“ئێران، حكوومه‌تێك به ئیسلام قه‌رزداره”. ئه‌و گوزاره‌یه نزیك به سه‌ده‌یه‌ك له‌وه پێش و كاتێك هاتە گۆڕێ كه تازه له ئێران دامه‌زراوه ئایینییه‌كان له هه‌وڵی به‌هێزكردنی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی خۆیاندا بوون. له‌وانه‌یه ئه‌و كاته‌ی ئه‌حمه‌د كه‌سره‌وی، مێژوونووسی به‌ناوبانگی ئێران باسی حكوومه‌تی ئیسلامیی له ئێران‌دا ده‌كرد، ئاخونده‌كان بۆخۆشیان بیریان له‌وه نه‌كردبێته‌وه كه ڕۆژێك دێت ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه ده‌گرن و به وته‌ی “ڕه‌شید موتڵه‌ق” له‌گه‌ڵ كۆنه‌په‌رستیی سوور (ارتجاع سرخ) یه‌ك ده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ورانێكی ڕه‌ش له مێژووی ئێران‌دا تۆمار بكه‌ن. به‌ستێنه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی كۆنه‌په‌رستیی ڕه‌ش (ارتجاع سیاه) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سروشتی سه‌رهه‌ڵدانی به‌فه‌رمیكردنی ئایینزای شیعه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی عوسمانیی سوننی له لایه‌ن سه‌فه‌وییه‌كانه‌وه. حه‌مه‌ڕه‌زای په‌هله‌وی له دوای ناڕهزایهتیدهربڕینهكانی 15ی جۆزه‌ردانی ساڵی 42 كه ڕووحانیه‌تی شیعه به ڕێبه‌ریی خومه‌ینی دژی چاكسازیی زه‌وی و زار ڕێكیان خستبوو، له ڕێوڕه‌سمێكدا له هه‌مه‌دان كه بۆ دابه‌شكردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌ناوكردنی زه‌وی و زار بۆ جووتیاران پێكهاتبوو، هێرش ده‌كاته سه‌ر ڕووحانیه‌ت و به “كۆنه‌په‌رستیی ڕه‌ش”ی ناو ده‌با.
گه‌راكانی سه‌رهه‌ڵدانی دیكتاتۆڕیی ئایینی ته‌نانه‌ت زۆر پێش سه‌پاندنی “مه‌شرووعه” به‌سه‌ر شۆڕشی مه‌شرووته له‌لایه‌ن ڕووحانیهتهوه له هه‌ناوی كۆمه‌ڵگەی ئێران‌دا داندرابوون. په‌یوه‌ندیی پته‌وی نێوان ڕووحانیه‌ت و بازاڕی تاران وه‌ك توێژی ده‌ستڕۆیشتووی شاری، هه‌ر له سه‌رده‌می قاجاره‌كانه‌وه ئه‌و بۆچوونه‌ی كه‌سره‌وی ده‌سه‌لمێنێ كه ئێران حكوومه‌تێك به ئیسلام قه‌رزداره.
كۆماری ئیسلامی ته‌نیا درێژكراوه‌ی دیكتاتۆڕیی عورفیی په‌هله‌وی به‌سه‌ر دیكتاتۆڕی ئایینی‌دا نه‌بوو، به‌ڵكوو جیهانبینییه‌كی نوێ و تاقینه‌كراوه بوو له شێوه‌ی خۆیدا، كه كۆمه‌ڵه گرووپێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندیخواز بۆ دابینكردنی ویسته نامهشڕووعهكانیان یه‌كیان گرت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی چه‌ند سه‌د ساڵ له‌وه پێشی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كلیسا ئه‌وجار له فۆڕمه ئیسلامییهكهیدا دووباره بكه‌نه‌وه.
پاشه‌كشه‌ی هێزه چه‌پ و دیمۆكڕاتهكان له مێژووی نوێی ئێران‌دا چ ئه‌وكات كه به‌رامبه‌ر كوده‌تای حه‌مه‌ڕه‌زاشا دژی موسه‌ددیق بێده‌نگییان هه‌ڵبژارد و چ له ڕه‌وتی ڕووداوه‌كانی سه‌رده‌می شۆڕشی 57دا، هه‌روه‌ها بێهیوابوونی ڕۆژئاوا له ده‌سه‌ڵاتی حه‌مه‌ڕه‌زاشا له كۆنفڕانسی گوادلۆپ و هاوكات به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات له ئه‌مریكا له لایه‌ن دێمۆكڕاتهكانهوه، ته‌نیا وه‌ك كاتالیزۆر ده‌وریان گێڕا و یارمه‌تیی سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌ی ئیسلامی سیاسیی شیعی له ئێرانیان كرد. چونكه له‌ڕاستیدا مهزنیخوازانی شیعه‌ی ناوه‌ندگه‌را بڕیاری خۆیان بۆ دامه‌زرانی حكوومه‌تی ئیسلامی دابوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك وڵامی هێزه ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی كۆمه‌ڵگە بده‌نه‌وه و له‌لایه‌كی تر به وته‌ی كه‌سره‌وی قه‌رزی خۆیان به مێژوو دابێته‌وه.
كه وایه ئاشكرایه له مێژووی هاوچه‌رخی ئێران‌دا ماته‌وزه‌ی دیكتاتۆڕیی ئایینی به ڕووداوه جیاوازه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه دیاره و به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی ڕووحانیه‌ت ڕێكه‌وتێكی سیاسی نه‌بوو، به‌ڵكوو هه‌ڵقوڵاوی په‌یوه‌ندییه به‌رده‌وامه‌كانی هێزه چالاكه‌كانی كۆمه‌ڵگە بوو. ساڵی 57 و ڕووداوه‌كانی، درێژكراوه‌ی فراوانخوازیی تاكی ناوه‌ندگه‌رای شیعی به‌رامبه‌ر به شوناسه جیاوازه‌كان بوو كه زه‌مینه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی بۆچوونه جیاوازه‌كان له ئایینی و چه‌پ و دیمۆكڕاتی ئاماده كرد‌و ئه‌وه‌ش باشترین هه‌لی بۆ ڕووحانییه‌ت ڕه‌خساند تا خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تیی خۆی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگەدا بسه‌پێنێ. سه‌پاندنی ئه‌و هێزه‌ش بێگومان پێویستی به “ڕه‌ئیسی” و “هه‌یئه‌تی مه‌رگ” و داموده‌زگای سه‌ركوتكه‌ر و ئابووریی ڕانتێر هه‌یه، پێویستی به “حه‌مید نووری”یه‌كانه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگه جیاوازه‌كانی پێ كپ بكه‌ن.
ده‌سه‌ڵاتێكی له‌و چه‌شنه كه لانیكه‌م زیاتر له سه‌ده‌یه‌كه وه‌ك دیسكۆرس خۆی حه‌شار داوه بۆ ئه‌وه‌ی کۆمەڵگە به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌یخوازێ ئاراسته بكا، هه‌موو ئامرازێك به‌كار دێنێ بۆ وه‌دیهێنانی مه‌به‌سته‌كه‌ی. هه‌ر بۆیه ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی پڕه له جینایه‌تی سامناك و پێشێلكاریی گه‌وره‌ی مافی مرۆڤ و بنپێكردنی ئه‌و به‌ها و نۆڕمانه‌ی کۆمەڵگەی نێوده‌وڵه‌تی ڕێزیان لێ ده‌گرێ و ده‌یانپارێزێ. سروشتی كۆماری ئیسلامی و ڕێبه‌رانی ئه‌وه ده‌خوازێ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه مێژووییه‌ی له چه‌ند سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاته نه‌یاره دراوسێكانی دروست بووه، فۆڕمێكی تایبه‌ت له حوكمڕانی تاقی بكاته‌وه و به چنگ و ددان بیپارێزێ.
لهداوكهوتنی حه‌مید نووری له وڵاتی سۆئێد و دادگاییكردنی له‌سه‌ر به‌شداری له ئێعدامی به‌كۆمه‌ڵی زیندانییانی سیاسی له ساڵی 67، ڕیسواییه‌كی گه‌وره‌ی كۆماری ئیسلامی و سه‌ره‌تای ڕه‌وتێكی نوێیه له دادخوازیی قوربانیانی پێشێلكارییه مه‌ترسیداره‌كانی ڕێژیم. تاوانی ئێعدامی هه‌زاران زیندانیی سیاسی كه به‌رپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی و یه‌ك له‌وان سه‌ركۆماری ئێستا ئیبڕاهیم ڕه‌ئیسی تیایدا تاوانباری سه‌ره‌كین، بوونه‌ته بابه‌تی به‌دواداچوونی دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆی بێلایه‌ن. ئه‌وه‌ش زیاد له‌وه‌ی ده‌توانێ دیواری ئه‌منی تاوانباران بڕووخێنێ و ترس و دڵه‌ڕاوكێ بخاته دڵیانه‌وه تا نه‌توانن سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكه‌ن و به‌شداریی كۆبوونه‌وه و كۆنفڕانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بن (بۆ وێنه ڕه‌ئیسی نه‌یوێرا به‌شداری كۆنفڕانسی كه‌شوهه‌وا بكا له گلاسكۆ)، و ده‌توانێ كاریگه‌ری دابنێ له‌سه‌ر گۆشه‌گیركردن و لێدان له پێگه و ڕه‌واییه‌تی كۆماری ئیسلامی.
له لایه‌كی دیكه‌وه و له پێشهاتێكی نوێ و سه‌رنجڕاكێشدا كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه و كه‌سایه‌تیی داكۆكیكاری مافه‌كانی مرۆڤ په‌روه‌نده‌ی كوشتاری به‌كۆمه‌ڵی ناڕازییانی خۆپێشاندانه‌كه‌ی ساڵی 98 له ژماره‌یه‌كی زۆر له شاره‌كانی ئێرانیان هه‌ڵداوه‌ته‌وه و له دادگایه‌كی خه‌ڵكیدا له بریتانیا خستوویانه‌ته به‌رده‌م لێژنه‌یه‌كی شاره‌زا له دادوه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی و به كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه و بانگهێشتكردنی ژماره‌یه‌ك شایه‌د له ده‌ره‌وه‌و نێوخۆی ئێران، هه‌وڵ ده‌ده‌ن بیسه‌لمێنن كه كۆماری ئیسلامی له‌و خۆپێشاندانانه‌دا تاوانی دژه‌مرۆیی ئه‌نجام داوه. هه‌رچه‌ند بڕیاری دادگا ناتوانێ پابه‌ندكار بێ، به‌ڵام گرینگییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه كه له ئه‌گه‌ری سه‌لماندنی ئه‌و تاوانه، کۆمەڵگەی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی پێشكه‌وتوو ناتوانن به‌بێ تێچوو له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕیژیمه مامه‌ڵه بكه‌ن. سه‌ركۆنه‌ی كۆماری ئیسلامی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆر له وڵاتانه‌وه ده‌توانێ ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره بێ بۆ بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له هه‌مان كاتدا ڕه‌واییه‌تی زیاتر ده‌دا به پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی له‌و بزووتنه‌وه‌یه.
هه‌روه‌ها دادگای خه‌ڵكیی قوربانیانی خه‌زه‌ڵوه‌ری 98 ده‌شێ ده‌رگایه‌كی نوێ به‌ڕووی سیسته‌می دادوه‌ری نێوده‌وڵه‌تی چ له ئاستی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی و چ له ئاستی دادگا نیشتمانییه‌كانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بكاته‌وه تا به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كه‌یسه بكه‌ن و له ڕێگه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤدۆستانه وه‌ك پڕه‌نسیپێكی نێوده‌وڵه‌تی، هێزی پابه‌ندكار دژی كۆماری ئیسلامی وه‌گه‌ڕ بخه‌ن.
ئه‌وه‌ی تا ئێستا له سیاسه‌تی ڕۆژئاوا به‌رامبه‌ر كۆماری ئیسلامی به‌درێژایی ته‌مه‌نی ئه‌و ڕێژیمه دیتوومانه بریتی بووه له سه‌رپۆشدانان له‌سه‌ر پێشێلكاریی مافه‌كانی مرۆڤ له ئێران له‌پێناو درێژه‌دان و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كان. ته‌نانه‌ت له ڕه‌وتی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئورووپاییه‌كان دوای یه‌كلابوونه‌وه‌ی كه‌یسی میكۆنووس، پاش ماوه‌یه‌كی كورت به هه‌ڵه‌داوان باڵوێزه‌كانیان نارده‌وه تاران تا په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانیان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی نهڕووشێ. خۆ ئه‌گه‌ر پێداگریی ئازایانه‌ی دادگای بێرلین له دادگاییكردن و حوكمدانی تاوانبارانی میكۆنووس به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ و خۆڕاگرانه به‌رامبه‌ر حكوومه‌تی ئاڵمان نه‌بوایه، له‌وانه‌یه وه‌ك زۆربه‌ی تێرۆره‌كانی دیكه‌ی ئێران له ده‌ره‌وه بێده‌نگی لێ كرابا.
ته‌نانه‌ت تا ئێستاش کۆمەڵگەی نێوده‌وڵه‌تی به‌و قه‌ناعه‌ته نەگه‌یشتووه کە كۆماری ئیسلامی حكوومه‌تێكی نابه‌رپرسه به‌رامبه‌ر به‌ڵێننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و بۆته مایه‌ی تێكدانی ئه‌من و ئاسایشی ناوچه‌و ته‌نانه‌ت جیهان، ئه‌وه‌ی كه‌مترین بایه‌خی پێ ده‌درێ، پرسی پێشێلی مافه‌كانی مرۆڤ و مافی گه‌لانه له لایه‌ن ڕێژیمه‌وه. هه‌وڵدان بۆ ده‌سڕاگه‌یشتن به چه‌كی ئه‌تۆمی، ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری وڵاتانی ناوچه و پشتگیری له هێزه تیرۆریسته‌كان ته‌نیا ڕووكاری ده‌ره‌وه‌ی سیمای كۆماری ئیسلامین كه ڕۆژئاوا به‌رامبه‌ریان ڕاوه‌ستاوه. ئاوڕدانه‌وه له ڕووكاری ناوه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژیمه به سه‌رنجدان به دۆخی مافی مرۆڤ ده‌توانێ وه‌ك به‌هێزترین چه‌كی کۆمەڵگەی نێوده‌وڵه‌تی به‌كار بێ بۆ كۆنتڕۆڵكردن و پاشه‌كشه‌پێكردنی ڕێژیم له سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌یدا. دادگاییكردنی حه‌مید نووری وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی حوقووقی له سیسته‌می سیاسی ئێران‌دا به تاوانی دژه‌مرۆیی و هه‌روه‌ها دادگای خه‌ڵكیی قوربانیانی خه‌زه‌ڵوه‌ری 98 له بریتانیا ڕاسته‌وخۆ باندۆریان هه‌یه له‌سه‌ر پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كۆماری ئیسلامی. درێژه‌دان به‌و ڕه‌وته له لایه‌ن دادخوازان له ده‌ره‌وه‌و ناوخۆ و پشتیوانیی ئۆپۆزیسیۆن له‌و ڕه‌وته ده‌توانرێ وه‌ك شاڕێی فشارهێنان بۆ كۆماری ئیسلامی و لاوازكردنی هه‌رچی زیاتری ڕه‌واییه‌تی ئه‌و ڕێژیمه له کۆمەڵگەی نێوده‌وڵه‌تیدا كه‌ڵكی لێ وه‌رگیرێ.
له‌ماوه‌ی ڕابردوودا كۆماری ئیسلامی هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانی بۆ فشارهێنان بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی سۆئێد به ئامانجی ڕاگرتنی دادگایی حه‌مید نووری ده‌ست پێ كردووه. ئه‌وه له كاتێكدایه ده‌زگای دادوه‌ریی سۆئێد بوێرانه و پیشه‌ییانه كۆبوونه‌وه‌كانی خۆی به‌ڕێوه ده‌با.
حه‌مید نووری به‌رهه‌می مێژوویه‌كی تاڵه له‌و گۆڕانكارییانه‌ی له لایه‌كانی ژێره‌وه‌ی کۆمەڵگەی ئێران‌دا به‌درێژایی چه‌ند سه‌ده چه‌كه‌ره‌ی كردووه و گه‌وره بووه تا گه‌یشتۆته ئێره. حكوومه‌تێكی دینی كه زۆربه‌ی کۆمەڵگە به‌كافر و شایانی هه‌موو سزایه‌ك ده‌زانێ و له هه‌مان كاتدا هه‌ڵگری بیرێكی مه‌زنیخوازانه‌ی وه‌همییه كه هه‌وڵ ده‌دا هه‌موو جیاوازییه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و عه‌قیده‌تییه‌كان بسڕێته‌وه، پێویستیی به تیرۆر و ئێعدام و پێشێلكاریی مافه‌كانی مرۆڤه و ته‌نیا ڕێگای مانه‌وه‌ی بریتیه له سه‌ركوت. كرانه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی تاڕاده‌یه‌ك نوێ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تاوانبارانی ئه‌و سیستمه، ده‌رفه‌تێكی گرینگه بۆ گه‌لانی ئێران و بزووتنه‌وه ئازادیخوازه‌كان كه بتوانن دادخوازیی هه‌موو ئه‌و تاوانانه بكه‌ن كه كۆنه‌په‌رستیی ڕه‌ش دژی ئازادیخوازان و جیابیران ئه‌نجامی داون. هاوكات ده‌رفه‌تێكی گرینگه بۆ ئه‌وه‌ی سیمای ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانی ئێران له ده‌ره‌وه‌و نێوخۆی ئێران به پشتبه‌ستن به به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ده‌رچوو له‌و چه‌شنه دادگایانه نیشان بدرێ تا ڕای گشتی به‌هێز بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژیمه له ده‌ره‌وه و نێوخۆی ئێران‌دا شكڵ بگرێ. ئه‌وه‌ش بێگومان زه‌مینه‌ی كۆتاییهێنان به‌و ڕێژیمه له‌بارتر ده‌كا.
له‌و نێوه‌دا ئه‌ركی لایه‌نه‌كانی نێو ئۆپۆزیسیۆنی كورد زۆر قورس و مێژووییه. گه‌لی كورد له قوربانییه سه‌ره‌كییه‌كانی تاوانه دژه مرۆییه‌كانی كۆماری ئیسلامییه كه به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له مێژووی 43 ساڵه‌ی ئه‌و ڕێژیمه ده‌بینین به ده‌یان و سه‌دان تاوانی كۆمه‌ڵكوژی و ئێعدام و ئه‌شكه‌نجه‌ی ڕێكخراو و سیستماتیك دژی ئه‌و گه‌له ئه‌نجام دراون. وه‌گه‌ڕخستنی ئه‌و په‌روه‌ندانه له كات و ساتێك‌دا كه ده‌رگای سیستمه دادوه‌رییه‌كانی ڕۆژئاوا بۆ به‌دواداچوونی تاوانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ڕۆژ له دوای ڕۆژ كرانه‌وه‌ی زیاتر به خۆیه‌وه ده‌بینێ، ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره ده‌بێ بۆ سه‌لماندنی حه‌قانییه‌تی خه‌باتی گه‌لی كورد دژی ڕێژیم.
خه‌باتی دادخوازانه‌ی گه‌لی كورد و هه‌موو ئازادیخوازانی ئێران له كۆنتێكستی ئه‌و ڕه‌وته نوێیه له دادگایی كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی له دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هاتۆته گۆڕێ، ده‌كرێ سه‌ره‌تای كۆتایی ئه‌و حوكمڕانییه بێ كه كه‌سره‌وی پێش سه‌ده‌یه‌ك به جه‌بری مێژووی ئێرانی له‌قه‌ڵه‌م دابوو و ده‌شێ كۆتایی دیكتاتۆڕیی ڕه‌ش له‌و ڕێڕه‌وه بێته‌دی.