کارەساتی ئابووری لە ئێران گەیوەتە جێگایەک کە کەمئەندامان بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ویلچێرەکانیان بفرۆشن و دواتر لە زبڵەکاندا بەدوای خواردن بگەڕێن.
بێهرووز مروەتی، بەڕێوەبەری کەمپینی کەمئەندامان دەڵێ سەرەڕای وادە و بەڵێنی پێشووتری دەوڵەتی ڕوحانی بۆ وەخۆگرتنی کەمئەندامان و پێدانی وامی کار بەوان، بەڵێ کەمترینی ئەو بەڵێنانەش وەدی نەهاتن. ناوبراو دەڵێ دوای سەرهەڵدانی کرۆنا بارودۆخی ژیان و گوزەرانی کەمئەندامان خراپتر لە جاران بووە، تەنانەت تا ئەو ڕادەیە کە زۆر لەوان ویلچێرەکانیان دەفرۆشن بۆوەی برسی نەمێننەوە.
ڕێکخراوەکانی کەمئەندامان لە ئێران دەڵێن دەوڵەت کەمترین ئاوردانەوە و پێڕاگەیشتنی بۆ پرسی کەمئەندامانی وڵات و کێشەکانیان نییە و تەنانەت ڕۆژی میللیی دابینکردنی ماڵ و سەرپەنا بۆ کەمئەندامانی لە ڕۆژژمێری ئێران سڕیوەتەوە تا ئەو بابەتە تۆزی فەرامۆشی لێ بنیشێ و ئەو ئەرکە بەتەواوی لەبیر بچتەوە.
بەپێی ئامارەکان ١١٠ هەزار کەمئەندام لە ئێران یان بێخانەولانن، یان هیچ پشتیوانییەکی ماڵییان نییە. زۆرترین یارمەتییەکی مانگانە کە حکوومەت بە کەمئەندامانی دەکا ٣٥٠ هەزار تمەنە. عەلی هیممەت، بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی پشتیوانی لە مافی کەمئەندامانی ئێران دەڵێ دەیان هەزار کەمئەندام لە وڵات هەیە لەبەر بێماڵوحاڵی پەنایان بۆ ناوەندەکانی ڕاگرتنی کەمئەندامان بردووە کە بەشی زۆری خەرجیی ئەوانیش خەڵکانی خێرخواز دابینی دەکەن. ناوبراو دەڵێ زیاتر لە دە هەزار بنەماڵە دوو یان سێ کەسی ئەمئەندامی هەیە و بنەماڵەیەکی کەمئەندام کە لە مانگدا تەنیا ٣٥٠ هەزار تمەنی دەدرێتەوە، چۆن دەتوانێ هەرزانترین خانووی دەست کەوێ کە ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ میلیۆن تمەنە.
کێشەی کەمئەندامان یەک و دوو نین. بۆ نموونە دوای دوو ساڵ لە وەرێخرانی پلاتفۆڕمی فێرکاریی “شاد” بەڵام منداڵانی نابینا لێی بێبەشن و کەمتەرخەمییەکانی دەوڵەت ئەوانی لە “دادپەروەریی پەروەردە” دوور خستۆتەوە.
ماڵپەڕی “تجارت نیوز”یش لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی لە ٨٥٠ هەزار کەمئەندامی ژێر چاودێریی “بێهزیستی” لانیکەم٥٠٠ هەزار کەسیان بەهۆی نقوستانیی زۆر و بەپێی قانوون دەبێ لانیکەمی مووچەی وەزارەتی کاریان بدرێتێ، بەڵام تەنیا ١٤٠ هەزار کەسیان هاوکاری دەکرێن و بڕی یارمەتییەکەش کە دەبوا سەروو دوو میلیۆن و پێنسەد هەزار تمەن با، تەنیا ١٦٠ هەزار تمەنە.
بێهرووز مروەتی، دەڵێ جیا لە مەسەلەی بژیو و سەرپەنا، کێشەی دەرمان و پێڕاگەیشتنی پزیشکییش کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵگەی کەمئەندامانی وڵاتە، ئەوە لەحاڵێکدایە کە بەشی زۆری کەمئەندامان تەنانەت دەفتەرچەی بیمەشیان نییە. ئەوانەش کە دەفتەرچەی بیمەیان هەیە، تەنیا ناوەندە دەوڵەتییەکان دەیانگرنە ئەستۆ و لە شوێنە پزیشکی و دەرمانییەکانی دیکە هیچ ئاوڕێکیان لێ نادرێتەوە.
“کوردستان” لەگەڵ ئەوەدا کە پێیوایە کێشەی کەمئەندامان لە ئێران گشتییە، بەڵام دڵنیایە کەبارودۆخی کەمئەندامان لە کوردستان کە بەپێی ڕێژە و بەهۆی دیاردەکانی وەک شەڕ لە کوردستان و تەقینەوەی مین ژمارەشیان زیاترە، بەهۆی ڕوانگەی ئەمنیەتییەوە زۆر نالەبارتر و کارەساتبارترە.