کاتێک خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٩٦ بە توندی سەرکوت کران، ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی پێیانوابوو بۆ ساڵانێکی زۆر توانیویانە پاشەکشە بە جووڵانەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک بکەن. بەڵام خەزەڵوەری ٩٨ گەیشتێ و ئەوان بە زەبری کوشتنی لانیکەم ١٥٠٠ کەس و بریندارکردن و گرتنی چەند هێندەی ئەوەندە کەسە توانییان گڕ و بڵێسەی خۆپیشاندانەکان دابمرکێنن. دواتر ئەو دڕندەیی و جینایەتە سامناکەش نەیتوانی ببێتە کۆسپ لەبەردەم بەردەوامیی ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکان کە هەر جارەی لە سووچێکی وڵات و لە سۆنگەی قەیرانێکەوە سەر هەڵدەدەن.
بزووتنەوەی ئێعترازیی خەڵک بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە سیاسەتەکانی ڕێژیم لە کەرتی تەندروستی، ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان، ئابووری و بازاڕی کار، هەروەها گرانی و بێکاری و، کەمی و دواکەوتنی مووچە و حەقدەستەکان ڕەوتێکی بەردەوامە و دەوڵەت و حکوومەتیش لە چارەسەری ئەو قەیرانگەلە داماون. ئەو داماوییەش هۆکاری زۆرە: ئەولەوییەتەکانی ڕێژیم لە سەرەتاوە “مەیدان” و سیاسەتی دەرەوەی بۆ هەناردەکردنی شۆڕش بووە، ئەمەش چەند پێداویستییەکی بەدوای خۆیدا ڕیز کردووە کە دروستکردنی گرووپ و میلیشیای جۆراوجۆر لە وڵاتانی ناوچە و بەخێوکردن و تەیارکردنیان بە چەکوچۆڵ، دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتومی، وەگەڕخستن و پەرەپێدانی پیشەسازیی مووشەکی بەشێک لەوان بوون. ئەمەش سەدان میلیارد دۆلار لە دارایی و سامانی گشتیی وڵاتی بۆ تەرخان کراوە و ئەوەی دەبوا لە پەرەسەندن و ژێرخانی ئابووریی وڵات خەرج کرابا، بۆ مەرامە ئیدۆلۆژیکییەکانی ڕێژیم داندراوە. ئەوە جیا لەوەی لە سۆنگەی ئەو مەرام و سیاسەتانەوە دوو دەیەیە شریتی سزا و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەدژی ئێران نەپساوە و شوێنەواریی سزاکانیش ئێستا پتر لە هەموو کاتێک بە ژیانی خەڵک و پایەکانی کۆمەڵگەوە دیارە.
کۆماری ئیسلامی کە دەڵێ پووڵی بۆ دروستکردنی قوتابخانە و ژیاندنی مامۆستایان نییە، کە ئیدیعا دەکا ناتوانێ مووچە و مزی کرێکاران بباتە سەرێ، کە دەڵێ بە هۆی کورتیهێنانی بودجە توانای تەواوکردنی پڕۆژە نێوچڵەکانی بواری ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی نییە، بەڵام بۆ بەرنامە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی خۆی و ژیانی حوسییەکانی یەمەن و حیزبوڵڵاییەکانی لوبنان و میلیشیاکانی دیکەی لە وڵاتانی دیکەدا یەک کێشەشی نییە.
گەندەڵیی سیستماتیک کە سەرلەبەری حکوومەتی داگرتووە، ناکارامەیی لە بەڕێوەبردنی وڵات کە بەشی زۆری بە کارتێل و مافیای سیاسی ئەمنییەتی و ئابووریی سپای پاسداران سپێردراوە، زاڵبوونی ڕوانگەی ئەمنییەتی بۆ مودیرییەتی پرسە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان کە خۆی سەرچاوەی زۆر کێشە و قەیرانی دیکە بووە، بەشێکی دیکە لە هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم دۆخەن کە چارەسەرکردنیانی لە توانای ڕێژیمدا نییە. تەنیا یەک نموونە: لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک خۆپیشاندان لە پارێزگاکانی خوزستان و ئیسفەهان بەهۆی قەیرانی ئاوەوە ڕووی دا. هۆکاری ئەم قەیرانە بەر لەوەی دەرەنجامی ویشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی سروشت و کەشوهەوا بێ، ئاکامی سیاسەتی ئاویی ڕێژیمە. لەلایەک زۆر پڕۆژەی ئابووریی ئاوپێویست کە دەبوا لە قەراغەکانی خەلیج و دەریای عومان دروست کردبا لە پارێزگا ویشک و ڕووتەنەکانی وەک یەزد و ئیسفەهان و ئەراک داناوە و دوایە ناچار بووە لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتەوە ئاویان بۆ بگوازێتەوە کە خۆی ئەمە قەیرانی کەمئاویی لە ناوچە پڕئاوەکانی پێشوودا دروست کردووە. ئێستا خۆ ئەگەر بیانەوێ بە هەڵەکەشیاندا بچنەوە تازە کار لە کار ترازاوە و نە ئەو پیشەسازییانە جێگۆرکێیان پێ دەکرێ و نە لە توانایاندایە چارەسەری قەیرانی بێئاوی و بێکاری بن کە لە سۆنگەی ئەم سیاسەتەوە ئاوقای ئەو ناوچانەیان کردووە. لە ئاستی گشتیی وڵات و کەرتەکانی دیکەشدا بارودۆخەکە هەر هەمان شتە.
ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا توندترین گوشاریان لەسەرە و یان دەبێ چالاکییە مووشەکی و ئەتومییەکانیان بوەستێنن، یان خۆیان بۆ سزای زیاتر لەوەندە ئامادە بکەن. ئەوەش یانی حکوومەت ئەوەندەی دیکەش داماوتر دەبێ و خەڵک هیندەی دیکەش دەکەونە تەنگانەوە، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە خەڵکیش چیدی دەست لەسەر دەست دانانێ. بۆیەشە ڕێبەرانی حکوومەت کەوتوونەتە نێوان دوو بەرداشی سامناکەوە. نە دەتوانن دەسبەرداری بۆمبی ئەتوم و مووشەک بن کە بەهۆی پشتتێکردنی خەڵک و نەبوونی شەرعییەتەوە و هەروەها دوژمنایەتیی دنیا بە تەنیا گەرەنتیی مانەوەی خۆیانی دەزانن؛ نە ئینتیمای گەڕانەوە و چارەسەری دۆخەکەش لە خۆیاندا شک دەبەن و؛ نە چیدیش دەرەقەتی ڕق و تووڕەیی پەنگخواردووی خەڵکی ئێران دێن.
حکوومەت پتر لە هەموو کاتێک لە ڕووخانی نیزیک بۆتەوە. داماوی لە سیاسەتی دەرەکی، نەبووبی شەرعییەتی گەلی و کۆمەڵایەتی لە تەنیشت بەردەوامی و بەربڵاوی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر و تۆکمەتری ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، ڕێبەرانی ڕێژیمیان هەراسان کردووە. ڕێژیم کارتێکی دیکەشی لە دەستدا نەماوە هەتا بۆ ڕازیکردنی خەڵک دەکاری بکا و نە دروشمی “ئیسلاحات”، نە بانگەشەی “هێنانی پووڵی نەوت بۆ سەر سفرەی خەڵک”، نە وادەی “بەئاکامگەیشتنی بەرجام” چیدی دادی نادا.
گرینگتر لەوانەش سیاسەتی زەبروزەنگ و سەرکوتە کە لەوەندە زیاتر بڕ ناکا و خەڵکی پی چاوترسێن نابێ، چونکی لەمێژە بوێری و چاونەترسیی خەڵک جێگەی بە زمانی فیشەک و ئاگری ڕێژیم لێژ کردووە. خەڵک بەرەو یەکگرتوویی و ڕێکخستنی خۆیان و جووڵانەوەی ناڕەزایەتییەکانیان هەنگاو دەپێون. تەمەنی ڕێژیم ئاوا بووە، ئەگەر وڵاتانی زلهێز دیسانەکەش نەیگرنەوە و ئاهێکی دیکەی بەبەردا نەکەنەوە.