بەرهەمهێنانی زانست شتێکە بە وتاردان و فەرمانی ڕێبەری هیچ وڵاتێک جێبەجێ نابێ. بۆ گەشەی زانستی هێندێک بەستێن پێویستن کە ئەگەر ئەو بەستێنانە لە ئارادا نەبن، گەشە و پێشکەوتنی زانستیی وڵات تەنیا تراویلکەیەکە کە ڕەنگبێ ڕێبەری خۆشخەیاڵ لە مێشکی خۆیدا بیبین. بێجگە لەوە گەشەی زانست لە وڵاتێک، ئەگەر لە خەیاڵپڵاو تێپەڕ بێ و بەستێنی گونجاوی لە هەموو بوارێکدا بۆ دابین بکرێ، شتێکە و ئەوە کە زمانی فەرمیی ئەو وڵاتە ببێتە زمانی زانست، شتێکی بەتەواوی جیاوازە کە لە توانایی زمانێکی وەک فارسی بەدەرە.
ڕێبەرانی ڕێژیمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران لە کۆنەوە بێ وەئەوستۆگرتنی بەرپرسیاری و بێئەوەی خۆیان بەرانبەر بە سیاسەتەکانیان وەڵامدەر بزانن، دەستیان لە هەموو کاروباری وڵات وەرداوە، تەنانەت لەو بوارانەدا کە هیچ پسپۆڕییەکیان تیایدا نەبووە.
کولتووری دیکتاتۆرخوڵقێنی خۆرهەڵاتی، لوتکەی دەسەڵاتی لە وڵاتی ئێران، هەر وەک وڵاتانی دیکەی ئەو بەشەی دنیا، کردۆتە کەسێک کە خۆی بە سیمبولی ژیریی بێخەوش بزانێ، بۆیە زۆر جار شتی ئەوتۆیان لێ دەبیستی کە لە ڕوانگەی ئەقڵانییەوە سەیر و سەمەرە دێنە بەرچاو.
ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر، سەید عەلی خامنەیی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ “لاوانی نوخبە و خاوەن بەهرەی بەرزی زانستی”دا گوتی: “دەبێ بە شێوەیەک بجووڵێینەوە کە لە داهاتوویەکی ماقووڵدا، ئێران ببێتە سەرچاوەی زانستی جیهانی و هەموو کەس بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە نوێترین دەسکەوتە زانستییەکان، ناچار بێ فێری زمانی فارسی بێ و …”(١) هەر لەو چاوپێکەتنەدا خامنەیی گوتی: “دەبێ کەلێنی زانستیی وڵات دەگەڵ دنیا” پڕ بکرێتەوە و “شارستانییەتی نوێی ئیسلامی” دروست بکرێ.
لە ڕابردووشدا ڕێبەرێکی دیکەی ئێرانی باسی دروستکردنی شارستانییەتی دەکرد، ئەویش حەمە ڕەزا شا بوو کە گوێی خەڵکی بە “بردنی وڵات بەرەو دەروازەکانی شارستانییەتی مەزن” کەڕ کردبوو. ئەو کاتیش ئاکامەکەی بووە لاساییکردنەوەی ڕووکەشیانەی وڵاتانی پێشکەوتوو و لە باشترین دۆخدا، ئێران پیشەسازیی مۆنتاژی چەند بەرهەمی هاوردەی وڵات کرد.
بۆ گەشەکردنی زانستیی وڵاتێک بەرنامەیەکی درێژخایەن و هێندێک پێشمەرج پێویستن. وای دادەنێین کە بەرنامەیەکی درێژخایەن و جیددی لە ئێران داڕێژراوە، با بزانین پێشمەرجەکان لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا چەندە ئامادە کراون:
١- سیستمی پەروەردە و فێرکردن
بێگومان بێتوو وڵاتێک بیەوێ لە بواری زانستەوە گەشە بکا دەبێ قوتابخانە و زانکۆ بە چۆنایەتیی باش لە سەرانسەری وڵاتدا دروست بکا تا قوتابیان بتوانن تیایاندا پەروەردە ببن. لە ماوەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا ئەو مەرجە گرینگە هەمیشە پاشگوێ خراوە، بە شێوەیەک کە بە گوتەی کاربەدەستانی خودی ئەو ڕێژیمە هەنووکە ٪٣٠ ی قوتابخانەکانی وڵات لە لایەن خەڵکی خێرخوازەوە دروست کراون.(٢) بێجگە لەوە ٪١٩،٥ لە قوتابخانەکانی وڵات پێویستە بڕۆخێندرێن و لەسەرڕا دروست بکرێنەوە.(٣) بە گوتەی وەزیری پێشووی پەروەردە و فێر کردن، عەلی ئەسغەر فانی، ئێران بەسەر ٧٥٠ ناوچەی فێرکاریدا دابەش کراوە کە لە لێکۆڵینەوەی خۆیاندا کاتێک بە لەبەرچاو گرتنی ١٤ پێناسەی دیاریکراو لە لایەن وەزارەتی پەروەردە و فێر کردن هەڵیان سەنگاندوون، ١٥٠ ناوچە لە کۆتایی لیستە دان و لە ڕوانگەی فێرکردنەوە گیرۆدەی نەهامەتین.(٤) جا باسی ئەو هەموو بە ناو قوتابخانەش لەو ناوچە هەژارانەی کە زۆربەیان لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، ئیلام، ئەهواز، خوراسانی باکووری، کوردستان و ورمێ، واتە ناوچەکانی شوێنی کەمینە نەتەوەکانی ئێران هەڵکەوتوون ناکەین کە هێندێکیان کەپرن، بەشێکیان کانێكسن و هێندێکیش کەلاوەن کە ناوی قوتابخانەیان لێ ناون.
٢– حاملاندنی کۆڕی مامۆستایانی لێهاتوو و خۆشبژیو
بێگومان بۆ پەروەردەکردنی قوتابیان بێجگە لە شوێنی شیاو بۆ خوێندن و خۆپێگەیاندن، حاملاندنی چینی مامۆستایانی قوتابخانە و زانکۆکانیش پێویستە. دیارە بێجگە لە حاملاندنی ئەو توێژە، ئەوە ئەرکی دەوڵەتە کە ژیانی خۆشبژیوانەی ئەوانیش دابین بکا. بەداخەوە ئەوەی ئێمە لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی شاهیدی بووین، پێچەوانەی ئەو چاوڕوانییانە بووە. کار گەیشتۆتە جێگایەک کە ناڕەزایەتی دەربڕینی چینی مامۆستایانی قوتابخانەکان بۆتە دیاردەیەکی گەلێک باو و ڕۆژانە.(٥) سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا نە تەنیا نەبۆتە هۆی چوونە سەری ئاستی ئابووریی مامۆستایان، بەڵکوو ئەو پێگە و ڕێزەی کە ئەو چینە شیاویەتی لەجیاتی بەرز بوونەوە، دابەزیوە. گەلۆ ئەوە سووکایەتی بە چینی مامۆستا نییە کە کەسێک وەک بەربژێری وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن بە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی دەناسێندرێ کە هیچ ڕابردوویەکی لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی وڵاتدا نەبووە؟(٧)
٣- پێگەیاندنی قوتابی کونجۆڵ و پرسیارکەر
پێگەیاندنی قوتابیی کونجۆڵ و پرسیارکەر و بوێر یەکێکی دیکە لە پێویستییەکانی گەشەی زانستیی هەر وڵاتێکە. بڵێی سیستەمی داپلۆسێنەری کۆماری ئیسلامی مەجالی گەشەی ئەو جۆرە قوتابییانە بڕەخسێنێ؟ ئەوەی تا ئێستا دیتوومانە بەپێچەوانە بووە. قوتابییان لە سەرەتاوە فێر دەکرێن پرسیار نەکەن، کونجکۆڵ نەبن و هەستی بوێرییان بە هەموو شێوەیەک سەرکوت دەکەن. بە گشتی لە شوێنێک کە سیستەمێکی ئایینی دەسەڵاتی بەدەستەوە بێ، مرۆڤ نابێ گومانی لەبارەی زۆر شتدا هەبێ چونکە مەرجی ئیمان، پرسیار نەکردنە. ئەوە لە کاتێکدایە کە مەرجی زانست ئەوەیە کە گومان لە هەموو شتێک بکەی، تاقی بکەیەوە و بەگوێرەی ئاکامی توێژینەوە و تاقیکردنەوەکان بگەیە ئەنجامگیری. سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی کۆماری ئیسلامی، سیستەمێکی لەڕادەبەدەر ناکاریگەرە و بوونی گەندەڵی، بەرتیلخۆری و تەرخانکردنی بەشێکی بەرچاو لە کورسییەکانی زانکۆکان بۆ بنەماڵەکانی کوژراوەکانی ڕێژیم و بە ناو جانبازان، بۆتە هۆی ئەوە کە زۆر جار قوتابیی نەزان کورسییەکان پڕ بکەنەوە و ئەوانەی ژیر و لێهاتوون بەڵام لە چوارچێوەی تەسکی دیاریکراوی ڕێژیمدا جێگایان نابێتەوە، واز لە خوێندن بێنن. جێگای خۆیەتی ئاماژە بە لێدوانی وەزیری نوێی پەروەردە و فێرکردنی کۆماری ئیسلامی، یوسف نوری بکەین کە ڕایگەیاندووە ئامانجی ناوبراو ئەوەیە کە قوتابخانەکان ببنە ناوەندی پێگەیاندنی “سولەیمانی”ـیەکان، کە مەبەست قاسم سولەیمانی گەورە تێرۆریستی ڕێژیمە کە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکایی لە بەغدا کوژرا. تا جێیەک کە من بزانم ناوبراو بە هەموو شتێک ناوبانگی هەبووبێ بە زانستوانێکی سەرکەوتوو ناوبانگێکی نەبوو. لە وتەی ئەو وەزیرە تازەیە ئەوەش دەردەکەوێ کە ئامانجی سەرەکیی قوتابخانان کوڕانن و کچان بە هەموو شێوەیەک پەراوێز دەخرێن.
٣- قەیرانی “پایاننامە”کان
دیاردەیەکی دیکە کە لە کۆماری ئیسلامیدا زۆر باوە و ڕەنگبێ پێوەندی ڕاستەخۆی بە شێوەی دەسەڵاتداریی کاربەدەستانەوە هەبێ، واتە گەندەڵی، بەرتیلخۆری و فێل کردن، کڕین و فرۆشتنی بەناو “پایان نامە”یە کە بە شێوەی بەربڵاو لە ئێران دەبیندرێ.(٧) باسی ئەوەش ناکەین کە زۆربەی دەسەڵاتدارانی پلەبەرزی وڵات، بڕوانامەکانیان یان ساختەیە، یان بە شێوەی گوماناوی وەریانگرتوون. ئەو دوو دیاردەیە لانی کەم لە سەردەمی پاشایەتیدا شتێکی نەناسراو بوون. تۆ بڵێی کەلێنی زانستیی وڵات دەگەڵ دنیای پێشکەوتوو بە ساختەکاری و گەندەڵی پڕ بکرێتەوە؟
لە شوێنێک کە لە سەرەتای هاتنە سەرکارییوە و لە زمانی دامەزرێنەری ئەو سیستەمە، واتە خومەینی، داکەوت کە ئەوەی گرینگە ئەرکدارییە (تعهد) نەوەک پسپۆڕیی (تخصص)، کەسانی پسپۆڕ ئەگەر بەرانبەر بە ڕێژیم ئەرکدار نەبووبن نەتەنیا پاشگوێ خراون بەڵکو زۆر جاریش ڕاوەدوو نراون. نموونەی کەسانی زانا کە لە لایەن ڕێژیمەوە زیندانی کراون دەکرێ ئاماژە بە ئومید کەوکەبی، عەلی یونسی و ئەمیر حوسێن مورادی بکەین کە بێتوو ئەوانە لە وڵاتێکی دیکە بایەن، بێگومان باشترین بەستێنیان بۆ گەشە کردن و پێگەیشتنیان تەرخان دەکرا.(٨) کەم نین لاوی کورد کە خوێندنی باڵایان تەواو کردووە بەڵام لەبەر سیستەمی شێوە ئاپارتایدی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای بڕوانامەی باڵا، ناچار کراون خەریکی کار لە بازاڕی ئازاد یان تەنانەت کۆڵبەری بن. کار گەیشتۆتە جێگایەک کە ئێستا تەنانەت پسپۆڕە ئەرکدارەکانیش بێتوو دەرفەتیان بۆ بگونجێ وڵات جێدەهێڵن. بەگوێرەی ئامار، هەنووکە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ڕاکردنی مێشکەکان گەلێک بەربڵاوە و هەر کەس بۆی بلوێ هەول دەدا وڵات جێ بهێڵێ.(٩)
٤- گەلۆ زمانی فارسی دەتوانێ جێگای زمانی ئینگلیزی بگرێتەوە؟
هەنووکە زمانی ئینگلیزی پلەی یەکەمی وەک زمانی زانستیی دنیا بەدەستەوەیە و زۆربەی هەرە زۆری نووسراوە زانستییەکانی دنیا بەو زمانە بڵاو دەبنەوە.(١٠) هەڵبەت ئەوە هەمیشە وا نەبووە، لە سەدەکانی نێوەڕاستدا زمانی لاتین زمانی زانست بووە، سەردەمێک زمانی یونانی و سەردەمێکیش زمانی عەڕەبی. بەڵام هیچکام لەو زمانانە بە فەرمانی دەسەڵاتداری وڵاتێک ئەو پلەیان وەدەست نەهێناوە، بەڵکوو چەند فاکتەری جۆراجۆر کاریگەرییان هەبووە.
ئەوەی کە خامنەیی لە وتارەکەیدا باسی پێویستی فێربوونی زمانی فارسی لە لایەن خەڵکی دنیا لە داهاتوودا بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانستی سەردەم دەکا هیچ پێوەندییەکی بە لێکدانەوەیکی زانستییانە و بێ لایەنانەوە نییە و تەنیا دەرخەری بیری شۆڤینیستی ناوبراوە، دەنا زمانێکی سەقەتی وەک فارسی کە پتر لە ٪٤٠ ی وشەی عەڕەبین و بەشێکیشی وشەی قەرزکراوی زمانەکانی دیکەن، هەرگیز توانایی بنکۆڵکردنی پێگەی زمانی ئینگلیزیی وەک زمانی زانستی نییە.
چاوەڕوانی گەشەی زانستی لە سیستەمێکی وەک کۆماری ئیسلامیدا لە تراویلکە زیاتر نییە کە ئەویش ئاکامی وڕێنە بێ کۆتاییەکانی سەید عەلی خامنەییە.
***
١- https://www.peykeiran.com/Content.aspx?ID=237956
٢- https://www.dana.ir/1782732
٣- https://www.dana.ir/1709214
٤- http://www.asrislam.com/fa/news/22343
٨- https://www.radiofarda.com/a/amnesty-letter-unjustly-detained-students-harshly-beaten/31573898.html
٩- https://ir.voanews.com/a/iran-brain-drain/6318453.html
١٠- https://www.theatlantic.com/science/archive/2015/08/english-universal-language-science-research/400919