بۆ جارێکی دیکەش ڕێژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی بە تاقیکردنەوەی دوو مووشەکی دوورهاوێژ کە بە زمانی عیبری، لەسەریان نووسرابوو ئیسرائیل دەبێ لەنێو بچێ، بیروڕای کۆمەڵگهی جیهانیی بۆلای خۆی و مەترسییەکانی لهسەر ئاسایشی جیهان و وڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بهتایبهتی ڕاکێشا. ئەو دوو مووشەکە پێشکەوتوویە توانای بڕینی مەودای دوو بۆ سێ هەزار کیلۆمیتریان هەیە و دەگوترێ دەتوانن کڵاوەی ناوکیش هەڵگرن. تاقی کردنەوەی مووشەکیی ڕێژیم لەگەڵ دژکردەوەی ئهمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی خۆرئاوایی بەرەوروو بوو و تەنانەت لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکانیشدا ئەو کێشەیە هاتە بەرباس و ئەگەر ڕووسیە مافی ڤێتۆی بەکار نەهێنابا، ئەوا کۆماری ئیسلامی بەوبۆنەیەوە دەکەوتە بەر سزا و گەمارۆی ئابووریی نوێی بەسەردا دەسەپا. بەوحاڵەش بەدوور نازانرێ ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕاستەوخۆ بۆخۆیان گەمارۆی نوێی ئابووری بەسەر ڕێژیمدا بسەپێنن.
بۆ کۆمەڵگهی جیهانی ڕوون و ئاشکرایە کە هەوڵدان بۆ دەستوێڕاگەیشتن بە چەکی پێشکەوتوو بەهەموو جۆرەکانیەوە هەرلەسەرەتاوە سیاسەتی نەگۆڕی کۆماری ئیسلامی بووە و ئەوڕێژیمە ئەگەر کۆمەڵگهی جیهانی دەرفەتی بداتێ تەنانەت چەکی ناوکیش بەرهەم دێنێ. هەر بۆیەش بۆنموونە، دوو ڕۆژ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی ناسراو بە “بەرجام” لەگەڵ وڵاتانی ١+٥ و ملکەچ بوونی نابهدڵانهی ڕێژیم بۆ وازهێنان لە بەرنامە ناوکییەکانی، سپای پاسداران مووشەکی دوورهاوێژی “عیماد”ی تاقی کردەوە کە لەگەڵ نارەزایەتیی ئهمریکا و سەپاندنی سزای ئابووریی تازە به سەر ڕێژیم لەلایەن ئەو وڵاتەوە بەرەوڕوو بوو. بەڵام ئەمجارە کۆماری ئیسلامی و لە ڕاستیدا دەکڕێ بڵێین خامهنەیی و سپای پاسداران و باڵی دەستڕۆیشتووی ئەو ڕێژیمە، چەند مەبەستی نێوخۆیی و دەرەکیی دیکەشیان لە تاقیکردنەوە مووشەکییەکە هەیە.
لەئاست نێوخۆی وڵاتدا خامهنەیی و سپای پاسداران بەو تاقیکردنەوە مووشەکییانە، دەیانەوێ لەلایەک شکستی خۆیان لە واژۆکردنی بەرجام قەرەبوو بکەنەوە و نیشان بدەن کە ئەگەر لەڕووی ناچارییەوە پاشەکشەیان لە بەرنامە ناوکییەکانیان کردوە، ئەوە هەروا لەسهر بەرهەمهێنانی چەکی پێشکەوتوو بەردەوامن و لەلایەکی دیکەش وێڕای کەمڕەنگ کردنەوەی ئەو بەناو سەرکەوتنەی دەوڵەتی ڕووحانیــ چارەسەریی کێشەی ناوکی و لابرانی گەمارۆ ئابوورییەکان و ئازادکرانی سەرمایە بڵۆککراوەکان لە دەرەوەــ بە ڕێفۆرمخوازان و ڕووحانی بڵێن کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە کۆماری ئیسلامیدا لەدەست دەوڵەت و لایەنگرانیدا نیە و ئەوە ئەوانن (خامنەیی وسپا و باڵی توندڕەو) کە تەنانەت سەرەڕای شکستیان لە هەڵبژاردنەکانی دەوری یەکەمی پاڕڵمان و مەجلیسی بەناو خێبرەکانی ڕێبەریدا، دەسەڵاتداری ڕاستەقینەن و خەت وسیاسەتە گشتییەکانی نیزام لە هەموو بوارەکاندا دادەڕێژنەوە.
ئەو تاقیکردنەوە مووشەکییە لە ئاستی دەرەوەشدا هەڵگری ئەو پەیامە بۆ ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی بوو کە کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خۆیدا لەسهر سیاسەتەکانی پێشووی بەردەوام دەبێ و واژۆ کردنی ڕێککەوتنی ناوکی لەلایەن دەوڵەتی ڕووحانییەوە بە مانای وازهێنانی ڕێژیم لە پەرەپێدانی چەکە کۆمەڵکوژەکان نیە. لەڕاستیدا ئەو ڕێژیمە تێدەکۆشێ لەبەرانبەر وازهێنان لە بەرنامە ناوکییەکانی خۆی وەک باج وەرگرتنێک لە ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی، پەرە بە بەرنامە مووشەکییەکانی بدا. بەوحاڵەش بە لەبەرچاوگرتنی پێوەندیی نیزیک و توندوتۆڵی کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە، وێدەچێ سەرکردەکانی ڕێژیم بەر لە تاقیکردنەوەی مووشەکە دوورهاوێژەکان، لەسەر ئەو پرسە و چوونی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و ئەگەری داسەپاندنی سزا ئابوورییەکان، ڕاوێژیان لەگەڵ رووسەکان کردبێ و دڵنیا بووبن کە ئەو وڵاتە مافی ڤێتۆ لە ئاست پێشنیاری سزا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بەکار دێنێ.
جگە لەوەش نووسینی دروشمی لەنێوبردنی ئیسرائیل ئەویش بە زمانی عیبری لەسەر مووشەکەکان، جگە لەوەیکە مەسرەفی تەبلیغاتی بۆ ڕێژیم هەیە، لەلایەک نیشاندەری پێداگریی دەسەڵاتدارانی ڕاستەقینەی ڕێژیم لەسەر سیاسەتەکانی پێشووی خۆیان بۆ لەنێو بردنی ئەو دەوڵەتەیه و لەلایەکی دیکەش نیشانەی شەڕخوازیی و ئاژاوەگێڕی خامنەیی و سپای پاسداران و باڵی توندڕەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەگەر ئەو شەڕ و ئاژاوە نانەوەیەش بە زیانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە گشتی ئاسایشی ناوچەکە تەواو بێ. ئەوە کە تێچووی وەها شەڕێکی ماڵوێرانکەر چەندە دەبێ و چیی لێدەکەوێتەوە و چۆن پەرە دەستێنێ و ئەگەری هەیە هەموو ناوچەکە و بگرە دنیاش لە ئاگرەکەیدا بسووتێنێ، ڕەنگە بۆ سپای پاسداران و ڕێبەرانی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی، زۆر گرینگ نەبێ. سپای پاسداران و ڕێبەرانی ڕێژیم بە پشتئەستووربوون بە هەزاران مووشەکی بەهێزی بالێستیک کە لە قووڵایی ٥٠٠میتریی زەویدا شاردوویانەتەوە و توانای وێرانکارییەکی زۆریان هەیە و هەروەها کڕین و وەرگرتنی سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی مووشەکی ئێس ئێس ٣٠٠ی ڕووسی لە یەک دوو مانگی داهاتوودا، لەسەر ئەو باوەڕەن که سەرەڕای وەلانانی زۆرەملی بەرنامە ناوکییەکانیان، باڵانسی هێز لە بەرانبەر نەیارەکانیان بە قازانجی ئەواندا شکاوەتەوە و ئەگەر شەڕیش هەڵناییسێنن، هەر نەبێ دەتوانن بەو بۆنەیەوە ئیمتیازگەلێکیان دەست کەوێ.
زۆر سروشتییە کە کۆمەڵگهی جیهانی نیگەرانی چالاکییە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی بێ و بە وشیاری و وردبینییەوە بڕوانێتە کردەوەکانی ئەو ڕێژیمە. چونکە کۆماری ئیسلامی لەماوەی دەسەڵاتداریی خۆیدا بە کردەوە نیشانی داوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئامادەیە هەموو ڕێککەوتنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و هەموو یاسا و ریساکانی باو لە پێوەندیی نێوان وڵاتاندا بخاتە ژێر پێ. ڕێژیمێک کە خوڵقێنەری شەڕ و ئاژاوە و نائارامی بووە و هەمیشە بانگەشەی مەرگ و نەمانی بۆ دەرو دراوسێ و وڵاتانی جیهان کردوە و مەترسیی هەمیشەیی بۆ ئاسایشی جیهانی هەبووە و بۆتە ناوەندی داڵدەدانی دەستەو تاقمە تێرۆریستی و توندڕەوەکان، ڕێژیمێکی جێی متمانە نیە و دەبێ هەمیشە لەژێر گوشار و چاوەدێریی نێودەوڵەتیدا بێ. هەر بۆیەشە ئهمریکا و ڕووسیە و بەگشتی وڵاتانی خۆرئاوایی بەرپرسیارن لە سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئارامی و ئەمنیەتی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و دەبێ ئیجازە نەدەن کۆماری ئیسلامی لەوە زیاتر پەرە بە پرۆژە مووشەکییەکانی خۆی بدا.
لە ژماره ٦٧٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه