(گۆڕێنی پێکهاتەی دانیشتووان و ڕۆڵی لە هەڵگیرسانی گرژییە قەومی و نەتەوەییەکاندا)
هەوڵدان بە مەبەستی گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووان و تێکدان و گۆڕینی سنوورە جۆگرافییەکانی نەتەوەکان، یەکێک لە فێڵ و تەڵەکەکانی دیکتاتۆرانی دەسەڵاتدار لە وڵاتانی فرەنەتەوەی ڕۆژهەڵاتی گۆی زەوییە. ئەو دەسەڵاتدارانە تێدەکۆشن بەو فێڵە ناکۆکییە قەومی و نەتەوەییەکان پەرە پێ بدەن و بەم جۆرە کۆسپ بخەنە سەر ڕێی یەکگرتنی ئەو گەلانە.
پێکهێنانی ئەیالەت و پاریزگەی ئەوتۆ کە دانیشتووانی شارەکان و گوندەکانیان لە نەتەوەی جۆراوجۆر بن، ڕاگوێزتنی دانیشتووانی خۆجێیی و نیشتەجێکردنیان لە خاک و ناوچەی قەوم یا نەتەوەکانی دیکە، هەروەها گۆڕینی ناوی ناوچە جۆگرافییە جیاوازەکان، لە سیاسەتە کۆن و ئامانجدارەکانی خاکپەرستانی بڕوامەند بە تیۆریی یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە و یەک زمانی ڕەسمین.
خۆدەرخستنی زنجیرەیەک قەیران و ناکۆکی لەنێوان ئازەرییەکان و کوردەکان لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی حکوومەتی میللیی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٥ لە سنوورەکانی ناوچەی خودموختار بۆ وێنە ماکۆ، خۆی، شاپوور و ورمێ کە بە وریایی ڕێبەرانی هەر دوو حکوومەت و واژۆی ڕێککەوتننامەیەک لە ٣ی بانەمەڕی ١٣٢٥ لە تەورێز چارەسەر کرا؛ هەر وەها ڕووداوەکان و گرژییەکانی نەغەدە لە ساڵانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧، ئاکامی ئەو جۆرە سیاسەتانە بووە. لەم پێوەندییەدا، پیلانگێڕی و هەوڵە ئامانجدار و دووبەرەکی خوڵقێنەکانی مۆرەکانی حکوومەتی ناوەندی لە خوڵقاندن، پەرەپێدان و خۆشکردنی ئاگری ئەو ناکۆکییەکانە، ڕۆڵێکی کەم و زۆر یەکلاکەرەوە و ڕێخۆشکەریان هەبووە.
بۆ دۆزینەوەی ڕیشەی ئەم جۆرە قەیرانانە پێویستە سووکە ئاوڕێک لە پێشینە و جۆری پێکهاتنی یەکە ئوستانییەکان لە ئێران لە ١٥٠ساڵی ڕابردوودا بدەینەوە.
ئەگەر بۆ دۆزینەوەی ڕەچەڵەک و بنەچەی جۆگرافیای ئەمڕۆی کوردستان و ئازەربایجان نەگەڕێێنەوە سەردەمی کۆن و ڕابردووی دوور و، تەنیا ڕووداوە مێژووییە جۆربەجۆرەکانی وەک هێرش و زاڵبوونی هێرشکەرانی بێگانە، شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی، کۆچپێکردن و نیشتەجێکردنە زۆرەملییەکان لە بەرچاو بگرین، دەبینین کە سنوورە جۆگرافییەکان، ناوی شارەکان و سەرچاوە سروشتییەکان و پێکهاتەی دانیشتووانی زۆر لە ناوچەکانی ئێران و لە نێو ئەواندا ئازەربایجان و کوردستانی ئێران، گۆڕانێکی زۆریان بە سەردا هاتووە.
هەرچەند لە مێژووی پڕ هەوراز و نشێوی ئێراندا، لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی هەخامەنشییەکان بەدواوە، دابەشکردنی جۆراوجۆری وەک ساتراپییەکان، کەستەگەکان، ئەیالات و ویلایات هەبوون، لەگەڵ ئەمەشدا لە “ممالک محروسە” ئێران(*) هەتا پێش سەردەمی مەشرووتە، یاسایەکی دیاریکراوی تایبەت بە دابەشینی وڵات دانەنرابوو. یەکەم قانوون، قانوونی پێکهێنانی ئەیالات و ویلایات و ڕێوشوێنی حاکمان (قانون تشکیل ایالات و ولایات و دستورالعمل حکام) لە ١٢٨٦پەسند کرا. ساڵانی دواتر قانوونی بەشکردنی وڵات و ئەرکی فەرمانداران و بەخشداران (قانون تقسیمات کشور و وظایف فرمانداران و بخشداران) لە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣١٦؛ ئیسلاحییەی قانوونی دووهەم، “قانوونی بەشکردنی وڵات و ئەرکی فەرمانداران و بەخشداران” لە ١٩ی بەفرانباری ١٣١٦ و “قانوونی ڕێوشوینەکان و پێناسەکانی دابەشکردنی وڵات” لە پووشپەڕی ١٣٦٢، پەسند کران.
بەگوێرەی یاسای یەکەمی ساڵی ١٢٨٦، وڵات بە سەر چوار ئەیالەتی “ئازەربایجان”، “کرمان و بەلووچستان”، “فارس و بەندەرکان” و “خوراسان و سیستان” دابەش بوو. دوازدە ویلایەتیش بریتی بوون لە ئاستەراباد، مازندەران، گیلان، زەنجان، کوردستان، لوڕستان، کرماشان، هەمەدان، ئیسفەهان، یەزد، عێراق، خووزستان و ناوەندی فەرمانڕەوایی (دارالخلافە)ی تاران.
خەزەڵوەری ١٣١٦، لە سەردەمی پاشایەتیی ڕەزاشادا، بەگوێرەی یاسای نوێی دابەشکردنی وڵات، ئێران بە سەر ٦ پارێزگەی “پارێزگەی باکووری ڕۆژاوا”، “پارێزگەی باکوور”، “پارێزگەی ڕۆژاوا”، “پارێزگەی باشوور”، “پارێزگەی باکووری ڕۆژهەڵات” و” پارێزگەی مەکران”دا دابەش کرا.
ناودێرکردنی پارێزگەکان بەگوێرەی هەڵکەوتی جۆگرافی و چوار لای سەرەکی (باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژاوا) بوو.
– “پارێزگەی باکووری ڕۆژاوا”، لە شارەکانی سەڵماس، خۆی، ڕەزاییە (ورمێ)، مەهاباد، تەورێز، ئەردەبیل، میانە و مەراغە پێک هاتبوو؛
– “پارێزگەی باکوور”، پێکهاتوو لە: گیلان، مازندەران، تاران، ئیسفەهان، مەرکەزی، زەنجان و سێمنانی ئێستا؛
– “پارێزگەی ڕۆژاوا”، بریتی بوو لە شارستانەکانی کوردستان، گڕووس، کرماشان، باوەندپوور، پشتکۆ، لورستان، برووجێرد، هەمەدان، خوڕەمشار، ئابادان، خووزستان، کەهگیلوویە؛
– “پارێزگەی باشوور”، پێکهاتوو لە ناوچەکانی بووشەهر، کرمان، هۆرمزگان، فارس و یەزد؛
– “پارێزگەی باکووری ڕۆژهەڵات”، بریتی لە خوراسان و شاهروود؛
– “پارێزگەی مەکران”، پێکهاتوو لە بەم، بەشاگرد، جاسک، میناب و زابول.
پاش دوو مانگ، ئەم دابەشکردنە ٦ لایەنە لە ١٠ی بەفرانباری هەمان ساڵدا گۆڕانی بە سەردا هات و جێگای خۆی دا بە ١٠ پارێزگە، ٤٩ شارستان و ٢٩٠ بەخش.
ئەو پارێزگەیانە بریتی بوون لە:
– پارێزگەی یەکەم: زەنجان، قەزوین، ساوه، سوڵتانئاباد، ڕەشت، شەهسەوار؛
– پارێزگەی دووهەم: قوم، کاشان، تایران، سمنان، ساری، گورگان؛
– پاریزگەی سێهەم: تەورێز، ئەردەبیل؛
– پارێزگەی چوارەم: خۆی، ڕەزاییە، مەهاباد، مەراغه، بیجار؛
– پارێزگەی پێنجەم: ئیلام، شائاباد، کرماشان، سنە، مەلایەر، هەمەدان؛
– پارێزگەی شەشەم: خۆڕەماوا (خرم آباد)، ئەهواز، گوڵپایەگان، خوڕەمشار؛
– پارێزگەی حەوتەم: بەهبەهان، شیراز، بووشەهر، فەسا، ئاباده، لار؛
– پارێزگەی هەشتەم: کرمان، بەم، بەندەرعەباس، خاش، زابول؛
– پارێزگەی نۆهەم: سەبزەوار، بیرجەند، توربەت حەیدەرییه، مەشهەد، قووچان، بێجنورد، گوناباد؛
– پارێزگەی دەیەم: ئیسفەهان، یەزد[١].
ساڵی ١٣٢٦ یەکەیەکی نوێ بە ناوی فەرمانداریی گشتی (فرمانداری کل) خرایە سەر دابەشکردنی وڵات. ژمارەی پارێزگەکانی وڵات هەتا ساڵی ١٣٤٦ کە پارێزگەی سیستان و بەلووچستان پێکهات، ١٠ پارێزگە بوو. پاش پێکهاتنی پارێزگەی سیستان و بەلووچستان، ژمارەی پاریزگەکانی وڵات بوو بە ١١ پاریزگە و، دوو فەرمانداریی گشتی. ساڵی ١٣٣٧، پارێزگەی ئازەربایجان کە لە تێکەڵکردنی دوو پارێزگەی دووهەم و سێهەم پێکهاتبوو، گۆڕانی بەسەردا هات و بوو بە دوو پارێزگە و، پارێزگەکانی سێهەم و چوارەمیش سەرلەنوێ دروست کرانەوە. ساڵی ١٣٣٧ جگە لە دامەزرانی دووبارەی پارێزگەکانی سێهەم و چوارەم، فەرمانداریی گشتیی چوارمەحاڵ و بەختیاری و، هەر وەها پارێزگەی کوردستان دادەمەزرێ.[٢]
بە چاوخشاندنێک بەسەر شێوەی پێکهاتن و پێکهاتەی ئەو پارێزگەیانەدا دەردەکەوێ کە لە ١٥٠ ساڵی ڕابردوودا، هیچ کات، ئەو پارێزگەیانە لەسەر بناغەی تایبەتمەندییە نەتەوەیی و قەومییەکان پێک دانەمەزراون، نەک هەر ئەمە بەڵکوو هەوڵ دراوە شار و ناوچەی جیاواز بە قەومییەت و نەتەوایەتیی جۆراوجۆرەوە، بخرێنە نێو چوارچێوەی جۆگرافیایی پاریزگەیەک. هەر ئەمەش وای کردووە ناو بە ناو ناکۆکی و تێکهەڵچوون لەنێو دانیشتووانی ئەو پارێزگەیانەدا ڕوو بدا. بەم هۆیەوە دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە دروستبوونی ئەم جۆرە پارێزگەیانە، بۆ نموونە پارێزگەی ئازەربایجانی ڕۆژاوا- کە لە تێکەڵکردنی هێندێک ناوچەی ئازەربایجان و کوردستان لە سەردەمی ڕەزاشادا پێک هاتووە- هەر لە بنەڕەتەوە هەڵە و ئامانجدار بووە. ئەم سیاسەتە سەرزەویی نەتەوە دراوسێکانی بە سەر ژمارەیەک یەکەی ئیداری-سیاسیدا دابەش کردوە، بە تێکەڵکردنی ناوچەکانی شوێنی ژیانی ئەوان لە گەڵ هی گەلانی دراوسێ، وێڕای گۆڕینی پێکهاتەی نەتەوەیی-قەومیی ئەوان، بوارێکی لەباری بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتە ئاژاوەخوڵقێنەکانی حکوومەتە ناوەندییەکان و، کەوتنەوەی گرژیی قەومی لە نێوانیاندا دروست کردووە.
لە کتێبی “فرهنگ جغرافیای ملی ترکان ایران زمین” (فەرهەنگی جۆغرافیای نەتەوەیی تورکانی سەرزەویی ئێران) کە توێژینەوەیەکی تێر و تەسەلە، بە جۆرێکی بەڵگەمەند ئاماژە بە نموونەکانی ئەم جۆرە سیاسەتە و چۆنیەتیی پێکهاتنی ئەو پارێزگەیانە کراوە:
…”[دەوڵەتی ناوەندیی ئێران] لە پارێزگەی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، لە شارستانی مەراغە، شاری کوردنشینی شاهیندێژ (ساینقەڵا) و لە ٥ بەخشی تیکاب، شاهیندیژ، قەرەئاغاج، دەوروبەری میاندواو و مەراغە، ١٢٣ دێی کوردنشینی لە سەرزەویی دانەبڕاوی کوردستانی ئێران جیا کردووەتەوە و خستوویەتە ژێر ئیختیار و ئیدارەی پاریزگەی تورکنشینی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و بە پێچەوانەوە.
ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە ٥ شاری کوردنشینی مەهاباد، بۆکان، سەردەشت، شنۆ و نەغەدە و، چوار شاری هەڵکەوتوو لەسەر سنووری هەر دوو گەلی کورد و تورک، واتە ڕەزاییە، شاپوور، میاندواو کە دانیشتووانیان کورد و تورکن و زۆرایەتیی دانیشتووان بە تورکەکانە، هەروەها شارێکی تورکنشین بە ناوی خۆی و، لە ٢٢٥٠ ئاوایی پارێزگەی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، ١٣٢٨ گوندی کوردنشین و، ٣٠ ئاوایی تێکەڵاو لە کورد و تورک، هەروەها لە ٨١٢ ئاوایی تورکنشین، ٢٩یان تورک، ئاسۆڕی، ئەرمەنینشین و، ٣٦ ئاواییش ئاسۆڕی و هەرمەنی نشینن. ئاواییە کوردنشینە ئاماژە پێکراوەکان. لە سەرزەویی دانەبراوی کوردستانی ئێران، دابڕێندراون و خراونە ژێر ئیختیاری ئازەربایجانی تورکنشین بە ناوی ئازەربایجانی ڕۆژاوا. ئەمڕۆ ئیدارەی کاروباری شار و گوندە کوردنشینەکان، لەگەڵ ئەوەی زۆرایەتیی شارەکان و ئاواییەکان بە کوردانە، دراوەتە پاریزگار و پارێزگەی ئازەربایجانی ڕۆژاوا.
لە فەرمانداریی گشتیی تورکنشینی هەمەدان، ١١٧ ئاوایی کوردنشین و ٢ ئاوایی تێکەڵاو، لە سەرزەویی دانەبڕاوی کوردستان دابڕێندراون و خراونە سەر فەرمانداریی گشتیی هەمەدان.
لە پارێزگەی ناسراو بە کوردستان، کە شاری سنە و دەوروبەر دەگرێتەوە، بە پێچەوانە جووڵاونەوە؛ بەو واتایەکە لە شارستانی قوڕوە، ٨٠ ئاوایی تورکنشین لە سەرزەویی دانەبڕاوی تورکانی ئێران جیا کراونەوە و خراونەتە ژێر دەسەڵاتی پارێزگەی کوردستان بە ناوەندێتیی شارستانی سنە.[٣]
بێگومان بۆ پێشگیری لە هەر جۆرە گرژییەکی چاوەڕوانکراو لە داهاتوودا، لە ئێرانی ئازاد و دێموکراتیکی داهاتوو، دەبێ چاو بە شێوەی دابەشکردنی پارێزگەکان و ویلایەتەکانی ئێراندا بخشێندرێتەوە و ئەم چاوخشاندنەوەیەش دەبێ لەسەر بناغەی پێشینەی مێژوویی، جۆغرافیایی و نەتەوەیی نەتەوەکانی ئێران بێ.
گۆڕینی ناوی شارەکان، گوندەکان و شوێنە جیاوازەکان لەلایەن حکوومەتی پەهلەوییەوە، یەکێکی دیکە لە لایەنەکانی سیاسەتی وەکیەکلێکردن و سڕینەوەی شوناسی مێژوویی و زمانی نەتەوە نافارسەکان بوو. ئەم گۆڕینانە بە شێوەیەکی گشتی بە مەبەستی شێواندنی سنوورە قەومی و جۆگرافییەکان، هەروەها پەرەپێدانی ناکۆکی لەسەر خاک لەنێوان خەڵکی کوردستان و ئازەربایجان، وەک بەشێک لە سیاسەتی دەوڵەت- نەتەوەسازیی ڕەزاشا بەڕێوە دەچوون.
هەر لەم پێوەندییەدا، ساڵی ١٣٠٧(…) ناوی هێندێک لە شوێنەکان (لە ئێران) گۆڕانی بەسەردا هات، بۆ نموونە عەرەبستان کرا بە خوزستان؛ بەندەری ئەنزەلی کرا بە بەندەری پەهلەوی؛ بەشێک لە کوردستان، ناوی ئازەربایجانی ڕۆژاوای لەسەر دانرا؛ ورمێ (ئورمیە) بوو بە ڕەزاییە، ئێسترئاباد کرا بە گورگان، عەلیئاباد کرا بە “شاهی”، سوڵتانییە بوو بە ئەراک و، “ئەلموحەممەرە”ش بوو بە خوڕەمشار.[٤]
سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لە نێو ١٠٧ ناوی جۆگرافیایی کە هەتا ساڵی ١٣١٩ی هەتاوی لە لایەن یەکەم کۆمیسیۆنی جۆگرافیای فەرهەنگستان، بە سەرۆکایەتیی ڕەزازادە شەفەق (بەرپرسی گۆڕینی ناوە جۆگرافییایەکان بوو)پەسند کران، زۆرترین گۆڕێنەکان پێوەندییان بە ناوچە تورک و تورکنشینەکانەوە هەبوو.[٥]
هێندێکجار بوونی هێندێک ناوی لاوەکی (ناخۆجێیی) لە پارێزگە جیاوازەکانی ئێران و یەک لەوان کوردستان، دەکرێتە هۆیەک بۆ پاساودانی ئەو قسەیە کە ئەو شوێن و ناوچانە، کوردستان نین. بەڵام نابێ لەبیرمان بچێ کە ناوی هێندێک لە شارەکان، گوندەکان و شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە ئاکامی زاڵبوونی دەستدرێژکەرانی بێگانە لە لایەک و، سیاسەتی دەوڵەتی ناوەندی لە لایەکی دیکەوە، گۆڕانی زۆریان بەسەردا هاتووە. لە کوردستانیش لەگەڵ دیاردەی گۆڕینی ناوی هێندێک لەو ناوچانە بەرەوەڕووین. سەردەمی وەدیارکەوتنی ئەو ناوگۆڕینانە بۆ زۆر پێشتر لەو گۆڕانانە دەگەڕێتەوە کە لە کۆتایی سەردەمی قاجارەکان و سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی پەهلەوییەکاندا، ڕوویان دا. واتە پێوەندییان بە سەردەمی هێرشی سەلجووقییەکان، مەغوولەکان و زنجیرەی بنەماڵە تورکمەنەکان (قراقوینلو و آققوینلو) و دەسەڵاتدارەتیی ئەوان لە ماوەی زەمەنیی نێوان سەدەکانی ١١ تا ١٥ی زایینی لەم دەڤەرەدا هەیە. دیارە ناوگۆڕینەکان، گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووانیشی لەگەلدا بووە. هەربۆیە زۆر زەحمەتە بوونی ناوی ناکوردی لەسەر هێندێک شوێن لە کوردستان، وەک بەڵگەیەکی پتەو و لۆژیکی بۆ سەڵماندنی بەستراوەیی خاکەکەی بە گرووپێکی قەومیی دیکەی ناکوردستانی قبووڵ بکرێ.
زۆر لە بەرهەمەکانی جۆغرافیزانان، ڕۆژهەڵاتناسان، توێژەران و گەڕیدەکان، شایەدی دەدەن کە کوردەکان هەر لە کۆنەوە و بە درێژایی مێژوو لە چوارچێوەی کوردستانی موکریاندا لەو ناوچە کوردنشینانەدا کە ئێستا ناوی ئازەربایجانی ڕۆژاوایان لەسەرە، ژیاون. هۆگرانی زانیاریی زیاتر لە بارەی پێوەندیی کوردستانی موکری و ئاڵوگۆڕە جۆگرافی و حەشیمەتییەکانی ئەم ناوچەیە لە ڕەوتی مێژوودا، دەتوانن بڕواننە بەرهەمە بەناوبانگەکانی وەک: کتێبی “شرفنامە – تاریخ مفصل کردستان” (شەرەفنامە- مێژووی کوردستان بە درێژی) لە دانانی شەڕەفخان کوڕی شەمسەدینی بتلیسی، هەڵگری مێژووی هۆز و بنەماڵە جیاوازەکانی کورد، لە سەرەتاوە تا ساڵی ١٠٠٥ی کۆچی-مانگی، بە تایبەتی فەرمانڕەوایانی ویلایەتی موکری، “مسافرت بە کوردستان” (گەشت بە کوردستاندا)- سێر کینز، “شرح اقامت در کردستان” (بەسەرهاتی مانەوە لە کوردستان)- لە نووسینی ڕیچ، “جغرافیای غرب کردستان” (جۆغرافیای ڕۆژاوای کوردستان)- لە نووسینی دێمۆرگان، بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی مینۆرسکی لە پێوەندی لەگەڵ جۆغرافیای کوردستاندا، “کورد و کوردستان”ی نیکیتین، توێژینەوەکانی ئۆسکارمان لە ناوچەی موکریان و….
دوا قسە:
١-دابەشکردنە ویلایەتی و ئوستانییەکانی ئێران لە سەر بناغەی تایبەتمەندییە مێژوویی و ئەتنیکییەکانی خەڵکی ئەو ناوچانە بەڕێوە نەچوون. بەتایبەتی لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی ڕەزاشاوە بەدواوە، ئەو دابەشکردنانە بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوەسازی و دروستکردنی یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە، وەکیەکلێکردنی نەتەوە جیاوازەکانی سەر ئەو سەرزەوییە، کۆچپێکردنی زۆرەملی و شێواندنی سنوورە جۆگرافییەکانی نەتەوەکان و قەومەکانی دراوسێ بووە.
٢- تێکەڵکردن و لێکدانی نەتەوەکان لە چوارچیوەی ئوستانە جۆراوجۆرەکاندا، ڕاستییەکە و هەیە. زۆر جاران ناوی ئوستانەکان لەگەڵ بەستراوەیی و پێکهاتەی قەومیی خەڵکەکەیان و دانیشتووانیان، ناگونجێ. گرێی ئەم کێشەیە بە هاتوهەرای توندڕەوانەی نەتەوەیی و چاندنی تۆوی دوژمنایەتی لەنێو ئەو نەتەوانەدا، ناکرێتەوە. ئەم کێشانە کە لە ڕەوتی مێژوودا دروست بوون، بەرەوڕووی ئێرانی داهاتوو دەبنەوە و پێویستە نوێنەرانی سیاسی و شارەزایان بە هاوبیری، هاوکاریی جیددی و بەرپرسانە، بەپێی ڕاستییە مێژوویی و جۆگرافییاییەکان لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی ژیرانەی کێشە قەومی و ئیتنیکییەکاندا بن.
٣- دۆستایەتی و ژیانی تێکەڵ بە ئاشتیی خەڵکی ئازەربایجان و کوردستانی ئێران، ڕیشەیان لە مێژووی دروستبوونی سەرزەویی فرەنەتەوەی ئێراندایە. هەرجۆرە هەوڵێک بۆ پێکهێنانی دووبەرەکی و ناکۆکیی قەومی و نەتەوەیی، بەهەر بیانوویەکەوە بێ، خزمەت بە دیکتاتۆران و دەسەڵاتدارە مڵهورەکانی حکوومەتی ناوەندی و پەرەپێدانی چەند بەرەکی و دوژمنایەتی لە نێوان دانیشتووانی ئەو ناوچانە و نوێنەرە نەتەوەیی وسیاسییەکانی ئەواندایە. ئەو کەس و لایەنانەی لەنێو نەیارانی ڕێژیمدا، بەئەنقەست یا نائاگایانە، بە بیانووی پر و پووچ، دابەشکردنی یەکە ئوستانی و سەرزەمینییەکان دەکەنە هەوێنی هەڵگیرساندنی ناکۆکیی نێوان گەلان، دەبێ بزانن کردەوەکەیان یارمەتییەک بە چارەسەر و کردنەوەی ئەو جۆرە کێشە و گرێ مێژووییانە نادا. ئەرکی هێزە ئازادیخواز و جیابیرەکانە خۆیان لە هەرجۆرە گرژی و ناکۆکییەک بەدوور ڕابگرن و، بە دروستکردنی بەستێنی لە بار بۆ یەکگرتوویی و پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەشی پێکهاتوو لە هەموو نەتەوە و قەومەکانی ئێران، بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و پێکهێنانی ئێرانێکی ئازاد و بە دوور لە سیستەمێکی ناوەندگەرای دەوڵەتی، تێبکۆشن.
***
ئەم وتارە بە فارسی نووسراوە و کاک قادر وریا کردوویەتی بە کوردی
سەرچاوەکان:
https://www.chamedanmag.com/news/
٢- دکتر زهرا احمدی پور، علیرضا منصوریان، تقسیمات کشوری و بیثباتی سیاسی در ایران(۱۳۵۷-۱۲۸۵)
http://pdfarchive.ir/pack-08/Do_73613850103.pdf
٣- ژنرال – دکتر محمود پناهیان، (تبریزی)، “فرهنگ جغرافیای ملی ترکان ایران زمین” ، بەرگی یەکەم ، لاپەرەکانی ٩٣-٩٢، گەلاوێژی ١٣۵١،
٤- یرواند آبراهامیان، “ایران در بین دو انقلاب”، ترجمه احمد گل آبادی، محمد ابراهیم فتاحی، لاپەڕی ١٧٨، بڵاوکەرەوە”نشر نی”، چاپی شازدیەم، ،١٣۶٩ تاران،
۵-شهرە جلالیپور،” تحلیل تغییر اسامی شهرهای ایران در دوره پهلوی اول و نقش فرهنگستان ایران“، وەرزنامەی” گنجینه اسناد”، سالی ۲۲، دەفتەری چوارەم، زستانی ۱۳۹۱.