“بۆ خەبات چ زۆرە ڕێگا”. ئەم ڕستە کورتە پڕ نێوەرۆکە وتەی دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتە و بەڕێزیان لە وتارێکدا لەسەر پرسی ڕێکخستن لە ڕەوتی خەباتی سیاسی لە کوردستان تیشکی خستووەتە سەر. بەڵام بەپێی دۆخی خەباتی کورد و هەلومەرجی داسەپاو لەو ساڵانەی دواییدا نەبێ، پێشتر دەرفەتی کەمتر بۆ تاقیکردنەوەی شێواز و ڕێگاکانی دیکەی خەبات لەبەردەم بزووتنەوەی کورد بووە، کە دیارە لەو دەرفەتە کەمانەشدا سەرکەوتنی سیاسیی گرینگ دەستەبەر بووە. هەڵبەت بەوحاڵە ئێستاش هەندێ جیاوازیی بۆچوون لەسەر کەڵکوەرگرتن لە شێوازەکانی خەبات لە کوردستان هەیە. کۆمەڵێک پێداگرن کە دەبێ لە ئێستادا کەڵک لە خەباتی جەماوەری و ڕێکخستنی بەربڵاو وەربگرین و لەو ڕێگایەوە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری لە خەباتدا بەشدار بکەین و بە هەموان بەرەنگاری هێزی داگیرکەر و دیکتاتۆر ببینەوە. هەندێ بۆچوونیش پێداگرن لەسەر ئەوەی کە تاقە ڕێگای ڕزگاریی کورد لە دەست داگیرکەرانی کوردستان تەنیا ئاوری لوولەی چەکی پێشمەرگەیە.
بە تێڕوانین لەم دوو ڕوانگەیە ئەوەی جێگای ڕەخنەیە ئەوەیە کە بەپێی سروشت و تایبەتمەندیی خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد نابێ لایەنەگرانی هەردوولا بە موتڵەقی باس لە ڕوانگەکەی خۆیان بکەن و ئیرادی کارەکەش هەر لێرەدایە کە بە موتڵەقی باسکردن لە هەرکام لەو بۆچوونانە بە هەڵەمان دەبا و بزووتنەوەش تووشی ڕاوەستان دەکا. لەلایەکی دیکەشەوە لانیکەم لە ڕەوتی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا لە بەرانبەر یەکترداڕاگرتنی هەر کام لەو دوو شێوازە بەدژی ئەوی دیکە هەڵەیە و، هەڵەیەکی تا ڕادەیەک کوشندەش.
پێشتر دەگوترا باشترین دۆستی کورد چیاکانن. ئەو قسەیە هی سەردەمێکە کە بەداخەوە شۆڕشگێڕانی کورد جگە لە پەنابردنە بەر شاخەکان و بەرگریی چەکداری لە خۆیان هیچ ڕێگایەکی دیکەیان بۆ بەرەنگاری نەبووە. بزووتنەوەی کورد نە لە دنیای سیاسەتی نێودەوڵەتیدا پێگەیەکی هەبووە و ئاوڕێکی لێ دراوەتەوە نە دەرفەتێکیش هەبووە کە قورسایی خەباتەکە دابەش بکرێ بۆ سەر شانی تاک بە تاکی ئەو کۆمەڵگەیە و خەباتەکە بەتەواوی بە جەماوەری بکرێ.
بەڵام لە سەردەمی ئێستادا ئەگەر نەک دۆست بەڵکوو پشتیوانێکی هەرە بەهێز بۆ بزووتنەوەی کوردستان دەسنیشان بکەین، بێگومان ئەوە شەقامی کوردستان، یان بە واتایەکی دی چەقی شار و گوندەکانی کوردستانن. شەقام وەک بەشی هەرە گرینگی بزووتنەوەی کورد ئەو شوێنەیە کە تێیدا دەبێ بەزەقی چاو لە چاوی دیکتاتۆر بکرێ و مافەکانی خۆت دەستەبەر بکەی و هەر ئەو شەقامەش بەتایبەتی لەو ساڵانەی دواییدا زۆر چاک خۆی تاقی کردووتەوە و لە زۆر بواردا بە سەرکەوتوویی قۆناخی بڕیوە.
لە لایەکی دیکەوە نابێ ئەوەش لەبیر بکرێ کە بەرگریی چەکداری و قۆناغی خەباتی شاخ و پێشمەرگانە سەردەمی هەرە زێڕینی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردە و ئێستاش بە داینەمۆی خەباتی شار دادەنرێ. چونکە لە پاش فەرمانە بەدناوەکەی خومەینی و هێرشی هەمەلایەنە بۆ سەر کوردستان، ئەوە بەرگریی مێژوویی پێشمەرگەکانی کوردستان کە یەکلاکەرەوە بوو. یەکلاکەرەوە بەو مانایە کە فیداکاری و ئازایەتی پێشمەرگە بوو کە کوردی لە فەوتان لە بەرانبەر ئەو هێرشە هەمە لایەنەی تاران پاراست. کەواتە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر دوو شێوازی سەرەکیی خەبات، واتە چەکداری و مەدەنی ئەزموونی باش و تا ڕاددەیەک سەرکەوتووی هەیە. بەڵام خاڵێکی گرینگ کە دەبێ هەمیشە و بەتایبەتی لە ئێستادا لەبیرمان بێ ئەوەیە کە نابێ بزووتنەوەی کوردستان ڕێگا بدا کە کۆماری ئیسلامی مەیدانی خەباتی بۆ دیاری بکا. چونکە وەک “جین شارپ” تیۆریسیەنی بواری خەباتی مەدەنی دەڵێ، ئەگەر ڕێگا بدرێ دیکتاتۆر مەیدانی خەباتت بۆ دیاری بکا ئەوە بێگومان مەیدانی شەڕی توندوتیژت بۆ هەڵدەبژێری، مەیدانێک کە خۆی تێدا باڵادەستە. بەو پێیە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خەباتە هەمەڕەهەندەی کە ئێستا لە کوردستاندا هەیە بێگومان ئەرکی سیاسییەکان و بەتایبەتی حیزبەکان وەک خاوەنان و مەیداندارانی سەرەکیی ئەو بزووتنەوەیە ئەوەیە کە بە هاندان و یارمەتیدانی بزووتنەوە هەمەڕەنگەکەی کوردستان کۆماری ئیسلامی بکێشنە مەیدانێک کە تێیدا لاوازە و زۆریش لاوازە، ئەویش شەقام و کۆڵانەکانی کوردستان و خەباتی جەماوەری و ڕێکخراوەییە، کە نەتەنیا کۆماری ئیسلامی بەڵکوو هەموو داگیرکەر و دیکتاتۆرێک لێی تۆقیون.
لە ئێستادا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران شەپۆلێکی نوێی هێرش و لەشکەرکێشیی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێ کردووە و بەتەمای سەرکوت و لە مەیدان دەرکردنی حیزبەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت دەرکردنی ناوەندی سەرکردایەتییان لە باشووری کوردستانیشە، لەگەڵ هەموو چالاکییەک لەو بوارەدا بۆ پووچەڵکردنەوە و شکست پێهێنانی ئەو زیادەخوازییەی کۆماری ئیسلامی، گرینگترین شوێن کە دەتوانێ شکست بەو هێرشەی کۆماری ئیسلامی بێنێ، دیسان ناوەندی شار و گوندەکان و جەماوەری کوردستان و دەنگی ناڕەزایەتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و بە تایبەتی نوخبە و چالاکانی سیاسی و مەدەنییە. دەنگێکی دلێر و ئازایانە و بەرپرسانە کە نموونەکانیمان هەر لە دوو حەوتووی ڕابردوودا بینی لە پێویستیی بە بەهێزتر کردنیان و بەردەوامی هەیە.