بە دوای ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەت و وڵاتە هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئورووپا لە دەیەی ٩٠ی سەدەی ڕابردوو، بەرەی چەپ و عەداڵەتخوازی سۆسیالیستی لە ئاستی جیهاندا تووشی قەیران و شکستێکی مێژوویی بەڵام کاتیی هات. ئەم ڕەوته بوو به هۆی سەرهەڵدانی جیهانێکی یەک جەمسەری و چۆپیکێشانی بەرەی ڕاست و، گۆڕانی قیبلەی تەنانەت بەشێک لەوانەی خۆیان به چەپ دەزانی بەرەو واشنگتۆن و، هێنانەگۆڕێی ئەم بیرۆکەیە کە تەنیا به یارمەتیی ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی دەکرێ کورد له بەشه دابەشکراوەکانی نیشتمانەکەی له ئاوات و ئامانجەکانی نزیک بێتەوە.
ڕووداوەکانی عێڕاق، ڕووخانی حکوومەتی سەدام و، دامەزرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم بیرۆکەیەی بەهێزتر کرد، بەڵام مخابن له درێژخایەندا ڕوو له واشنگتۆن کردن ئاکامێکی وەهای بۆ کورد به گشتی نەبوو. پەیتا پەیتا سەهۆڵی هیوابەستن بە ئەمریکا و ڕۆژاوا لای زۆربەی ئەوانەی بەوان هیوادار بوون، لە ئاکامی پشتیوانینەکردنی ئەمریکا و ئورووپا لە سەربەخۆیی باشوری کوردستان، پشتکردنیان له کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕێگەدان بە تورکیە بۆ داگیرکردنی عەفرین و بەشێک لە خاکی ڕۆژئاوا، هەروەها بێدەنگییان لەبەرامبەر تاوان و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران بەرامبەر به کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کارەساتگەلی وەکوو مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات، تێرۆری کادر و ئەندامانی حیزبه کوردستانییەکان و بەهیند نەگرتنی کێشەی کورد لەو بەشەی کوردستان، توایەوە.
سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان که پشتی به پشتیوانیی ئەمریکا گەرم بوو، پێیوابوو بەپێی پێوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ڕۆڵی قارەمانەی پێشمەرگه له تێکشکاندنی داعشدا، ئەوان پشتیوانی له ڕەوتی سەربەخۆیی کورد دەکەن. هیوایەک که تەبایی لەگەڵ سیاسەتی ژئۆپۆلیتیکی ئەو وڵاتانە نەبوو و، لەدەستدانی پتر لە سەتا ٥٠ی خاکی باشووری کوردستان و بە تایبەتی شاری ستراتێژیکی کەرکووکی لێ کەوتەوە.
کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش وێرای نەخشی بێوێنەیان لە ڕەوتی تێکشکاندنی داعش و خوڵقاندنی حەماسەگەلی گەورە له کۆبانییەوە هەتا ڕەقە، هەمبەر به هێرشی دڕندانەی سپای داگیرکەری تورکیە بێپشتیوان مانەوە؛ شار و گوندەکانی ئەو بەشەی کوردستان به دەست سپای تورک و هێزی بەکرێگیراوی سووریە تاڵان کران و، وێرای سووکایەتیکران به ژن و منداڵی کورد، لە مەدرەسەکانی بەشە داگیرکراوەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، ئالای تورکیە هەڵکرا و ڕۆڵەی کورد ناچار به خوێندنی وانه به زمانی تورکی کرا. لەم نێوەدا بۆ سەرۆککۆماری ئەوکاتەی ئەمریکا واته ترامپ تەنیا بەرگری له چاڵه نەوتەکان گرینگ بوو و شەڕی کورد و تورک وەکوو کایەیەکی منداڵانەی مێژوویی و درێژخایەن سەیر کرا.
ئەم ڕۆژانەش شایەتی دووبارەبوونەوەی ڕووداوە تاڵەکانی ئەفغانستان پاش پشتچۆڵکردنی خەڵکی ئەو وڵاتە لە لایەن ئەمریکا و وڵاته هاوپەیمانەکان و ساتوسەودایان لەگەڵ تاڵبانین. تاڵبان شار بە شار و گوند به گوندی ئەم وڵاته دەگرێ، ڕوحم به گەورە و بچووک ناکا، هەرکەسی وەدەست دەکەوێ بەپێی بیرۆکەی کۆنەپەرستانە و دواکەوتووانەی ئایینیی خۆی قەتڵوعامی دەکا. ئەم ڕووداوانە دەیسەلمێنن پشتبەستن به پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، خەیاڵێکی چەوت و خاوە و، ئاکامێکی ئەرێنی لێ ناکەوێتەوە. هێزی نیوخۆیی کاتێک لە کاتی دەسەڵاتداریی خۆیدا نەتوانێ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە تەواوی بوارەکانی کۆمەڵگە پێکبهێنێ؛ ئاسایش، دێموکراسی، دادپەروەری و خۆشبژیویی دابین بکا؛ کاتێک نەتوانێ پێش به گەندەڵی بگرێ و سیستمێکی ئەمڕۆیی بە دوور له کاریگەری سەرۆک خێڵە حیزبی و ناحیزبییەکان و بیروهزری وەدواکەوتووی عەشیرەیی دابین بکا؛ کاتێک نەتوانێ ئایین و شەریعەت له دەوڵەت و سیستمی پەروەردە جیا بکاتەوە؛ کاتێک نەتوانێ یەکسانیی ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا دابین بکا و کەلێنی چینایەتی کەم بکاتە و سەرمایەی ئەو وڵاتە بۆ چاکسازی و گەشەسەندنی باری ئابووری و فەرهەنگیی وڵاتەکەی تەرخان بکا؛ کاتێک داهات و سەرمایەی وڵاتەکەی نەک بۆ خزمەتی پەرەپێدانی کار و پیشەسازی، دروستکردنی فابریک و ڕێگای هاتوچۆ، بیمەی گشتی و مافی بێکاری بەڵکوو بۆ خزمەتی ئەوانە بێ کە به هۆی دەسەڵاتداری، خەریکی ڕاووڕووتن و گیرفانی خۆیان و حیسابە بانکییەکانیان له دەرەوەی وڵات پڕ دەکەن و خوێنی هەزاران هەزار گیانبەختکردووی ڕێگای ئازادی و سەربەستیی وڵاتەکەیان به ڕاحەتی بەفیڕۆ دەدەن و چارەنووسی وڵاتەکەیان به بڕیاری دەوڵەتەکانی ئەمریکا، ئورووپا، هەروەها دراوسێیەکانیان گرێ دەدەن، هەر ئەوەیان بەسەر دێ، کە بەسەر دەوڵەتی ئەفغانستان هات.
هیچ کاتێک بۆ فێربوون له ڕووداوەکانی مێژوو درەنگ نییە. ھێگێل فیلسووفی ئاڵمانی دەڵێ: “تا ئێستا ھیچ کەس، ھیج کات شتێک لە مێژوو فێر نەبووە”. ئەمە ڕاستە، بەڵام ئەوە لەم ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە مێژوو مرۆڤ فێری چەند وانەیەکی بەکەلک و ژیرانە دەکا و پێویستە ئینسان لە مێژوو دەرس وەر بگرێ، ئەنجامە بەکەلکەکانی هەڵێنجێ و بەلانی کەم ھەڵەی پێشینیان دووپات نەکاتەوە. لێرەدا ئیدی خەتاکە نەک بۆ دەرسەکانی مێژوو، بەڵکوو بۆ نەبوونی بڕشت و لێهاتوویی بۆ فێربوونی ئەم وانانە دەگەڕێتەوە.”(١)
***
١) تاریخ کردستان، مؤلفان لازایف، محوی و دیگران. نتیجەگیری ص ٣٠٨ ترجمە منصور صدقی و کامران امین آوە، چاپ اول ٢٠٠٧ ، آلمان