دەوڵەت وشەیەكە كە ڕۆژانە لە وتوێژەكانماندا قسەکردندا دەیان جار و بە دەیان بۆنەی جیاوازەوە دێتە سەر زارمان و بڕیارەكانی لەسەر ژیانی هەموومان كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە. ڕەنگە پێناسەیەكی گشتی بۆ دەوڵەت ئەوە بێ: دەسەڵاتێكی گشتی و جێگیر كە ئەركی بەڕێوەبردنی كاروباری كۆمەڵگەی لەسەر شانە و بەسەر خاك و وڵات و كۆمەڵە خەڵكێكدا حوكم دەكا، کاروباری وڵات ڕادەپەڕێنێ، یاساكان جێبەجێ دەکا و ئەركی خزمەتگوزاریی لەئەستۆیە. لە هەموو وڵاتانی دنیا ئەركی دەوڵەتان هاوشێوەی یەكە، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە لە وڵاتانی دیكتاتۆردا قازانجی تاقم و گروپە تایبەتەكان پێش خەڵك و كۆمەڵگە دەكەوێ.
لە دنیای ئەمڕۆدا دەسەڵاتەكانی هەر وڵاتێك بۆ ڕێكخستنی كاروباری وڵات لە سێ جێ کۆ دەبنەوە: دەسەڵاتی بەڕێوەبەری، دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی یاسادانەر. دەوڵەت وەكوو دەسەڵاتی بەڕێوەبەر ڕاستەوخۆ لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی خەڵك تێكەڵاوە و ئەو بڕیارانەی وا لە لایەن دەوڵەتەوە دەردەكرێن شوێنی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵك هەیە، بۆیەشە خەڵك بە چاوی پاسەوان و چەترێك لە دەوڵەت دەڕوانن كە دەبێ بیانپارێزێ و ئەركی دابینكردنی ژیانێكی باشتری بۆ خەڵك لەسەر شانە. وڵاتی ئێرانیش لە فۆڕمە گشتییەکەیدا لەو ڕێوشوێنە بەدەر نییە، بەڵام بەو جیاوازییە کە لە ئێران دەوڵەتی فەرمی و نافەرمی هەیە. دەوڵەتە بەناو فەرمییەكان لە ئێراندا تەنیا نەخشی سیبلێكیان هەیە و كاتێك كێشەیەك ڕوو دەدا، هەڵەكان وەئەستۆ دەگرن یان دەیانخەنە پاڵی و؛ ئەوەی دەسەڵاتی کاروباری بەدەستە، دەسەڵاتی سێبەرە کە هیچ بەرپرسایەتییەکیش ناگرێتە ئەستۆ!
خەڵكی ئێران لەمێژ ساڵە دەزانن كە دەوڵەت لە ئێراندا دەسەڵاتی نییە و سەرۆككۆمار و كابینەكەی وەكوو بووكەڵە بەدەست کەسانیکی دیکەوەن. هەروەها لە تەنیشت وەزارەتەكانی دەوڵەت هەندێك ڕێكخراو و دامەزراوەی دیكەش هەن كە لە زۆر بابەتدا بڕیاری سەرەکی لای ئەوانە و ئەمە هەم لە ئابووری و هەم لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتدا کە لەسەر چارەنووسی خەڵک زۆریش کاریگەرن، بەتەواوی بەدی دەکرێ. بۆ نموونە لە بەشی ئابووریدا دەبی وەزارەتی ئابووری، بانكی ناوەندی، وەزارەتی کانزاکان و پیشەسازی، وەزارەتی كار، بورس و ڕێکخراوی بەرنامە و بووجە بەپێی قانوون دەبێ دەوری سەرەکی لە ئابووریی وڵاتدا بگێڕن، کەچی لەڕاستیدا ئەوە بنیات و دامەزراوەکانی ژێر دەسەڵاتی خامنەیین کە هەموو بڕیارە سەرەکییەکان لە کەرتی ئابوورییان بەدەستە و ئەم کارتێلانە نەک خزمەت بە ئابووریی وڵات ناکەن، بەڵکوو هۆی سەرەکیی قەیرانە ئابوورییەکانی وڵاتیشن. قەرارگای خاتەمولئەنبیا، بونیادی موستەزعەفان، ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام، ئاستانی قودسی ڕەزەوی و سەدان ڕێكخراوی دیکە بە ناوی جۆراوجۆر بەشێک لەوانن.
مافیای دەسەڵات لە ئێران کە مەبەستمان دەوڵەتی سێبەرە، دەستی لە گەرووی زۆر کەرتی دیکەی وەک وەبەرهێنان، ئاوەدانکردنەوە، هاوردە و هەناردە، پیشەسازیی سەربازی هەتا داودەرمان ناوە و لە بەرژەوەندیی مافیای دەسەڵات مودیرییەتیان دەکا. لە هەرکام لەو کەرت و بەشانەشدا قەیرانێک و کێشەیەک سەرهەڵبدا کاری دەوڵەتی فەرمی ئەوەیە سووچی تاوانەکان بگرنە ئەستۆ و بەرپرسایەتیی قەیرانەکان لەم وەزیرەوە بۆ ئەو وەزیر و، لەم دەوڵەتەوە بۆ ئەو دەوڵەت پاسپاسێن بکرێن و ئەوەی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێ دەوڵەتی سێبەرە. بۆ نموونە ئێمە لە بەرانبەر وەزارەتی مەسكەندا بونیادی مەسكەنی ئینقلابی ئیسلامی دەبینین، لە بەرانبەر وەزارەتی فەرهەنگدا دەیان ڕێكخراوەی توندئاژۆی ئیدئۆلۆژیک وەكوو سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی دەبینین، لە بەرانبەر ئوستانداریدا نوێنەری وەلیی فەقیهـ، لە بەرانبەر ئەڕتەش و وەزارەتی بەرگریدا سپا و بەسیج و … دا دەبینین. تەنانەت لە بەشی دەرمانیشدا لە بەرانبەر وەزارەتی دەرمان بەشە دەرمانییەكانی سپا و بونیادی بەرەكەتی
ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام قوت بوونەتەوە کە هەموویان لەژێر دەسەڵاتی شەخسی خامنەییدا کار دەکەن، بەڵام هیچیان وەک سپای پاسداران بەسەر دەوڵەت و وڵاتدا زاڵ نین. هەڵبەت ئەرتەش و هێزە چەکدارەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامییش بە پشتبەستن بە ئەسڵی ١٤٧ی یاسای بنەڕەتیی وڵات کە ئیزنی چالاکیی ئابووری و وەبەرهێنانیان پێ دەدا، هاوتەریبی سپا لە هەموو کەرتەکاندا شوێنپێیان دەبیندرێ و نەک هەر جێگایان بە کەرتی تایبەت و کەرتی دەوڵەتی تەنگ کردووە، بەڵکوو هەناسەشیان لێ بڕیون.
سپای پاسداران کە لە شەڕی ئێران و عێراقدا بە قاچاغ مامەڵەی چەكو چۆڵیان لەگەڵ وڵاتان دەكرد، پاش تەواوبوونی شەڕ لەژێر ناوی ئاوەدانکردنەوەدا بەرەبەرە هەموو جومگەکانی ئابووریی وڵاتی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، وەک بەشەکانی پێشەسازیی سەربازی و غەیرە سەربازی، بانکداری، نەوت، بیناسازی، ڕێگاوبان، گواستنەوە، دەرمان و… .
بەرچاوترین شوێنی سیاسی کە سپا لە ماوەی ئەم ساڵانەدا پەلی بۆ هاویشتووە، یەکەم کۆنتڕۆڵی ناڕەزایەتی و سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و هەروەها مودیرییەتی هەڵبژاردنەکانی نێوخۆی وڵات بووە کە ئاکامەکەی هاتنە سەر کاری ئەحمەدینژاد بۆ دوو خولی سەرکۆماری و بەدەستەوەگرتنی جڵەوی زۆر لە وەزارەتەکان لەلایەن سپاەوە بوو. ئەمجارەش بە هێنانە سەر کاری ڕەئیسی توانیویەتی بەڕێوەبردنی زۆر لە وەزارەت و جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەتیی وڵات بخاتە پاوانی خۆیەوە. لە ئێستاشدا دەوڵەتی ڕەئیسی کە خۆی بە قەرزباری دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم دەزانێ، هەوڵ دەدا پتر دەستی دەسەڵاتی سێبەر لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا ئاوەڵا بکا. هاوکات یەکدەستبوونی پتری دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران کێشەی دەسەڵاتی سێبەریشی لەو وڵاتەدا چارەسەر کردووە و ئەوەش لە دیاریکردنی بەرپرسی ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام وەک جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار و ئەندامەکانی دیکەی کابینەی ڕەئیسیدا بە تەواوی بەدی دەکرێ.