ئەو پێناسە و پێوانەیەی کە لە مافی مرۆڤ بەتایبەت مافی ژن دەکرێ و لە وڵاتێکی پێشکەوتوو و دێمۆکراتیک و خەڵکیدا وەبەر چاو دەگیرێن، هەر ئەو پێناسەیە بۆ حیزبێکی پێشکەوتوو، خاوەن مێژوو و ڕەسەنیش دروستە. هەمیشە ڕادەی پێشکەوتوویی حیزبێک یا ڕێکخراوێک ئەگەر لە سیاسەتی ڕاست و دروست و ڕاشکاوانەیدا بەرانبەر کێشە و مەسەلەکانی نێوخۆیی و درەوەی هەڵدەسەنگێندرێ، ئەو پێشکەوتووییە هەر بەو ڕادەیە بەڵکوو زۆرتریش بە ڕوانگە و بۆچوونی ئەوان بەرانبەر بە پاراستنی مافی مرۆڤ و پرسی ژن بەستراوەتەوە. لە ڕاستیدا ئەو حیزب و ڕێکخراوانە چەندە لەسەر دابینکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و لابردنی نایەکسانی لە کۆمەڵدا پێداگر و سوور بووبن، دەتوانین بڵێین ئەوەندەش پێشکەوتوون.
زانایەک دەڵی: “ڕادەی ئازادی لە هەر کۆمەڵێکدا بەستراوەتەوە بە ڕادەی ئازادیی ژنان لەو کۆمەڵەدا” بەو واتایە لە هەر کۆمەڵگەیەک و بنەماڵەیەک و هەر دامودەزگایەک کە ئازادی لە ژنان بەربەست کرا و وەبەر چاو نەگیرا، ئەو کۆمەڵگەیە تا بینەقاقا لە دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و فەرهەنگیدایە. بۆیەشە حیزبی دێمۆکرات هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە باوەڕی وا بووە لە کۆمەڵگەیەکدا ژنانی ئازاد و لە کاروباری وڵاتدا بەشدار نەبن و ڕۆڵی ئەکتیو نەگێڕن، ئەو کۆمەڵگەیە گەشە ناکا و بە هیچ بارێکدا سەرکەوتوو نابێ.
٧٦ ساڵ لەوە پێش لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بوونی ژن لە مەیدانی کار و تێکۆشاندا هەست پێ کراوە، بۆیە سەرۆک کۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەدی نەمر لە فەزای دواکەوتووی کۆمەڵی کوردەواری بە بافتی دەرەبەگایەتیی ئەوکات، یەکێک لە کارە گرینگەکانی ئەوە بوو ژنان بانگهێشتی گۆڕەپانی کار و چالاکیی کۆمەڵایەتی و سیاسی بکا. ئەو کار و کردەوەیەی پێشەوا قازی نەریت و نۆڕمێکی پێشکەوتوو بۆ کۆمەڵی کوردەواری و بەتایبەت بۆ ژنان وەک میراتێکی پڕ بایەخ ماوەتەوە. پاش ٧٦ ساڵ ژنان شانازی بەوە دەکەن کە نرخیان لێ نراوە و بە هێند وەرگیراون. هەروەها ٤٣ ساڵ لەوە پێش ئەو ڕێچکە ئینسانییە وەبەرچاو گیرایەوە و لە کۆنگرەی ٤ی حیزبدا دەبینین کە کاریزمایەکی دیکەی کورد (نەمر دوکتور قاسملوو) ژن لە بیر ناکا و کەسایەتی دەدا بە ژن و لە کۆنگرەدا دوو ژن بە ئەندامی ڕێبەریی حیزب هەڵدەبژێردرێ.
وەک باس کرا پرسی ژن لە کوردستان هەر لە سەرەتاوە لە حیزبی دێموکراتدا وەک مەسەلەکانی دیکەی پێوەەندیدار بە گەلی کورد لە بەرنامەی حیزبدا ڕەنگی داوەتەوە و، لە ڕاستیدا بە هەڵکەوت نییە کە لە بەرنامە و پێڕەو حیزبی دێموکراتدا هاتووە کە: “ژن و پیاو لە هەڵبژاردن و هەڵبژێراندا مافی وەک یەکیان هەیە”، “هەموو دانیشتووانی کوردستان بە ژن و پیاوەوە هەروەک دانیشتووانی هەموو ناوچەکانی ئێران بەبێ هیچ جیاوازیی جینسی، قەومی، ڕەگەزی لە مافی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی وەک یەک کەڵک وەردەگرن”، “هەموو منداڵانی کوردستان بە کچ و کوڕ دەبێ تا ١٥ ساڵی بخوێنن” و “ژن و پیاو لە کۆمەڵ و لەنێو ماڵدا بەرانبەرن و لە بەرانبەر کاری وەک یەکدا مووچەی وەک یەک وەردەگرن” و… . وەک دەبینین حیزبی دێمۆکرات بەڕوونی بیروباوەڕی خۆی بەرانبەر بە یەکسانیی ژن و پیاو لە بنەماڵە و لە کۆمەڵدا دەربڕیوە و لە بەرنامەی خۆیدا هەموو ئەو ماف و ئازادییانەی لە بەیاننامەی مافی مرۆڤ و پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی سەر بەم بەیاننامەیەدا هاتوون تێدا وەبەر چاو گرتووە. ئەو باوەڕەشی لە زۆر بواردا بەجێ گەیاندووە و بێجگە لەوەش دژی گشت ئەو دیاردە دزێو و ناحەزانەی کۆمەڵی کوردەواری بووە کە ژنی لە دواکەوتوویی و نەهامەتیدا هێشتۆتەوە. لەو پێوەندییەشدا ئاماژە بە نموونەیەکی بەرچاو دەکەین:
بە سەرکەوتنی شۆرشی ١٣٥٧ی گەلانی ئیران و ئاشکرابوونەوەی حیزبی دێموکرات و دەستپێکردنەوەی کار و چالاکیی تەشکیلاتی حیزبی لەنێو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا، بەرانبەر هێندێک کێشە و دیاردە بە تایبەت کێشەکانی پێوەندیدار بە پرسی ژن کە ببوون بە گرفتێکی جێدی وچارەسەرنەکراو و بەرۆکی ژنانی گرتبوو، هەڵوێست گیرا و لەلایەن ڕێبەریی حیزبەوە بۆ کەمڕەنگکردنەوەیان گەلێک هەنگاوی گرینگ و بە نرخ هەڵگیرا، وەک: قەدەغەکردنی ژن بە ژنە، گەورە بە بچووک، بە بەرخوێندان، بنەتوو و… . هەروەها بۆ خاشەبڕکردنی ئەو دیاردانە لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە بەربەست دانرا و ئەو کەسانە سزایان بو دیاری کرا کە دەست بۆ ئەم کردەوانە دەبەن. هەر ئەوکات کە پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکرات بۆ چالاکیی تەشکیلاتی و کاری تەبلیغی هاتوچۆی گوندەکانیان دەکرد، یەکێک لە ئەرکەکانیان لە تەبلیغاتدا ئەوە بوو کە لەدژی دیاردە دزێو و باوەکانی نێو کۆمەڵی کوردەواری کە زیانی بە کەسایەتیی ژن دەگەیاند قسە بکەن و لەقاویان بدەن و لەو بوارەدا وشیاری، زانیاری و ڕوونکردنەوە بدەنە خەڵک. مخابن تەمەن و مەودای مانەوەی بەئاشکرای ڕێکخراوەکانی حیزبی دێمۆکرات لە ناوچە ڕزگارکراوەکداندا کەم بوو و نەکرا بەو جۆرەی کە پێویستە بۆ سرینەوەی ئەو دیاردانە و سەرخستنی پرسی ژنان هەوڵ بدا، بە فتوا دژی ئینسانییەکەی خومەینی شەڕ بە سەر حیزبدا سەپا، بەڵام حیزبی دێموکرات سەرباری ئەوەش دەستی لە سەر دەست دانەنا و قەت لە ئاست مافی مرۆڤ و پرسی ژن و ئەو ناحەقی و نایەکسانیەی کە لە کۆمەڵی کوردەواری بەرامبەریاندا ڕەوا دەبینرا، خەمسارد نەبوو. حیزبی دێمۆکرات بیری لەوە کردەوە کە چارەیەک بۆ ئەم پرسە بدۆزێتەوە کە لە کوردستان کەس نەتوانێ بە ویستی خۆی بڕیاری نابەجێ و کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانی بدا و بە کەیفی خۆی بەسەر ژنانیدا بسەپێنێ. بۆیە لەلایەن حیزبەوە گەڵاڵەیەک بە ناوی”قانوونی سزادانی گشتی” لە ڕەشەممەی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی بە پەسەند گەیشت و لەلایەن بەڕێوەبەریی حیزبەوە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە سەرەتای ئەم گەڵالەیە دا هاتووە:
“ئەم قانوونە لە کوردستانی ئێران بەڕێوە دەچێ و هێزی پێشمەرگە بەڕێوەبردنی ئەم قانوونە بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێ و لە مەتەرێزی شەرەف و پیاوەتییەوە بۆ دامەزراندنی نیزامێکی ئینسانی تێدەکۆشێ. ئەم قانوونە بریتییە لە ٨٩ بەند کە لەلایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پەسند کراوە و لە کوردستاندا بەڕێوە دەبرێ.”
کاتی خۆی لەسەر بڕیاری حیزب پێشمەرگە ئەرکی خۆی بەرامبەر قانوونەکانی گەڵاڵەی سزادانی گشتی کە ٢٤ بەندی ژنانی هەڵەکار و ستەملێکراوی دەگرتەوە، لە ناوچەکانی کوردستان بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتییەوە بەڕێوە برد کە ئێستاش پاش چوار دەیە شوێنەوارە پێشکەوتووەکانی ئەم یاسایە دیارن کە ژنانی کورد دەبێ شانازیی پێوە بکەن.
بەڵگە یاساییەکان نیشانیان داوە تا ئەو کاتەی پێشمەرگە دەسەڵاتی تەواوی بە سەر ناوچەکانی کوردستاندا هەبووە بەندەکانی یاسای سزادانی گشتی لەژێر چاوەدێریی حیزبی دێمۆکراتەوە لەلایەن خەڵکەوە وەبەرچاو گیراوە و کەم کەس لەو یاسایە سەرپێچی کردوە و بەئاشکرا ستەم بە ژن ڕەوا بینراوە.