ڕۆژی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانە و لەو ڕۆژەدا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا ڕێز لەخەباتی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیان دەگیرێ. ئەو خەباتە لە ماوەی نیزیک بە ٢٠٠ ساڵی ڕابردووهوه هەتا ئەمڕۆ زۆر قۆناغی بڕیون و زۆر دەسکەوتی بەنرخیشی بۆ ژنان دابین کردوون. بەوحاڵەش کات و شێوەکانی خەباتی ژنان و ئەو پێشکەوتنانە کە ژنان وەدەستیان هێناون، بەپێی وڵات و کۆمەڵگهکان جیاواز بوون و ناکرێ وەک یەک بەراوردیان بکەین. بۆ وێنە ئەو کاتەی ژنان لە ڕۆژاوا دەڕژانە سەر شەقامەکان و داوای هەقدەستی یەکسان لەگەڵ پیاوان بۆ کاری هاوشێوەیان دەکرد، یان پێیان لەسەر ٤٨ کاتژمێر کار لەهەفتەدا دادهگرت… و بەمجۆرە و بۆ دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی خۆیان تێدەکۆشان، ژنان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوپەڕی نەهامەتی و بێدەرەتانی لە کۆمەڵگهیەکی دیکتاتۆرلێدراوی دواکەوتوودا دەژیان کە لەودا نەک هەر ژنان، بگرە پیاوانیش هیچ چەشنە ماف و ئازادییەکیان نەبوو.
لە یەکەم ڕاگەیهندراوی مافی مرۆڤدا کە لە دوای شۆرشی مەزنی وڵاتی فەڕانسە لە ساڵی ١٧٨٩دا بڵاو کرایەوە و هەروەها دواتر لە ڕاگەیهندراوی جیهانیی مافی مرۆڤدا بەڕاشکاوی ئاماژە بەهەموو ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕگەز ( مێیینە یان نێرینە)و سەرەڕای هەموو جیاوازییەکانی دیکە (نەتەوەییــدینی…) کراوە. جگە لەوەش لە ساڵی ١٩٧٩دا کۆری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنوانسیۆنی «لابردنی هەموو جۆرە ستەم و هەڵاواردنێکی ڕەگەزی بە دژی ژنان»ی کە لە ٢٦ خاڵ پێکهاتبوو پەسند کرد و دوو ساڵ دواتر ئەو کۆنوانسیۆنە بەکردەوە کراو ئێستا زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕێککەوتننامهیەیان ئیمزا کردوەو پێویستە بە کردەوە جێبەجێی بکەن.
لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا، زۆربەی هەرە زۆری ماف و ئازادییەکانی ژنان ــ ئازادیی تاکەکەسی و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان ــ لە قانوونه بنەڕەتییەکاندا جێگیرکراون و ماف و ئازادیی ژنان لە هەموو بوارەکاندا بەکردەوە بۆتە نەریتێکی چهسپاو و لەلایەن کۆمەڵگاوە، بەتایبەت ڕەگەزی بەرانبەر، ڕێزی لێدەگیرێ. لە بەرانبەردا لە وڵات و کۆمەڵگه دواکەوتووەکاندا دۆخی ژنان کەموزۆر بە پێچەوانەیە و ژنان وەک مرۆڤی پاشکۆ سەیر دەکرێن و لە زۆربەی هەرەزۆری ئەو ماف و ئازادییانە کە لە ڕاگەیهندراوی جیهانیی مافی مرۆڤدا هاتوون بێبەشن و لە دۆخێکی نالەباردا دەژین. ژنان لەو وڵاتانەدا لە هەموو ڕوویەکەوە لەگەڵ توندوتیژی بەرەوڕوون و تەنیا لەبەرئەوەی لەڕەگەری نێرینە نین، بەهەموو شێوەیەک دەچەوسێندرێنەوە و لەڕاستیدا ئەو کردەوەیە بۆتە فەرهەنگ و داب و نەریتێکی جێگرتوو کە لەزۆر حاڵەتدا ئەو چەشنە لە توند و تیژی چەوسانەوەیە پاساوی شەرعی و دینییشی بۆ دەهێنرێتەوە.
هەڵاواردن و چەوساندنەوە و توندوتیژی لەدژی ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا جگە لە شێوە گشتگیرەکانی باو لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا، تاڕادەیەکی زۆر زیرەکانەش و لەژێر ناوی مافی ژنان لە چوارچێوەی ئیسلامدا بەڕێوە دەچێ. یانی ئەگەر لێدان و ئەشکەنجە و دەسدرێژی و بهردباران و سوتاندن و ئەتککردن و کوشتوبڕی ژنان (توندو تیژیی ئاشکرا) وەک زۆربەی وڵاتە دراوسێکانی ئێران زۆر باوە و رۆژ نیە هەواڵی لەم شێوانە بڵاو نەکرێتەوە؛ ئەگەر ژنان لەگەڵ تەریکخرانەوە و بێبەشبوون لە خستنەڕووی تواناکانیان لە زۆر بواری کۆمەڵایەتیدا بەرەوڕوون و ناچار بە سەردانواندنی زۆرەملی لەلایەن ڕەگەزی نێرینە،ــ مێرد و مام و باوک و براــ وه دەکرێن و تەنانەت هاورەگەزەکانیشیانــ پوور ودایک و خوشک و خەسووــ بە عەقلیەتێکی پیاوسالارانە هاندەری ئەو شێوە هەڵسووکەوتەن (توند و تیژیی شاراوە)؛ قانوونهکانی کۆماری ئیسلامی کە بە شەریعەت پشتئەستوورن لە پێوەندی لە گەڵ ژناندا لە زۆر بارەوه ( مافی جیابوونەوە، میرات، مافی بەخێوکردنی منداڵ، مافی دادوەری و تەنانەت مافی خوێندن و ههڵبژاردن و پۆشینی جلوبەرگ و…) لەگەڵ قانوونی سەردەم و عورف و مافەکانی باو لە جیهانی پێشکەوتوودا ناتەبان. هەر بۆیەش دەتوانین بڵێین کە هەڵاواردن و توندوتیژی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا قانوونی کراوە و ئەوە قانوونه کە ڕێگەی بۆ ئەنجامی خۆش کردوە. تەنانەت لە»توندوتیژی ئاشکرا»شدا وەک قەتڵی بەناو نامووسی و پارێزگاری لە «شەرەف» و تاوانی لەم چەشنە، تاوانبار سزا نادرێ، یان سزاکەی ئەوەندە سووکە کە نابێتە بەرگر لە ڕوودانی کوشتن و سووتاندنی ژنان بەو بیانوویە.
ئەگەر ژنان لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا توانیویانە بە بەشی هەرەزۆری ماف و ئازادییەکانیان بگەن، ئەوە لە سایەی خەبات و تێکۆشانی خۆیان و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە پێشکەوتوەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ بۆ سەقامگیرکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و دەستەبەرکردنی ئازادی و دێمۆکراسیدا بووە. بە واتایەکی دیکە هەرچەشنە ماف و ئازادییەکی ژنان بەستراوەتەوە بە سەقامگیرکردنی ئەو چەمکانە و ناکرێ باس لە ماف و ئازادییەکانی ژنان بکەین، بەڵام بەستێنی ئەو ماف و ئازادییانەشی بۆ پێک نههێنین. هەر بەو پێیەش ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، ههرلەوکاتهدا کە دەبێ بۆ مافەکانی تایبەت بە خۆیان لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگیدا تێبکۆشن و رێژیم ناچار بە پاشەکشە بکەن، دەبێ باش بزانن نەمانی هەڵاواردنی ڕەگەزی و چەوسانەوە و دابینکردنی لانی کەمی مافەکانیان، بەستراوەتەوە بە سەقامگیرکردنی کۆمەڵگهی مەدەنی و بوونی ئازادی و دێمۆکراسی بەهەموو بەشەکانیەوە. چونکە ناکرێ لە کۆمەڵگهیەکی دیکتاتۆرلێدراودا کە قانوونیش دژی سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانی ژنان و تەنانەت پارێزەری ئەو سەرکوت و زەبرو زەنگ و توندوتیژییەشه، بەبێ تێکشکاندنی دەزگای سەرکوت و زوڵم و زۆرداری، ژنان کۆت و زنجیری کۆیلەتی لە ملیان داڕنن.
لە ژماره ٦٧٥ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه