له کۆنگره‌ی شانزه‌یه‌می حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، که به کۆنگره‌ی «حه‌فتا ساڵ تێکۆشان» ناوزه‌دکرا، پرسی ڕێفراندۆم پاش باس و لێدوان په‌سه‌ند کرا. پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که چۆن ده‌کرێ ئه‌و ده‌سپێشخه‌ری و گۆڕانکارییه له ستراتیژی سیاسی حدک شی بکه‌ینه‌وه؟ مه‌به‌ست له‌و درووشمه چییه؟ هێنانه گۆڕی ئه‌و درووشمه چ بۆ سیاسه‌تی حدک و چ بۆ چاره‌نووسی سیاسیی جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ مانایه‌کی هەیە؟
له ده‌ستپێکدا ڕه‌نگه پێویست بێ پێناسه‌یه‌کی کورت له چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌ی ڕێفراندۆم بەدەستەوە بدەین. مانای ڕاپرسی یا کۆمهڵپرسی بریتییه لەوەی ده‌نگی راسته‌خۆ له هه‌موو ئه‌ندامانی پێکهێنه‌ری یه‌کینه‌یه‌کی سیاسی، کۆمه‌ڵگایه‌ک، جڤاتێک یان گرووپێکی دیاریکراو بۆ په‌سه‌ند یان ڕەدکردنی سیاسه‌ت یان یاسایەک که لایه‌نێك پێشنێاری کردووە، وه‌ربگیرێت. له زۆر حاله‌تدا مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی کۆمهڵپڕسی دووره‌په‌رێزییه له سیاسه‌ت یان یاسایەک که ڕه‌نگه به زیانی زۆرینەی کۆمه‌ڵگا ته‌واو ببێ.له سیستمی سیاسی پاڕڵەمانی و لیبراڵی‌دا لە کۆمهڵپرسی بۆ مه‌به‌ستی په‌سه‌ندکردنی دەستووری بنچینه‌یی یا گۆڕانکاری له یاساکاندا که‌ڵک وه‌رده‌گیرێت. هەندێکجار بۆ په‌سه‌ندکردنی سیاسه‌تێک که قورسایییەکی به‌رچاوی لەسەر سیاسه‌ته کهڵانەکانی وڵات‌دا هەیە ڕێفراندۆم بەکار دەبەن: بۆ وێنه بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر پرسی چوونه نێو یان هاتنه‌ده‌ر له یه‌کیەتی ئۆرووپا، ڕێفراندۆم ڕێکارێکه که له لایه‌ن کۆمه‌ڵیک له وڵاتانی رۆژئاوایی ڕه‌چاو کراوه و ده‌کرێ.
نموونه‌یه‌کی ده‌گمه‌ن له ئاستی جیهانیدا وڵاتی سویسه که له ساڵی ١٨٣١ به‌ملاوه و لەو کاتەوە کانتۆنی سنتگاڵ بۆ یاسادانان ڕێکاری ڕێفراندۆمی گرته‌به‌ر و کانتۆنه‌کانی تری ئه‌و وڵاته ئه‌و ڕێگەچارەیان به باش زانی و ڕه‌چاویان کرد، ڕێفراندۆم بووبه ڕێکاری سه‌ره‌کی بۆ په‌سه‌ندکردنی یاسا لەو وڵاتەدا. نموونه‌ی دیکه بیست و یه‌ک ئه‌یاله‌تی ئامریکا له نێوان ساڵانی١٩٥٧-١٨٩٨ بوون کە پرسی ڕێفراندۆمیان ڕه‌چاو کرد.
دوو شێوازی کۆمهڵپرسی هه‌یه: تۆپزهکی (ئیجباری) و دڵخوازانه. کۆمهڵپرسی تۆپزهکی زۆرتر بۆ په‌سه‌ندکردنی دەستووری بنچینه‌یی وڵات یان یاسای ته‌واوکه‌ر (متمم) بەکارده‌هێندرێت. له هه‌مانکاتدا کۆمهڵپرسی تۆپزهکی هەندێکجار بۆ مه‌به‌ستی په‌سه‌ندکردنی یاسا و سیاسه‌ته‌كان ڕه‌چاو ده‌کردێ، بۆ وێنه له فه‌ڕانسه پرسی سه‌ربه‌خۆیی جه‌زاییر له ساڵی ١٩٦١ له رێگای ڕێفراندۆمی تۆپزهکی چاره‌سه‌ر کرا. شێوازی دڵخوازانه زۆرتر ئه‌و حاڵه‌تانه له خۆ ده‌گرێ کە پاڕڵەمان یا زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی پاڕڵەمان یا ده‌وڵه‌ت و حیزبێکی ده‌سه‌ڵاتدار له غیابی پاڕڵەماندا، پرسێکی گشتی ده‌خاته ده‌نگدان.
حاڵەتێکی تری کۆمهڵپرسی له‌ڕێگای ویست و داخوازی خه‌ڵکه‌وه‌یه نه‌ک ده‌وڵه‌ت یان حیزبێکی سیاسی؛ به واتایهکیتر کاتێک پاڕڵەمان یان ده‌وڵه‌ت خۆ له کۆمهڵپرسی پرسێک دەپارێزێت، له لایه‌ن خه‌ڵک یا که‌مینه و جڤاتێکی ئه‌و وڵاته‌وه ویستی ڕێفراندۆم دێته ئاراوه. یانی له یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا خه‌ڵک مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه که ڕاسته‌خۆ داوای ڕێفراندۆم بکه‌ن و له ڕێگای سیاسی و بهرخۆدانەوە پاڕڵەمان و ده‌وڵه‌تی وڵاته‌که‌یان ناچار بکه‌ن ویست و پرسه‌که بخاته ده‌نگدانه‌وه. له یاسا و نۆرمه‌کانی نیونه‌ته‌وه‌ییدا، ڕێژه‌ی ده‌نگدان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بریتییه له ١٥-٥ لە سەدی سه‌رجه‌می ده‌نگده‌رانی دوایین هه‌ڵبه‌ژاردنی وڵات. به‌کورتی ڕێفراندۆم بە مانای دەنگدانێکی گشتی بە پرسێك بۆ بەرژەوەندی گشتی دێت. ڕێفراندۆم بریتییە لە مافێکی سیاسی که له په‌یماننامه نێونهتهوهیییەکاندا گه‌ڵاڵه کراوه و بێگومان نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌گشتی و نه‌ته‌وه‌ی کورد له ئێران بەتایبەتی، وه‌کوو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کیتر ده‌توانێ که‌ڵکی لێوه‌ربگرێت. له پاڵ دهستپێشخهرییە سیاسییه‌کانی دیکەدا، له ساڵانی ڕابردوودا ڕێفراندۆم گرنگییەکی به‌رچاوی له ئاستی جیهاندا هەبووە وهه‌موومان ئاگاداری نموونه‌کانی کۆبهک له کانادا، کاتالۆن له ئێسپانیا و سکاتله‌ند له بریتانیا، هه‌ین.
له‌و پێناسه کورته‌دا ده‌رده‌که‌وێ که کۆمهڵپرسی شیوازێکی زۆر باوی سیاسییه که زۆر کات له زۆر شوێنی ئه‌م جیهانه بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسێکی سیاسی که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه. له هه‌مانکاتدا کۆمهڵپرسی به مانای په‌نا برده‌نه بۆ دێمۆکراسی ڕاسته‌خۆ و ڕای گشتی خه‌ڵك، کاتێک پرسێکی گرنگی سیاسی له ڕێگای پاڕڵەمانهوه به ئه‌نجامێک ناگا و نه‌ته‌وه‌یه‌ک که لە وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌ژی و وه‌کوو که‌مینه سه‌یر ده‌کرێ، ده‌توانێ ڕێکاری دێمۆکراسی ڕاسته‌خۆ وه‌کوو ئامرازێکی شه‌رعی و یاسایی و کاریگه‌ر بەکاربێنێت، لەو کاتەدا کە دامه‌زراوه‌کانی ئه‌و وڵاته، که نوێنه‌رایه‌تی دێمۆکراسی پارڵەمانی و ناراسته‌خۆ ده‌که‌ن، ویست و ئیراده و سه‌روه‌ری ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه ده‌خنه ژێر پرسیاره‌وه. بێگومان له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو، به‌تایبه‌ت له دوای سه‌قامگیربوونی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، له کوردستانی ئێران و له ڕیزی جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورددا تا کۆنگره‌ی شانزه‌ی حدک ئه‌و ڕێکاره چ وه‌کوو ماف، چ وه‌کوو شێوازی خه‌بات و، چ وه‌کوو ئاسۆیه‌کی تێڕوانینی ستراتێژیک قورسایی نه‌بووه. هه‌ر بۆیه‌ش ڕه‌نگه ئه‌و پرسیاره بێته ئاراوه کە عه‌قڵانیه‌تی ئه‌و درووشمه له کوێوه هاتووه؟
یه‌که‌م، درووشمی ڕێفراندۆم له ڕوانگه‌ی تێئۆری سیاسی و سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ییەوە که له سه‌ره‌وه به‌کورتی باسی لێ‌کرا، هه‌ڵقوڵاوی شێوازێک له عه‌قڵانیه‌تی سیاسییه. ئه‌و عهقڵانیهتهش خۆی به‌رهه‌می خوێنده‌نه‌وه‌یه‌کی کۆنکرێته له ئه‌زموونی مێژوویی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد، له ئێران به گشتی و له مێژوویی سی و حه‌وت ساڵه‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا به‌تایبه‌تی. به واتایهکیتر، له ماوه‌ی سی و حه‌وت ساڵی ڕابردوو، نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌موو شێوازه‌کانی خه‌باتی (شه‌ڕی چه‌کداری، وتووێژ، خه‌باتی مه‌ده‌نی، دیپلۆماسی، و هتد) بۆ مسۆگه‌رکردنی مافی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی گرتۆتە به‌ر، به‌ڵام له کۆتاییدا و پاش هه‌مووی ئه‌و هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه و قوربانیدانه ئێستاش هه‌ر له خاڵی ده‌ستپێکدایه. پرسیار ئه‌وه‌یه تا چه‌ند سی و حه‌وت ساڵێ دیکه ده‌بێ و ده‌کرێ چاوه‌ڕوانی گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی له تاران‌دا بێ؟ ئه‌و عه‌قڵانیه‌ته سیاسییه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌زموونی نه‌ته‌وه‌ی کورد له دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی ههتاوییە که پاش ده‌ستی باڵای ئیسلامی سیاسی و سه‌قامگیربوونی ده‌سه‌ڵاتێکی ئیسلامی ــ تهواویهتخواز هه‌م جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد رووبه‌رووی ئاسته‌نگێکی سیاسی دژوار کردووه و هه‌میش ڕه‌وتی مۆدێڕنیته‌ی له وڵاتی ئێران به‌ره‌و هه‌ڵدێرێکی مه‌ترسیدار بردووه.
چه‌مکی مۆدێڕنیته، یه‌کێک له چه‌مکه هه‌ره ئاڵۆزەکانی مێژووی بیری هاوچه‌رخه. به‌م هۆ ساکاره‌وه که کۆدهنگیەکی زۆر که‌م له نێو پسپۆرانی فه‌لسفه‌ی سیاسی لەسه‌ر مانا و واتای ئه‌و چه‌مکه هه‌یه. جیاواز له فره‌چه‌شنی مانا و ڕاڤه له چه‌مکی مۆدێڕنیته، ده‌توانین بڵێین چه‌مکی مۆدێڕنیته مانایه‌کی فه‌لسه‌فی و تێئۆریکی هه‌یه، یانی هه‌موو ئه‌و پێناسه جیاوازانه ئاماژه‌یه‌کن به ئه‌زموونێکی تایبه‌ت و ئه‌زموونێکی کۆنکرێتی مرۆڤی «نوێ». زۆر به‌کورتی و ساکار ده‌ڵێین مۆدێڕنیته ‹کولتووری› کۆمه‌ڵگای مۆدێڕنه، به‌و واتایه که مرۆڤ ته‌نیا له سه‌رده‌می مۆدێرندا ئه‌و تێڕوانینه‌ی له خۆی و ژینگه و دنیای ده‌ورووبه‌ری خۆی هەبووە. تێڕوانینێک که به‌رهه‌مهێنه‌ری «کولتووری مۆدێرن»ه که به مۆدێڕنیته ناسراوه. له‌و تێڕوانینه‌دا دوو ڕه‌هه‌ندی هاوپه‌یوه‌ست له هه‌مان کاتدا جیاواز خۆی ده‌رده‌خا: یه‌که‌م، مۆدێڕنیته له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مرۆڤی نوێدایه (مۆدێرن) ، خوێندهنهوهیهک که مرۆڤ له خۆی هه‌یه‌تی لە ئاکامدا خودبیری و خودموختاری و سه‌روه‌ری مرۆڤ به‌رهه‌م ده‌هێنێت. دووه‌م، ئه‌م خوێنده‌وه‌یه هێمایه‌ک وێنا ده‌کا که مرۆڤی مۆدێرن له دنیا و کۆمه‌ڵگا و سهرجههمی به‌شه‌کانی کۆمه‌ڵگا، به‌تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، هه‌یه‌تی. له‌سه‌ر بنه‌مای به‌شی دووه‌م، ده‌وڵه‌ت له سه‌رده‌می مۆدێرندا به‌شێکه له سه‌رخانی کۆمه‌ڵگا که خۆی به‌رهه‌م و گرێدراوی تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵاته که بنچینه‌یان له ژێرخانی کۆمه‌ڵایه‌تیدایه (کۆمه‌ڵگا) نه‌ک ته‌نیا له مه‌کینه‌ی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگای سیاسی. به واتایهکیتر، ئه‌وه هێزی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵات و سه‌رجه‌می هێزه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه که ده‌توانێ شه‌رعییه‌ت به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بدا و ده‌توانێ بیگۆڕی. نه‌ته‌وه‌ی کورد له وڵاتی فرهنهتهوەیی ئێران‌دا ده‌توانێ له گۆڕانکارییەکاندا ده‌وری هه‌بێ، به‌ڵام به هۆی ڕێژه‌ی که‌می حهشیمهتەوە ئه‌ستمه دیاریکه‌ری ئه‌و ڕه‌وته بێ. مادام، په‌ره‌سه‌ندی شارنشینی و پیشه‌سازی (مۆدێڕنیته‌ی ئێرانی) له ئه‌زموونی مێژووی هاوچه‌رخیدا له رۆلێکی کاریگه‌ر له گۆڕینی پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ناته‌وان بووه، نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌و حاڵه‌ته‌دا ته‌نیا وه‌کوو قوربانی ده‌مێنێته‌وه. کاتێک مۆدێڕنیته‌ی ئێرانی هه‌ر له ئه‌زمه و قه‌یراندا بێ و ئاسۆیه‌کی روون بۆ ده‌رچوون له‌و ئه‌زمه‌یه له ئارادا نه‌بێ، ویستی ڕێفراندۆم ڕێکارێک بۆ ده‌ربه‌ست بوون له‌و بازنه شومهیە.
دووه‌م، ئه‌و عه‌قڵانییه‌ته ناراسته‌خۆ ئاکامی هه‌وڵ و ته‌قه‌لاکانی ساڵانی ڕابردووی بیرمه‌ندان و چالاکانی سیاسی کوردی رۆژهه‌ڵاته به مه‌به‌ستی دووباره وێناکردهنهوهی وێژمان و نه‌ریتی ژ.ک و کۆماری کوردستان. ئه‌و ڕه‌هه‌نده تا ئاستێکی به‌رچاو له درووشم و باسه‌کانی کۆنگره‌ی شانزەی حدک ره‌نگی دابۆوه. کاتێ له ٢ی رێبه‌ندانی ١٣٢٥ ڕێبه‌رانی حدک له‌سه‌ر بنه‌مای فه‌لسفه‌ی ژ.ک. ڕێکاری ڕێفراندۆمیان بۆ دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی کوردی گرته‌به‌ر، به شێوه‌یه‌کی ساکار ئه‌و بڕیاره به واتای ئه‌وه بوو کە ڕێبه‌رانی حدک چیتر نه‌یانده‌ویست چاوه‌ڕوانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی بمێننه‌وه تا ئاوڕێک له کوردستان و داخوازه‌کانی خه‌ڵکی کورد بداته‌وه یان له خولیای ئه‌وه‌دا نه‌بوون که چاره‌سه‌ری پرسی کورد به داهاتووی نادیاری دێمۆکراسی له ئێران‌دا گرێ بده‌ن. بڕیاری مێژوویی ڕێبه‌رانی حدک له 2ی رێبه‌ندانی ١٣٢٥ هه‌تاوی ئاکامی شیکارییەکی تۆکمه‌ی ئه‌وکاته‌ی ناوچه و «واقع»ی سیاسی ئێران بوو. هه‌لومه‌رجی ئه‌و ساڵانه، ده‌ربڕی که‌ش و هه‌وایه‌کی زۆر نائاسایی سیاسی بوو. له لایه‌که‌وه، وڵاتی ئێران که له لایه‌ن زلهێزه‌کانه‌وه داگیرکرابوو و له لایه‌کی تره‌وه، له ئاکامی لاوازی هێزەکان، دسه‌ڵاتی ناوه‌ندی له داسه‌پاندنی سه‌روه‌ری سیاسی به سه‌ر ئه‌و به‌شه له خاکی کوردستان عاجز بوو. هەروەها بیری کوردایه‌تی و مسۆگه‌رکردنی سه‌روه‌ری سیاسی کورد له ژێر کاری فکری کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک ببوو به هێزی مادی و، ترس و خۆفی داپڵۆسێنه‌ری سه‌رده‌می ڕەزاشایی بنبڕ کردبوو. شه‌هید قازی محەممهد ئاوا ئه‌و بارودۆخه که به بڕیاری ڕێفراندۆمی 2ی رێبه‌ندان گه‌یشت شرۆڤه ده‌کا:
«له شه‌هریوه‌ری ١٣٢٠ فریشته‌ی ئازادی ده‌ستگای دیکتاتۆری و فاشیستی ڕەزاخانی تێکشکاند. کورد که سه‌ری له هه‌موو فشار و ئه‌زیه‌ته که‌مێ فارغ بوو، فه‌وری ئیحساسی کرد چۆن ده‌بێ له‌و فورسه‌ته ئیستفاده بکات و رێگای سه‌لاح و ده‌ست خستنی ئازادی ئه‌و میلله‌ته چیه و چی بکات. پیاوانی به بیر و هۆش و به شه‌رف که له مێژه بوو خوێناوی دڵی خۆیان ده‌خوارده‌وه و بۆ زه‌لیلی ئه‌و میلله‌ته دووکه‌ڵ له ده‌روونیان ده‌هاته ده‌رێ، زۆر زوو تهشخیسیان دا که وه‌ختی کاره و له‌و فورسه‌ته ده‌بێ به‌هره وه‌ربگیرێ و ئه‌وه ته‌واو ئه‌و رۆژه‌یه که پشتاوپشتمان چاوه‌ڕوانی بوون، یه‌کجار و خێرا، بێوه‌چان و ڕاوه‌ستان ده‌ستیان به کار کرد. حیزبی دێمۆکراتی کوردستانیان ته‌شکیل دا و به ده‌ست و برد خه‌ریکی کار و باری میللی بوون و چاوێکی ورد و به دیققه‌ت، ئێحتیاج و پێداویستی کوردیان ته‌شخیس دا و به‌دی کرد». (*)
مه‌به‌ست له ئاماژه‌دان به هه‌لومه‌رجی ئه‌و سه‌رده‌مه، به هیچ چه‌شنێک ئه‌وه نییه که بڵێین ئێستا هه‌مان که‌ش و هه‌وای سیاسی هاوتا له ئارادایه. به واتایه‌کی تر، درووشمی ڕێفراندۆم له هه‌نووکه‌دا و به له‌به‌رچاوگرتنی پاره‌سه‌نگی هێز، درووشمێکی تاکتیکی نییه، به‌ڵکو جاڕێکە ئاراسته‌یه‌کی ستراتێژیکی هه‌یه. به چ مانا؟ بێگومان ئامانجی سه‌ره‌کی حدک مسۆگه‌رکردنی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی سیاسی نه‌ته‌وه‌ی کورد له کوردستانی رۆژهه‌ڵاته. به‌ڵام، چۆنایه‌تی گه‌ڵاڵه‌کردنی ئه‌و درووشمه له ساڵانی رابردوو چ له شێوازی خودموختاری و چ له قه‌واره‌ی کۆمارێ کوردستان له ئێرانێکی فێدراڵ و چه‌ند نه‌ته‌وه‌ییدا، لێڵ و ناڕوونه. به واتایهکیتر، مسۆگه‌ر کردنی مافی نه‌ته‌وایه‌تی کورد له ئێران‌دا له درووشمی خودموختاری کوردستان له ساڵانی پێش و له فێدراتیڤێکی کورد (کۆماری کوردستان) له هه‌نووکه‌دا، گرێدراوی دێمۆکراسی و فێدرالیزمێکی چه‌ند نه‌ته‌وه‌یی له ئێران‌دا بووە و هه‌یه. ئه‌گه‌ر بێت و سیاسه‌تی کورد له پێناو وه‌دیهێنانی سیستمێکی فێدراڵی پلۆراڵیستی چه‌ند نه‌ته‌وه‌یی له ئێران‌دا سه‌رکه‌وتوو بێ، ئه‌و ڕه‌وته ده‌بێ گرێدراوی ئه‌و خاڵه بێ که یه‌کینه‌ی سیاسی فێدرال له‌سه‌ر بنه‌مایی یه‌ک نه‌ته‌وه ـ کولتووری تایبه‌تی یا نه‌ته‌وه ـ کولتووری باڵاده‌ست (the dominant cultural nation)(فارس/ یا ئازه‌ری) وێنا نه‌کرێ، به‌ڵکوو یه‌کینه‌ی سیاسی فێدرال له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کێتی یاوه‌رانه‌ی هه‌موو ورده ـ یه‌کینه‌کانی سیاسی (the political sub-units) دامه‌زرابێت. ته‌نێا له‌و حاڵه‌ته‌دایه که له سیستمی فێدراڵی چه‌ند نه‌ته‌وه‌ییدا له نێوان دێمۆکراسی و ناسیۆنالیزم ئاشتی پێک دێ و مافی شارۆمه‌ندی [هاووڵاتی] یەکسان له نێوان هه‌موو شارۆمه‌ندانی سیستمی فێدرال ده‌بێت به ئه‌مری واقێع. ئه‌وه‌ش به مانای ئه‌ویه که چه‌مکی سه‌روه‌ری هاوبه‌ش (shared sovereignty) له پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سیستمی فێدراڵ‌دا وه‌کوو ئه‌سلێک و بنه‌مایه‌ک په‌سه‌ند کرا بێ و په‌یره‌و بکرێ.
ئه‌گه‌ر ئێمه لە سیاسەتماندا بە مەبەستی چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وایه‌تی کورد، وه‌کوو ئاراسته‌یه‌کی ستراتێژیک، له‌سه‌ر داهاتوویه‌کی فێدراڵی له ئێران‌دا بنهمایەک دادەمەزرێنین، ناتوانین ئاوڕێک لە ئه‌زموونی مێژووی ئێران له مه‌ڕ چۆنایه‌تی په‌سه‌ندکردنی دەستووری بنچینه‌یی له مێژووی هاوچه‌رخیدا نه‌ده‌ینه‌وه. له مێژووی مۆدێڕنی ئێران‌دا شاهێدی دوو به‌ڵگه‌نامه‌ی دەستووری سه‌ره‌کین. یه‌که‌م، ده‌ستووری بنچینه‌یی ١٩٠٦ و تهواوکهرهکەی (متمم) ساڵی ١٩٠٧. دووه‌م، یاسای کۆماری ئیسلامی که له ساڵی ١٩٧٩ له مه‌جلسی خێبرهگاندا په‌سه‌ند کرا. له نموونه‌ی یه‌که‌مدا، به هۆی بارودۆخی ناوچه‌یی و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌می ئێران و کوردستانی ئێران، کورد له په‌راوێزدا مایه‌وه و نوێنه‌رانی کورد هیچ بهشدارییەکیان له نووسین و په‌سه‌ند کردنی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه نه‌بوو. له حاڵه‌تی دووه‌مدا، گه‌لی کورد کە چالاکانە لە شۆڕشدا بەشدار بوو، هه‌مدیسان به زه‌بری سیاسی له به‌شداری کردن بێبه‌ش کرا. یانی هێزه‌کانی ئیسلامی و پهیڕەوەکانی خومه‌ینی بێ ڕاوێژکاری له‌گه‌ڵ بهشدارەکانی تری شۆرش، شانۆی «کۆماری ئیسلامی یا ڕژیمی پادشایی» بۆ گۆڕینی شێوازی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وه‌ڕێخست، نه‌ته‌وه‌ی کورد به زۆرینه‌ی ده‌نگ بایکۆتی ڕێفراندۆمی کرد. دوابه‌دوای ئه‌و ڕووداوه، کۆمه‌ڵگای سیاسی و هێزه‌کانی کوردی، به‌تایبه‌ت حدکا، که ئه‌و کات هێزی هه‌ره به‌رچاوی شانۆ و گۆڕه‌پانی سیاسی نه ته‌نیا کوردستان به‌ڵکوو ئێرانیش بوون و له هه‌وڵی نهپهساوهیان بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی له پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له ئێران‌دا به‌رده‌وام بوون.
جیاواز له بایکۆتی ڕێفراندۆم، حدکا وه‌کوو هێزی سه‌ره‌کی کورد هه‌وڵی به‌شداربوونی له مه‌جلسی خێبرەگان دا و شه‌هید قاسملوو، سکرتێری گشتی ئه‌و کاته‌ی حدکا، کاندید بوو بۆ ئه‌و مه‌جلسه له ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا، به‌ڵام پێش ده‌ست بەکاربوونی مه‌جلسی خێبرەگان، له ژێر فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینی بۆ سه‌ر کوردستان، سندووقه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یە ههڵوهشاندرانهوه و د.قاسملوو وه‌کوو «موفسیدی سه‌ر ئه‌رز» حوکمی ئێعدامی بۆ ده‌رچوو. به‌کورتی له نموونه‌ی دووه‌مدا کورد به زه‌بری سیاسی له نووسینی دەستووری بنچینه‌یی ئێران‌دا بێبه‌ش کرا له به‌شداری.
له‌سه‌ر به‌ستێنی ئه‌و مێژوویه، ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی ئێرانێکی دێمۆکراتیک و یه‌کگرتوو به جیددی بڕوانینه سیاسەتی چاره‌سه‌ری پرسی کورد، ئه‌و سیاسه‌ته ته‌نیا کاتێک بنه‌مایه‌کی عه‌قلانی ده‌بێ که: یه‌که‌م، پێداگربێ له‌سه‌ر ویستی نووسینه‌وه‌ی دەستووری بنچینه‌یی ئێران وه‌کوو ویستێکی یاسایی و شه‌رعی و ژیرانەی نه‌ته‌وه‌ی کورد، چونکه کورد له ڕابردوودا بێبه‌شکرا له به‌شداری له نووسین ئه‌و دەستوورە که به‌ڵگه‌نامه‌ی سه‌ره‌کی سیاسی وڵاته. دووه‌م، به‌له به‌رچاوگرتنی هه‌وراز و نشێوی په‌ره‌سه‌ندنی مۆدێڕنیته‌ی ئێرانی و قه‌یرانی «مۆدێڕنیته‌ی ئێرانی»، ستراتێژی سیاسی هێزی کورد ته‌نیا کاتێک واقیعی و جیددی ده‌بێ که چه‌مکی سه‌روه‌ری هاوبه‌ش له نێوان نه‌ته‌وه‌کانی دانیشتووی ئێران به چه‌مکی سه‌ره‌کی به‌ڵگه‌نامه‌ی هاوژینی سیاسی له ئێران‌دا بگۆڕێت.
بۆ چاره‌سه‌رێکی سه‌رده‌مییانه‌ی پرسی کورد له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا درووشمی ڕێفراندۆم هه‌ڵگری ئه‌و مه‌رجانه‌یه. یانی پێداگرییه له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره که ئێمه هه‌موو هه‌وڵ وته‌قه‌لای خۆمان بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و ئاسۆیه ده‌خه‌ینه کار و له هه‌موو شێوازه‌کانی خه‌بات که‌ڵک وه‌رده‌گرین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. به‌ڵام، له وه‌دیهێنانی ئه‌و ئاسۆ ئینسانی و دێمۆکراتیکهدا ئێمه هێزی یارمه‌تیده‌رین نه‌ک هێزی دیاریکه‌ر. ئه‌وه کولتووری مۆدێرنی ئێرانییه که ده‌بێ بیسه‌لمێنێ که پێش شه‌رتی ئێرانێکی دێمۆکراتیک خوسهروهری و ئازادی یه‌کینه‌کانی سیاسیدایه (نه‌ته‌وه‌کانی نیشته‌جێ له ئێران). درووشمی دێمۆکراسی له ئێران‌دا وشه‌یه‌کی به‌تاڵ ده‌مێنێته‌وه و قه‌د به دامه‌زراوه‌یی ناکردرێت ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕاستییه نه‌بێته بنه‌مای تێروانینی سیاسی له کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا. درووشمی ڕێفراندۆم هه‌ڵگری ئه‌و راستییەیه که به‌ده‌ر له هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئێمه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، ئه‌گه‌ر مۆدێڕنیته‌ی ئێرانی هه‌روا له ئه‌زمه و قه‌یراندا بمێنێته‌وه، حدک وه‌کوو هێزی سیاسی په‌نا ده‌با بۆ کۆمهڵپرسی گشتی له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه. ئه‌وه به‌و مانایە دێت که حدک سه‌روه‌ری سیاسی کوردستانی ئێرانی به مافی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردی دانیشتووی ئێران ده‌ناسێ، نه‌ک به مافی هیچ هێزێکی ئیرانی یان ته‌نانه‌ت خودی حدک.
ئه‌و ماوه مێژوویییه‌ی سی و حه‌وت ساڵه‌ی ئێران و خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ئێران‌دا قۆناغێکی سیاسی هه‌ستیار و گرنگ پێک دێنێ که سه‌ره‌ڕای سیاسه‌تی داپلۆسێنه‌ری کۆماری ئیسلامی و قوربانی زۆر که نه‌ته‌وه‌ی ئێمه داویەتی، به‌ستێنێک پێکدێنێ که تێیدا ده‌کرێ بوژاندنه‌وه‌یه‌کی چۆنایه‌تی، فکری و سیاسی نوێ، بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی کورد وێنا بکردرێت. ڕه‌هه‌ندێکی به‌رچاوی ئه‌و بوژاندنه‌وه‌یه ئه‌و ڕاستییەیە که پرسی کورد پرسێکی نه‌ته‌وایه‌تییه که له ڕێگای مسۆگه‌رکردنی سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌ییدا وه‌دیدێ. له چوارچێوه‌ی ئه‌و تێروانینه‌دا، پێگه‌ی ژێئۆپۆلیتیکی کوردستان، وڵاته‌که‌مان دابه‌شکراوه به سه‌ر چوار وڵاتی داگیرکه‌ری سته‌مکار، ئاسته‌نگێکی دژواری بۆ بزووتنه‌وه‌ی کورد دروست کردووه. خه‌باتی رزگاریخوزانهی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه بۆ درێژه‌پێدان له هه‌ر چوار به‌شه‌که هەندێک جار ناچار بووه په‌نا بۆ دروستکردنی په‌یوه‌ندی له‌گەڵ داگیرکەران بەرێ. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا، ئه‌و په‌یوه‌ندییه، هه‌رچه‌ند کاتیش بوون، مه‌رجی قورسیان به سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی ئێمه‌دا داسه‌پاندوه، هه‌ر بۆیه‌ش ره‌هه‌ندێکیتری ئه‌و بوژاندنه‌وه‌یه ده‌بێ بریتی بێ له پشت به خۆ و جه‌ماوه‌ری کورد به‌ستن و خۆ دوورخستن له پشت بستن به سیاسه‌تی دۆڕاوو شکست خواردوو به داگیرکرانی کوردستان له ئاسۆی ستراتێژیکیدا. باس و لێدوان له‌سه‌ر چه‌مکی ڕێفراندۆم ده‌توانێ گۆڕپانێکی له‌بار بێ بۆ وه‌گەڕخستنی ئه‌و پرسیارانه، چونکه له حالی حازردا چه‌مکی ڕێفراندۆم ته‌نیا فکر و باوه‌ره و بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به هێز و لایه‌نی ماددی، ده‌بێ بچێته نێو خه‌ڵك و هه‌ست و ویستی خه‌ڵک بجووڵێنێ. له کۆتاییدا په‌سند کردنی درووشمی ڕێفراندۆم، به مانای گۆڕانکارییه له ستراتێژی سیاسی ئێمه له ئیران‌دا. به‌و واتایه که ئێمه ستراتێژێکی دوو بژاردەیی له‌پێناو چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وایه‌تی کورد له ئێران گه‌ڵاڵه ده‌که‌ین. یه‌که‌م، چاره‌سه‌ری پرسی کورد له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا، مادام که جارێ درووشمی کۆماری کوردستان ئاراسته‌یه‌کی ستراتێژیکی هه‌یه. دووه‌م، هاوته‌ریب کار ده‌که‌ین بۆ بیرۆکه‌ی ڕێفراندۆم کاتێ سه‌ناریۆی چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران‌دا ئاسۆیه‌کی به‌رچاوی نییە. واتا گۆڕانی پرسی کورد له ئێران‌دا به پرسێکی ده‌ره‌کی و له پاره‌سه‌نگی گونجاوی ناوچه‌ییدا له رێگای ڕێفراندۆم و جیابوونه‌وه له ئێران و وێناکردنی کۆمارێکی سه‌ربه‌خۆی سیاسی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا.
(*) رۆژنامه‌ی کوردستان، ژماره‌ی ١٠ و ١١، «نوتقی جه‌نابی پێشه‌وا، ره‌ئیس جه‌مهوری کوردستان»
لە ژماره ٦٧٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه