لێرە و لەوێ و لە هەواڵەکانی ڕۆژانەدا هەر جارناجارێک باسی زەبرلێکدانی سەربازە گومناوەکانی ئیمامی زەمان و سەربازە گومناوەکانی حەزرەتی ئیبڕاهیم دەبیستین کە بە شەڕی فیزیکی و تێرۆر سایبێری وەڵامی یەکتر دەدەنەوە. شەڕێک کە جیهانیشی گیرۆدە کردووە و هەمووان بە نیگەرانییەوە لە پەلکێشان و دوادەرەنجامەکانی دەڕوانن.
شەڕی سایبێری بۆ سەر بنکە و دامەزراوە هەستیارە سەربازی، ئابووری و ئەمنییەتییەکان لە ئێستادا بەشێک لە پڕۆژە سەرەکییەکانی سەربازیی هەر وڵاتێکن و لەو شەڕەدا خاڵێک کە جێی سەرنجە بەڕۆژکردنەوەی هۆکار و جێبەجێکارانی شەڕی نەرمە. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بێگومان لە ئێستادا تەنیا وڵاتێکە کە ڕێبەرانی مانەوەی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان لە نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لە دەوروبەری خۆیاندا دەبینن، بۆیەش بە ئەزموونێک کە لە شەڕ و شکستی سەربازییان لە شەڕی ٨ ساڵە لەگەڵ عێراقدا وەسەریەکیان نابوو، بۆ ساتێک لە خۆپڕچەککردن بە مووشەک و کەرەستەکانی دیکەی شەڕ و هەروەها تەڕاتێن لە شەڕی نەرم و سایبێریشدا خافڵ نەبوون. بەمجۆرە بە خەرجکردنی بودجەی زەبەلاحی وڵات و بە نرخی برسیکردن و بڕینی قووتی خەڵک کاریان گەیاندە ئەو جێیەی کە ئیدیعا بکەن لەڕووی تێکنۆلۆژی مووشەکی و سوپای سایبێرییەوە لە ڕیزی زلهێزەکانی ئێستای جیهانن و بشیانەوێ هەم هێرش بکەنە سەر ناوەندە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
بەمجۆرە جەنابی عۆزما لە ٢٠١٠ لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە سەردەمی “لێدە و ڕاکە بەسەرچووە” و ئەوەی ئێستا لێ دەدا ئێمەن و لەجێی خۆشمانین. بەڵام لەوبەر سەربازە گومناوەکانی حەزرەتی ئیبڕاهیم لە پشت سیستمە پێشکەوتووەکانی خۆیانەوە قاقا بەوە پێکەنین و بە ناردنی ویرووسی “ئیستاکس نێت” بۆ نێو پڕۆژەی ئەتومیی کۆماری ئیسلامی بوونە هۆی لەکارکەوتنی ١٠٠٠ کۆمپیوتێر و ٦٠ هەزار سانترفیوژ و بەوەش بەرنامەی ئەتومیی ڕێژیم دوو ساڵ دوا خرا. هەر ئەوەندە نا، پاش ماوەیەک کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە جەندەکی فەرماندەی شەڕی سایبێرییەکەیان لە کەرەج دۆزراوەتەوە و چەند فیشەکیش بەر سەری کەوتووە.
لە ٢٠٢٠ ئیسڕائیل ڕایگەیاند هێرشێکی سایبێریی ناسەرکەوتووی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر ڕایەڵەی ئاو و ئاوەڕۆی وڵاتەکەیان بەرپەرچ داوەتەوە، بەڵام لە تۆڵەی ئەو دەستدرێژییەدا ئەوە ئەوان بوون کە توانیویانە هێرشێکی سەرکەوتوو بکەنە سەر دامەزراوەکانی بەندەری ڕەجایی لە باشووری ئێران و لەکاریان بخەن. ماوەیەک دواتر کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشێکی سەرکەوتووی سایبێریی دیکەی کردە سەر تۆڕی مێدیایی و ڕاگەیاندن لە ئیسڕائیل و چەتی خستە سەر کارکردنی ئاسایی هەزاران ماڵپەڕ و وێبسایتی ئەم وڵاتە. ئەم هێرشە ئەلەکترۆنییە بووە هۆی ئەوەی سەدان ماڵپەڕی ئینتێرنێتی گرفتی پاراستنی داتا و زانیارییەکانیان بۆ دروست ببێ. ئیدی بەمجۆرە ڕۆژێ ئێران لێ دەدا و ڕا دەکا و بۆ سبەینێ ئیسڕائیلە گورزی خۆی دەوەشێنێ و ئەمە هەر دێ و دووپات دەبێتەوە. هەر ئەو ماوەیەش بوو کە وتەبێژی “پەدافەندی غەیری عامیل”ی سپای پاسداران کە ئەڕتەشی سایبێریی کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆی لە بندەستی ئەواندا هەڵدەسووڕێن، ڕایگەیاند، کە بەسیجی موستەزعەفین بە وەڕێخستنی ٢٤٠ هەزار هەلی کاری لە بواری شەڕی نەرم و سایبێریدا تواناکانی خۆی زیاتر و دامەزراوەکەیان پۆشتەتر دەکەن.
ئێستا ئەوەی لەنێو ئەو “لێدە و هەڵێ”یە و شەڕە سایبێرییەکانی کۆماری ئیسلامیدا لەبیر کراوە حەشیمەتێکی زیاتر لە ٤٠ میلیۆن کەسیی خەڵکی ئێرانە کە کەوتوونەتە خوار هێڵی هەژاری و لەسۆنگەی بەردەوامیی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی دەرەکییدا ژمارەیان هەر دێ و زیاتر دەبێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو سەرمایە و سەرچاوە ماڵی و ئابوورییەکانی وڵاتی لەو چوار دەیەدا کە بە ملهوڕی و دیکتاتۆرییەوە حکوومەکەی پێ ڕاداوە، کردووەتە سووتەمەنیی شەڕانشۆیی لە ناوچە و جیهاندا.
لە ئێستادا ڕۆژ نییە خۆپیشاندان و سەرهەڵدانێک لە وڵاتدا ڕوو نەدەن و لە مامۆستا و کرێکار و پەرستارەوە بگرە هەتا کەسانی خانەنشینی گردەنشین کە هەموو تەمەنیان کار و خزمەت بووە، هەموو بە چەند مانگ ئەو کەمە مووچە و حەقدەستەش کە هەیانە دوا دەکەوێ. بەڵام ئەوەی بەردەوام زیاد دەکا تێچووی بەرنامە و شەڕە سایبێرییەکانی رێژیمە و ئەوەی هەرگیز دواناکەوێ پیلان و شەرەنگێزییەکانی دەسەڵات و ئەوەی لەگەڕ ناکەوێ چەرخی بەرنامە ئەتومی و مووشەکی و لایەنەکانی دیکەی سەربازیی ڕێژیمە. هەر کەس و لایەنێک دەنگ هەڵبڕێ و ناڕەزایەتی دەرببڕێ، وەڵامەکەیان زیندان و ئەشکەنجە و لە بەنددا کوشتنە.
خەڵکی ئێران لە هیچ کوێی هاوکێشەکانی کۆماری ئیسلامیدا جێ ناگرن، مەگەر وەک قەڵغان و بارمتەیەک بەکار بهێندرێن بۆ سەرکەوتنی سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیم. گرینگ ئەوەیە خەڵکی لوبنان بێ بژیو و سووتەمەنی نەمێننەوە و شیخ حەسەن نەسڕوڵلا سەری سڵامەت! گرینگ ئەوەیە حوسییەکانی یەمەن چەک و تفاقی شەڕیان لێ نەبڕێ، ناوچە کاول دەبێ یا خەڵکی ئێران برسی و ڕووت و قووت دەبن بە توون! خەڵکی برسی و زبڵگەر با زۆر بن قەید چییە، گرینگ ئەوەیە نایتکڵوپەکانی لوبنان وەمێنن! جەنابی عۆزما ئاوای گەرەکە…
لەسەر حسێبی قووت و گیرفانی خەڵک لێ دەدەی و ڕادەکەی جەناب… چاوەڕێ بە بزانە چیت بەسەر دێ و دوا مەنزڵت کوێ دەبێ! کۆمەڵگە ئێستا بەرمیلێکی باڕووتە و تەنیا پڕیشکەیەک ئاگر بەسە بۆوەی وەها لە عەرزی بدرێی کە ئیدی هەڵنەستیتەوە.