جارێکی دیکەش دەستی ڕەشی تێرۆڕ جینایەتێکی سامناکی قوڵقاند و کۆمەڵێک خەڵکی بێتاوانی خەڵتانی خوێن کرد. ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ٢٢ی مارس(٣ی خاکەلێوە) سێ تەقینەوەی بەهێز لە فڕۆکەخانە و مێتڕۆی شاری بڕووکسێل لە بێلژیک روویاندا کە بەداخەوە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. ئەو کردەوە تێرۆڕیستییانەی بێلژیک لەکاتێکدا ڕوویاندا کە لهلایهک لە چەند حەوتووی ڕابردوودا چەند جار کاربەدەستان و هێزە ئەمنیەتییهکانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندبوو کە ئەگەری ڕوودانی کردەوەی تێرۆڕیستی هەڕەشە لە بێلژیک دەکا و لە لایەکی دیکە پاش ماوهیهکی زۆر ڕاوەدوونان، چەند ڕۆژ لەمەوبەرهێزەکانی پولیسی ئەو وڵاتە توانیبوویان تاوانباری سەرەکیی هێرشەکانی نۆڤامبری پاریس بدۆزنەوە و وێڕای چوار کەسی دیکە دەسبەسەری بکەن.
هەروەک چاوەڕوان دەکرا، ئەو کردەوە تێرۆڕیستییانەش وەک هێرشەکانی پاریس لەلایەن تێرۆڕیستەکانی سەر بە داعشەوە بەئەنجام گەیشتوون و مەبەستیان ترساندن و تۆقاندنی خەڵک و تۆڵەسەندنەوە لە دەوڵەتی بێلژیک و بەگشتی یەکیهتیی ئورووپایه. بەتایبەت کە لەپاش هێرشەکانی پاریس دەرکەوت تێرۆڕیستەکان پلان و نەخشەی خۆیان لە خاکی بێلژیکەوە داڕشتوە و هەر لەوێشەوە پێداویستییەکانیان ئامادە کردوە و لەڕاستیدا شانەی سەرەکی تێرۆڕیستەکانی داعش، لەو وڵاتەدایە. جگەلەوەش بڕووکسێل، وەک پێتەختی وڵاتی بێلژیک و وەک ناوەندی سەرەکیی یەکیەتیی ئورووپا و کۆڕی گشتیی وڵاتانی ئورووپایی، هەم بۆ ئەو وڵاتانە و هەم بۆ تێرۆڕیستەکان گرینگیی تایبەتیی خۆی هەیە. داعش بەو کردەوە تێرۆڕیستییە کە درێژەی زنجیرە کردەوە تێرۆڕیستییەکانی ڕابردوویەتی، لە ڕاستیدا شەڕی لەگەڵ گشت وڵاتانی ئورووپایی ڕاگەیاندوە و بەو کردەوە جینایەتکارانەیە ئەو پەیامە مەترسیدارەی پێ ڕاگەیاندوون کە مەیدانی شەڕ، تەنیا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی سووریە و عێراق نییە و ئەوان ئەمنیەت و ئاسایشی ئورووپاش دەشێوێنن.
کردەوە تێرۆڕیستییەکانی بڕووکسێل ههرلەوکاتهدا سەلمێنەری ئەو ڕاستییە سامناکەن کە داعش و ڕێکخراوە تێرۆڕیستییە ئیسلامییەکانی دیکە، ڕایهڵکەیەکی بەربڵاویان لەنێو کۆڕوکۆمەڵە عەڕەبی و ئیسلامییەکانی وڵاتانی ئورووپاییدا هەیە. هەر ئەو جێگە و پێگە بەربڵاوەشە کە بۆتە بەستێنێکی لەبار بۆ ئەو ڕێکخراوانە کە شانەی بەهێزی تێرۆڕیستییان تێدا پێکبێنن. کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو لە ئورووپا و کردەوە خۆکوژییەکانی ئەم دوایییانەی برووکسێل، جگەلەوەی ئەمنیەت و ئاسایشی لەو وڵاتانەیان لاواز کردوە، تۆوی ترس و گومان و بێ باوەڕیشیان لەنێو خەڵکی ئەو وڵاتانە بەرانبەر به عەڕەب و موسڵمانەکاندا چاندوە. هەر ئەوەش بۆتە هۆی بەهێزبوونی ڕاسیزم و ڕەگەزپەرستی و هەستی دژایەتیکردن لەگەڵ بێگانەکانی دانیشتووی وڵاتانی ئورووپایی و تەنانەت هێرشکردنەسەر ماڵ و مزگەوتی موسڵمانەکان. لەڕاستیدا ئەو کردەوە تێرۆڕیستییانە، هاندەر و پاڵنەرێکی بەهێزن بۆ بیروڕای گشتیی خەڵکی وڵاتانی ڕۆژاوایی کە ڕوو لە حیزب و ڕێکخراوە ڕاست و توندڕەوەکانی ئەو وڵاتانە بکەن و خوازیاری گرتنەبەری سیاسەتی دژایەتی لەگەڵ خاریجییەکان بن.
ئەو کردەوە تێرۆڕیستییە هەروەها نیشانیدا که سەرەڕای بەردەوامی شەڕ لە دژی تێرۆڕیستان لە سووریە وعێڕاق، ئهمریکا و وڵاتانی ئورووپایی و بە گشتی کۆمەڵگهی جیهانی لەو شەڕەدا سەرکەوتنێکی بەرچاویان نەبووە و دەبێ بۆ سەرکەوتن بەسەر داعش و ڕێکخراوە بناژۆخوازه ئیسلامییەکاندا، هەوڵ و کوششی جیدیترو لێبراوانەتر بدهن. بۆ دابین کردنی ئەمنیەت و هێمنی لە ولاتانی ئورووپاییدا، لەگەڵ ئەوەی هێزە ئەمنیەتییهکان دهبێ هەوڵی شێلگیرانەتر بۆ لەنێوبردنی هێلانە و شانە تێرۆڕیستییەکان لەو وڵاتانەدا بدەن ، ئەو وڵاتانە دەبێ بە دانانی ستراتێژییەکی واقعبینانە، هەوڵ بدەن ڕیشەکانی بەهێزبوون و بڵاوبوونەوەی ئەو سەرەتانە وشک بکەن. ئەو شەڕە تەنیا بە بۆردومانکردنی پێگەکانی داعش و ئەلقاعیدە و … کۆتایی نایە و دەبێ کۆمەڵگهی جیهانی و زلهێزەکان و بەتایبەت ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و ڕووسیە لەلایەکی دیکە، سیاسەتێکی یەکگرتوویان بۆ لەنێوبردنی تێرۆڕیزم هەبێ و لەو پێناوەدا بە چارەسەری عادیلانەی کێشە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زهمینهی سەرهەڵدانی داعش و ئەلقاعیدە و دەستە و تاقمە تێرۆریستییەکان لەنێو بەرن. بەیارمەتیدان و بەهێزکردنی هێزە سەرەکییەکانی گۆڕەپانی شەڕ لەگەڵ داعش، بەتایبەت هێزەکانی پێشمەرگە و شەرڤان لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، ئهمریکا و ڕووسیە و وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەتوانن دڵنیا بن کە لە کورتخایەندا لە هەر دوو وڵاتی سووریە وعێڕاق لە باری نیزامییەوە بەسەر تێرۆڕیزمدا زاڵ بن. هەروەها بۆ لەنێو بردن و خاشەبڕکردنی بیری بناژۆی ئیسلامی و سەلەفیەت و دەستەو تاقمە تەکفیرییەکان لە درێژخایەندا، کۆمەڵگهی جیهانی و زلهێزەکان دەبێ تێبکۆشن لەهەموو بوارە ئابووری و دینی فەرهەنگییەکاندا بەگژ تێرۆڕیزمدا بچێتەوە.
لە ئاستی جیهانیدا داعش و دەستەو تاقمە تێرۆڕیستییەکان لەو شوێن و وڵاتانەدا گەشە دەکەن کە نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئازادی و دێمۆکراسی و هەروەها قەیڕانە لەمێژینە سیاسییەکان پەنگیان خواردۆتەوە و بەستێنێکی لەباریان بۆ سەرهەڵدانی بناژۆیی ئیسلامی و سەلەفیەت پێکهێناوە و لەئاکامدا شەڕ و ڕق و توورەیی نەتەوەیی و ڕهگهزی و ئایینیی لێکەوتۆتەوە. هەر بۆیەش بۆ ڕیشەکێشکردنی توند و تیژی و نەهێشتنی دەمارگرژیی ڕهگهزی و نەتەوەیی و ئایینی، دەبێ ناکۆکییەکان بە شێوەی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن و ڕووحی لێبووردەیی و بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانە و دێمۆکراسی و قەبووڵی جیاوازییەکان پەرەی پێبدرێ.
تێرۆڕیزم، وەک بەڵایەک کە بەرۆکی مرۆڤایەتیی گرتوە و ئەمنیەتی جیهانی لە مەترسی هاویشتوە، هەتا ئازادی و دێمۆکڕاسی لە ناوچە قەیراناوییەکانی جیهاندا سەقامگیر نەبێ، هەتا نەتەوە ژێردەستەکان بەژێردەستەیی بمێننەوە، هەتا دیکتاتۆڕەکان بەسەر ئەو وڵاتانەدا زاڵ بن و بە ئاشکرا و شاراوە پشتیوانی لە دەستەو تاقمە تێرۆڕیستییەکان بکەن، هەتا دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی سامانە گشتییەکان بەکردەوە نەکرێ، ئەو دیاردە دزێوە هەر دەمێنێ و مرۆڤایەتی شاهیدی کردەوەی تێرۆڕیستی لە چەشنی کردەوە تێرۆڕیستییەکانی لەندەن و پاریس وبرووکسێل دەبی و تەنانەت ڕەنگە ئەو کردەوە تێرۆڕیستییانە لە قەبارەی زۆر گەورەتر و زیانبەخشتریشدا ڕوو بدەن.
لە ژماره ٦٧٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه