٢٩ ساڵ بە سەر تێرۆری “میکۆنووس”دا تێپەرێ. ٢٩ ساڵ لەوەپێش گەلی کورد و حیزبی دێموکرات تووشی کارەساتێکی زۆر ناخۆش و دڵتەزێن بوون کە لەو سۆنگەیەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێبەرێکی بلیمەتی وەک د. سادق شەرەفکەندیی بەدەستی غەدر و تاوان لەدەست دا.
لەوەدا کە بۆچی دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی دەستی بۆ ئەو تاوانە برد، ڕاستە کە دوژمنانیش زۆر باش شەرەفکەندی و خولیاکانی، کاک سادق و تواناکانی و شوێندانەریی ئەویان لەسەر خەبات و داهاتووی بزووتنەوەکەی ناسیبوو، بەڵام ئەوەی نەیانزانی ئەوەیە کە بلیمەتێکی وەک د. شەرەفکەندی نەوەیەکی پێ گەیاندووە کە دوای نەمانی خۆیشی ئاڵاهەڵگری خەبات و بۆچوون و بڕواکەی بن.
شیرکۆ بێکەس گوتەنی:
ئەم کــۆستانە ئەمـــانگریێنن
بەڵام ئەژنۆمــان ناشکێنن،
ئەم جەزرەبانە بۆ ساتێ ئەمــانشڵەژینن،
بەڵام نامـانبەزێنن،
ئەم خوێنانە بۆ ساتێ ئەمانگرن
بەڵام هەرگیز چاوترسێنمان ناکەن
ئەم فرمێسکانە بۆ ساتێ بەرچاومان تاریک دەکەن
بەڵام هەرگیز هەتاومان لێ ناشارنەوە
ئەم گوللانە بۆ ماوەیەک کاسمان دەکەن
بەڵام دوایە ئاگر بەردەدەنە
ڕقی کەڵەکە بوومان.
دوکتۆر سادق شەرەفکەندی وێنەی بەرزی “سیمای دێموکرات” بوو، بە دیدێکی دێموکراتیک و وەک مرۆڤێکی تەواو پێشکەوتنخواز و، ئینسانی و بەبایەخەوە دەیڕوانییە پرسە جۆراوجۆرەکان. هەڵویست و بیروباوەڕی خۆی زۆر بە ڕاشکاوی دەردەبڕی و بە هەموو هێزیەوە داکۆکی لە هەڵوێستەکانی دەکرد و بۆ جێخستنی هەوڵی دەدا.
ڕوانگە و بۆچوونی دوکتۆر شەرەفکەندی لە بارەی پرسی ژن لە کوردستان بەشێک لە کەسایەتی و ڕوانینی پێشکەوتووانەی ئەو دەردەخەن. ئەو لە زۆر بۆنە و باس و وتووێژدا لەسەر پرسی ژن لە کۆمەڵگە و بە تایبەت لە حیزبی دێموکراتدا دواوە و نیشانی داوە کە باوەڕێکی قووڵی بە مافی یەکسان لەنێوان ژن و پیاودا هەیە. لە مەیدانی کردەوەشدا بۆ ئەوە تێکۆشاوە کە چیدی ژنان لە پاشکەوتوویی و پاشکۆییدا نەمێننەوە. بۆ سەلماندنی ئەو ڕایە دەتوانین بەشێک لە وتارێکی ئەو ڕێبەرە وەبیر بێنینەوە کە نزیک ٤٠ ساڵ لەوەپێش بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن نووسی و بڵاوی کردەوە.
دوکتۆر شەرەفکەندی لە سەرەتای ئەم وتارەدا دەڵێ: “ئەگەر ڕێزگرتن لە ڕۆژی ژن ئێستا لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا وەک جێژنێک و ڕەسمێک چاوی لێدەکرێ، بۆ وڵاتانی پاشکەوتووی وەک ئێرانی ژێردەسەڵاتی ئاخوندەکان و بۆ کۆمەڵی کوردەواریی خۆمان وەک ئەرکێکی گەورە و بەشێکی گرینگ لە خەبات و تێکۆشان دژی پاشکەوتوویی دەبێ بەحیساب بێ… لە ڕاستیدا وەزعی خراپی ژنان لە کۆماری ئیسلامیدا شتێک نییە لە کەس شاراوە بێ و هەربۆیەش بە پێویستی نازانین لەسەر شتێک بڕۆین کە بۆ هەموو کەس ڕوونە. کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ خۆشیان پێشێلکردنی مافی ژنان نەک هەر نایشارنەوە بەڵکوو شانازیشی پێوە دەکەن و بە عەینی دەستووراتی ئیسلامی دەزانن، تا ئەو جێگایە کە نوێنەری مەجلیس بە ئاشکرا پیاوان هان دەدا ٣ ژن و ٤ ژن بێنن و لەنێو ماڵدا وەک دیل ڕایان بگرن. هەروەها بە پێی فتوای خۆمەینی مەسەلەی “سیغە” واتە ڕاگرتنی ژن بۆ ماوەیەکی کاتی ــ کە لەوانەیە زۆر کورتیش بێ ــ مەنعی قانوونی نییە، واتە کڕین و فرۆشتنی ژن وەک کۆیلە یان وەک کاڵایەک بەقانوونی! کڕین و فرۆشتنی پێ بکرێ، ئەوەیە ڕێز گرتن لە مەقام و پلەی ژن لە کۆماری ئیسلامی دا!”
کاک سەعید دواتر دواتر پێ لەسەر ئەو ڕاستییە دادەگرێ کە “ژنان لە کوردستان و ئێران بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان تەنیا ڕێگایەک کە لە پێشیانە بریتییە لە: خەبات و تێکۆشانی بێوچان بۆ ڕووخان و لەبەین بردنی یەکجاریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.” بەڕێزیان بە ئاماژەی کۆمەڵناسانە بە ڕۆڵی گرینگی ژنان لە کوردستان دەڵێ: “ژنانی کوردستان لە گوندەکاندا بێجگە لەوەی ئەرکی گەورەکردنی منداڵ و ئیدارەی نێو ماڵیان بەتەواوی بە ئەستۆوەیە، ئەساسەن بەردی بناغەی تێکۆشانی ئابووریی گەلی کورد لە کوردستاندان. شێرەژنانی کوردستان چ لە کاروباری کشتوکاڵی و چ لە کاروباری ئاژەڵداریدا کە هەردووکیان کاری ئەساسیی خەڵکی کوردستانن، بەشێکی هەرە گەورە و دژواریان بە ئەستۆی خۆیانەوە گرتووە کە بەگشتی ئەگەر لە بەشەکانی کاری پیاوەکان گرینگتر و زیاتر نەبێ کەمتر نییە. د. شەرەفکەندی لە کۆتایی وتارەکەیدا دەڵێ: “لەبیرمان بێ کە خەباتی ئێمە بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەختەوەری لایەنی جۆربەجۆری هەیە کە خەباتی چەکداری لە دژی دژمنی داگیرکەر و چەوسێنەر تەنیا یەکێک لە وانەیە و خەبات بۆ ئازادیی ژنانیش کە نیوەی کۆمەڵن، یەکێکی دیکە لەو لایەنانەیە کە گرینگییەکەی زۆر لە خەباتی چەکداری بۆ ئازادی گەلی کورد کەمتر نییە.”
نەمر شەرەفکەندی لە وتووێژێکدا کە “سەعید ڕاهنما” دەگەڵی کردووە و لە گۆڤاری “مهرگان”دا بڵاو بۆتەوە، لەسەر مافی ژن پرسیاری لێ دەکرێ و ئاوا وەلام دەداتەوە: “ڕەتکردنەوەی مافی بەرابەریی ژنان لەگەڵ پیاوان بە هەر بیانوویەک بێ چ مەزهەبی چ سیاسی بێ، بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێ. یەکەم بەندی مافە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتدا بەو ئەسلەی “مافی مرۆڤ” دەست پێ دەکا کە هەر جۆرە جیاوازیدانانێک تەنانەت مەزهەبیش ڕەت دەکەینەوە…” د. شەرەفکەندی لە درێژەدا دەڵێ ئێمە بەکردەوەش هیچ جیاوازی و هەڵاواردنێک لە ڕیزەکانی خۆمان لە حیزبی دێموکراتدا بۆ ژنان دانانێین، بەوحاڵە هێشتا ئەوە بە ستەم دەزانین؛ لەبەر ئەوەی ژنان بەدرێژایی مێژووی نەتەوەکەمان بوار و دەرفەتیان بۆ گەشەکردن لە پیاوان کەمتر بووە و تواناکانیان لەگەل پیاو لە یەک ئاستدا نین. بۆیە حیزبی دێموکرات ئیمتیازاتی زیاتریان دەداتێ کە قەرەبووی ئەو دواکەوتنەیان بۆ بکرێتەوە.”
د. شەرەفکەندی بە ناسینی واقعبینانەی لە پرس و جێگای ژن لە چوارچێوەی خێزان و کۆمەڵگەدا ئەرکی قورسیش بۆ ژنان دیاری دەکا و ڕای وایە کە “با دایکانی کوردستان ڕۆڵەکانیان لە باوەشی گەرم و پڕ لە خۆشەویستیی خۆیاندا بە هەستی گەرمی نیشتمانپەروەری و ئازادیخوازی پەروەردە بکەن.” ئەو لە گەرمەی خەباتی چەکداری و شکۆی خۆڕاگریی پێشمەرگەدا ڕای وابوو کە “خەباتی ئێمە بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەختەوەری لایەنی جۆربەجۆری هەیە کە خەباتی چەکداری لەدژی دوژمنی داگیرکەر و چەوسێنەر تەنیا یەکێک لەوانە و خەبات بۆ ئازادیی ژنانیش کە نیوەی کۆمەڵن، یەکیکی دیکە لەو لایەنانەیە کە گرینگییەکەی زۆر لە خەباتی چەکداری بۆ ئازادیی گەلی کورد کەمتر نییە.”
سێ دەیە دوای شەهیدکرانی دوکتۆر شەرەفکەندی وانەکانی ئێستاش هەوێنی فێربوون و بەردەوامی ڕێبواران و قوتابییانی ڕێبازەکەین.