوە. هەرچەندە هێزەکانی دیکەی رۆژئاوا بەهۆی ئەو دوو کەمایهسییە سەرەکییەوه پشتگیریی راگەیاندنی فیدراڵی لەلایەن پەیەدەیان نەکردوە، بەڵام ئەگەر ناو و جەوهەری فیدراڵییەکە گۆڕانی بەسەردا بێ و لایەنەکانی نێو ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە و دامەزراوە سیاسی و مەدەنییەکانی دیکە بەشدارییان پێبکرێ، کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی و بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە سوورییەکانیش پێگەیەکی بەهێزتری بۆ داکۆکیکردن لە سیستمی فیدراڵی دەبێ
لە ژماره ٦٧٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه