لە سەردەمی ئیستادا ئیدارەدانی بڕگەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگە جیاوازەکان لە چوارچێوەی سیستەمێک بەناوی دەوڵەت یا حکومەتدا ڕێک دەخرێن. لە لایەک ئەم قەوارە سیاسییە بە نوێنەری خەڵک لە ئیدارەدانی وڵات دادەنرێ و لە لایەکی دیکەوە ئەو نوێنەرایەتییەش بەرپرسایەتیی قورس و گەورە دەخاتە سەر شانی دەوڵەت، چونکە دەوڵەت بە سەرنجدان بە دەستڕۆیشتوویی سیاسی و ئابووری کە هەیەتی، دەتوانێ بەرگری لە پێشهاتنی ئەو ڕووداوانە بکا کە زیان بە کۆمەڵگە دەگەیەنن، یان دەتوانێ خەسارەکان بە لانیکەمی خۆی بگەیەنێ.
ماوەی دوو ساڵە پەتای جیهانداگری کۆرۆنا بەرۆکی کۆمەڵگەی جیهانیی گرتووە. حکوومەتە دێموکراتیکەکان کە بایەخ بۆ بەرپرسایەتیی سەرشانیان دادەنێن، لە سەرەتاوە بە گرتنەبەری زۆر ڕێکار هەوڵیان دا ڕێ لە هاتن و تەشەنەسەندنی ئەم ناخۆشییە لە وڵاتەکەیاندا بگرن. هاوکات وێڕای پێدانی زانیاری و وشیاری بە خەڵکەکەیان، لە زۆر شوێن بۆ پێشگیریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە، کۆمەڵێک قانوون دەرچوون بۆ ئەوەی هەرکەس ڕێکارە تەندروستییەکان وەبەرچاو نەگرێ، سزا و تاوانەکەی بگرێتە ئەستۆ؛ کە ئەوەش هەر بۆ هەست بە بەرپرسایەریی خەڵک و کۆمەڵگە لەهەمبەر یەکتر دەگرێتەوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەوە هەوڵە پزیشکییەکان بۆ دۆزینەوەی واکسەنی نەخۆشییەکە لە زۆر وڵات دەست پێ کرا و ئاکامیشی لێ وەرگیرا. ئەو وڵاتانەش کە توانای زانستی پزیشکیی دروستکردنی واکسێنەکەیان نەبوو، کەوتە بەستنی گرێبەستی کڕین و دەستکردن بە کوتانی خەڵکەکەیان؛ ئەمانەش هەمووی ڕووی بەرپرسایەتیی حقووقیی حکوومەتەکان بەنیسبەت خەڵکی وڵاتەکانیان دەردەخەن.
بەڵام لە ئێرانی ژێر حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیدا هەر لە سەرەتاوە بەهۆی کەمتەرخەمی و بەهێند نەگرتنی ئەو ڤایرۆسە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامەوە کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەربەرین هەموو وڵاتی داگرت و ئێستاش لەکاتێکدا زۆر لە وڵاتان پەتای کۆرۆنایان سندم کردووە، بەڵام لە ئێران دۆخەکە کارەساتبارە و مرۆڤەکان وەک گەڵای پاییز هەڵدەوەرن.
لە ڕەهەندێکی دیکەوە لە هەموو وڵاتان ڕێکارە خۆپارێزییەکان بوونە هۆی داخستنی دووکان و بازار و ڕاگیرانی کار و کاسبیی ورد و درشت و بەوەش سروشتییە کە زیانی ئابووریی زۆر بە کۆمەڵگە و وڵاتەکان بکا کە ئەگەر بێتوو دەوڵەتێکی بەرپرسیار و بەبەرنامە لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی وڵاتدا نەبێ، ئاسەواری ئەو زیانە ماددی و مەعنەوییانە بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ دەمێنن. لەو ڕوانگەیەوە کە ئەو نەخۆشییە زیانی گەورە بە کۆمەڵگە دەگەیەنێ، دەوڵەت بەرپرسیارە لە پێشگیریکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان و قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە کە بەگشتی بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە لە کۆمەڵگە کەوتووە. بۆ دەرخستنی ڕادەی بەرپرسیارەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامی خۆ ئەگەر هەڵسەنگاندنێک بۆ کارکردی دەوڵەت لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا بکەین کە نەخۆشیی کۆرۆنا هاوکات لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی بەرۆکی کۆمەڵگەی ئێرانیشی گرتەوە، دەبینین کە ئەو نیزامە لە تەواوەتیی خۆیدا هەم لە پێشگیری و هەم لە چارەسەری ئەو نەخۆشییەدا نەک کەمتەرخەم، بەڵکوو تاوانباریشە. کەمتەرخەم و تاوانەکەش بەر لەهەموو کەس بەرپرسایەتییەکەی لەئەستۆی وەلیی فەقیهـ، ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە. ئەو کەمتەرخەمییە بەپێی بڕگەکانی قانوون دەچێتە خانەی تاوان کە دەرحەق بە تاک تاکی کۆمەڵگەی ئێران کردوویانە. خۆ ئەگەر ئەو ئەسڵە باوە لە قانووندا لە نەزەر بگرین کە دەڵێ: “کردن یا نەکردنی کردارێک کە قانوون دەستنیشانی کردووە دەچێتە خانەی تاوان”، بەئاشکرا دەبینین کە کۆماری ئیسلامی هەم لە کرداری پێشگیریدا و هەم لە چارەسەری نەخۆشیی کۆرۆنادا سووچبار بووە و بەرپرسایەتیی گیانلەدەستدانی نزیک بە ٢٠٠ هەزارکەس و کۆی زیانە ئابوورییەکان لە ئەستۆی حکوومەتە؛ بەو هۆیانە:
– لەوکاتەدا – لە سەرەتاکانی مانگی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی- کە دەنگوباسی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری “یوهان”ی چین بڵاو بۆوە و ئاسەوارەکانی لە شاری قوم دەرکەوتن، دەوڵەتی ئێران سنووری ئاسمانیی خۆی لەگەڵ چین دانەخست و بە بیانووی جۆراجۆر هاتوچۆی نێوان ئێران و چین هەر بەکراوەیی مایەوە.
– لەو کاتەدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئارام ئارام دەبوو بە پەتایەکی جیهانداگر و دەبوا لە کۆبوونەوەی خەڵکی لە دەوری یەکتر پێشگیری کرابا، لەو ئانوساتەدا کۆماری ئیسلامی پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرایەتیی مەجلیسی بەڕێوە دەبرد و بە پروپاگەندە خەڵکی هان دەدا بۆ بەشداریی گشتی و کۆبوونەوە لەسەر سندووقەکانی دەنگدان. ئەو ڕەفتارەی ڕێژیم لە زۆر بۆنەی مەزهەبی و حکوومەتی وەک ناشتنی قاسم سولەیمانی دووپات بەبەردەوامی چەندپاتە بوونەوە.
– گوێنەدانی دەسەڵات بە وریاکردنەوەکانی کەرتی تەندروستی و کارناسانی پزیشکی و لە هەمانکاتدا نیشاندانی نەخۆشیی کۆرۆنا وەک نەخۆشییەکی ئاسایی. وەک چۆن ڕوحانی، سەرۆککۆمار باسی لە بەسۆخرەگرتنی مەترسییەکان کرد و ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٦ی ڕەشەممەی ١٣٩٨ گوتی لە شەممە هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە و ئەوە شەممەیە ئێستاش نەگەیشتێ.
– سەرباری هەموو ئەوانە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی و سڵامەتی خەڵک، “خامنەیی” بە بڕیارێکی حکوومەتی هاوردەکردنی ڤاکسێنی بیانی (ئەمریکا و بریتانیا)ی قەدەغە کرد کە ئەو بڕیارەی خامنەیی نەک ناتەبا لەگەڵ بنەما ئەخلاقییەکان، بەڵکوو پێشێلکەری بەرپرسایەتییە قانوونییەکەی بوو. ڕاگرتنی هاوردەی واکسەن لەو دوو وڵاتە کە تەنانەت ڕێکخراوەکانی خێرخوازی بیبەرامبەر بۆ ئێرانیان دەنارد، قەیرانێکی قووڵی لێ کەوتەوە و ژیانی بە میلیۆن کەس لە ئێرانی خستە مەترسییەوە کە هەموو ڕۆژێک ئاسەوارەکانی دەبینین.
خامنەیی کە ڕەفتاری ڕێژیمەکەی لەهەمبەر ئەو نەخۆشییە و ڤاکسینی کۆرۆنا لە چوارچێوەی ڕوانگەی داتاشێنی پیلانگێڕی بەدژی کۆماری ئیسلامی بەرتەسک کردۆتەوە، هەر لە سەرەتاوە ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە کە ئەمریکا و بریتانیا دەیانهەوێ ڤاکسێنەکانیان لەسەر خەڵکی وڵاتانی دیکە تاقی بکەنەوە، یان لە ڕۆژی ٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٨دا لە کۆبوونەوەکەیدا گوتی: “ئەو ڤایرۆسە بیانوویەکی باش بوو بەدەستی دژبەرانی نیزامی کۆماری ئیسلامی کە خەڵک هان بدەن ئەو قسانەی خامنەیی لەکاتێکدا دەکران کە هەموو وڵاتانی دنیا بە نیزامە نادێموکراتیکەکانیشەوە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ پەتای کۆرۆنا کەوتبوونە ئامادەباشی و کۆمپانیا پزیشکی و دەرمانسازییەکانی وڵاتان بە تاک و کۆ و، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان شەو و ڕۆژیان بۆ دروستکردنی واکسێنی کڕۆنا خستبووە سەر یەک. ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەر بەوەندە ڕانەوەستا و چەند ڕۆژ دواتریش – ١٣ی ڕەشەمەی ٩٨- گوتی پەتای کۆرۆنا ئەوەندە مەترسیدار نییە کە لەلایەن ڕۆژئاواییەکانەوە گەورە کراوەتەوە و لە وتاری نەورۆزیی خۆی بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی ١٣٩٩دا ئیدیعای کرد ئە کۆڕۆنا ئەمریکا دروستی کردووە بۆ دوژمنایەتی لە گەڵ خەڵکی ئێران!
نەزەردان لەسەر بابەتی تەندروستی و لەشساغی کە پێوەندی ڕاستەوخۆی هەبێ لەگەڵ سڵامەتیی کۆمەڵگە، بەپێی هەموو پێوەرە جیهانییەکان تەنیا لە سەڵاحییەتی کەسانی پسپۆر و شارەزا لەو بەشە دایە. بۆیە بۆ خامنەیی یا هەر خاوەن بەرپرسایەتییەکی دیکەی حکومەتی ڕێگاپێدراو نییە لەسەر ئەو بابەتانەی پێوەندییان بە سڵامەتی کۆمەڵگەوە هەیە نەزەر بدەن، چونکە نەزەری خامنەیی لە پلەی وەلی فەقیهـ لە نیزامی سیاسیی ئێراندا دەبێتە فتوا و بەپێی بنەماکانی مەزهەبی ڕەسمیی ئێران، حوکمی قانوون وەردەگرن و هیچ سەرچاوەیەکی قانوونیش نییە بتوانی ڕەدیان بکاتەوە. لەو سۆنگەیەشەوە بەرپرسایەتی ڕاستەوخۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و گیانلەدەستدانی نزیک بە ٢٠٠ هەزار کەس لە ئێران بە هۆی ئەو ڤایرۆسەوە و بەرکەوتنی زیانێکی زۆری ماددی بە ئابووریی وڵات ڕاستەوخۆ لەئەستۆی خامنەییە. خۆ هەر بەپێی ئەسڵی ٥ی قانوونی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەلی فەقیهـ ئەوکەسەی لە نەبوونی ئیمامی زەماندا ڕێبەریی جیهانی ئیسلامی دەکەوێتە ئەستۆ دەبێ کەسێکی “…دادپەروەر و دوور بێ لە گوناح و ئاگا بەسەردەم ….. بی.” واتە کەسێک دەتوانێ بگاتە پلەوپایەی ڕێبەری کە بتوانێ لەژێر سێبەری حکومەتداریی ئەودا دادپەروەری لە وڵاتدا حوکم بکا و کەسێک دەتوانێ ئەو دادپەروەرییە لە کۆمەڵگە دا پیادە بکا کە ئاگا بە زانستی سەردەم بێ، واتە بەپێی ئەو سەردەمەی تێیدا دەژی لەگەڵ نیاز و پێداویستیەکانی کۆمەڵگە ئاشنا بێ و بڕیار و فتواکانی لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەدا بێ نەک بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی و دەوروبەرەکانی. لەلایەکی دیکەوە بڕگەی ١٢ لە ئەسڵی ٣ی قانوونی بنەڕەتی دەوڵەت ئەرکدار دەکا لە بەرانبەر سڵامەتی کۆمەڵگە. هەروەها قانوونی “شێوازی پێشگیری” لە نەخۆشییە گواستراوەکان کە ساڵی ١٣٢٠ لە ئێران پەسند کراوە و هەتا ئێستا هیچ قانوونێک لە ڕەدی ئەو قانوونە لە ئێران دەرنەچووە، لە مادەی ١٢یدا دەڵێ: “کەسانێک کە پێشی بەڕێوەچوونی ڕێکارە تەندروستیەکان دەگرن یان کەمتەرخەمیی دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان بە حەبس یا جەریمەی نقدی سزا دەرێن.” بەپێی قانوونە نێونەتەوەییەکانیش لە پێوەندی لەگەڵ ئەو نەخۆشیانەی بەخێرایی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێنەوە و زۆربەی دەوڵەتەکانی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئێرانیشەوە ئیمزایان کردووە و بوونە بەشێک لە قانوونی نێوخۆییش، ئەگەر کەسێک ببێتە هۆکاری نەخۆشکەوتنی کەسێکی دیکە دەبێ قەرەبووی زیانی ماددی و مەعنەویی ئەو کەسە بکاتەوە. ئەگەر ئەو ئەسڵەش لەبەرچاو بگرین کە بەڕێوەبردنی قانوون و ئەرکە قانوونییەکان دەبنە ژێرخانی پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و بناغەی مانەوەی کۆمەڵگەیان لەسەر ڕادەوەستێ، پێویستە لەگەڵ ئەو کەس و کەسانەی سروشتی و قانوونی (حەقیقی و حقووقی) کە دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی نەزمی کۆمەڵگە لە بواری سڵامەتییەوە تێک بچێ، لەلایەن ناوەندە خاوەن سەڵاحییەتەکانەوە پێشیان بگیرێ و بەپێی قانوون سزا بدرێن.
لە یەک ڕستەدا تاونباری سەرەکی لە دۆخی ئێستای کۆڕۆنا لە ئێران نیزامی سیاسیی و ئیداریی وڵات و لە سەروو هەموویانەوە شەخسی خامنەییە.