مانگی خەزەڵوەر لە ساڵەکانی دوای شۆڕشی ٥٧دا مانگێکی پڕڕووداو لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا بووە. لە چەقی ڕووداوەکانی دوای شۆڕش، پرسی داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران لە خەزەڵوەری ٥٨دا چارەنووسی سیاسیی ئێران بە ئاقارێکی دیکەدا گۆڕی.
داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا کابینەی کارتێری هێنایە سەر ئەو قەناعەتە کە بەهەر جۆرێک بووە، بە شیوازی دیپلۆماتیک و لە ڕێگەی وڵاتانێک کە کەمتاکورتێک پێوەندیی باشیان لەگەڵ ڕێژیمی مەلاکان هەبوو، کێشەی بارمتەکان چارەسەر بکا؛ بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لە ڕووداوی “تەبەس”یشدا کە خومەینی گوتی دەستی خودای لەپشت بووە و دوایە دەرکەوت دەستێوەردانی یەکیەتیی سۆڤییەت ڕێگر بووە، عەمەلیاتی سەربازیی ڕزگارکردنی بارمتەکان ناکام مایەوە. بۆیەش یەکەم گەمارۆکانی سەر ئێران کە دواتر و هەتا ئێستاش خەڵکی وڵات باجە قورسەکەی دەدەن، لەو کاتەوە دەستی پێ کرد کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە.
ناونانی ١٣ی خەزەڵوەر بە ڕۆژی قوتابییان دەسپێکی قۆناغێکی ڕەش بۆ سیستمی پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک بوو لە کۆماری ئیسلامیدا کە دواتر ئوستوورەسازیی “حوسین فەهمیدە”ی بەدوودا هات کە لە ئێستادا مێژوونووسانی شەڕ حاشا لە سەرلەبەری ئەو ڕووداوە دەکەن و دەڵێن کۆماری ئیسلامی بەدوای “ڕێبەندان” و “خاکەلێوە”ی پیرۆزیدا مانگێکی دیکەی گەرەک بوو درۆکانی دێکەی تیدا بکا بە ئەفسانە و مێژوو. بەڵام مێژووش سووڕی خۆی هەیە و وانەی زۆرن.
لە خەزەڵوەری ١٣٨٨دا بەرەیەک و بزووتنەوەیەک وەڕێ خرا کە لە هەناو و نێوەوە داڕزین و هەڵوەرینی نیزامی کۆماری ئیسلامیی بۆ کۆمەڵگەی جیهانی ئاشکرا کرد. ڕابوونی بزووتنەوەی سەوز کە ڕێبەرانی دەسکەوت و بەرهەمی نیزامی کۆماری ئیسلامی خۆی بوون، خامنەیی ناچار کرد لە شانۆی نوێژی هەینییە بەناوبانگەکەیدا بکڕووزێتەوە و سۆزی ساویلکەکانی نێو نیزام بۆ لای خۆی ڕاکێشی. ئەوە بوو کە دوای دەربڕینی ئەوەی “لەشێکی نقوستانی هەیە و کەمە حەیایەک” کە دەیزانی ئەویش با بردوویەتی، بڕیاری “آتش بە اختیار”ی دا. ئەم بڕیارە لە خەزەڵوەری ١٠ ساڵ دواتردا کارەساتێکی گەورەی لە کوشتوبڕی خەڵک لێ کەوتەوە.
دیاریی خەزەڵوەری یەکەم تەریککەتنەوە، دەسپێکی هەژاری و گەمارۆ و سزائابوورییەکان بوو کە دووکەڵەکەی هەمووی چووە چاوی خەڵکەوە، خەزەڵوەڕی دووهەمیش خاڵی وەرچەرخانی ناڕەزایەتییەکان بوو کە سەرنجی دنیای بۆ ئەوە ڕاکێشا کۆماری ئیسلامی ئەو وڵاتە سەقامگیرە نییە کە ڕێژیم ئیدیعای دەکا. بەڵام خەزەڵوەری سێهەم، ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کە بەهۆی گرانبوونی یەکجێی سێ هیندەی جارانی بێنزینەوە وەڕێ کەوتبوو، گەیاندە لوتکە و “تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی”ـی کردە وێژمانێکی گشتی. خەزەڵوەرێک کە خامنەیی کاتێک هەوڵیان پێدا، فیتوای دا بە هەر نرخێک بووە دەبێ ناڕەزایەتییەکان سەرکوت و بێدەنگ بکرێن. هەر لە سۆنگەی ئەو فیتوایەوە پتر لە ١٥٠٠ کەس کوژران، چەند هێندەش بریندار و چەندان هێندەی دیکەش گیران و خرانە ژێر ئەشکەنجە و بەندیخانەوە. بنەماڵەی کوژراوەکانیش هەڕەشیان لێ کرا کە نابێ تازیەبار بن و سەرەخۆشی بۆ ڕۆڵەکانیان دابنێن و خرانە ژێر گوشارەوە هەتا سکاڵاکانیان وەرگرنەوە و مل بۆ وەرگرتنی دییە ڕابکێشن؛ تەنانەت ڕووهەڵماڵاوانە داوایان لێ کردبوون کە کوژراوەکانیان وەک “شەهید” لە بنیاتی شەهیدانی ڕێژیمدا ناونووس بکرێن کە وەڵامی گورچووبڕیان وەرگرتەوە.
دەگێڕنەوە کە لە دەفتەری سەرۆککۆمارییەوە نامەیان بۆ بەیتی ڕێبەری نووسیبوو بەو پرسیارە کە چی لە ئاماری کوژراوەکانی خەزەڵوەر بکەین؟ وەڵام هاتبۆوە کە “کام خەزەڵوەر”؟ هەڵبەت دەکرێ لەو سووچەشەوە بۆی بڕوانین و بڵێین “ڕێبەریی ڕێژیم” ڕاست دەکا، چونکی خەزەڵوەر وەها بۆتە کرێکوێرە کە کۆماری ئیسلامی بۆ چارەسەری قەیرانەکانی نەتوانێ بڕگە مێژووییەکانی لێک کاتەوە. دیارە ئەگەرچی مووشەکی سپای پاسداران لە ١٨ی بەفرانباردا فڕۆکە ئۆکڕاینییەکەی کردە ئامانج و گیانی لە ١٧٦ کەسی بێتاوان ئەستاند، بەڵام لە خەزەڵوەری دواتردا لەپاڵ کۆمەڵە هۆکارێکی دی بوونە هەوێنی مافخوازی و ڕابوونێکی گشتی؛ یادەوەرییەک کە لەگەڵ هاتنەوەی هەموو خەزەڵوەرێک ترس و خۆفی ڕووخان دەخاتە هەناوی ڕێژیمەوە.
ئوستوورە درۆیینەکانی حکوومەتی ئێران بە تێپەڕینی کات نەک هەر کاڵ دەبنەوە و لە مانا بەتاڵ دەبنەوە، بەڵکوو بۆنە و ئوستوورەی دژ لە بەرەی خەڵکدا بۆ گیانی ڕێژیم دروست دەبن. “حوسێن فەهمیدە” دروستکراوەکان جێی خۆیان داوە بە ناوە ڕاستەقینە و هەرمانەکانی وەک “پوویا بەختیاری”، “بورهان مەنسوورینیا” و “ئیبراهیم کیتابدار”ەکان و لاوانی دیکەی لە خەزەڵوەردا خەڵتانی خوێن کران. ئەو لاوانەی ناوەکانیان گرێدراوی خەزەڵوەرە و بۆ هەتاهەتایە دەمێننەوە و مزگێنی بەهاری ئازادی بۆ خەڵکەکەیان دێنن.
کۆماری ئیسلامی بە خەزەڵوەری یەکەم بەتەما بوو مانگێکی دی لە تەنیشت ڕێبەندان بە ناوی کۆماری ئیسلامییەوە تاپۆ بکا، بەڵام نەیزانی ئەو مانگە گڕ بەر دەداتە بوون و نەبوونی و خەزەڵورێک لە ڕێ دایە کە بارگەوبنەی ئەو ڕێژیمە بۆ هەمیشە تێکەوە دەپێچێ.