لە قۆناخی یەکەمی دەیەمین دەورەی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئێراندا،٢٢١ کەس چوونە پارلمان و چارەنووسی ٦٩ کورسی لە قۆناخی دووەمی هەڵبژاردندا دیاری دەکرێ. چارەنووسی سێ کورسی لە پارێزگای ئیلام، چارەنووسی کورسیی مەریوان لە پارێزگای سنە، لە پارێزگای کرماشان-یش چارەنووسی سێ کورسی لە قۆناخی دووەمدا دیاری دەکرێ. کەوایە قۆناخی دووەمیش گرینگیی خۆی هەیە.
لە قۆناخی یەکەمدا ئەگەرچی زۆربەی کاندیدە ناسراوەکانی رێفوڕمخوازان لە لایەن شوورای نیگابانەوە رەت کرابوونەوە، بەڵام ئەوان هەر بەردەوام بوون و توانیان لە زۆر ناوچەی هەڵبژاردن سەرکەوتنی بهرچاو بەدەست بینن. رەنگە دیارترین سەرکەوتنی رێفوڕمخوازان لە تاران بێ کە توانیان سەرجەم ٣٠ کورسیی ئەو شارە بۆخۆیان دەستەبەر بکەن. وانەیەک که لهو ئهزموونهی رێفوڕمخوازان وهردهگیرێ ئەوەیە کە له خهباتی سیاسیدا پێویسته لە لانیکەمی دەرفەتەکانیش کەڵک وەربگیرێ، چونکه زۆرجار سەرکەوتن بەرهەمی کۆمەلێک هەنگاوی بچووکی رۆژانە و بەردەوامە. لە ناوچەی شنۆــ نەغەدەش کە ژمارەی کاندیدە تورکهکان زۆر زیاتر لە ژمارەی کاندیدە کوردهکان بوو، سێ کاندیدی کورد پێکەوە رێککەوتن و لە ئاکام دا عەبدولکەریم حوسێنزادە بە هێنانەوەی زیاتر لە ٥٠%ی دەنگان و ٦١٩٧٢ دەنگ بەسەر کاندیدەکانی دیکەدا سەرکەوت.
کەسی سیاسی نابێ بە لۆژیکی رەش و سپی سەیری سیاسەت بکا. لۆژیکی رەش و سپی ئەوەیە هەڵبژاردن لە ئێران بە تەواوەتی بە بابەتێکی فۆرمالیتە و شانۆ لە قەلەم بدەی. پێویستە ڕوانینێکی واقعیتر بۆ هەڵبژاردن لە ئێران هەبێ کە لەگەڵ ئەوەی کۆمهڵێک ئۆرگان و دامەزراوەی ههڵنهبژێراو وەک شوورای نیگابان لهئارادا ههن، لە دیتنی کاریگەریی هەڵبژاردن لە سەر فەزای سیاسیی ئێران غافڵ نهبین. بۆ نموونە پێویستە لە دەرفەت و ئیمکاناتی دەوڵەتی و هەڵبژاردنەکانی شووڕا و پارڵمان بۆ بەهێزکردنی باڵانسی هێزی ئیداری، سیاسی و ئابووریی کورد لە ورمێ و بهرزکردنهوهی وشیاریی نەتەوایەتی لە نێو کوردانی ئەو دەوەرە کەلک وەربگیرێ. لە دەوڵەتێک و سیستمێک دا کە لهسهر بناخهی جیاوازیدانان دامهزراوه، هەوڵ بدەین باڵانسی هێز لە نێوان کورد و تورک لە ورمێ بە قازانجی کورد دهرکهوێ و کوردان بۆ ستاندنی مافی ڕەوای خۆیان لە بەشداری لە دام و دەزگای ئیداریی ئەو شارەدا هان بدەین. کوردەکان لە ورمێ پێویستە بۆ بوون بە شارەدار، فەرماندار، شووڕای شار، نوێنەری پارڵمان، سەرۆکی زانکۆ و پارێزگار هەوڵ و خەبات بکەن. لە چوار کاندیدا کە لە قۆناخی دووهەمدا لە ورمێ ململانی دەکەن، دوو کەسیان کوردن. ناردنی دوو نوێنەری کورد لە شاری ورمێ بۆ باسکردن لە دێموگرافی ئەو شارە گرنگیی تایبەتیی هەیە و شوێنەواری دەروونی، حقوقی، سیاسی و بیروکڕاتیکی راستەوخۆ لەسەر دانیشتووانی کورد و تورکی ئەو شارە دادەنێ.
شاری ورمێ لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم ٢٨ نوێنەری بۆ ٩ خولی پارلمانی ئێران ناردوە کە لەو ٢٨ کەسە، کورد تەنیا سێ نوێنەر و تورک ٢٥ نوێنەری هەبووە. لە قۆناخی یەکەمی هەڵبژاردنی پارڵمانی خۆلی دەهەمیش تەنیا نادر قاضی پوور بە هێنانەوەی ٣٩%ی دەنگەکان چۆتە پارڵمان و چارەنووسی دوو کورسیی دیکە لە قۆناخی دووەمی هەڵبژاردندا دیاری دەکرێ. واتە هەمیشە تورکەکان زۆرترین نوێنەریان لە شاری ورمێ بۆ پارڵمانی ئێران ناردوە کە دەکرێ هەر ئەو بابەتە بۆ زۆرینەبوونی تورکەکان لە ورمێ بەکاربێنن. کورد پێویستە هەموو هەوڵی خۆی بدا کە لە قۆناخی دووەمدا نوێنەرانی کورد بنێرێ بۆ مەجلیس و بۆ بەرەوپێشبردنی پێگەی کورد لەو شارە هەوڵ بدا. بە ناردنی دوو نوێنەری کورد لە ورمێ، کۆماری ئیسلامی نارووخێ، بەڵام هەست و شوناسی کوردی لە شاری ورمێ بەهێزتر دەبێ. هەروەها زیاتربوونی نوێنەرانی کورد لە پارڵمانی ئێران ئەگەری پێکهاتنی فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد بەهێزتر دەکا.
کەمپەینێک بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد
دەکرێ لە پارێزگای ورمێ ٤ تا ٦ نوێنەر، لە پارێزگای کرماشان ٨ نوێنەر، لە پارێزگای سنە ٦ نوێنەر، لە پارێزگای ئیلام ٣ نوێنەری کورد هەبن. لە شاری تارانیش ٣ کورد دەنگیان هێناوەتەوە، کەواتە کوردەکان دەکرێ ٢٤ تا ٢٦ نوێنەریان هەبێ. رەنگە ئەو ژمارەیە زیاتریش بێ بەوەی نوێنەرانێک لە کوردەکانی خوراسان، هەمەدان یا لوڕستان هەبن. پێش بەرێوەچوونی هەڵبژاردن بە هەوڵی کۆمەڵێک چالاکی سیاسی و مەدەنی لە سنە، کەمپهینی داخوازەکانی کوردستان دەستی پێکرد و کۆمەلێک داخوازیی ڕووبەڕووی پارلمانتارانی کورد کردەوە. ئەو کەمپەینە پێویستە رەهەندی مەیدانیی بەرفراوانتر بەخۆیەوە بگرێ و لە هەر حەوزەیەک کۆمەڵێک داخوازی دیاریکراو ڕووبەڕووی کاندیدەکان بکرێتەوە و ئەرکدار بکرێن. بەرنامەی هەر کاندیدایهک دەبێ دیار بێ و رێکخراوەکانی مەدەنی و خەڵک بەردەوام لێپرسینەوە لە پارلمانتارانی کورد بکەن بۆ ئەوەی ئەرکی خۆیان دەرهەق بە خەڵک بەرێوە بەرن. ئێستا کاتی ئەوە هاتوە خەڵکی دەنگدەری کوردستان داوا لە نوێنەرانی کوردی هەڵبژێردراو بکهن کە بۆ پێکهاتنی فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد لە پارلمانی ئێران هەوڵ بدەن. چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد دەبێ لە رێگای جۆراوجۆرەوە نوێنەرانی کورد بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خۆیان هان بدەن. رۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کورد پێویستە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارڵمانتارانی هەڵبژێردراوی کورد بکەن و بابەتی پێکهاتنی فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد لەگەڵ ئەو پارڵمانتارانە باس بکەن. بەگشتی دەنگدەری کوردستان پاش کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن پێویستە داواکاریی خۆی لە پێکهێناتنی فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد کانالیزە بکا.
لە ژماره ٦٧٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه