مێژووی ٢٥ی نۆڤامبێر دەگەڕێتەوە بۆ مەرگی سێ خوشکی خەباتکەری سیاسی کە زیاتر لە ٦٠ ساڵ لەمەوبەر دژ بە سیستەمی حکوومەتی کۆماری “دۆمێنیکەن” بوون، دوای سێ مانگ بەندکرانیان لە بەندیخانەدا، دەکەونە ژێر ئازار و ئەشکەنجە و دەبنە قوربانیی ویست و ئامانجەکانیان. بیستویەک ساڵ دوای ئەو ڕووداوە لەشاری بۆگۆتا پێتەختی کۆلۆمبیا لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی بەربەرین کە بە بەشداریی چالاکانی بواری مافی ژن بەڕێوە چوو، پێشنیار کرا کە ڕۆژی ٢٥ی نۆڤامبر بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی ئەم سێ خوشکە و بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژن، دیاری بکرێ. ئەم پێشنیارە لە ساڵی ١٩٩٩ لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بە ڕەسمی ناسرا و دوای ساڵێک شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەژێر ناوی “ژن، ئاشتی و ئەمنییەت” کە تەوەری ئەسڵیی بڕیارنامەی ١٣٢٥بوو پەسەند کرا. لەو بڕیارنامەیەدا هاتووە کە هەر چەشنە توندوتیژیەک بەرانبەر بە ژن ڕووبەڕووی یاسا و لێپرسینەوە دەبێتەوە. بەپێی مەنشووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانیش هەر چەشنە زەبروزەنگ، ئازار و بێحورمەتییەک بە ژن، لە ڕووی جەستەیی، جنسی، ڕەوانی و دەروونی دەچێتە خانەی توندوتیژییەوە.
ئێستا پاش تێپەڕینی پتر لە بیست ساڵ لەو بڕیارە ئەگەر چاوێک بە ئاماری ساڵانەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەت ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی ژناندا بخشێنین، دەبێنین کە توندوتیژی لە گشت وڵاتانی جیهان کەم یان زۆر دژ بە ژن بوونی هەیە، کە وایە ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە تایبەت بە وڵاتێک یان ناوچەیەکی دیاریکراو نییە، ئەم کردەوانە لەگەڵ مرۆڤایەتی بوونیان هەیە و بەردەوامن، یانی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە باری ڕەوانیی مرۆڤەکان، بە ژینگە و شوێنی ژیان، کولتوور و نەرێتی خۆجێیەوە هەیە. دەکرێ بڵێین ڕێژەی توندوتیژی دژ بە ژن لە وڵاتانی پێشکەوتوو، دێموکراتیک، وڵاتانی دواکەوتوو و غەیرە دێموکراتیک وەک یەک بەراورد ناکرێ، بۆ نموونە وڵاتێکی وەک فینلاند کە بناغەی لەسەر سیستمی سۆسیالیستی و دێموکراتیک و مافی وەک یەک دارێژراوە، ئەو وڵاتە بەپێی سەرچاوەیەکی ڕەسمی لە ساڵی ٢٠١٦، کە لە ناوەندێکی ئوروپاییدا کراوە، لە سەتا ٤٧ی ژنانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو یاسا و سیستەمی حکوومەتی لە کاناڵی جۆراوجۆرەوە بۆ دابینکردن و پەرەپێدان بە ئاسایشی گشتی و ئەمنییەتی تاکەکانی گۆمەڵگە و بنەبڕکردنی کردەوەی توندوتیژی، بە دەیان ناوەندی زانستی، پەروەردەیی و دەروونناسییان بۆ ڕاهێنان و پەروەردەی خەلک دابین کردووە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگەدا توندوتیژی دەخوڵقێنن. سیستەمی حکومەتی هەموو ئەو کردەوانەی کە دەبنە مایەی بێبەندوباری و توندوتیژی، بە بەرنامەڕێژی و پرۆژەی گونجاو لە هەوڵی چارەسەرکردنیاندان وهەوڵ دەدەن کیشە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕێژەیەکی کەمتر بگەیەنن. بەڵام پێچەوانەکەی لە وڵاتانی دواکەوتوو، سیستەمەکان دیکتاتۆر و کۆنەپەرەستن، بەتایبەت لە ئێران یاساکانی حکوومەتی مەزهەبی سەرەکیترین هۆکاری کێشە کۆمەڵایەتییەکانن، ڕێژێمێک کە بۆ خۆسەپاندن و بەردەوامیی نیزامەکەی بەرژەوەندیی گشتیی وڵاتی بە هەموو شێوەیەک فیدای سەرەڕۆیی و سەرکێشیەکانی خۆی کردووە، بە جۆرێک یارمەتیدەرن بۆ کێشە کومەڵایەتییەکان. هەروەها یاسای ئەم نیزامە بە هۆکاری نافەرمانی لە بەرانبەر یاسای پەسەندکراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، خۆی بۆتە خوڵقێنەری قەیران لە کۆمەڵگەدا، خەڵک لەوپەڕی بێکاری و هەژاریدا ژیان بەسەر دەبا، ئەمە خۆی هۆکاری کێشە کۆمەڵایەتییەکانن، سەرەڕای ئەمانە خەڵک زۆرجار لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی خۆی لە فەزایەکی داخراو و لە سیستمێکی دیکتاتۆریی ئیسلامی و لە فەرهەنگ و کولتووری داسەپاوی ئەم هێژمۆنیەدا دەمێنێتەوە.
لەواقعدا ژیانی ئاسایی، سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و ئاسایشی گشتیی ئەم خەڵکە دەستی بەسەردا گیراوە. نیزامێک کە بۆ بەرژەوەندی و پاراستنی دەستکەوتەکانی خۆی، مافی مرۆڤ پێشیل دەکا، نادێموکراتیکە و نامۆیە لەگەڵ یەکسانی و مافی وەک یەک، هەر بۆیەش ئەم حکوومەتە ٢٥ ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەربەرەکانی لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان بەڕەسمی ناناسێ، کە وایە خەڵک نە لە کۆمەڵگە، نە لە چوارچێوەی بنەماڵەدا ئەمنییەت و ئاسایشیان بەهیچ جۆرێک پارێزراو نییە و ژیانیان پڕە لە سترێس و کەڵکەڵەی ڕوحی. تاکی کۆمەڵگە لە بواری ئیتنیکی، دینی، ناوچەیی و ڕەگەزی بەرەوڕووی تەبعیز و سووکایەتی دەبنەوە. ئەم ڕاستییانە کە باڵیان بە سەر بواری ڕوحی و ڕەوانیی تاکەکانی کۆمەڵگەکەماندا کێشاوە، سەرەڕای بوونی هەمووی ئەم لەمپەرانە، بەخۆشییەوە دەبینین ڕادەی خوێندەواری و چوونەسەری زانیاریی کوڕان و کچانی نیشتیمانەکەمان بە تێگەیشتنی سەردەمیانەوە بەرەو هەڵکشان و گەشەکردنە. ئێمەی ژنیش هەست بەم زەرورەتانە دەکەین کە بتوانین بەرەو بنیادنانەوەی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و یەکسانیخواز هەنگاو بنێن. چالاکوانان چ لە کوردستان و چ لە دەرەوەی وڵات بۆ بنبڕکردنی هەر چەشنە زوڵم و ستەمێک و هەر چەشنە توندوتیژییەک کە لە بەرانبەر ژناندا دەکرێ، بە هەر ڕێگایەک کە بۆمان دەلوێ دەبێ هەوڵ بدەین بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانمان لە ڕاستای پرسی گشتی و ویست و داخوازییەکانمان کاریگەریمان هەبێت.
لەم سەردەمەدا پێویستە ژنی کورد هەنگاوەگانی خێراتر بکاتەوە بۆ ئەوەی کە لە ژیانی ڕابردوو دەرباز ببێ و وریاتر پێ بنێتە ژیانی نوێ. ئەگەرچی ژنانی کۆمەڵگەکەمان بەرەوڕووی گیروگرفتی یاسای نیزامی مەزهەبیی حکومەتی ئێرانن، کە بەداخەوە زۆربەی ژنان نەیانتوانیوە توانا و هێزی کارامەی خۆیان پێشان بدەن و لە بوارە گرینگەکانی بەڕێوەبەریی وڵات و نیشتماندا شانبەشانی پیاوان ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن و شوێندانەرییان هەبێ، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە سەرەڕای بوونی بەربەستەکانی کولتووری و یاساییش، کەم نین ژنانی چالاک و خەباتگێڕ، خوێندەوار، ڕووناکبیر، ئەدیب، شاعیر، ڕۆژنامەنوس و مێدیاکار.
ژنان لە کەشی داخراوی نیزامی سەرکوتکەری مەزهەبی، لە مەیدانی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان ڕێژەیان دیار و بەرچاوە. لە ڕیزی حیزب و ڕێکخراوەکاندا چالاکن، دیارە ئەو ڕێژەیە بە لەبەرچاوگرتنی حەشیمەت کە ژن نیوەی کۆمەڵگە پێک دێنێ ئەوەند نییە کە بتوانێ کاریگەریی باشی بەسەر پرسی گشتی و بەتایبەت پرسی ژنەوە هەبێ، بە بڕوای من ژنانی چالاکی کورد پێویستە لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی خۆپێگەیاندن و زانستی نوێ و کەرەسەکانی تێکنۆلۆژی دەبێ بەهەر شێوەیەک کە بۆمان بکرێ کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆمان بە سەر پەروەردە و ڕاهێنانی تاکی کۆمەڵگەدا هەبێ، تا بتوانین ڕێژەی ژنانی ناوخۆ و دەرەوەی ولات ئەرکدار بکەین بۆ بەشداریی هەرچی زیاتری ئەوان لە مەیدانی خەبات لە پێناو ئاڵوگۆر، چاکسازی و ڕێفۆرمی گشتیگیر و بنەڕەتیی خۆمان ببینینەوە. بێگومان لەو نێوەدا ئەرکی قورستر دەکەوێتە سەر شانی سازمان و ڕێکخراوەکان، بژاردە و نوخبەی ژنی ڕووناکبیر و پیاوانی یەکسانیخواز و دێموکراتیکی نیشتیمانەکەمان، کۆڕ و کۆبوونەوە و سمیناری سیاسی، زانستی، کۆمەڵایەتی پێک بێنن، تا مەنتقی دیالۆگ و ڕۆشەنگەری بتوانێ ڕەفتاری تاکی کۆمەڵ سەبارەت بە پرسی ژن، ماف و ویستی ژنان بە شێوەی سەردەمیانە بێنێتە ئاراوە و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگەکەمان هەبێ.
هەر لەو سۆنگەیەوە ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی پرسی ژن پێویستە گرینگیی پەیامی ئەم ڕۆژە پیرۆزە، بە بیروڕای گشتیی کۆمەڵگەی خۆمان بگەیەنین، هەروەها وەک بایەخێکی ئوسوولی لەنێو بەرنامەی کاریدا، بە شێوەی جۆراوجۆر یارمەتیدەر بن لە ڕیشەکێشکردن یان کەمکردنەوەی ئەم کردەوە نامرۆڤانەی کە دژ بە ژنان لەئارادایە. ئەگەرچی توانا و ڕەنگ و دەنگی ئێمەی ژنان لە ڕابردوو هەتا ئێستا، ڕاستەوخۆ نەیانتوانیوە وەک پێداویستییەکی حەقیقی و واقعبینانە، بنەچەک و بەندەکانی بنەڕەتیی یاسای نیزامی حکومەتی بگۆڕێ، بەڵام ناڕاستەوخۆ ڕێکخراوەکانی ژنان بەتایبەتی “یەکیەتیی ژنانی دێموکرات” لە تریبونەکانی جۆراوجۆر لە کاناڵە سیاسییەکان، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا بە کۆڕ و کۆبوونەوەی پەیوەندیدار لەسەر ئەم هەڵسوکەوتە ناحەزانە کە بەرانبەر بە ژن دەکرێ، ئەم دۆخەی بەمێدیایی کردووە و بە دەیان پسپۆر وشارەزای بانگهێشت کردووە تا زیان و خەساری ئەم کردەوانە لە گشت بوارەکاندا بناسێنێ. مەبەست و ئامانجیش ئەوە بووە تا تاکی نێو کۆمەڵگە ئاگاداری ئەم دۆخە زاڵکراوەی حکوومەت بێ بۆ ئەوەی کە چەندە دەتوانێ لە دژ بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی و ئەمنییەتی وڵاتدا بێ و بەربەست دابنێ بۆ ئازادی، یان بە پێچەوانەکەی، چەندە کاریگەری نەرێنی لەسەر پێوەرەکانی بنەمای دێموکراتیزەبوونی وڵاتدا دەبێ.
ئێمە مانان پەیامی ئەم ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر چەشنە ئازار و توندوتیژییەک بەرانبەر بە ژن و پرسی ژن بەرز دەنرخێنێن و بۆ جێگیربوونی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی پێشوازی و پشتگیری لە میکانیزمە گونجاوەکان دەکەین، بەو هیوایە هەموو لایەکمان بەرپرسانە بە وردبینیەوە خەسارەکانی ڕابردوو بێنینە بەرباس و شییان بکەینەوە هەتا لەو پێناوەدا بە خوێندنەوەیەکی پێشکەوتوانەوە هەوڵ بدەین بەرەو داهاتوویەکی گەش و ڕووناک هەنگاو بنێین، بۆوەی نەسلی نوێ لەبەرانبەر پاراستنی بەهاکانی نیشتمانی و وڵات پارێزی و وڵات خۆشەویستی دا، لە گێژاوی کیشەکانی داسەپاوی فەرهەنگی کلاسیکدا نەمێنێتەوە و ئەزموونەکان دووپات نەکاتەوە، بەڵکوو هەموو توانا و وزەکان بەبێ جیاوازی لە ڕاستای متمانە دروستكردن، خزمەت و خزمەتگوزاری بە یەکتر و ئاوەدانیی نیشتمانەکەماندا بێت.