نهێنیی بزربوونی ڕێبەرانی سەربازیی ئەفغانستان
پۆلیتیکۆ – د. جاناتان شرۆدەن
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
بە تێکڕمانی خێرای دەوڵەتی پشتیوانیکراو لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە لە ئەفغانستان، پێویستە زۆر پرسیار جواب بدرێنەوە. یەکێک لە پرسیارە سەرکەییەکان ئەوەیە کە بۆچی کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان بەردەوام داوایان لە ڕێبەرانی ئەفغانستان دەکرد کە ڕابن، کاتێک دەیانزانی کە بوونیان نییە.
لە کاتێکدا کە گوندەکان و پاشان شارەکانی ئەفغانستان یەک لە دوای یەکدا کەوتنە دەستی تاڵیبان، لێدوانە فەرمییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە دەوری تەوەرێکدا خولی دەخوارد: هێزە ئەمنییەتیەکانی ئەفغانستان سەرجەم خەڵک و کەرەستەی پێویستیان بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ تاڵیبان لەبەر دەستدایە و تەنیا شتێکی کە پێویستە ڕیبەرییە. سەرۆک کۆمار جۆ بایدن ئەوەی لە ناوەڕاستی جولایەوە گوتووە. هەر حەوتووی ڕابردوو بوو کە دووپاتی کردەوە:
“بڕوانە، ئێمە زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلارمان لە ٢٠ ساڵی ڕابردوو دا سەرف کردووە. ئێمە ڕاهێنانمان بە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس لە هێزی ئەفغانستان کردووە و بە کەرستەی پێشکەوتوو تەیارمان کردوون. ڕیبەرانی ئەفغان دەبێ یەک بگرن … ئەوان دەبێ بۆخۆیان، بۆ وڵاتەکەیان بجەنگن.”
دوای فەرماندەی گشتی، وەزارەتی بەرگریش هەمان ڕێچکەی دەلیل هێنانەوەی گرتە بەر. لە پێنتاگۆن لە هەشت چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیدا وتەبێژ، جان کربی، لە نێوان ١٢ی جولای تا ١٣ی ئاگوست، لەو چوارچێوەیەدا ٤٠ جار کەڵکی لە وشەی “ڕێبەریی” وەرگرت. لە هەمان مەودای کاتیدا، ژمارەی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی تاڵیبان لە ٢١٦ گەیشتنە ٢٦٥ و، ئەو گرووپە ٢٥ لە ٣٤ ناوەندی پارێزگایانی گرت، زۆربەیان بێ شەڕ.
لە ڕۆژی هەینی، ١٣ی ئاگوست، هەمان ڕۆژ کە شارەکانی هەرات و قەندهار کەوتنە دەستی تاڵیبان، کربی لە بارەی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەفغانستاندا گوتی:
“ئەوان کەرستەی پێشکەوتوویان هەن. ئەوان پێکهاتەی ڕێکخراوەییان هەن. ئەوان سوودی ڕاهێنانی ئێمە لە ٢٠ ساڵی رابردوویان هەیە. ئەوان کەلوپەل، باڵا دەستیی ڕاستەقینە وفیزیکییان هەیە؛ ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئەو باڵادەستییە بەکار بێنن … هەر وەک لە سەرەتادا گوتم، ئێمە دەمانهەوێ ویست و ڕێبەریی سیاسی، ڕێبەریی سەربازیی کە لە مەیداندا پێویستە نیشان بدەن.”
ڕۆژی دواتر، وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئامادەکاریی بۆ کەوتنی دوایین شاری گرینگی وڵات، دەستی کرد بە چۆل کردنی باڵوێزخانەکەی لە کابول.
کەوابوو ئەو ڕێبەرییەی کە کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەیانگوت کلیلەی وەستاندنی پێشوەچوونەکانی تاڵیبانن، لە کوێن؟ جوابەکەی ئەوەیە کە ئەوان لە گۆڕێ دا نەبوون. سەڵەهای ساڵ، فەرماندەکانی سوپای نەتەوەیی و پۆلیسی نەتەوەیی ئەفغانستان، یەکلاکەرەوەترین پێکهاتەکان بۆ ئاسایشی وڵات، لە ڕێبەریکردندا شکستیان هێنا، زۆر جار مووچە و سووتەمەنی هێزەکانیان دەدزی کە بۆ کاریگەر بوونی هێزەکانیان پێویست بوو و لەو دواییانەدا تەنانەت لە دابینکردنی خواردەمەنی هێزەکانیشیاندا ناسەرکەوتوو بوون.
جگە لەوە، دەوڵەتی وڵاتە یەکگرتووەکان دەیزانی و ئەو ڕاستییەی چەند ساڵ بوو بە ئاشکرا دەگوت. لە هەڵسانگاندنێکی ٢٠٠٨ لە بارەی جەنگ، پێنتاگۆن گوتی کە دەوڵەتی ئەفغانستان “لەبەر نەبوونی ڕێبەریی کاریگەر و سامانی مرۆڤیی … دەستەوەستانە.” بە خێرا دێینە ساڵی ٢٠٢٠، لە کاتی تازەترین هەڵسانگاندندا ددانی بەوە دانا کە “باشتر کردنی چۆنیەتی ڕێبەریی لە هەموو جمگەکاندا بەردەوام مەزنترین ئالنگاریی” هێزەکانی ئاسایشی وڵاتە.
ئەگەر وەزارەتی بەرگریی لە ٢٠٠٨ دەیزانی کە ئەفغانستان ڕێبەریی لاوازی هەیە، بۆچی ١٢ ساڵ دواتریش ئەوە سەرەکیترین گیروگرفت بوو؟ بۆچی ئێمە ئەو ڕێبەرانەمان دروست نەکردن کە بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر کەڵک لەو هێز و کەرەستانە وەرگرن کە ئەفغانستان ئەو هەمووەی هەبوون؟ جوابەکە لە شێوەی حاملامندی ڕێبەریی لەناو هێزە بیانییەکان لە لایەن وەزارەتی بەرگریی دایە، کە دوو هەڵەی هەن. یەکەم، سوپای ئەمریکا ڕێبەریی وەک لێهاتووییەک سەیر دەکا کە وەک هەواڵگریی و فەرماندەیی و کۆنترۆڵ دەچێ، بە پێچەوانەی تایبەتمەندییەکی نافیزیکیی مرۆڤ. دووهەم، سوپای وڵاتە یەکگرتووەکان ڕێبەریی وەک شتێک دەبینێ کە تاک بۆخۆی دەبێ لە ناو ئەندامانی سوپای وڵاتە هاوبەشەکاندا گەشەی پێ بدا، نەوەک شتێک کە دەکرێ لە ئاستی بەربڵاودا بە دروست کردنی دامەزراوان بەرهەم بێت. ئەگەر وڵاتە یەکگرتووەکان هەڵوێستێکی بەرانبەر بە گەشە کردنی ڕیبەریی گرتبا بەر تا ئەو گیروگرفتانەی نەهێشتبان، ناچار نەدەبوو لە دوا ساتەکاندا هاواری ڕێبەریی ئەفغانستان بکا کە لە گۆڕێدا نەبوون.
لە ٢٠١٦، من هەڵسەنگاندنێکی سەربەخۆم لەبارەی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەفغانستان بەڕێوە برد کە ئاماژەی بە ئاستەنگی یەکەم دەکرد. یەکێک لە سەرەکیترین پرسیارەکان کە ئاراستەمان کرد ئەوە بوو: کام بۆشاییانە هێشتا لە سوپا و پۆلیسی ئەم وڵاتەدا ماون؟ ئێمە بەو ئاکامە گەیشتین کە کاتێک ئەو پرسیارەمان لە کاربەدەستانی ئەمریکایی لە کابول دەکرد، وەڵامی ئەوان نزیکەی دەقاودەق ئەوە بوو، “ڕێبەریی.” بەڵام بە فەرمیی، لاوازیی ڕێبەریی “بۆشایی لێهاتوویی” نییە. وەزارەتی بەرگریی جیاوازیی لە نێوان توانایی سەربازیی، وەک پەروەردە، پارێزگاریی لە هێز و ڕاهێنان، و لێهاتوویی نافیزیکیی وەک ڕێبەریی دادەنا، کە ئەوە شتێکی تایبەتی تاکەکانە.
دووهەم گیروگرفت، توانایی بەرهەمهێنانی ڕێبەریی بە شێوەیەکی سیستەماتیک و لە قەبارەیەکی مەزندایە، لەو دواییانەدا لە لایەن توێژەری سیاسی ڕەیچڵ تەکۆت لە واشینگتۆن پۆستدا باسی کرا. وەک ئەو باسی کرد، هەڵوێستی دڵخوازی سوپای وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ ڕاوێژکاریی سوپا بیانییەکان جەخت لەسەر ڕاپۆرت دان، ڕێنوێنی کردن و ئامۆژگارییە. لە کاتێکدا کە جەخت کردن لەسەر حاملاندنی هەندێک کەسی تایبەتی، بووە هۆی بەرهەمهێنانی چەند تاکە ڕێبەری گەلێک باش، وەک ژەنڕاڵ سامی سادات، کە سەرۆک کۆماری پێشووی ئەفغانستان، ئەشرەف غەنی، پێش ڕاکردنی وەک بەرپرسی پارێزگاریی لە کابول دسنیشانی کرد، ئەو هەڵوێستە لە بەرهەمهێنانی ڕیبەر بە چۆنایەتییەکی باش و بە ڕادەی پێویست، کە سوپا و پۆلیسی ئەفغانستان بۆ داکۆکی لە وڵات پێویستیان پێبوو، شکستی هێنا.
بۆ ئەو مەبەستە، وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی دەبوو ددان بەوە دابنێن کە نەبوونی ڕێبەریی لە ناو هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەفغانستان “نێشانەیەک” بووە. هۆی ڕیشەیی ئەو کەمایەسییە نەبوونی دامەزراوەی کاریگەر بە پێی پێویست بووە، بە تایبەتی ئەوانی پێویستیان بە پەروەردە، ڕاهێنان و ئەندامگیریی و ئیدارەکردنی سامانی مرۆیی هەیە. ئەگەر ئێمە لەو دامەزراوانەدا وەبەرهێنانمان کردبا، سوپا و پۆلیس توانایی کۆکردنەوە، گەشە پێدان و ڕاگرتنی ڕێبەری باشیان دەبوو. بە داخەوە، هەر وەک بەڵگەی تەرخان کردنی بودجەی سوپا و هەڵسانگاندنی ناوخۆیی لە بارەی شەڕەکەدا ئاشکرای کردووە، هەوڵەکان بۆ گەشە پێدانی دامەزراوەی ئەوتۆ لە بەراورد لەگەڵ وەبەرهێنان لەسەر کەرەستەی فیزیکی وەک هێلیکۆپتەر و ئوتۆمبێلی سەربازیی گولـلەنەبڕ، پێشترێتییان پێ نەدراوە و سامانی پێویستیان بۆ دابین نەکراوە.
ئاکامی ئەوە لە کاتی هێرشی تاڵیبان چی بوو؟ ئاکامەکەی ئەوە بوو کە سوپا و پۆلیسی ئەفغانستان چەند دانە ڕێبەری باشیان هەبوو، بەڵام گەلێک کەمتر لەوە کە پێویست بوو. لە کاتێکدا کە کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان بەردەوام بوون لە باس لە تواناییەکانی ئەو هێزانە و داوایان لێ دەکردن کە ڕێبەریی بکەن، گیرو گرفتەکە ئەوە بوو کە ئەو شتە ڕووی نەدەدا. ئاواتی ئەو لەشکرە ڕێبەرە هەرگیز وەڕاستی نەگەڕا، چونکە جەختی لە ڕادەبەدەری ئەمریکاییەکان لەسەر توانایی فیزیکی و ئامۆژگاریی تاک بە تاک بەو مانایە بوو کە دامەزراوە پێویستەکان کە بتوانن ئەو ڕێبەرانە بەرهەم بێنن، قەت دروست نەکران. کاتێک وڵاتە یەکگرتووەکان خەریکی هەڵسەنگاندنی دوای ئەو شکستە بێ کە ئاخۆ کام شت بووە هۆی ئەم دۆخەی ئەفغانستان، دوو شتی سەرەکیی کە پێویستە ئاماژەیان پێ بکرێ ئەوەیە کە بۆچی هەرگیز ئەو کۆڕە ڕێبەرانە دروست نەکران کە لە مانگی ڕابردوودا داوایان لێ دەکرا بەرگریی و جەنگ بکەن، و بۆچی سەرەڕای ئەمە کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان، تا کۆتایی، پێیان وابوو هەیانن.