له حاڵێكدا كه نیوه‌ی حه‌شیمه‌تی ئێران له ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین، كۆماری ئیسلامیی ئێران بڕی ٢٠ هه‌زار دۆلاری بۆ هه‌ر بنهماڵهیهیهکی فه‌له‌ستینی بڕیوەتەوە که ماڵه‌که‌ی به‌ده‌ستی ئیسڕائیل ڕووخابێ.
باڵوێزی كۆماری ئیسلامیی ئێران له لوبنان گوتی كه ئێران به هه‌زاران دۆلار بۆ ئه‌و بنه‌ماڵه فه‌له‌ستینییانه ده‌نێرێ كه له‌م دوایییانه‌دا سهرپهرستهکانیان له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئیسراییل كوژراون.
شه‌پۆلی هێرش به چه‌قۆ، ته‌قه‌كردن‌و لێکدان له نێوان فه‌له‌ستینی ئیسرائیلییه‌كاندا ماوه‌ی ٥ مانگه ده‌ستی پێكردوه‌ته‌وه‌و له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له ١٦٠ فهلهستینیو ٢٦ ئیسراییلی كوژراون.
محه‌ممه‌د فه‌تحعه‌لی، باڵوێزی كۆماری ئیسلامیی ئێران له وڵاتی لوبنان له پرێس كۆنفرانسێكدا له بیروت گوتی ئێران بڕیاری داوه بۆ بنه‌ماڵه‌ی هه‌ر کوژراوێکی فه‌له‌ستینی بڕی ٧ هه‌زار دۆلار بنێرێ؛ هه‌روه‌ها ٣٠ هه‌زار دۆلاریش بە هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ک دەدا كه خانووه‌كه‌یان بەهۆی خۆمپارە یان بۆمبارانی ئیسرائیله‌وه رووخاوە.
له‌و نێوه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی فه‌له‌ستین ڕایگه‌یاندوه که ئێران به دانی پاره به فه‌له‌ستینییه‌کان بازرگانی به ئێش و ئازاریانهوه ده‌کا.
ته‌شكیلاتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی فه‌له‌ستین له كاردانه‌وه به بڕیاری ئێران له هه‌مبه‌ر دانی پاره به بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م فهلهستینیانهدا که به هۆی هێرش بۆ سه‌ر ئیسرائیلییه‌كان کوژراون، گوتی: ڕێبه‌ریی فه‌له‌ستین دژی هه‌ر چه‌شنه بازرگانییه‌کی ئێران به ئێش و ئازاری فهلهستینییهكانهوهیه.
نه‌بیل ئه‌بوو روده‌ینه، وته‌بێژی ناوه‌ندی سه‌ركۆماریی فه‌له‌ستین گوتی ئه‌گه‌ر ئێران ئه‌م بڕیاره‌ی داوه بۆچی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی فه‌له‌ستینی لێ ئاگادار نه‌كردۆته‌وه‌و تا ئێستاش حكوومه‌تی قانوونیی فه‌له‌ستین ئاگای له‌م باسه نه‌بووه.
روده‌ینه پێداگریی كرده‌وه كه ڕێكخراوی ڕزگاریده‌ری فه‌له‌ستین « ساف» ته‌نیا نوێنه‌ری ڕه‌واو قانوونیی فه‌له‌ستینه‌و ده‌ورلێدانی ئه‌م ڕێكخراوه و به هیندنهگرتنی به باش نازانین.
ئه‌م كاربه‌ده‌سته پله‌به‌رزه ڕێك ئاماژه‌ی به گه‌یاندنی پاره به بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و فه‌له‌ستینییانه كرد كه قه‌راره له ڕێگه‌ی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسه‌وه یارمه‌تییان بدرێتێ.
ئێستا جیا له سیاسه‌تی نانه‌وه‌ی ئاژاوه له نێوان دوو ڕێکخراوی سه‌ره‌کیی فه‌له‌ستین به مه‌به‌ستی قازانجه سیاسییه‌کانی خۆی، پرسیار ئه‌وه‌یه کۆماری ئیسلامی له چ بارودۆخێکدا له سامانی گشتیی وڵات ئه‌و تهخشانپهخشانه ده‌کا؟
ئه‌و به‌خشینه‌ی ناوه‌نده ئه‌منیه‌تییه‌کانی ئێران به فهلستینییهکانی حه‌ماس له حاڵێکدایه که له‌نێو سه‌رجه‌م ٦٣ میلیۆن كه‌س له حه‌شیمه‌تی ئێران كه له ته‌مه‌نی كاركردندان، نزیكه‌ی ٤٠ میلیۆن‌و ٢٠٠ هه‌زار كه‌س هیچ نه‌خشێکیان له ئابووریی ئه‌م وڵاته‌دا نیه‌و بێكارو بێداهاتن. له‌و نێوه‌دا 3 میلیۆن‌و ٤٧٦ هه‌زار ژنی ده‌رچووی زانکۆ به بڕوانامه‌ی به‌رزی خوێندنه‌وه له سووچی ماڵه‌کاندا کابانی ده‌که‌ن.
هه‌روه‌ها بە پێی دوایین ئاماری بێهزیستیی ئێران، ٢ ملیۆن‌و ٥٠٠ هەزار ژن له ئێران سه‌رپه‌رستی ماڵ‌و خێزانهکانیاننو، لەو کۆمەلە ژنە تەنیا ١٨٠ هەزار کەس لە ژێر چاوەدێریی ڕێکخراوی بێهێزیستی وڵاتدان.
ئه‌و تهخشانپهخشانهی رێژیم له حالێکدایه که کوردستان، وه‌ک به‌شێک له ئێران نوقمی دواکه‌وتن له گه‌شه‌و ئاوه‌دانییه. زیاتر له ٢٠٠٠ پڕۆژه‌ی ئابووری‌و ئاوه‌دانکردنه‌وه له پارێزگای ورمێ به‌هۆی ته‌رخاننه‌کردنی بودجه به نیوه‌ته‌واوی به‌ره‌ڵڵا کراون. ههروهها١٥٠٠ پڕۆژەی نیوەکارە لە پارێزگای سنە هەیە کە بۆ تەواوکردنیان پێویست بە تەرخانکردنی ٧ هەزار میلیارد تمەن بودجە هەیە.
یارمه‌تیدانی گرووپه تێرۆرسیتییه‌کان له حالێکدایه که دوکتور سه‌ید محه‌ممه‌د ئه‌یازی، قایممه‌قامی وه‌زیری بێهداشتی ئێران ده‌ڵێ ٢٦٧ نه‌خۆشخانه‌ی نیوه‌چڵیان به‌سه‌ر ده‌ستدا ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام پووڵیان نیه‌و بۆ ته‌واوکردنیان ته‌نیاو ته‌نیا چاویان له ده‌ستی خێرخوازانه.
جێگری وەزیری بێهداشت كە سه‌ردانی پارێزگای كرماشانی کردوه، ده‌ڵێ كە لە ئاستی ئێران‌دا که‌میی ١٠٠ هەزار ته‌ختی نەخۆش به‌دی دهکرێو بەپێی تواناكانی دەوڵەت دابینكردنی ئەم ئیمکاناته بۆ نه‌خۆشخانه‌کان ٥٠ ساڵی کات پێویستە.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێرانیش دەڵی بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی کراون، بۆ گەشەی سەدی ٨ ی ئابووریی ئەو وڵاتە پێویست بە ٧٠٠ میلیارد دۆلار وەبەرهێنان هەیە.
هه‌ر چه‌ندڕۆژ له‌وه پێش بوو که گۆڤاری بیزینێس ئینسایدێر، لیستی ١٨ وڵاتی به‌ڵالێدراوی بڵاو كرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند که ئێران له ڕیزی ده‌یه‌می ئه‌م ڕیزبه‌ندییه‌دا جێی گرتوه؛ بۆیه پێویسته بڵێین هه‌تا ماڵ بیهه‌وێ له مزگه‌وتێ حه‌رامه، به‌ڵام ئه‌وه قسه‌یه‌ک نیه که له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامییه وه‌ربگیرێ، چونکی ئه‌وان به‌دووای به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌کانی خۆیاندان و ئه‌وه‌ی بیری لێنه‌که‌نه‌وه، خهڵکو کێشه‌و خهمهکانیانن.
لە ژماره ٦٧٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه