سەرۆک وەزیران، نەفتالی بێنێت ئەو حەوتوویە لەبەر کۆنفرانسی گۆڕانی ئاووهەوا لە گلاسگۆ بوو و زۆر شتی لەسەر ئەو پرسە و لەبارەی داهێنانەکانی ئیسڕائیل بۆ یارمەتی بە بەربەرەکانی لەگەڵ هەڕەشەکانی سەر ژینگە و شتی دیکە پێ بوو.
بەڵام لە ڕوانگەی دیپڵۆماسییەوە، کۆبوونەوەکە دەرفەتێک بوو بۆ بێنێت تا پەیامی دیکەش لە چاوپێکەوتنە تاکییەکان لەگەڵ ڕێبەرانی سەرانسەری دنیادا بگەیێنێت.
جێگای سەرسوڕمان نییە، پرسی سەرەکی کە پێوەندیی بە ئاجێندای ئاووهەواوە نەبوو و ئەو لە هەموو دانیشتنە دوو لایەنەکانی ئەو حەوتوویەدا دەیهێنانە گۆڕێ، ئێران بوو.
ئەو وتووێژانە لە کاتێکی هەستیاردا دێنە بەر باس، چونکە تاران درێژە بە خۆبواردن لە وتووێژ دەدا و بە لێدوانە لێڵ و خۆ دزینەوە لە ئەرکداریی، لەبارەی کاتی گەڕانەوەی بۆ مێزی وتووێژ دنیای لە نادڵنیاییدا هێشتۆتەوە، لە کاتێکدا کە خێرا گەشە بە بەرنامەی ئاتۆمییەکەی بەرەو خاڵی بێگەڕانەوە دەدا.
پێشوەچوونەکانی ئێران لە پیتاندنی ئورانیۆم شتێکە کە زلهێزە خۆراواییەکانی بەشدار لە ڕێککەوتنی بەرجام لە ٢٠١٥ ددانیان پێدا ناوە، ڕێبەرانی وڵاتە یەکگرتووەکان و سێ وڵاتی ئورووپایی، واتە فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا، ئەو شتەیان لە لێدوانەکەیاندا لە کۆبوونەوەی چەند ڕۆژ لەوەپێش لەG20 لە ڕۆم باس کرد.
ئەوان گوتیان: “لە کاتێکدا کە ئێران وتووێژەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ نێو بەرجام کە لە مانگی جوون بەو لاوە بەڕێوە دەچوون، ڕاگرتوون، هەنگاوە ورووژێنەرە ئەتۆمییەکانی، وەک بەرهەمهێنانی ئورانیۆمی پیتێندراو لە ئاستێکی بەرزدا و بەرهەمهێنانی کانزای ئۆرانیۆم، خێراتر کردوون. ئێران هیچ پێویستییەکی ڕەوای مەدەنیی بە هیچکام لەو هەنگاوانە نین، بەڵام هەردووکیان بۆ بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی گرینگن.”
بێنێت لەو کاتە دژوارە، لە ڕوانگەی ستراتێژیکییەوە، هاتە سەردانی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا بوریس جانسۆن و سەرکۆماری فەڕانسە ئێمانوێل ماکرۆن، کاتێک کە ئەوان لە هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ گێڕانەوەی ئێران بۆ وتووێژ ناسەرکەوتوو بوون، لە هەمان کاتدا ئێران هەنگاوەکانی بەرەو چەکی ئەتۆم خێراتر کردووە.
پەیامی بێنێت بۆ ئەوان و سەرجەم ئەو ڕێبەرانەی چاوی پێیان کەوت ئەوە بوو: زەختی زۆرتر بخەنە سەر ئێران و، هەڵوێستێکی سەخت دژی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە و پێوەندییە دوو لایەنەکانتاندا بگرن.
بێنێت گوتی گەڕانەوە بۆ بەرجامی ٢٠١٥ هەڵەیە و کاریگەریی پێچەوانەی ئەوە دەبێ کە ئێوە چاوەڕوانیتان لێی هەیە. ئەو بە ڕێبەرەکانی گوت لابردنی ئابلۆقەکان بەو مانایەیە کە ئێران دراوی زۆرتری دەست دەکەوێ تا بۆ شەڕانشۆییە ناوچەییەکانی کەڵکیان لێ وەرگرێت.
بێنێت هەروەها پێیانی گوت ئیسڕائیل چەندین میلیارد شەکەلی لە بودجەی نوێی دەوڵەتدا بۆ بەرگریی تەرخان کردووە، بە جەختکردن لەسەر پلانی ئۆپەراسیۆنی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەڕەشەی ئێران.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماتیک، بە کەڵکوەرگرتن لە پەندێکی پێشینیانی هیلەل بۆ شیکردنەوەی ڕوانگەی بێنێت لەمەڕ ئامادەکردنی ئەگەری هەنگاوی سەربەخۆیانەی ئیسڕائیل دژی ئێران گوتی، “بێتوو من بۆخۆم نەبم، کێ بۆ من دەبێ؟”
بەڵام لە هەمان کاتدا، وڵاتە یەکگرتووەکان و سێ وڵاتە ئورووپاییەکە بەڕوونی ڕایانگەیاند کە ئەوان دەست لە ڕێگاچارەی وتووێژ بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ بەرجام و پاشان دیپلۆماسی هەڵ ناگرن.
لە لێکدوانەکەدا هاتبوو، “ئێمە دڵنیاین دەکرێ خێرا بگەینە لێکتێگەشتن و جێبەجێ کردنی گەڕانەوە و مەلکەچ بوونی تەواو و دڵنیابوونی درێژخایەن کە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران تەنیا بۆ ئامانجە ئاشتییانەکان دەبێ. ئێمە داوا لە سەرکۆمار ڕەئیسی دەکەین تا کەڵک لە دەرفەت وەرگرێ و بگەڕێتەوە بۆ هەوڵێکی متمانە پێکراو بۆ بە ئەنجام گەیاندنی وتووێژەکان وەک پرسێکی بەپەلە. ئەوە تەنیا ڕێگای چێگای متمانە بۆ خۆ بواردن لە بەرزکردنەوەی مەترسیداری گرژییە، کە لە بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێکدا نییە.”
لە کاتێکدا کە ئێران درێژە بە پیتاندنی ئۆرانیۆم دەدا، وڵاتە یەکگرتووەکان و سێ وڵاتەکەی ئورووپایی هەوڵ دەدەن ستراتێژییەکی گێزەر و قامچی ببیننەوە تا تاران بگەڕێننەوە سەر مێزی وتووێژ. بەڵام تا ئێستا، ئەوان تەنیا لە ئێران پاڕاونەوە بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ. بێگومان، ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان هەروا بەردەوامن، بەڵام ئەوان هێشتا ئێرانیان پێمل نەکردووە.
بێنێت پێی خۆشە قامچی زۆرتر ببینێ و ئەو گوتی ئەوەی بە هەموو ئەو کەسانە گوتووە کە چاوی پێکەوتوون. سەرچاوەیەکی سیاسی گوتی، خەڵک دەیانهەوێ هەڵوێستی بێنێت لە بارەی ئێران ببیستن، ئەوان ڕەزامەندییان بۆ درێژە پێدان بە گفتوگۆکان لە داهاتوودا دەربڕیوە.
بەڵام گەلۆ ئەوان بەڕاستی گوێ ڕادەگرن؟ جارێ، وێدەچێ وڵاتە یەکگرتووەکان و سێ وڵاتە ئورووپاییەکە دڕێژە بە پلانی A بدەن، ئەگەرچی نیشانەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە کاریگەر نییە.