ئاماژە: ئەم وتووێژەم کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٧ بە مەبەستی وەرگرتنی زانیارییەکانی زیندەیاد کاک جەلیل گادانی لەبارەی جێگە وپێگەی سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، پێک هێناوە. وتووێژەکەم لە ١٢ی بەفرانباری ١٣٩٦دا بە ئیمزای کاک جەلیل گەیشتە دەست. دیارە لە کاتی خۆی و لەجێی خۆیدا سوودم لەو زانیارییانە وەرگرت و توێژینەوەکەی خۆم کە بۆ کۆنفرانسی یادی ١٠٠ ساڵەی دڵداری شاعیر ئامادەم کردبوو، پێ دەوڵەمەند کرد.
لە یەکساڵەی کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە خەباتکار و ماندوویی نەناسەدا، وەک پێزانین و ڕێزگرتن لە یادی کاک جەلیلی خۆشەویست بە باشم زانی وتووێژەکە لە “کوردستان”دا بڵاو بکەمەوە و بیخەمە بەرچاوی خوێنەران.
بەڕێز کاک جەلیل! لەگەڵ سڵاو و ڕێز! جەنابت شاهیدێکی عەینیی پێکهاتنی کۆماری کوردستان و خزمەتەکانی لە ماوەی تەمەنی کورتیدا بووی. بۆ توێژینەوەیەکی خۆم لە بارەی سروودی ئەی ڕەقیب –بۆ کۆنفرانسی یادی ١٠٠ ساڵەی دڵداری شاعیر کە زانکۆی کۆیە لە مانگەکانی یەکەمی ٢٠١٨دا بەڕێوەی دەبا– پێویستم بە هێندێک زانیاری هەیە. هیوادارم بەڕێزت بتوانی وڵامی پرسیارەکانم لە پێوەندی لەگەڵ ڕەوتی پەسندکرانی “ئەی ڕەقیب” وەک سروودی نەتەوەیی لەو کۆمارەدا، هەر وەها چۆنیەتیی بەکارهێنانی سروودەکە لە بۆنە و ڕێوڕەسمەکانی ئەو سەردەمدا بدەیەوە. پرسیارەکانم ئەمانەن:
بۆچی بەڕێوەبەرانی کۆمار، شێعری “ئەی ڕەقیب”ی دڵداریان وەک سروودی نەتەوەیی هەڵبژارد؟ ئایا لە کۆماردا شێعری دیکە و سروودی دیکەش مەترەح بوون کە بکرێن بە سروودی نەتەوەیی؟ چۆن بوو “ئەی ڕەقیب”یان سەرئەنجام کردە سروودی نەتەوەیی؟
بۆ ئاگاداریی ئێوەی بەڕێز لە زەمانی (ژ-ک)دا، سروودی “خوایە وەتەن ئاواکەی” زیاتر باو بوو، و لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەواندا دەخوێندرایەوە. بەڵام عەقڵی ئەو دەمی منداڵیی من بڕی نەدەکرد لەو شتانە بکۆڵمەوە. لاموایە چونکو پێویست بوو کوردایەتییەکە بەهێز بکرێ و ئەو شێعرەش کوردایەتیی تێدا بەهێزە، بۆیە هەڵبژێردراوە و کراوەتە سروود. ڕەنگە زۆریشی موناقەشە لەسەر کرابێ تا ساغ بوونەوە ئەوە بکەن بە سروودی نەتەوەیی. دیارە جگە لە سروودی “خوایە وەتەن ئاواکەی”، ” شاخی ڕەنگاوڕەنگی کوردان”یش وەک سروودی “نیشتمانم ڕەنگینە، بەهەشتی سەر زەمینە” زۆر لە ئارادا بوون، بەڵام “ئەی ڕەقیب” پەسند کراوە. دوور نییە دەوری “مامۆستا محەممەد تەوفیق وردی”، “بەکر حەوێزی” و “نووری ئەحمەد تەها”ش کە خەڵکی کۆیە بوون و لە مەهاباد دەژیان و مامۆستا و بەرپرس بوون کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی ئەو شێعرەش وەک سروود بووبێ.
ئەو بۆنە و ڕێوڕەسمانەی کۆماری کوردستان کە سروودی “ئەی ڕەقیب”یان تێدا پێشکەش دەکرا (سیاسی و دیپلۆماتیک، نیزامی، فەرهەنگی و هتد) کامانە بوون؟ سروودەکە هەر یەک کەس دەیخوێندەوە یا کۆرس پێشکەشی دەکرد؟ ئامادەبووان لە کاتی ئیجرای سروودەکەدا، چیان دەکرد؟ هەڵدەستانە سەر پێ؟
لە بۆنە ڕەسمییەکاندا بە کۆرس دەخوێندرایەوە و بەتایبەتی لە ڕێوڕەسمە گەورەکاندا دەگەڵ مۆسیقایەکی بەهێز دەخوێندرایەوە، لە مەدرەسەکان بەیانیان پێش چوونی نێو کلاس بە تێکڕایی دەنگی قوتابیان دەخوێندرایەوە، پاشان بەرەو کلاسەکان دەچوون. هەمووکات کە سروودی “ئەی ڕەقیب” دەستی پێ دەکرا، خەڵک هەڵدەستانە سەر پێ.
لە قوتابخانەکانی سەردەمی کۆماری کوردستاندا، ئایا هەموو ڕۆژێ سروودی ” ئەی ڕەقیب” لە لایەن قوتابیانەوە دەخوێندرایەوە؟ چ ڕێوشوێنێک لە کاتی خوێندنەوەی سروودی “ئەی ڕەقیب”دا بەڕێوە دەچوو؟ ئایا لەگەڵ مەراسمی هەڵکردنی ئاڵا، سروودی “ئەی ڕەقیب” دەخوێندرایەوە؟
لە سەرەتادا باو نەبوو لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێتەوە، بەڵام دواتر قوتابییەکان ڕاهێنران کە هەموو بەیانیان بە فەرمانی نازمی مەدرەسە و ژماردنی ١-٢-٣ بە تێکڕای دەنگی قوتابیان دەخوێندرایەوە، هەڵکردنی ئاڵای دەگەڵ نەبوو چونکو ئاڵا هەمووکات لەسەر بانی شوێنە حکوومی و مەکتەبەکان هەڵکرابوو، دەلەرییەوە.
هەیئەتەکانی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان، چەند جار سەردانی تەورێز و ئازەربایجانیان کردووە، هەروەها چەند جاریش هەیئەتی ئەوان هاتووە بۆ مەهاباد. ئایا لە کاتی دیداری هەیئەتەکاندا سروودی هەر دوو لا پێشکەش دەکرا؟ ڕێوڕەسمەکانی خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی هەر دوولا، چۆن و چی بوون؟
ئەوەی دیارە و نووسراوە دووسێ جار هەیئەتی ڕەسمیی حیزبی دێموکرات چوونەتە تەورێز، بەڵام لە هاتنی هەیئەتی ئازەربایجان بۆ مەهاباد ئاگادار نیم. ئەو چەند سەحنەی کە لە سەردانی لێژنەی حیزبی دێموکرات بۆ ئازەربایجان دەردەکەون و کەمێکی فیلم هەیە وێناچێ سروودی نەتەوەیی خوێندرابێتەوە، ئەگەر واش بووبێ من ئاگادار نیم، چونکو ئەوان لە بنەڕەتدا لەگەڵ پێکهاتنی کۆماری کوردستان موافق نەبوون، ڕەنگە سروودەکەشیان بۆ گرینگ نەبووبێ، سروودی ئەوانیشم نەبیستووە و لەبیرم نییە.
ئەو دەقەی “ئەی ڕەقیب” کە سەردەمی کۆماری کوردستان وەک سروودی نەتەوەیی پێشکەش دەکرا، لەگەڵ دەقی ئێستای ئەو سروودە، چ جیاوازییەکی هەبوو؟ وەک لەبیرت بێ ئەوکات کام بەیتی شێعری ئەی ڕەقیب دەخوێندرایەوە و ئێستا لە سروودەکەدا نییە؟ یا کام یەک لە وشەکان ئەوکات جۆرێکی دیکە بوون و ئێستا گۆڕانیان بە سەردا هاتووە؟
پێم شک نایە لە وشەدا شتێک گۆڕابێ، ئەوکات کە ئەو سروودەیان بە ئێمە ڕەوان دەکرد، هەر وەک ئێستا بوو بەڵام شێعری “ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین، دینمانە ئایینمانە نیشتمان”یشمان دەگەڵ دەکوت. ئێستا ئەو شێعرە زۆرجار ناخوێندرێتەوە.
کێ ئاهەنگی سروودی “ئەی ڕەقیب”ی دانا؟ وەک بزانی پێشتر سروودەکە ئاهەنگی تایبەت بە خۆی هەبوو و لەسەر هەمان ئاهەنگ، لە کۆماردا پێشکەش دەکرایەوە؟
ئەوەندەی ئەمن بزانم ئەو سروودە تا زەمانی کۆمار نەکراوەتە سروود [ئەو سەردەم لە مەهاباد] عەلی تابانی بەشی مۆسیقای لە تەورێز تەواو کردبوو، هەروەها “مەحموودی وەلیزادە” هەبوو کە لە بەشی کشتوکاڵدا خوێندبووی بەڵام ویلونیست بوو و دوایەش بوو بە وەزیری کشتوکاڵی کۆمار، جگە لەو دووانە “میرزا مینەی ڕەحیمی” باوکی چەکۆ (سەروان چەکۆ ڕەحیمی)، مستەفا جەننەتی، مەجید و هاشم و چەند کەسی دیکەش مۆسیقاژەنی هێزی پێشمەرگەبوون کە پێشتریش لە سپای ئێراندا ئەو کارەیان کردبوو. من بەش بە حاڵی خۆم فکرم بۆ دوو نەفەری هەوەڵ “عەلی تابانی” و “مەحموود وەلیزادە” دەچێ کە لە دانانی ئاهەنگەکەدا ڕۆڵیان بووبێ.
لە مەهابادی پێتەختی کۆمار، ڕادیۆ هەبوو. وەک بیستوومە چەند جارێکیش فیلم پێشان دراوە. ئایا لەو ڕادیۆیەی ئەوکاتدا، سروودی “ئەی ڕەقیب” پێشکەش دەکرا؟ ئەدی لە کاتی پێشاندرانی فیلم، یا لە کاتی بەڕێوەچوونی شانۆی “دایکی نیشتمان” سروودی ئەی ڕەقیب خوێندرایەوە؟
ڕادیۆ هەبوو، ڕۆژی کرانەوەکەشی لە ڕۆژنامەی “کوردستان”دا نووسراوە، ئێستا لەبیرم نییە لەو ڕادیۆیەدا جگە لە هێندێک وتاری سیاسی و جارجار ئایینی، هەموو جۆرە سروودی ئەو سەردەم دەخوێندرایەوە. ئەو ڕادیۆیە وەسڵ کرابوو بە چەند بڵیندگۆی گەورە، لە لای “شارەوانیی کۆن” و “مزگەوتی حاجی ئەحمەد”، لە “چوارچرا” لە نیزیک ماڵی پیشەوا، لە نیزیک “مزگەوتی هەباس ئاغا” واتە چوارڕای ئازادیی ئەمڕۆ. خەڵک بەتایبەتی ئێواران کە خەبەر بڵاو دەبووەوە لە لای ئەو بڵیندگۆیانە ڕادەوەستان و گوێیان لە خەبەران دەگرت، ڕادیۆیەکە بەرنامەی مۆسیقا و گۆرانی و سروودیشی هەبوو. مانگێ جارێک کۆڕی سروودی مەدرەسەکان بە نۆبە دەچوون لە ئێستگەی ڕادیۆ بەرنامەی سروود خوێندنەوەیان هەبوو، سروودی ” ئەی ڕەقیب” و زۆر سروودی دیکەش دەخوێندرایەوە. وەبیرم دێ چەند جارێک سینەمای سەییار بە ماشینێکی تایبەت دەهات لە “چوارچرا” یا لە حەساری دوخانیەی کە زۆر گەورە بوو فیلمیان نیشان دەدا. چەند جارێکیش تیمی شانۆی ئازەربایجان و یەک دووجاریش تیمی ئاکرۆباتبازانیان هاتن، هەر لەو حەوشە و لە حەوشەی دەبیرستان (کە دوایە بەینێک ماڵە شێخ ئەحمەدی بارزان، پاشانیش بوو بە شوێنی بنەماڵەی یەکەم فەرماندەی تیپ یا سوپا) بەرنامەیان بەڕێوە برد. بەڵام وەک لە ڕۆژنامەی کوردستاندا نووسراوە “جەعفەر کەریمی” ئیمتیازی دانانی سینەمای لە حەوشەی دوخانیە وەرگرتبوو و سینەمای دانابوو و لە ڕۆژنامەی”کوردستان”دا لە خەڵک دەعوەت کراوە بچن بۆ سینەما. پاشان جێگایەک هەر لە نزیک ئەو شوێنە دیاری کرا کە ساختومانی تایبەت بە سینەمای لێ دروست کەن، هێندێک چیمەنتۆ و شتی ئاواشی لێ ڕۆکرد بەڵام بەداخەوە دروست نەکرا و ئەرتەش هاتەوە. چەند ساڵ دواتر ئەو جێگایە بوو بە “سینەما ئومید”ی “کاک عومەر قازی” کە کونگرەی چواری تێدا گیرا. ئەوکات خوێندنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب لەو شوێنانە وەک سینەما و شانۆ باو نەبوو.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، لە کۆڕ و کۆبوونەوەی حیزبی، یا لە بەندیخانە، هیچ کات سروودی ” ئەی ڕەقیب “تان دەخوێندەوە؟ دەکرێ ئاماژە بەو بۆنە و حاڵەتانە بکەی کە دوای ڕووخانی کۆمار، سروودی “ئەی ڕەقیب”ی تێدا خوێندرابێتەوە و بۆ خۆشت تێیدا بەشدار بووبی؟
دوای ڕووخانی کۆمار نە لە کۆبوونەوەی حیزبی و نە لە بەندیخانە و بۆنەیەکدا ئەم سروودە نەدەخوێندرایەوە، بەڵام ڕادیۆیەکی سڕڕی هەبوو کە لە پێشدا “دوکتور سوڵتان وەتەمیشی” کە لەو کەسانە بوو بۆ خوێندن بەڕێ کرابوونە باکۆ و لە پێشداش “مامۆستا” بوو، هەروەها دواتر کە “حەسەن قزڵجی” و “کاک کەریم حیسامی” خەبەر و وتاریان لەسەر دەخوێندەوە هێندێک جار دایان دەنا و بە گوێ دەگەیشت، بەڵام پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، چەن جارێک لە تاران، [بە تایبەتی دوای] سەرکەوتنی شۆڕش پاش ئەوەی حیزب، ڕێکخراوەکانی لە شارە جوراوجورەکانی ڕۆژهەڵات ڕێکخستەوە و هێزی پێشمەرگە پێک هات و زیاتریش دوای شەڕی سێ مانگە، ئەو سروودە هاتەوە گۆڕێ، وای لێهات لە باکووری کوردستانیش بە زاراوەی کرمانجی کەوتە سەر زاران و لە یەکەم تەلەویزیۆن کە ئەوان دایاننا بە ناوی “میدیا تی وی”ـەوە خوێندرایەوە.
لەگەڵ ڕێز و سپاسی زۆرم بۆ هاوکاریت لەم پێوەندییەدا، تکایە هەر زانیارییەکی دیکە لە بارەی ڕۆڵی سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” لە کۆماری کوردستان و لە خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەتە و لەم پرسیارانەدا نەورووژێندراون، مەمنوون دەبم بۆم بنووسی و ئاماژەی پێ بکەی.
بۆ ئاگاداریی جەنابت چەند مانگ لەمەوبەر گڵکۆی دڵدار نۆژەن کرایەوە و، بە ڕێوڕەسمێک کرایەوە و شانازیی کردنەوەکەشیان بە من دا و [قسەشیان] بۆ دانابووم. ئەگەر بچی لە قەڵای کۆیە سەری بدەی و سروودەکەش وەک خۆی نووسراوەتەوە و دەفتەری یادبوودیشی بۆ داندرابوو، تەماشایەکی ئەو دەفتەرەش بکەی و زانیارییش لە بەرپرسی قەڵا و موزەخانە- کە تازە لەوێ کراوەتەوە- وەربگری، ڕەنگە بەکەڵکت بێ و باسەکەت دەوڵەمەندتر بکات.