تالیبان وەک بزووتنەوەیەکی ئیدۆلۆژیک لەسەر ئەساسی بناژۆخوازیی ئیسلامی و بەپێی ڕێساکانی دیوبەندی و دابونەریتی پەشتوونی داڕێژراوە. تالیبان لە ماوەی ژیان و دەسەڵاتیدا بەهۆی کوشتنی خەڵکی سڤیل، کردەوەی تیرۆریستی و سیاسەتی تۆقاندن و جێبەجێکردنی یاساگەلی دواکەوتووانەی ناتەبا لەگەڵ ڕوح و عەقڵییەتی سەردەم، بە گرووپێکی بێزراو ناسراون. ئەم گرووپە لە ساڵانی ١٩٦٦-٢٠٠١ لە بەشێک لە ئەفغانستان دەسەڵاتدار بوون، بەڵام دواتر لە سۆنگەی هێرشی ئەمریکاوە بۆ سەر ئەم وڵاتە شکان. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٦ـ ز جارێکی دی دەستیان بە چالاکی کردەوە و لەگەڵ حکوومەتی ئەفغانستان و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان شەڕی چەکدارییان دەست پێ کرد. ئەوان ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دی دوای دانوستانێکی زۆر لە دۆحەی قەتەر ڕێککەوتنێکی سیاسییان ئیمزا کرد کە وێڕای هۆکارە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی دیکە گەڕانەوەی ئەوان بۆ شانۆی دەسەڵاتی ئەفغانستانی لێ کەوتەوە.
هۆکارە نێوخۆیییەکان:
ئەفغانستان وڵاتێکی شاخاوی و سەختە. ئەگەر تیۆرییەکەی هانتیگتن لەمەڕ پەیوەندی و کاریگەریی ژینگە و مرۆڤ بە بنەما وەرگرین، دەکرێ ڕەوشت و توندڕۆیی لەنێو ئەفغانەکان بۆ ئەو بنەمایە بگەڕێتەوە. چونکی لەبەر جوغرافیای ڕژد و سەختی نەتوانراوە وەک پێویست خزمەتگوزاری، پەروەردە و بارهێنان و شارستانییەت بگاتە هەموو شوێنەکان و بەوەش ئاستی خوێندەواری و تێگەیشتوویی لەو وڵاتە نزم و ناسەقامگیر بووە. هاوکات سیستمی خێڵەکی کە ناتەبا لەگەڵ یاسا و ڕێسا دێموکراتیکەکانی چاخی نوێیە، بەدرێژایی مێژووی گەلی ئەفغان لەم وڵاتەدا کاری پێ کراوە و ئەوەش بەستێنی بۆ سەرهەڵدانی تالیبان ڕەخساندووە.
لە لایەکی دی هێزی مرۆیی ئێستای گەلی ئەفغان سەتا ٧٠ی لاوە و ناسیارییەکی ئەوتۆیان بە نیسبەت مۆدێلی دەسەڵاتی تالیبانیزم نییە. نیزامی گەندەڵ و ناکارامە و نادێموکراتی ئەفغانستانی نوێ لە دوو دەیەی ڕابردوودا یارمەتیدەری سەرکەوتنی تالیبان بوون.
هۆکارە دەرەکییەکان:
لە ئاستی دەرەکیشدا سێ فاکتەری داعش-ئەلقاعیدە، ئێران-شیعەییزم و ڕێگای ئاوریشمی چینییەکان هۆکار بوون بۆ گەڕانەوەی تاڵیبان.
ئەمریکا، ئورووپا و وڵاتانی هاوپەیمانی عەرەبی ناوچە لایان وایە بۆ نەهێشتنی بیری داعشیزم بە هەموو لقەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرێ چاوی هیوایان ڕوو لە تالیبان بێ کە وەک ئالتێرناتیڤێکی دەستەمۆ کەڵکی لێ وەرگرن و تێرۆریزمی ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لانیکەم لە کورتماوەدا خاو بکەنەوە. هەروەها ئەو وزە و کاتەی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ داعشیزم بەکاری دێنن، بتوانن لە بەرەی دەستەمۆکردنی ئێراندا بەکاری بێنن. هاوکات وەک دەوڵەتێکی سووننە مەزهەب بیکەنە هاوبەشی پڕۆژەی خۆیان دژی پڕۆژەی هیلالی شیعە و شیعەییزمی کۆماری ئیسلامی، تا بەمجۆرە ئەو شەڕەی ڕێژیمی ئێران بۆ تەناهیی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دەیکا، بیخەنەوە کۆشی خۆی و دواجار لەسەر مێزی دانوستان ئێران ناچار بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتومی و مووشەکییەکەی بکەن.
فاکتەرێکی دیکە لەو پێوەندییدا زۆرتر پەیوەندیی بە شەڕی نەرمی ئەمەریکا _ چین لە بواری ئابووری و تێکنۆلۆژییەوە هەیە .لە ئەساسدا پاش دەرکەوتنی چین وەک زلهێزێکی ئابووری- تێکنۆلۆژی لە ئاستی نێودەوڵەتی و بەربەرەکانی کردن لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕێگای ئامێرە پیشەیی، نیزامی و تێکنۆلۆژییەکانی، پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشەمی چینییەکان هاتە گۆڕێ کە لە ئێستادا وەک ڕەگێکی حەیاتی لە وڵاتی ئەفغانستانە و کاری لەسەر دەکرێ تاکوو سێ قاڕەی جیهان لە ڕێگای ئاوریشەمەوە بە چین ببەستێتەوە. هەروەها لەم ڕێگایەوە مەیدانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ڕەهەندی ژیئۆکالچێر، ژیئۆسیاسی و ژیئۆپۆلێتیکەوە بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی چۆل بکا و ئابووریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بگرێتە دەست. لە بەرەی ئەولا و لە ژوورە فکرییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی ڕادەستکردنی ئەفغانستان بە تالیبان وەک ڕێگەچارەیەک بۆ پێشگرتن بەم هێژمۆنییەی وڵاتی چین لێک دراوەتەوە، تاکوو نەهێڵن چین بە خەونە دێرینەکەی بگا .چونکی بە سەرگرتنی ئەم پڕۆژەیە وڵاتی چین تەنیا لە ڕەهەندی ئابوورییەوە نا ، بگرە شارەستانییەت و کولتووری چینیش هاوردە دەکا و هاوپەیمانانی چین (ئێران) بەهێزتر دەبن کە کۆنتڕۆڵ کردن و تێکشاندنی بە سەرگرتنی ئەم پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشم، ئەستەم دەبێ.
لە کۆتاییدا تاڵیبان بە هۆکاری نێوخۆیی و دەرکی کە سەرکەوت و ئێستا کۆنتڕۆڵی جوغرافیای ئەفغانستان و گەلانی ئەم وڵاتە دەکا، بەڵام ئەوەی ڕوونە شارستانییەت، دێموکراسی و مەدەنییەت لەسەر بنەچە و بنەوانی هزری تالیبانیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین تووشی مەترسی و ئالێنگاری هاتوون و مرۆڤایەتی لەگەڵ گەردەلوولێکی گەورەی ئینسانی بەرەوڕوویە. چۆنکی هەر ئێستا هەموو ڕەوت و لایەنەکانی فێندەمێنتاڵی ئیسلامی (سوننە) لە وڵاتانی ناوچە وەک سەرکەوتنی (دارالسلام) بەسەر (دارالکفر) وێنای دەکەن و گڕوتینێکی بێوێنەیان بۆ چالاکی و جموجۆلی توندئاژۆیانە تێکەوتووە.
ئەوەی لەم ساتە پڕ هەستیارەدا پێویستە زیاتر وریا بێت گەلی کورد و بزووتنە مافویست و نەتەوەخوازەکەیەتی، چۆن ئەم گرووپ و تاقمە فێندەمێنتاڵانە وەک داردەستی وڵاتانی زاڵ بە سەر کورد بۆ تێکدانی ڕۆح و زێهنییەتی دێموکراسیخوازی، ئازادی، تۆڵێرانس و پۆلۆڕالیزم لە کوردستان ڕۆڵ دەگێڕن و هەوڵی بە لاڕێدابردنی شوناسی ئاشتیخوازی، نەتەوەخوازی و نیشتمانپەروەریی گەلی کورد و بزووتنەوەکەی دەدەن.