قۆناخی یەکەمی هەڵبژاردنی پارلمانی ئێران کۆتایی پێهات و بەپێی ئاکامەکانی قۆناخی یەکەم پارلمانی ئێران پارلمانێکی یەکدەست نیە-نە زۆرینەیەکی رێفورمخوازی هەیە و نە زۆرینەیەکی کۆنەپارێز. رێفورمخوان لە تاران سەرجەم کورسییەکانیان بەدەست هێنا و ئەمەش ئەوە دەردەخا که توانای پارلمانتارانی رێفورمخواز لە کۆنەپارێزان زیاتر دەبێ. بۆ یەکەمجار کورد لە تاران کورسیی بەدەست هێنا و سێ کورد بەناوەکانی پەروانە مافی، فەریدە ئولاد قوباد و بێهرووز نێعمەتی لەسەر لیستی کوردەکانی تاران و لیستی رێفورمخوازان چوونە مەجلیس. کوردایەتیی ئەو سێ نوێنەرە تاکوو ئێستا خەست و بەرجەستە نەبووە، بەڵام کوردایەتی پرۆسەیە و کەس لەسەرەتای لەدایکبوونیهوه فێری کوردایەتی نەبووە. بە پێی سەرچاوە فهڕمییهکانی ئێران زیاتر لە نیوەی خەڵک بەشداری پڕۆسهی هەڵبژاردن بوون، بەڵام گرینگ ئەوەیە چ کەسانێک دەنگیان هێناوەتەوە.
بە پێی ماڵپەری «مهر نیوز» لە ناوچەی شنۆــ نەغەدە، عەبدولکەریم حوسێنزادە زیاتر لە ٥٠%ی دەنگهکانی بهدهست هێناوە و بە ٦١٩٧٢ وەک نوێنەری ئەو حەوزەیە ههڵبژێراوه. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوە بوو کە زیاتر لە ٨٠%ی خهڵک لە شاری شنۆ لە هەڵبژاردندا بەشدار بوون، بۆئهوهی لهو حهوزهیه نوێنەرێکی کورد بچێتە پارلمان. بەداخەوە کوردەکان لە شاری ورمێ لە دەوری یەکەمدا سەرکەوتوو نەبوون. نادر قاضی پور بە هێنانەوەی ٣٩%ی دەنگەکان چووە پارلمان و چارەنووسی دوو کورسیی دیکە لە قۆناخی دووهەمدا دیاری دەکرێ. لە چوار کاندیدا کە لە قۆناخی دووهەمدا لە ورمێ ململانێ دەکەن، دوو کەسیان بەناوەکانی حاکم ممکان و مەجید دودکانلوی میلان کوردن. ههرچهنه ههڵبژاردن له کۆماری ئیسلامیدا پێوانهیهکی جێگهی متمانه نیه،چوونی دوو نوێنەری کورد لە شاری ورمێ بۆ باسکردن لە دێموگرافیی ئەو شارە گرنگیی تایبەتیی هەیە و شوێنەواری دەروونی، حقووقی، سیاسی و برۆکراتیکی راستەوخۆ لەسەر دانیشتووانی کورد و تورکی ئەو شارە دادەنێ. شاری ورمێ لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم ٢٨ نوێنەری بۆ ٩ خولی پارلمانی ئێران ناردوە کە لەو ٢٨ کەسە، تەنیا سێ نوێنەر کوردبوون و ٢٥ نوێنەری دیکە لە تورکەکان بوون. واتە رێژەی بەشداریی کوردی ورمێ لە پارلمانی ئێران لە سالی ١٣٥٧هوه تاکوو ئێستا ١١% و بەشداریی تورکی ورمێ ٨٩% بووە. کورد پێویستە هەموو هەوڵی خۆی بدا تا لە قۆناخی دووەمدا نوێنەرانی کورد بنێرێتە مەجلیس و بۆ بەرەوپێشبردنی پێگەی کورد لەو شارە تێبکۆشێ.
لە قۆناخی یەکەمی هەڵبژاردنی دەورەی دەیەمی مەجلیسدا ٢٢١ کەس چوونە پارلمان و چارەنووسی ٦٩ کورسی لە قۆناخی دووەمی هەڵبژاردندا دیاری دەکرێ. چارەنووسی سێ کورسی لە پارێزگای ئیلام، چارەنووسی کورسیی مەریوان لە پارێزگای سنە،چارەنووسی دوو کورسیی ورمێ و لە پارێزگای کرماشان-یش چارەنووسی سێ کورسی لە قۆناخی دووەم دیاری دەکرێ. کەوایە قۆناخی دووەم گرنگیی خۆی هەیە.
دۆڕاوی گەورەی ئەو هەڵبژاردنە چ رەوتێک بوو؟
دهتوانین بڵێین بەرەی یەکگرتووی کورد دۆڕاوی سەرەکیی ئەو هەڵبژاردنە بوو. چونکه ههرچهند ئەو رێکخراوە لە نێوخۆی وڵات دامەزراوە و لە نێوخۆی وڵاتدایە، واتە مەیدانێکی واقیعی بۆ سیاسەتکردن لەبەر دەست دایە، نەیتوانی بەشیوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاکامهکانی ئەو هەڵبژاردنە دابنێ. بەرە لەو ساڵانەدا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی بەربڵاو رۆخساری تازە و گرووپی کۆمەڵایەتیی تازە- بەتایبەتی ژنان و خەڵکی ئاکادێمیک- بێنێتە نێو فەزای سیاسەت. هەروەها بەرە لەئاست دانانی سیاسەتێکی جەماوەریدا کەمتەرخەم بووە و نهیتوانیوه ئهوهنده لەگەڵ دەرد و خەمەکانی خەڵک بێ که ببێتە سووژەی میدیایی، ئهو بهرهیه زیاتر لەسەر سایت و فەزای مەجازی دهرکهوتوه. بە واتایەکی دیکە سیاسەتی بهره پێگهکی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی بەهێزی نەبووە. دەبێ بەرە لەوە تێبگا کە خەباتی مەدەنی مانای هەزینەنەدان و نەوێربوون نیە. وێنەیەکی ئەحمەد تورک قەت لە یادم ناچێ، کاتێک لە رێزی پێشەوەی خۆپێشاندان لووتی پر ببوو لە خوێن. بەرە دەبێ لە ئەرزی واقعدا بێ و بوێرانە شەقامی کوردی بکاتە پشتوانەی سەرەکیی سیاسەتهکانی خۆی.لە لایەکی دیکە سیاسەت باسی زانیاری یە- واتە دهبێ دەرد و گیروگرفتەکانی وڵات و ڕێگهچارەسەرەکانیان بزانێ. بەرە تاکوو ئێستا راپۆرتێکی لەسەر کارنامەی شووڕاکانی شاری سهربه بەرە بڵاو نەکردۆتەوە کە لەودا باسی ئەو کاریگەری و خزمەتگوزارییانە بکا کە ئەو شووڕایانە پێشکەشیان کردوە. بە نیسبەت هەڵبژاردنیش تاکوو ئێستا بەرە نەیتوانیوه گۆتارێکی هاوبەش یان لانیکەم دروشمێکی هاوبەش لە نێو کاندیدەکانی دروست بکا. کاندیدەکانی بەرە، چ پێش ئەوەی شووڕای نیگابان رەتیان بکاتەوە و چ دوای رەتکرانەوەیان،نەیانتوانی نیشان بدەن کە گیروگرفتەکانی حەوزەی ههڵبژاردنی خۆیان دەزانن و کۆمەڵێک رێگەچارەشیان هەیە. ئەگەر ئەو رێکخراوە پێداچوونەوەی بنەڕەتی بە بنەما فکری و سیاسییەکانی خۆیدا نەکا، بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ بە ئەزموونێکی سیاسیی دۆڕاو و بیرەوەرییەکی ناخۆشی سیاسی. ئەو رێکخراوە پێویستە لە پاوانی چەند کەسێکدا نەبێ و دروشمهکانی له کۆمەلێک داخوازی خزمەتگۆزاری-ئابووریدا کۆرت نەبنەوە.
سەرچاوەکان:
عبدالکریم حسین زادە نمایندە مردم نقدە و اشنویە در مجلس شد، خبرگزاری مهر
ترکیب نمایندگان مجلس دهم: سهم اصولگرایان ٤٣ و اصلاحطلبان ٣٩ درصد، سایت خبری-تحلیلی پایش
ورمێ و کوردایەتی، https://rebwarmahrufzadehblog.wordpress.com/
نتایج دهمین دورە انتخابات مجلس بە تفکیک گرایش سیاسی، سایت ایران جیب
لە ژماره ٦٧٥ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه