(پوختەی قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزب لە کۆڕیادی نەمر جەلیل گادانیدا)
هاوڕێیانی خۆشەویست!
کادرەکان، ئەندامان و پێشمەرگەکان و
هەروەها بنەماڵەی بەڕێزی کاک جەلیل گادانی!
ئەوڕۆ کۆبووینەتەوە بۆ یادی یەکساڵەی کاک جەلیل گادانی. ساڵی پار کاتێک ڕێبەریی حیزب بە ڕاگەیەندراوێک هەواڵی کۆچی دوایی کاک جەلیلی ڕاگەیاند، دەقیقەن ئەو وەختیش گوتی کە ئێمە ئارەزوومان دەکرد لە هەنگاوی یەکەمدا، کاک جەلیل تەمەنی درێژتر بوایە و ئەو ڕۆژەمان نەدیتبا. ڕاستە مەرگ سروشتییە، بەڵام مەرگی کاک جەلیل لەو مەرگانەیە کە زۆر قسە هەڵدەگرێ. بۆ؟ چونکی کاک جەلیل لە تەمەنی ١٣-١٢ ساڵیەوە لەگەڵ حیزبی دێموکرات بووە. بۆیە بەسەرهاتی کاک جەلیل بۆخۆی بە جۆرێک ئاوێنەیەکی گچکەی مێژووی حیزبی دێموکراتە و هەڵی دەگرت ئێمە توانیبامان ڕێوڕەسمێکی بەربەرین، بە بەشداریی بەشێکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب، هەروەها دۆستانی کاک جەلیل پێک بێنین. بەداخەوە ئەو قەولە کە ساڵی پار دامان، تەبیعەتەن بەهۆی دۆخی کۆڕۆنا و لەبەرچاوگرتنی هێندێک فاکتەری ئەمنییەتی، دیسان ئەو ساڵێش بەوجۆرە بۆمان جێبەجێ نەبوو. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەوانە دەفتەری سیاسیی حیزب بڕیاری دا کە دەبێ کۆبوونەوەیەکی خۆماڵیمان هەبێ و لەو کۆبوونەوەیەدا یادی کاک جەلیل بکەینەوە.
قسە لەسەر کەسایەتیی کاک جەلیل زۆر هەڵدەگرێ، کەسێک کە پتر لە حەوت دەیە لە تەمەنی ٨٧ ساڵەی خۆی لە خەبات و تێکۆشاندا بووبێ، لاپەرەیەکی یەکجار زۆری هەیە کە ئەو لاپەڕانە لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە بۆ هەڵدانەوە دەبن. ئێمە قسە لەسەر کەسێک دەکەین کە لە ١٣-١٢ ساڵی و لە لووتکەدا ڕێبازی خۆی دیاری کرد. لووتکەکە چی بوو! کۆماری کوردستان بوو کە تازە دامەزرابوو. حکوومەتی کوردی بوو، دامەزراوەی حکوومەتی کوردی بوو. سەرۆککۆماری هەبوو، ئەنجومەنی وەزیرانی هەبوو. بە دنیایەک هیوا و ئومێدەوە لەنێو خەڵکدا بەرەو ئەوە دەڕۆیشت، کە ئەو کۆمارە بنەمایەکی بەهێزی دامەزراوەیی بۆ کوردایەتی وەدی بێنێ. کاک جەلیل لەو کەشوهەوایەدا هاتە نێو کوردایەتی. کاک جەلیل بە ئێحساسی “سرودی ئەی ڕەقیب” بە گەورەیی سەرۆککۆمار پێشەوا قازی محەممەد، بە تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات، لەو کەشوهەوایەدا ئەو بنەمایە تەسویرێکی لە مێشکی کاک جەلیلدا دروست کرد کە ئەو تەسویرە، هەتا ڕۆژی مەرگی لە هەموو ئاسار و شوێنەواری ژیانیدا پێیەوە دیار بوو، بە واتایەکی دی کاریگەریی ئەو دورانە لەسەر کاک جەلیل زۆر بەهێز بوو.
کەسێک کە حیزبی دێموکراتی نەدیبێ و کاری لەنێودا نەکردبێ، ئەگەر چاو لە مێژوو و خەبات و تێکۆشانی ڕێبەرانی ئەو حیزبە، دوای پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو، دوکتور شەڕەفکەندی و کەساییەتیەکانی دیکە بکا، دەزانێ کە مێژووی ئەو حیزبە چ بووە. بەڵام بە حوکمی تەمەنی دوورودرێژی کاک جەلیل ئەو لەو بوارەدا زۆری پێ بوو. ئەو لە تەمەنی لاوییەوە فێری کوردایەتیی بوو، و باشیش فێر بوو. چونکی هەموو جارێ کە گوێم دەدا بە وتووێژەکانی کاک جەلیل کە باسی کۆماری کوردستانی دەکرد، هێندە بە عەلاقە و بەخۆشی و هێندە بە حزووری زێهنێکی چالاک، هێندە بە ئاوات و ئارەزوو دەیگێڕایەوە هەر شیرین بوو گوێت لێ بێ و لێی فێر بیت. ئەو لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانیدا خۆی نەدەکرد بە قارەمان، بەڵام هەوڵی دەدا ڕۆڵی قارەمان بدا بە زۆرێک لە هاوڕێیانەی کە لە ژیانی حیزبایەتیدا کاریان لەگەڵ کردووە؛ بەتایبەت کە باسی ڕێبەرانی شەهیدی دەکرد، یان ئەو کادرانەی کە لە کاروباری حیزبایەتیدا زۆر هەڵسووڕاون.
خەبات و تێکۆشانی کاک جەلیل ئەگەر بڵێم لە لوتکەوە دەستی پێ کرد، دوای هەوراز و نشێوەکانی ژیانی حیزبی دێموکرات بەردوام لەگەڵی هاتووە، لە زیندان، لە دەربەدەری، لە باشووری کوردستان و لە بواری تەشکیلاتی و لە بواری بەدواداچوون و لە بواری مێژوویی و لە بواری نووسین و لە بواری کار و لە هەموو بوارێکدا، بەشێکی زۆر لە ئێوە زۆر لە من باشتری پێ دەزانن. تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی شۆڕشگێڕ زۆربەیان پێکەوە لە کاک جەلیلدا کۆ ببوونەوە. ئەو کەسێکی بە پوشتکار و ماندوویینەناس بوو، لەوانە گرینگتر هەتا خودا حەز دەکا کەسێکی خاکی و خۆماڵی و بێئیدعا بوو. کاک جەلیل بە لوتکەی بەرزی حیزبایەتی گەیشت. لە ئەندامی ڕێبەری و دەفتەری سیاسی و هەتا دەورانێک سکرتێری حیزبی دێموکرات بوو، بەڵام لە هەستان و دانیشتنی ڕۆژانەدا هەرگیز ئەوانە نەدەبوو بە هۆی ئەوەی کە بە تەبیعەتی مەوقەعییەتی تەعامول لەگەڵ دەورووبەری بکا. ئەو هەروا ئینسانێکی سادە و خاکی بوو. نوقتەی بەقوەتی کاک جەلیل، هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیی بوو. چۆنیەتیی ڕەعایتکردن و ڕەچاوکردنی بارودۆخی خەڵک، لەگەڵ هاوڕێیاندا بوون، لەگەڵ بنەماڵەکان و لەگەڵ ماڵ و منداڵ و لەگەڵ هەموویان و لە ڕۆژە خۆش و ناخۆشەکاندا مانەوە لەگەڵیان. کاک جەلیل بۆ ئەوە نموونەیەکی زۆر بەرز بوو. دەبا زۆر شتی لێ فێربووباین و ئێستاش سەرمەشقێکە کە دەبێ زۆر شتی لێ فێر بین.
کاک جەلیل لە کاروباری حیزبایەتیدا زۆر ماندوویینەناس بوو. هەتا دەهاتە لای خۆم، یان من بە خزمەتی دەگەیشتم قسەکانی هەرگیز نسیحەت نەبوو، بەڵکوو هاندەر بوو بۆ ئەوەی کە ئینسان چەندە تێ بکۆشی و کار بکا. ئەرێ ئەو کارەتان بۆ نەکردووە؟ ئەوەتان بۆ لەبیر چووە؟ ئەوەتان بۆ نەکرد؟ بۆ لە فڵان شوێن نەبووم؟ بە نیسبەت فڵان شت چیتان کرد؟ هەمیشە گوزارشی لێت دەویستەوە. بەڵام کە گوزارشتی لێت دەویستەوە نەک وەکوو کەسێک کە ڕێبەرە و تۆ دەبێ گوزارشتی پێ بدیەوە، وەکوو کەسێک کە ئەزموون و ژیان و ڕابردووی لە حیزبی دێموکرات هەبوو، دەیزانی ئەو حیزبە بە چی پێ گەیشتووە هەتا ئێرە. دەیزانی ئەو حیزبە چەندە خەڵکی لەگەڵدایە و، دەیزانی بۆ ئەوەی کە ئەو حیزبە باش بچێتە پێشێ دەبێ لێپرسینەوە لەنێو ئەو حیزبەدا پەرە بستێنێ. ئەو بەرامبەر بە ڕابردووی ئەو حیزبە، هەستی بەرپرسیاییەتی دەکرد و بۆ داهاتووەکەی بەخەم بوو.
کاک جەلیل ئەگەر دەهاتە کار و بەرپرساییەتی، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا، دڵنیام ئەگەر هەر کارێکمان پێ سپاردبوایە نەیدەگوت نا. هێندە لەو بابەتەوە ئامادە بوو بۆ حیزبەکەی بەرپرسایەتیی بە دەستەوە بگرێ. زۆرجار لە کۆنفڕانسەکان و کۆبوونەوەکان و کۆنگرەکاندا کە دێتە سەر باسی کار، کێ کار دەکا، کێ کار وەرناگرێ، کێ چ کارێک دەکا، لەو بوارەدا ئەگەر مەوزووعێک دەهاتە گۆڕێ، دەیگوت جا کاکە گیان ئەگەر ئێوە نەیکەن من بۆخۆم دەیکەم. ئەوەی کە دەیگوت بۆ خۆم دەیکەم لەو تەمەنەدا، ئەرکی سەرشانی بۆ ئێمە دروست دەکرد و، ئەوە پەیامێکی زۆر باش بوو. ئەوە زۆر باش بوو کەسێکی وامان بە دەورەوە بوو کە لەو تەمەنەدا لەجیاتی بۆڵەبۆڵ هەمیشە هانت دەدا. ئەو لەپێناو ئامانجەکانی و ئامانجی حیزبەکەیدا، هەمیشە حازر بە کار بوو.
کاک جەلیل هەروەک ئاماژەم پێ کرد، لە لوتکەوە دەستی پێ کرد. لە لوتکەی تەمەنی تێکۆشانی خۆشیدا تەواوی کرد. کاک جەلیل لە دەورانێکدا کۆچی دوایی کرد و ڕیزەکانی ئێمەی بەجێ هێشت، لوتکەی شعووری کوردایەتیی لە کوردستانی ئێران، لوتکەی گەشەی سیاسی و هەروەها ڕادەی ڕێبوارانی حیزبی دێموکرات و ڕێگاکەی کاک جەلیل هەزاران و هەزاران و هەزارانە. جا ئەگەر وایە کار و تێکۆشانی کاک جەلیل و هاوڕێیانی، لە حیزبی دێموکراتدا، بەهرە و نەتیجەی داوە، خەڵکێکی زۆریان پەروردە کردووە، ئەوە یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی بەشێکی زۆر لە ڕێبەرانی شەهیدی ئێمە و، کەسایەتیی ڕێبەرانمان وەک کاک جەلیل و ئەو کەساتییانەیە کە ئێستا لەنێوماندا و لە حاڵی حەیاتدان.
ئەگەر کاک جەلیل لە مەهاباد و لە کۆماری کوردستان دەستی پێ کرد، کە دەسەڵاتەکەی و ڕادەی وشیاری و کوردایەتییەکە بە هەر هۆیەک بوو بەرتەسک و سنووردار بە ناوچەیەک بوو، کاک جەلیل لە کاتێکدا ماڵئاوایی لێ کردین کە هەست و ئێحساسی کوردایەتی و شعووری کوردایەتی و بەدواداچوون لەپێناو مافەکانماندا، هەموو شوێنەکانی کوردستانی ئێران هەتا خوارەوەی ئیلامی گرتۆتەوە. ئەوەش نەتیجەی کار و خەبات و تێکۆشانی کاک جەلیل و هاوڕێکانیەتی.
لە کۆتاییدا یادی کاک جەلیل هەر بەرز و پیرۆز بێ، ڕووحی شاد بێ، جێگای خۆیەتی بەو بۆنەیەوە، چون زۆر جار کاک جەلیل، لەگەڵ من دادەنیشت، من لە خزمەتیدا بووم و لێم دەپرسی، زۆر بە عەلاقەوە ناوی زۆر کەسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێنا کە هاوتەمەنی خۆی بوون یان تەمەنیان بڕێک کەمتر بوون دەیگوت:” “کاکە گیان لێیان بپرسنەوە”. ئەوانە بە قەولی کاک جەلیل سەربازە گومناوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانن، لەنێوخۆی وڵات کە بەشێک لەوانە، ئیمکانی ئەوەیان بۆ نەڕەخسا کە حیزبی دێموکرات لە کۆڕوکۆبوونەوەیەکدا قەدردانییان لێ بکا. بۆیە کاک جەلیل یادت بەخێر، هەتا لەگەڵمان دادنیشتی هەمیشە پێت دەگوتین، تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵات بەشێک لەو کادر و ئەندامانە کە لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە هەتا ئێستا زەحمەتیان کێشاوە، لێرە نین و بوونیان نیە لەبیرتان نەچێتەوە. هەوڵ دەدین ئەوانمان لەبیر نەچێتەوە و، تۆشمان لەبیر ناچێتەوە.